پارە لەڕووی ڕێزمانیەوە (ناوی بەرجەستەیە) لەدوو بڕگە پێکهاتووە، (پا/رە) لە چوار پیت دروست بووە(پـ ، ا ، ر ، ە). پارە یان (دراو) پارچە کاغەزێکە یان پارچە ئاسنێکە کاڵای پێ دەکڕدرێ و بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری و گۆڕینەوە بەکاردێت، پارە: ھەر شتێکە کە لە نێو خەڵکدا باوە بۆ ئاڵوگۆرکردنی شتەکان، کاڵاکان و خزمەتەکان، لەقورئانی پیرۆزدا، ناوی دینار و درهەم هاتووە وەک دراو کە ئەوانیش لە سوڕەتی (ئالی عیمران ئایەتی ژمارە حەفتا و پێنج)و (سوڕەتی یوسف، ئایەتی ژمارە بیست) لە فەرموودەی پێغەمبەریش درودی خوای لێبێت هاتووە کە دەفەرمووێ:( تَعِسَ عبْدُ الدِّينَارِ وَالدِّرْهَمِ ) لە ساڵی ٧٧٠ پێش زایین بۆ یەکەم جار چینیەکان میتاڵ یان کانزایان بەکار دەهێنا بۆ ئاڵگۆڕی بازرگانی، ئەوکات میتاڵەکە یان کانزاکە دەتوێنرایەوە لە شێوەی چەقۆ یان فۆرمێک کە بەلایانەوە جوان بووبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەکێشرا، واتا شێوەکەی گرنگ نەبوو بەڵکو کێشی میتاڵەکە یان کانزاکە گرنگبوو بۆ ئاڵو گۆڕ کردن.

لەدوای ئەوانیش هیندییەکان و ئیتر وردە وردە بڵاو بووەوە و وڵاتانی تریش دراویان دروست کرد. پارە زۆرجار خۆشەویستانی لەیەک کردووا و کردوونیەتە نەیار، زۆرجاریش نەیار و دوژمنی بەیەک ئاشنا کردوون و کردوونی بەبرا.

زۆر جار دەڵێن :(پارە هەموو شتێکە) هەندێکیش دەڵێن (پارە هیچ نییە) لەو نێوانەدا هەوڵ دەدەین لایەنە باش و خراپییەکانی پارە لێکبدەینەوە و بەوردی هەندێ سەرنج و قسە لەبارەی پارە وە بکەین. لە ئەدەبیاتی فۆلکلۆری کوردیدا باس لەپارە کراوە و وەک پەند و وانە و سوود وەرگرتن لێی دواون و پارە خراوەتە نێو ئەو دەق و چیڕۆک و شیعرە میللیانەوە و لەئەدەبیاتی نوێشدا وەک ڕەمز و کۆدی دەوڵەمەندی و هەبوونی و دەسەڵات و هێزی باڵا خۆی خزاندۆتە نێو دەق و چیڕۆک و ڕۆمانەوە.

بەساڵاچوان زۆرجار وتوویانە:(خوا باشە و پارە باشە) بەو مەبەست و ئامانجەی کە خوا پشت و پەنای هەمووانە و زۆرجاریش پارە ڕزگارت دەکات لەمەترسی و ناخۆشی، یاخود لە چیڕۆکە فۆلکلۆریێەکاندا پارە بووەتە ڕەمز و نیشانەی دەوڵەمەندی و پیاو چاکی و لەخۆبایی بوون و زوڵم و زۆرداری بەو مەبەستەی زۆرجار پیاوی بەدەسەڵات و پارەدار دەستی ڕۆیشتووە و ئەوەی ویستوویەتی بە پارە کردوویەتی، زۆر جار پارە شتی پێکراوە و ئەو کەسەی پارەی هەبووبێ غیرەتیشی نەبووبێ، لەڕێی پارەوە چی ویستووە کردوویەتی، کە دەیان چیڕۆک و سەرگوزەشتەی لەم جۆرە هەن، پارە لە پەندی پێشینانیشدا هاتووە و دەیان پەند و ئامۆژگاری هەیە لەبابەت پارە و فلوس و دینار و درهەم و قڕوش و هتد.کە ئەمانە هەمووی تایبەتن بەوڵاتی ئێمە و ئێمە تەنیا باسمان لە پارەی وڵاتی عێڕاقە.

ئەوەتا لەپەندی پێشیناندا هاتووە: ١-پارە گرد و بازاڕ درێژ. ٢-پارە سەد پێی هەیە. ٣-پارە گوێچکەی نییە، بەڵام دەبیستێ. ٤-پارە ناشیرینی ناهێڵێ و دایدەپۆشێ. ٥-پارە پارە دێنێ. لە پەند و ئیدیۆمیشدا لەبارەی پارەوە وتراوە.

١- پارەت دا مەلا لە مزگەوت دەرکە کە پارە نادەیت چیتە لەم دەرکە

٢-منەت لەم و لەو مەکێشە دەم چەوت پول بدە و مەلا دەرکــە لە مـــزگەوت

٣-پارە پارە پەیدا دەکات.

٤- پارە چڵکی دەستە.

٥-پارەی حەرام کیسە دەدڕێت.

٦-پارەی سپی بۆ ڕۆژی ڕەشە.

پارە خۆی خزاندۆتە ناو وتەی زانا و فەیلەسوف و دانایانیشەوە، ئەوەتا چەند وتەیەکی پڕ پەند و وانە وەک نموونە دێینەوە بۆ دەوڵەمەندی بابەتەکە، بەڵکو ئێوەش سوودێکی لێوەرگرن.

١-ئەو پارە پارەیە، لە بەرامبەر توانا و ماندووبوون بەدەست هاتبێت.

٢-سەرمایەداری پارەی لە ئامرازەوە کرد بە ئامانج.

 

٣-پارە ڕۆڵی هەیە لە شکاندنی عیزەتی نەفسی مرۆڤ و مرۆڤایەتی.

٤-پارە جوامێری و کەڕامەت نادات بە مرۆڤ کە خۆی نەیبێت.

٥-پارە هێزە، بەڵام هێزێکی متمانە پێکراو نییە. لە شیعری شاعیرانیشدا پارە جێگەی تایبەت و مەقامی خۆی هەیە، بەڵام بەلایەنی خراپە و باشەوە ئەوەتا نموونەی شیعری چەند شاعیرێک دێنینەوە.

١- پیرەمێردی شاعیر لەدوو دێڕدا لە بارەی پارە وە دەڵێت: - پــارە وتـوویە سەخت وسەرسەخــتم نەمدەن بەسەخی حەپسی بەدبەختم - دەوڵــەمـەنـد پــارەی بەکەس نەداوە پــــارە پـــەرســتی ئــــەڕوا لــەدواوە

٢- قانیعی شاعیریش لە شیعرێکدا دەڵێ : ئەی فلس وەڵڵا لەداک و باب و باپیر چاتری تۆ لە دووسەد خزم و خوێش و شێخ و دەسگیر چاتری. هەی بەقوربانی زڕەت بم، ڕۆژی سەودا و مامەڵە تۆ لەشیر و خەنجەر و بڕنەو گەلێ ئازاتری.

٣- ڕەمزی مەلا مارف دەڵێ: نایێتە سەر حیساب و ئەڵێ داوەشێ ئەوەی دایکی وەتەن بە پارە بەم و بەو بەشوو ئەدا

٤-عەلی عارف ئاغا(شاری) لە دێڕێکدا لەبارەی پارەوە دەڵێ: کە پارەت بوو هەموو کەس هەر براتە ئــەوەی نایناسی دۆست و ئـاشناتە.

٥-ئاراس عەبدوڵڵا فەقێ، لەچوارینێکدا دەڵێ: پارەت زیاتر بێت، زۆر سەگتر ئەبی لە بــەگ و ئــاغا زۆر بــەگتر ئەبی گەر لەمە زیاتر خۆت پولەکی کەی هێسک گــرانــتر نــەگـبەتتـر ئەبی لەلایەکی ترەوە خەڵکانێک ئاوا باس لە پارە دەکەن و دەرد و کوڵی دڵی خۆیان دەردەبڕن.

١-کە پارەت هەبی هەمووکەس کەستە

٢-ئە گە ر پارەت نەبێت کەس سڵاویشت لێناکات.

٣-مرۆڤ پاره ی دروست کرد، بەڵام ئێستا پاره مرۆڤ دروست ده کات.

٤-پارە هە مووشتت بۆ چارەسەر ناکات ئەو ئاکار و کردەوانەی خوارەوە مرۆڤ ناتوانێت بەپارە بیان کڕێت. (غیرەت ، وەفاداری، کەسایەتی، ڕەوشت، مردن، ئاین، تەندروستی، ویژدان، کات، چارەنووس، تەمەن ، متمانە) (بۆب مارلی)ش دەڵێ: ئەگەر دڵم گیرفانی پارە بووایە، نە تۆ جێت دەهێشت، نە کەسیش دەیشکاند! سەرچاوەکان.

١-پەندی پێشینان، کۆکردنەوەی:کاروان عوسمان، چاپی یەکەم ٢٠١٢، لەبڵاو کراوەکانی خانەی چاپ و پەخشی ڕێنما.

٢-ماڵپەڕی ویکیپیدیا، ئەنتەرنێت.

٣-مانیفێستی دانایی، ستار چاوشین، چاپی یەکەم ٢٠١٩ ٤-پەندی پێشینانی کورد،پەند و ئیدیۆم لەزمانی کوردیدا.

ئامادەکردنی: زەکیە ڕەشید محەمەد، چاپی دووەم ، ٢٠١٣ ٥-دیوانی قانیع. ٦-دیوانی شاری. ٧-دیوانی ڕەمزی مەلا مارف. ٨-پەیام ، ئاراس عەبدوڵڵا فەقێ محەمەد.

وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©