ژنە فەیلەسوفی ئەڵمانی، ھانا ئارێنت، باس لە ڕاستییەكی زۆر سادە و گرنگ لە پەیوەندیدا بە دەسەڵاتە ستمگەرەكانەوە دەكات: یەكێك لە كۆڵەكە سەرەكییەكانی دەسەڵاتە ستەمگەرەكان، ئیتر چ دەسەڵاتێكی تۆتالیتاریی یان ھەر شێوەیەكی تر لە دەسەڵاتی ستەمگەریی بێت، ڕێگرتنە لەوەی خەڵك دەستیان بە زانیاریی بگات و لەوە ئاگاداربن چی ڕووئەدات. ستمەگەریی و ڕێگرتن لە ئاشكرابوونی ڕاستییەكان دووانەیەكی لێكدانەبڕاون. دیوی ئەودیوی ئەم ڕێگرتنە لە ئاشكرابوونی ڕاستییەكان و گەیشتنی زانیاریی ڕاست بە كۆمەڵگا درۆكردنە. لە ڕاستیدا درۆكردن لەگەڵ كۆمەڵگا و خەڵك و تاكەكەسەكاندا یەكێكە لە ئامرازە ھەرە سەرەكییەكانی ئەو فۆرمانە لە حوكمڕانیی كە ستەمگەرن. بە پێچەوانەی زۆرێك لە نووسەرانی ترەوە، ھانا ئارێنت، باوەڕی وایە ئەگەر حوكمڕانان بە بەردەوامی درۆ لەگەڵ كۆمەڵگادا بكەن، مەترسییەكە ئەوە نییە خەڵكەكە باوەڕ بە درۆكان بكەن و وەك ھەقیقەت مامەڵەیان بكەن، بەڵكو لەوەدایە ئەم درۆكردنە ببێتە ھۆكاری ئەوەی ھیچ كەسێك باوەڕی بە ھیچ شتێك نەمێنێت. ھەر شتێكیش چەند ڕاستبێت، ببێتە مایەی دڕدۆنگیی و گاڵتەجاڕیی و متمانەپێنەكردن. ئەم درۆكردنە بەردەوامە و ئەم ونكردنە سیستماتیكی و بەمەبەستەی باوەڕكردن بە ڕاستیی، یان دروستكردنی ھۆشیارانەی دۆخی باوەڕنەمان بە ھیچ شتێك، وادەكات نەك تەنھا خەڵك نەتوانن ببنە خاوەنی ھیچ كردەیەكی مێژوویی، بەڵكو نەشتوانن بیربكەنەوە و توانای بیركردنەوە و داوەریكردن لەدەستبدەن. لە ھەر شوێنێكیشدا دەسەڵاتداران لەوەدا سەركەوتن ئەو دۆخی باوەڕنەمانە دروستبكەن، وابكەن كەس باوەڕی بە ھیچ شتێك نەمێنێت، لەوێدا، ئیفلیجبوونێكی كۆمەڵایەتیی گەورە دروستدەبێت و ڕێ لە ھەر كردەیەكی مێژوویی بەسەمەر دەگیرێت.


ھەر حوكمڕانییەكیش بە درۆكردن دەستیپێكرد و درۆكردن كۆڵەكەی سەرەكیی دەسەڵاتدارێتیەكەی بوو، وایلێدێت بەردەوام ھەم پێویستی بە درۆی تازە و ھەم بە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی درۆ كۆنەكانی ھەبێت. لەم ڕووەوە مێژوویەك بۆ خۆی و بۆ كۆمەڵگاكەی دروستدەكات كە ژێرخان و بناغەكەی درۆكردنە. تەفسیرەكانی بۆ خۆی و بۆ دیاردەكان و بۆ كۆمەڵگاش ھەر لەسەر درۆ ھەڵچنرابن. ئەوەی ئێستا لە ھەرێمدا ڕوودەدات گەیشتنە بەم خاڵی باوەڕنەمانەی كۆمەگایە بە ھیچ شتێك، لە ڕێگای ئەزموونكردنی گواستنەوە لەم درۆەوە بۆ ئەویتر. ئەوەی باڵادەستە دروستبوونی جۆرێكە لە بەدگومانیی بەھێز كە وادەكات ھەموو شتەكان بەیەكتری یەكسان بكرێن و درۆ بچێتە شوێنی ڕاستیی و ڕاستیش وەك درۆیەكی تر مامەڵەبكرێت. ئەمەش وادەكات كەسەكان توانای جیاكردنەوەی باش لە خراپ و توانای داوەریكردن و حوكمدان بەسەر باش و خراپدا وونبكەن. درۆی دەسەڵات وەك درۆی ئەم یان ئەو تاكەسی ناو كۆمەڵگا نییە، درۆی دەسەڵات كۆمەڵگایەك دروستدەكات ھەموو متمانە و باوەڕێك بە ڕاستییەكان لەدەستبدات. گومانكردن لە ھەقیقەتی بوونی كۆرۆنا وەك ھەڕەشەیەكی گەورە لەمڕۆدا بەشێكە لەم وێنە گەورەیەی لەدەستدانی باوەڕ و متمانە بە ھەمووشتێك.

وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
مەریوان وریا قانع
قۆناغی بەتەختە و بلۆکبوون
مەریوان وریا قانع
دەربارەی یاسا و یاساشکێنی
مەریوان وریا قانع
مرۆڤ بۆ دەبێت بە نووسەر؟
مەریوان وریا قانع
نارسیزم لە دونیای ئێمەدا

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©