ئەزمونی کاری سیاسی حزبەتوتالیتاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی ،بە عەلمانی و ئیسلامیەوە( تاڵیبان و ئاخوندەکانی ئێران، بەشار ئەسەدو سیسی مصر وسایکۆپاسیەکانی عراق و کوردستان) بەنمونە ، ئەزمونی هەمویان لەگرتنە دەستی دەسەڵات ڕاستیەکی دوپات کردەوە کە کێشە و ئاریشەی ئەم کۆمەڵگانە دەگەڕێتەوە بۆ شکستی ڕێنسانسی عەقڵی تاکەکان ئاوێتەنەکراو بە پەروەردەیەکی تەندروست، پەیوەندی دینامیکی ئەم دوالیزمە وەک سەما کردنی بەرخە لەگەڵ گورگ.گرتنە بەری میتۆدو ئۆپۆرتۆتیزمێکی بێویژدانانەیە، تەنانەت جەنگ و شۆڕش و پێکدادانەکان کە زۆرجار پۆشاکی ئایدیۆلۆژی لەبەرکراوەو هێزە کەپیتالیزم و کۆلۆنیالیستەکان بێبەزەییانە گەمژەییەکانیان قۆستوەتەوە و پەترۆل و دۆزینەوەی بازاڕی چەک گرنگترین ئادگارەکانی هێزە ساختەکانی دیموکراسیەتی کەمپی سەرمایەدارین ،دابەشکردنی کۆمەڵگەکان وبەمێگەلکردنی تاکەکان هەمیشە لە پێناو مانەوەو درێژەدان بووە بە سستمی خێڵ و بەردەوامی ماڵبات و بنەماڵەکان، هەمیشە خاکی نیشتمان و داکۆکی لەسەروەری بریتی بووە لە پاراستنی بەرژەوەندی گروپێکی دەستڕۆیشتوی دەسەڵاتدار کە هەمیشە کار لەسەر میلیشیاگەری و چەکدارکردنی جڤات دەکەن، گەر لەسەردەمی فیودالیەتدا مرۆڤەکان و جوتیار هەمیشە کەرەسەیەکی بەرهەمهێنان بون بۆ فیودالیەت، ئەوا هەنوکە و لەسەردەمی دیموکراسیەتدا چەند دەنگێکی هەڵبژاردنن و هیچی تر


کرۆک و جەوهەری کێشەکە لەو جەنگە ئایدیۆلۆژیە بەرپاکراوەدا درێژە دانە بە سستمی خیڵ و فیوداڵیەتێکی مۆدێرن بە بۆینباخێکی مارکە ئۆرجناڵەکان.جەنگی بەرژەوەندی و دیالێکتیکێکی ساختەیە لە نێوان کەمپی پیوریتانی بەرامبەر پاترۆمۆنیالیزمە، هەرگیز خەمەکە بۆ تاک وجڤات وژیانێکی شایستە ی سیخناخ لە دادپەروەری نەبوە بۆ مرۆڤەکان ، بەڵکو هەمیشە ڕابونی ئیسلامی و دیموکراسیەت و عەلمانیەت لەم دەڤەرەدا جۆرێکە لە هونەری مارکێتین و ساغ کردنەوەی کاڵا ئێکسپایەرەکانی گروپێک و دروشمەکان بۆ ئیستهلاکی محەلی و دیماگۆجیەت بوون، چیرۆکێک هەیە پڕاو پڕ گوزارش لەم ڕەوشە تاڵەی ئەم کۆمەڵگە دواکەوتوانە دەکات،، دەگێڕنەوە یاسین الهاشمی کە لەسەردەمی مەلەکیەتدا سەرۆک وەزیرانی عراق بووە ساڵی 1937 وەفاتی کرد ، کاتێک سەرقاڵی دەرکردنی یاسای خزمەتی زۆرە ملێی سەربازی بوو، سەردانی هۆزە عەرەبیەکانی دەکرد قەناعەتیان پێبکات کە کوڕەکانیان بنێرنە خزمەتی سەربازی و لە قسەکانیدا زۆر باسی خاکی نیشتمان و وەتەنیەتی کردوە، جوتیارەکان پرسیاری لێ دەکەن نیشتمان یەعنی چی و واتای چی دەگەیەنێت؟هاشمی لەوەڵامیاندا دەڵێت: نیشتمان واتە ئەو خاک و پارچە زەویەیە دەبێت داکۆکی لێبکەین و خۆمان بکەینە قوربانی و بیپاڕێزین!! جوتیارەکان لە وەڵامدا وتیان : ئێمە هیچ پارچە زەویەکمان نیە موڵکمان بێت و داکۆکی و بەرگری لێ بکەین!!! تەواوی خاک و زەویەکان موڵکی دەرەبەگاکانن. کەواتە بۆ خۆمان بدەینە کوشت لەپێناو خاک و زەویەکدا موڵکمان نەبێت؟!!!


دەرئەنجام تێدەگەین نیشتمان و خاک و نەتەوە و خەباتکردن کاڵایەکی مارکێتین و بازرگانین ،گروپێک بازرگانی نیشتمانی هەلپەرست زیرەکانە وەگەڕی دەخەن لە پێناو گرەنتی کردنی ژیانێکی لێوانلێو لە ڕەفاهیەت بۆ ماڵبات و نەوەکانیان ، ئەوەی باجی ئەم ڕەفاهیەتەیان دەدات و نرخی تکت و پسولەکانیان بە خوێن مۆر دەکات گروپە نەخوێندەوارو گەمژەکەی کۆمەڵگەیە کە ژیانی خۆیان دەسوتێنن لە پێناو تەلارنشینەکان.کەواتە جەوهەری کێشەکە سەقەتی سستەمی پەروەردەو نەخوێندەواری و دواجار بزربونی دادگەریە، چونکە پێویستە تەواوی مرۆڤەکان بە جیاوازی فکرو ڕوئیاو ئایدیۆلۆژیاکانیانەوە و لەتەواوی ئەم گەردون و هەسارەیەدا عەوداڵی دادگەری بن. ئیدی هەر فکرو بیرو بۆچونێک دابینی بکات گرنگ نیە، گرنگ کەرامەتی مرۆڤەکانە.

وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
یاسین ڕەسول عوسمان
کۆمەڵگەی شڵەژاو
یاسین ڕەسول عوسمان
لەنێوان فۆرم و شوناس گۆڕین
یاسین ڕەسول عوسمان
هەولێر تەنها نیە!
یاسین ڕەسول عوسمان
دیارە بەغدا خۆشە !
یاسین ڕەسول عوسمان
کورد بوون و کوردایەتی
یاسین ڕەسول عوسمان
درۆ،دەروازەی بێ متمانەیی...
یاسین ڕەسول عوسمان
ڕیسکی زەنگی گەشتەکەی کازمی
یاسین ڕەسول عوسمان
خەمێک بۆ پەروەردە

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©