گچکە و ساوا بوین، نەماندەزانی لە چ شوێنێکین، تەنها دەچوینە فوتبوڵ و گەمەکانی کۆڵان، ئیتر عێراق و ئێران هیچ لە گۆڕێدا نەبوو، نەمان دەزانی گوند و شار و وڵات چیە، عێراق چیە و وەتەن چیە، هەر ئەوەندە هەستمان دەبوو یاری منداڵان کەین، عەقڵی منداڵی هەر هێندە بڕی دەکرد.

شەوە تاریک و ساردەکان دەهاتن و هەستمان دەکرد باوکمان ماوە ماوە لێمان ون دەبێت و چەند ڕۆژێک نایبینین، دایکمان دەیگوت چوەتەوە بۆ عێراق بۆ شەڕ، منداڵیش نازانێت عێراق چیە و جەنگ چۆنە، کە دەهاتەوە میهرەبانی و دڵخۆشی ڕوی تێدەکردین و بەیانی لە مەکتەب و لە کۆڵانەکان هاوارمان دەکرد باوکمان هاتۆەتەوە.

وردە وردە هەستی منداڵی باری دەکرد و دەچوینە قۆناغی ژیریەوە، تێگەشتین کە ئێمە خەڵکی عێراق و کوردستانین و بە بۆنەی جەنگی پێشمەرگە و حزبی بەعسەوە ئاوارە بوین و لە پەناهندەیی ژیان دەکەین، لێمان ڕون بوەوە کە ئێمە لە ئێراندا میوانین و دەبێت ڕۆژێک هە بگەڕێینەوە.


باوکمان پێشمەرگەی بزوتنەوەی ئیسلامی بوو، جارێک دەیگوت بۆ شەڕی بەعس دەچینەوە، جارێک شەڕی یەکێتی و جارێک ئینزار و تاو ناو تاوێک دەیگوت بۆ واجب دەچمەوە، دایکمان جێگەی باوکیشی بۆ گرتبوینەوە و نەیدەهێشت لە سۆزی باوک خاڵی بین.

ڕۆژێک باوکم لەماڵ دانیشتبوو ساڵی 1995 وتی بە دایکم بلۆکم کڕیوە و ئەمەوێ ماڵ بکەمەوە و بڕۆینەوە بۆ زێدی خۆمان، ڕۆژێک دێت هەر ئەبێ بچینەوە و لێرە نەمێنین، کات هات و ڕۆشت و گەشتینە ساڵی 1996 باوکم وتی ناو دەنوسن کێ دەیەوێ بڕواتەوە ناوی خۆی تۆمار بکات، ئمەش ناوی خۆمان دەنوسین.

سەرلەبەیانی 31/ئابی/1996 چەند گەڵابە و خاوەرێک هاتنە ئۆردوگا و کۆمەڵیک ماڵ ناویان نوسی بوو، ئێمەش یەکێک بوین لەو ماڵانە، سواری سەیارەی گەورە بوین و بە جادەی مەریوانا بۆ مەرزی باشماخ، گەشتینە مەرز و سەیارە ئێرانەکان لەوێ بارەکانیان داگرت و گەڕانەوە و ئێمەش چاوەڕێی گەڵابە و سەیارەی بارمان دەکرد و بێن و لێخوڕن بۆ زێدی خۆمان، لە بری ئەو سەیارانە خوایە چیمان دی.

پۆل پۆل چەک بەدەستمان دەبینی بە پێڵاوی ئەدیداس و کەتافی زەردەوە و هەیانبوو دژوێنی دەدا، هەشبوو مات و مەلول، تیایاندابوو سمێڵ درێژ، گەنج و بەتەمەنیان تێدابون، بێ تەل و بیسیمیان پێ بوو، ئێمە تەنها سەیرمان دەکردن، هەر نەمان دەزانی پێشمەرگە چیە و سلاح چیە سەرشانی هەمویان چەکێکی لەسەر بوو.

هەر پێشمەرگە بو دەمانبینین و دەچون بۆ ئێران، هەندێکیان دەیانگوت بۆ کوێ دەچنەوە وڵات کاول بوو، بارزانی تەیارەی تورکیا و دەبابەی بەعسی هێناوە و خەریکی کورد کوشتن و خاک سوتاندنن، بگەڕێنەوە زۆر باشترە، چاوەڕێن کێ بێت بە شوێنتاندا، کەس ئاگای لە ئێوە نیە، ئاخر شێت بون ئەچنەوە بۆ ناو جەنگ. کار لە کار ترازابوو، ئێرانیش وەری نەدەگرتینەوە، کەسیش نەهات بە شوێنماندا، تا دەهات دێرتر دەبو، دونیا تاریک بوو، ئەو هەموو خەڵکە لە نێۆ تەپ و تۆزی باشماخ دا دەتلاینەوە، ئێمە منداڵ بوین خەوتین، بەڵام دایک و باوکی کەسمان تا بەیانی خەو نەچوە چاوانیان.

بەیانی داهات، پێشمەرگە تاقم تاقم و دەستە دەستە عێراقیان چۆڵ دەکرد و دەچون بۆ ئێران، زۆربەیان قسەیان بە پارتی و بارزانی دەگوت و بە خیانەت تاوانباریان دەکردن، ئێمەش نەماندەزانی ئەمانە چین، تا بۆیان ڕون کردینەوە و وتیان ئێمە جەلالین و لە گەڵ پارتی شەڕمانە و پارتیش بە پاڵپشتی تورکیا و بەعس ئێمەیان شکاند و ناچارین ئێرە بەجێ بهێڵین و بچینە ئێرانەوە. بۆ دوەم ڕۆژ بە تەکلیف و تەکلیفکاری ئەو سەیارە گەورانەی پێشمەرگەکانی یەکێتیان دەهێنا بۆ مەرز کەل و پەلی ئێمەیان بار کرد و لێخوڕە هەر یەکێک و بۆ شارێک و بۆ ماڵی خۆی، دەمەو ئێوارە گەشتینە خورماڵ و لەوێشەو بۆ گوند، شەو داهات تاریک تاری، ئێمەش بیانوی کارەبامان دەگرت و کارەباش نیە، ئێمە لە منداڵیەوە وا فێر کرابوین کە هەمیشە لەبەردەم کارەبادا سەیری تیڤی بکەین، بەڵام لێرە شتێک بەناوی کارەباوە نیە.

دەنگی تەقە دەهات و ئێمەش دەترساین، باوکیشم دەیگوت مەترسن، ئێمە نە یەکێتین و نە پارتین، ئێمە بزوتنەوەین و جەنگمان نیە، ئەوە جەنگی پارتی و یەکێەتیە، زۆری پێ نەچوو، جەنگی پارتی و یەکێتی تەواو بوو، جەنگی یەکێتی و بزوتنەوەکەی باوکم دەستی پێکرد، ئەم جەنگانە بەردەوام بوون و کۆتاییان نەبوو، جەنگەکانی پارتی و یەکێتی، یەکێتی و بزوتنەوە، پارتی و پەکەکە، یەکێتی و پەکەکە، هەر ڕۆژێک پۆلێک گەنجی بێتاوان شەهید دەبون و هەر ڕۆژێک ئێران و تورکیا کەرەستەی جەنگیان بە حزبەکان دەدات، بۆ ئەوەی شەڕیان بەردەوام بێت. بە گوزەری ژیان لێم ڕون بویەوە 31 ی ئاب گەورە کراوە و جیاکراوەتەوە، بەڵام گەر وردبینانە لێیان بڕوانی هەر ڕۆژێکمان 31ی ئابە، ئێستا چ جیاوازیەک دەبینی لە نێوان 31ی ئاب و 7ی تەمموز؟ خیانەتی یەکەمیان جەنگی پارتی و یەکێتی و تەداخولی تورکیا و ئێران و بەعس بوو، 7ی تەموزیش تورکیاو پارتی سەریان کردۆتەوە لاکە شڕۆڵەکەی یەکێتی و دەیخۆن بەبێ ئەوەی خۆیان بزانن.

ڕەزوان یاڵانپێی خوێندکاری دکتۆرای مێژوو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©