گۆڕانکاری سیاسی، هەر دەبێت لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە بێت،چونکە دەنگدان مافێکی سەرەتاییەو لەدەستوردا جێگیرکراوە، بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و گۆڕینی ئەو بارو دۆخە سیاسیە ئاڵۆزەی عێراق، هەڵبژاردنی پێشوەختە باشترین ڕێگا بوو، بۆیە دەنگدان خەباتێکی مەدەنیە، بۆ بەجێهێنانی مافی دەستوری و خەونی گۆڕانکاری لە دەسەڵاتەکانی عێراقدا.

هەڵبژاردن دەری دەخات تۆ چەند سەنگ وقورسایت هەیە، بۆیە جێبەجێنەکردنی ئەو مافە مەترسی بۆ ئایندەی کورد دروست دەکات لەعێراقدا. دورنیە کاریگەری لەسەر سێکتەرەکانی دیکەش دروست بکات، کە بەرە نەیارەکانی کورد دەستی بۆ بەرن.

هەڵبژاردن بەدیلی نیە، بۆعێراق و کورد، هەرە پێویستی ئەم قۆناغەیە،چونکە ئاڵۆزیەکانی عێراق بەرەو پێکدندان دەڕۆشت، بۆیە کورد دەرەفەتێکی بۆهاتوەتە پێشێ نابێت لەدەستی بدات.

لەڕووی سیاسیشەوە، بایکۆتیكردنی هەڵبژاردنەکان و پرۆسەی دەنگدان بە بەردەوامی، بەبێ ھۆكارێكی مەنتقی وبڕواپێكراو، و بەبێ ئامادەكردنی بەدیلێكی باش بۆ ئەم قۆناغە، ھەڵوێستی دەنگدەران لاواز دەكات،...، بەم شێوەیە دەنگدەران دوائەكەون لە جێبەجێكردنی بەشێك لە ئەركەكانی خۆیان، و بێبەش دەبن لە بەدەستھێنانی بەشێك لە مافەكانیان، چونكە دەنگدان ھەم مافێكی دەستوریە، وھەم ئەركێكی سەرەكی قۆناغەكەیە، بە ھۆی دۆخی قەیراناوی وئاڵۆز وھەستیاری كوردستانی عێراق.

پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و دەنگدان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە ناشرینترین و خراپترین شێوازی هەڵبژاردنەکان لە جیهان، بەهۆی تەزویر و ساختە و دەستکاری ئەنجامی دەنگدان، و دەستێوەردانی دەوڵەتان لە کاروباری هەڵبژاردنەکان، بۆ بەرژەوەندی لایەنە دەسەڵاتدارەکانی عێراق و هەرێم، هەروەها بەهۆی بێ خەمی و خەم ساردی بەشێکی دەنگدەران لە بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان.

دیارە هەڵبژاردنەکانی عێراق وهەرێم دایک و باوکی هەموو گەندەڵیەکانە، گەندەڵی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و دەنگدان، حکومەتی گەندەڵی لێ لەدایک دەبێت، هەر لەبەرئەوەشە، عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە، یەکێکە لە دەوڵەتە هەرە گەندەڵەکانی جیهان.

لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا تا ئامڕۆ لە كوردستانی عێراق بژاردەیەكی باشترمان نیە لە ھەڵبژاردنەكان و بەشداری كردن لە پرۆسەی دەنگدان و بەشەكانیتری خەباتی شارستانی بۆ بەدەستھێنانی ئامانج و داواكاریەكانی جەماوەر.

لەگەڵ هەموو لایەنە خراپەکانی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان وپرۆسەی دەنگدان لە ماوەی (29)بیست و نۆ ساڵی ڕابردوودا لەهەرێم، ھەڵبژاردنەكان لایەنی باشی ھەبوە تاڕادەیەك و گۆڕانكاریشی بەدوای خۆیدا ھێناوە.
بۆ بەر چاوڕونی زیاتر وتێگەیشتنی زۆرتر لە سەر لایەنە باشەكانی ھەڵبژاردنەكان، ولەسەر دروستبونی ڕا وھەڵوێستی جیاوازی دەنگدەران لەسەر پارت ولایەنە سیاسیەكان و ڕه‌نگدانەوەیان لە سەرھەڵبژاردنەكان و پرۆسەی دەنگدان، كە بوە ھۆی گۆڕانكاری دیار لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان لە نێوان ھەڵبژادنێك وھەڵبژادنێكی تردا، بەراوردێك دەكەین لە نێوان ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانی(١٩٩٢/٥/١٩)، كە دەنگدەران بە رێژەیەكی زۆر باش بەشداریان تێداكرد، ئەوە بوو لە دوای فەرز و جیاكردنەوەی دەنگەكان، یەكێتی وپارتی لە (100٥) كورسییەكانیان بە دەستھێنا، لەگەڵ  ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانی (2013/9/30)، كە دەنگدەران بەرێژەیەكی باش بەشداریان تێداكرد، پارتی و یەكێتی (56%)ی كورسییەكانیان بەدەسھێنان، و(44%) ی كورسییەكانیان لەدەستدا، ئەمە گۆڕانكاریكی گەورەو زۆر  ودیار بوو لە ڕا وھەڵوێستی دەنگدەران لە ماوەی (21) بیست و یەك ساڵدا.

لێرەدا، بۆمان دەردەکەوێت ئەوەی دەتوانێت گۆڕانکاری زۆر و گرنگ و بنەڕەتی بکات لە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکاندا، رۆڵی جەماوەر و هەڵوێست و بڕیاری دەنگدەرانە، چونکە بەشداریکردنی دەنگدەران بەگشتی لە پرۆسەی دەنگدان، جگە لەوەی روبەری تەزویر و ساختە بەرتەسک دەکاتەوە و کەمتر دەکات، گۆڕانکاری گرنگیش بە دوای خۆیدا دەهێنێت، وتوانا وئازایەتی و ئومێدێکی نوێش دەبەخشێت بە جەماوەر، و ئەوە هەنگاوی یەکەم و سەرەتایی و بنەڕەتیش دەچەسپێنێت لە خەباتی شارستانی و پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان.

بەشێوەیەکی گشتی هەرکاتێک دەنگدەران بەگشتی بەشداریان کردبێت لە پرۆسەی دەنگدان، ڕووداو وگۆڕانکاری نوێ وگرنگی بەدواوە بووە، وهەرکاتێکیش جەماوەر ودەنگدەران بایکۆتی پرۆسەی سیاسی ودەنگدانیان کردبێت بەشێوەیەکی عەفەوی، بێگومان نائومێدی وکێشە وقەیرانی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، و لەهەر قەیرانێکی سیاسی و ئابوریشدا، جەماوەر ودەنگدەران ھەمیشە قوربانی و زەرەرمەندی یەكەم بون.

لەبەرئەوە، بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان لە دۆخی ناسک و ناسەقامگیر و ئاڵۆزی ئەمڕۆی کوردستانی عێراق، ئەرک و بەرپرسیاریەتی نیشتیمانیە، خۆدزینەوە و بەشداری نەکردن لە پرۆسەی دەنگدان لەم دۆخەی ئەمڕۆدا، جگە لەوەی زیانی زۆری دەبێت بۆ دەنگدەر خۆی، زیانی گەورە و قورسیشی دەبێت بۆ پرۆسەی سیاسی و پرسی کورد لە کوردستانی عێراق و ناوچەکە.

لێرەدا بەپێویستی دەزانم ئەوە بڵێم بە جەماوەر ودەنگدەرانی کوردستانی عێراق، كە هەڵبژاردنەکان و بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان وخەباتی شارستانی تەنیا بژاردەیە لە بەردەم جەماوەری كوردستانی عێراق لەم قۆناغە، وئەركی جەماوەر وھەموو ھێز ولایەنەكانە ئەوە بكەن بە کەلتوری خەبات و تێکۆشانی میللەتەكەمان بۆ ناوخۆی كوردستانی عێراق، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان.

 

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©