کاتێک ئێوە ئەم نامەیە دەخوێننەوه سەدساڵ،واتە یەک سەدە تێپەڕ دەبێت بەسەر بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژی ئەم قۆناغەی مرۆڤایەتی ،دژی باب و باپیرانتان لە شارەکەتاندا لەلایەن ڕژێمێک بە شوناسی ئەمڕۆ پێی دەڵێین بەعسی فاشی.هاوکات ئێمەی هاوشاریانتان ئێسقانەکانیشمان هەپرونە و پوکاتەوە لە ژێر زەویدا .


نازانم شێوازی ژیانی ئێوە چۆنە !! بەڵام دڵنیام ئەو دەوڵەتە کوردیەی خەونی پێوە دەبینین تا ئەو کاتەی ژیانی ئێوە هەر دروست نەبوەو ئەو خەونە نەهاتوەتە دی .


دەزانن بۆچی؟ چونکە ئێوەش وەک ئێمە بونەتە قوربانی دەستی سازشاکارانی پرسی نەتەوایەتی، لەم قۆناغەی ژیانی ئێمەدا هۆکاری گەورەی خولقاندنی تراژیدیا کیمیایی بارانی هەڵەبجە بەدەستی بەپرس و سەرانی کوردی خۆمان بوو،لەم سەردەمەی ئێمەدا گروپێک حزب و حزبۆڵکە هەبون ،بەتایبەت دوو حزبی سەرەکی ناویان( پارتی و یەکێتی ) یە، ئەم جوت حزبە ئەوەندەی پێیان کراوەو دەکرێت دژ و دوژمنایەتی یەکتریان کردوە و گەنجی کوردیان لەنێوان خۆیاندا داوەتە کوشت، وڵات و دەسەڵاتی ئەم ناوچەیە نەماوە لەدژی یەکتری و بۆ کوشتنی براکەی کلکیان لەگەڵ گرێ نەدابوبێت، لەساڵانی هەشتاکانی ئەم سەردەمەدا جەنگێکی قورس و ماڵوێرانکەر لە نێوان عەرەبەکان و فارسەکان ڕویدا، دوو حزبی ناوبراو خۆیان دایە پاڵ فارسەکان و بونە سوری بەر لەشکری هێزی فارسەکان بۆ داگیر کردنی هەڵەبجە، سەرکردەی عەرەبەکان پیاوێکی دڕندە و بێبەزەیی و لەهەمان کاتدا زۆر ئازا، ناوی (صدام )بوو، بڕیاریدا چەکی کیمیایی دژی خەڵکی ئەم شارەى باب و باپيرانتان بەکار بهێنێت، چونکە پێی وابوو خەڵکەکەی پاڵپشت و یارمەتی دەری فارسەکان بوین، لەڕاستیدا، زۆرێک لە دانیشتوانی هەڵەبجە لەژێر کاریگەری جووت حزبی کوردیدا دژی عراقیە داگیر کەرەکان بوین کەچی دواتر جوت حزب بەخواستی خۆیان بردینیانەوە ژێر پەرچەمی عراقەکە، هەندێکی تریشمان پێمان وابوو داگیرکەر هەر داگیر کەرە، فارس بێت یا عەرەب هیچ جیاوازیەکی نیە، بەڵام شار بە پێشڕەوی حزبە کوردیەکان کەوتە ژێر چەپۆکی فارسە داگیر کەرە نوێکان.

پاش ئەوە صدام چەکی یاساغی کیمیایی لە دژی ژن و منداڵ و خەڵکی بەگشتی بەکار هێنا هەزارەها مرۆڤ لە باب و باپیرانتان کوژران، شار کاول بوو، ماڵوێران و دەست بەسەرو ئاوارەبوین، لە گەرمەی ئەم مەرگەساتەدا ئەزانن چەکدارەکانی ئەم دوو حزبە کوردیە هاوزبانەمان چییان کرد؟ ئەوەی داگیر کەرانی عەرەب وفارس نەیان کردبوو ئەمان بۆیان تەواو کردن لە کوشتن و بڕین و تاڵان کردنی ماڵو موڵکی خەڵکی، تراژیدیاکەیان چڕتر و قوڕەکەیان بۆ خەستتر کردینەوە، ئێستە کە ئەم نامەیەتان بۆ ئەنوسم ۳۱ ساڵە لەژێر دەسەڵاتی ئەو دوو حزبەداین کە لە هەلو مەرجێکی سیاسی و گۆڕانکاری سیاسەتی نێو دەوڵەتی حوکمی ئەم بەشەی کوردستانیان کەوتە دەست و حوکمی دەکەن بەڵام چۆن حوکم کردنێک؟ یاخوا دوژمنەکانیشتان نەیبینێت، ۳۱ ساڵە کوشتن و دژایەتی یەکتر و چەوساندنەوەو تاڵان کردن و بێ خزمەتگوزاری سیمای ئەم دەسەڵاتداریەی کوردی خۆمانە، لەم سەردەمەدا دادگەری و ڕێز و سەروەری یاسا نیە ،پەروەردە و فێرکردن وێرانە، پیشەسازی زۆر لاوازە، موچە نیە،ژێرخاکی کوردستان لەنەوتدا زۆر دەوڵەمەندە ،بەڵام نەوت بۆ ئێمەی هاوشاریانتان نیە و بۆ داگیرکەرانە و بەخۆڕاییە، پیسوپۆخڵی و زبڵ خناکندوینی،هەژاری و قاتوقڕی تەشەنەی کردوە،جوت حزب تاهەنوکە بۆسەرانی جوت بنەماڵە خەریکی تاڵانی و ڕاوەڕوتن.


هیوادارم نەبونی دەوڵەت و قەوارەی کوردی نەخەنە سەر هێزی دەرەکی و دراوسێ و دوژمنانی کورد و ئەم پاساوە پڕو پوچانە، باوەڕتان هەبێت بێ قابیلیەتی و هیچ و پوچی خۆمان و سەرکردەکانمانە و هیچی تر ، دواجار ئەمەوێت بڵێم هیوادارم ئێوە ژیانتان جیاوازبێت، وازتان هێنابێت لە دژ و دوژمنایەتی و دوبەرەکی و یەکتر کوشتن،هیوادارم ژیانی ئێوە زۆر باشتربێت، چونکە ژیانی ئێمەی هاوڵاتیانی کوردستان بەگشتی و هەڵەبجەتان بەتایبەتی وەک 200ساڵی پێشووترەو خراپتریش ،زۆرم ماوە باسی بکەم، بەڵام خۆتان بگەڕێن نەگریسی سەرانی کورد لە لاپەڕەکانی مێژووی شاردا بخوێننەوە، هیوادارم وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی ئەم نامەیە بمێنێت و بکەوێتە بەر دەست و چاوتان
بەختەوەربن

وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
یاسین ڕەسول عوسمان
سەما کردن لەگەڵ گورگ
یاسین ڕەسول عوسمان
کۆمەڵگەی شڵەژاو
یاسین ڕەسول عوسمان
لەنێوان فۆرم و شوناس گۆڕین
یاسین ڕەسول عوسمان
هەولێر تەنها نیە!
یاسین ڕەسول عوسمان
دیارە بەغدا خۆشە !
یاسین ڕەسول عوسمان
کورد بوون و کوردایەتی
یاسین ڕەسول عوسمان
درۆ،دەروازەی بێ متمانەیی...
یاسین ڕەسول عوسمان
ڕیسکی زەنگی گەشتەکەی کازمی
یاسین ڕەسول عوسمان
خەمێک بۆ پەروەردە

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©