كێشه‌ى داهاتووى یه‌كێتیى


به‌رهه‌م ساڵح، به‌ درێژایى ته‌مه‌نى سیاسى، هه‌میشه‌ روودا و پێشهاتى نوێى سیاسى بۆ به‌رژه‌وه‌ندى بچووكى شه‌خسى به‌كارهێناوه‌، له‌ هه‌ڵوێسته‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كان هه‌میشه‌ له‌ نێوان دوو لایه‌نى دژ یارى ده‌كات، به‌ دواى به‌رژه‌وه‌ندى خۆیدا ده‌گه‌ڕێت، كه‌م جار هه‌یه‌ یه‌ك ڕوو بێت و خۆى به‌ لایه‌كدا بدات.
له‌ خولى یه‌كه‌مى سه‌رۆككۆماریدا، هه‌میشه‌ موراعاتى پارتى كردوه‌، له‌ پێناو ئه‌وه‌ى له‌ خولى دووه‌مدا ببێته‌وه‌ سه‌رۆككۆمار، له‌ ماوه‌ى سێ ساڵ زیاترى له‌ پۆستى سه‌رۆككۆماریدا یه‌ك هه‌ڵوێست و قسه‌ى جدى له‌سه‌ر پارتى نه‌بوه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ كه‌یسى گیراوانى بادینان،ئه‌گه‌رچى به‌شێك له‌و گیراوانه‌ رۆژێك له‌رۆژان له‌ هاوپه‌یمانى كاریان كردوه‌ و له‌ ناوبراو نزیك بوون و به‌هۆى ئه‌وه‌وه‌ سزا ده‌درێن.


رووداوى 8ى ته‌مموز و كێشه‌ ناوخۆییه‌كانى یه‌كێتیى، تاوه‌كو ئێستا له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌ودا شكاوه‌ته‌وه‌، ئه‌م كێشه‌ى قۆستۆته‌وه‌ بۆ دووباره‌ مانه‌وه‌ى له‌ پۆستى سه‌رۆككۆمار.


له‌و كه‌یسه‌دا، وه‌ك ده‌ڵێن : له‌ ناریش ده‌دا و هه‌میش له‌ بزمار. با بزانین چۆن؟


فه‌رمانى ده‌ركردنى پارێزه‌ر تایبه‌ته‌كه‌ى لاهور شێخ جه‌نگى ده‌ركرد ( كه‌ پێشووتر لاى ئه‌و راوێژكار بووه‌) پاشان فه‌رمانه‌كه‌ى بۆ باڤڵ تاڵه‌بانى نارد، بۆئه‌وه‌ى بیسه‌لمێنێ پشتیوانى ئه‌و ده‌كات، له‌م لاشه‌وه‌ هانى لاهور شێخ جه‌نگى ده‌دا بچێته‌ به‌رده‌م دادگا بۆئه‌وه‌ى ماڵى مام جه‌لال ئیحراج بكات.


به‌رهه‌م ساڵح، به‌ لاهور شێخ جه‌نگى وتووه‌: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ پاش هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق لیست دروست بكات، له‌م لاشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ماڵى مام جه‌لال ته‌باو كۆكه‌ و به‌ زمانێكى دیكه‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كات. ئه‌وه‌ش هه‌مووى له‌ پێناوى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كامه‌یان له‌ داهاتوودا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌و جێبه‌جێده‌كات.


به‌رهه‌م ساڵح، نایه‌وێ به‌ ته‌واوى و به‌ ئاشكرا و راشكاوانه‌ له‌ پرسى كێشه‌ ناوخۆییه‌كانى یه‌كێتیى خۆى یه‌كلابكاته‌وه‌، چونكه‌ ده‌یه‌وێ پاش هه‌ڵبژاردن گورگ به‌ گورگ نیشان بدات، بۆئه‌وه‌ى ئه‌مجاره‌ش پۆستى سه‌رۆككۆمارى بۆ جارى دووه‌م مسۆگه‌ر بكات.


به‌رهه‌م ساڵح، له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا، له‌ مێرگه‌پان كۆمه‌ڵێك كۆبوونه‌وه‌ و دانیشتنى رێكخستووه‌، له‌وێ به‌ ناراسته‌وخۆ باس له‌وه‌كراوه‌ كه‌ ناوبراو، تموحى هه‌یه‌ له‌ ته‌شكیله‌ى نوێى یه‌كێتیى پۆستى سكرتێرى گشتیى پێبدرێت.


له‌وانه‌یه‌ له‌ ئێستادا ئه‌سته‌م بێت ناوبراو، ببێته‌ سكرتێرى گشتیى، به‌ڵام ئه‌و خه‌ون و داوكارییه‌ى ناوبراو دوو لێكدانه‌وه‌ى بۆ ده‌كرێت، یه‌كه‌میان؛ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پۆستى سه‌رۆككۆمارى پێ مسۆگه‌ر بكات دووه‌میان؛ ئه‌گه‌ر دواى خولى دووه‌مى سه‌رۆككۆمارى هاته‌وه‌ كوردستان پێگه‌یه‌كى باش بۆخۆى مسۆگه‌ر بكات، چونكه‌ ناوبراو ئه‌گه‌ر ببێته‌وه‌ سه‌رۆككۆمار، له‌م خوله‌دا كار بۆئه‌وه‌ى ده‌كات دواى هاتنه‌وه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان وه‌كو فوئاد مه‌عسومى به‌سه‌ر نه‌یه‌ت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ك فوئاد بێت، نه‌ پێگه‌ و نه‌ سه‌ره‌وه‌ت سامانه‌كه‌شى پێناپارێزرێت، نه‌ رازیشه‌ له‌ خواره‌وه‌ى كوڕه‌كانى مام جه‌لال بێت.


به‌رهه‌م ساڵح، بۆ داهاتووى یه‌كێتیى وه‌كو مارى ره‌شى لێهاتووه‌، له‌ چوار ساڵى خولى دووه‌مى سه‌رۆككۆمار زۆرترین كێشه‌ بۆ یه‌كێتیى دروست ده‌كات، له‌ پێناو ئه‌وه‌ى كه‌ هاته‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان پێگه‌یه‌كى به‌هێزى هه‌بێت، هه‌ربۆیه‌ش ناوبراو بۆ داهاتووى یه‌كێتى ئه‌وه‌نده‌ كێشه‌ ده‌بێت، نابێته‌ به‌شێك له‌ چاره‌سه‌ر و به‌هێزكردنى یه‌كێتیى.



بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©