هەرچەندە هێشتا کەمێک زوە باس لە حوکمداری و پەیوەندیەکانی بزوتنەوەی تاڵیبان بکرێت لە ئەفغانستان، بەڵام ئەگەر سەرکەوتووبێت لە دامەزراندنی حکومەتێکی نوێ لەو وڵاتە، ئەوا سەرباری ناکۆکی لەمێژینەوە و جیاوازی قوڵی بیروباوەڕ، پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی درواسێ و ناوچەکەدا چۆن دەبێت؟ ئەگەرچی پێشینەی مامەڵەی بزوتنەوەی تاڵیبان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی و بەتایبەت ڕوسیا و چین لەلایەک و ئێران لەلایەکی دیکەوە، لێوانلێوە لە ناکۆکی و ململانێی توند.

وەبەتایبەت دوای گرتنی مەزار شەریف لە ساڵی ١٩٩٨ و کوشتنی دیپلۆمات و کارمەندانی کونسولگەری ئێران لەو شارە، ململانێکانی لەگەڵ ئێراندا دەگاتە لوتکە، بەڵام دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان و ڕوخاندنی حکومەتی تاڵیبان و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ، تاڵیبان هەوڵی ئەوەی داوە کە لەگەڵ بەردەوامیدان بە ململانێکانی لەگەڵ ئەمریکادا، پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە ئاسایی بکاتەوە. بەپێی ئەوەشی کە ئەمریکا وەک دوژمن و نەیاری ئێران، ڕوسیا، چین و تاڵیبان سەیر دەکرا، ئەو هێزانەش بەو پێیەی کە دوژمنی دوژمنەکەیان دۆستیانە، ئامادەبوون پەیوەندیەکانیان لەگەڵ تاڵیبان ئاسایی بکەنەوە.

لەئێستەشدا و دوای گرتنی زۆرینەی زۆری ئەفغانستان بە کابوڵی پایتەختیشەوە، پێشبینی قۆناغێکی نوێ و حوکمی نوێی تاڵیبان دەکرێت لە ئەفغانستان. ئەوەی کە لەم سەرەتایەوە لە هەڵوێستی تاڵیبان و وڵاتانی نێوچەکە بەرامبەر بە یەکتری دەبینرێت، دەردەکەوێت کە سیاسەت و مامەڵەی تاڵیبان چ لە ناوخۆ و چ لەگەڵ وڵاتانی دیکە، تاڕادەیەگ گۆڕاوە. هەروەها مامەڵەی وڵاتانی دیکەش بەرامبەر تاڵیبان، گۆڕانکاری بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. بۆیە هەم وڵاتانی ناوچەکە ئامادەن مامەڵە لەگەڵ تاڵبیان بکەن، وە هەمیش تاڵیبان ئامادەی ئەو پەیوەندیە دۆستانەیەیە...

هەربۆیە هەردولایان ئامادەی مامەڵەی هاوسەنگن پێکەوە. لەبەرامبەریشدا، لەئێستەدا هەم تالیبان و هەمیش ئەو وڵاتانە، ئەمریکا بە دوژمنی هاوبەشی خۆیان دەزانن و هەمو ئەو وڵاتانەش باش لە سیاسەتی ئەمریکا تێگەشتوون. بۆیە ئەگەر بەناچاریش بێت، ئەوا ئەو وڵاتانە پێکەوە هەڵدەکەن و زۆر زەحمەتە بڕۆنە نێو پلانی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا... بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەشی کە ئایا ئەمە پلانی خودی ئەمریکا نییە؟ دەتوانرێت بەو شێوە وەڵام بدرێتەوە کە ئەمریکا هەمیشە هەوڵدەدات کە ڕوداوەکان بەپێی پلانی خۆی و هاوشانی بەرژەوەندیەکانی بەرەو پێش بڕوات، بەڵام هەندێکجاریش ڕو دەدات کە سەختی ململانێکان، پلانەکەی لێ تێکدەدەن یان ڕێگای گەیشتن بە ئامانجەکەی لێ دور دەخەنەوە، بۆیە ناچار دەبێت مل بۆ هەندێک واقیع کەچ بکات و مامەڵەی نوێی لەگەڵدا بکات، وەک کشانەوی لە ڤێتنام یان ناچاربوون بەمامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی نوێی ئێران دوای هەڵهاتن و ڕوخاندنی حکومەتی محمد ڕەزاشا. بۆیە ئەوە ڕونە کە، هەرچەندە ئەمریکا دەیویست پلانەکانی خۆی بە پێی بەرژەوەندیەکانی خۆی جێبەجێ بکات.

بەڵام، لەڕاستیدا. ئیدی ئەمریکا نەیدەتوانی لەوەزیاتر لەئەفغانستان پارێزگاری لە دەسەڵاتێکی گەندەڵ و قاچاخچی بکات لە نێوان نەیارگەلێکی بەهێزی وەک ئێران و ڕوسیا و چین، وەهەروەها تاڵیبانیش لە ناوخۆدا. لەکاتێکدا کە ئەمریکا خۆشی دەیزانی ئەو دەسەڵاتدانەی کە ئەو پاڕێزگارییان لێدەکات، هەرچەندە بەهەڵبژاردن و دیموکراسییەکی هەڵخەڵەتێنراوی شێوێنراو هاتونەتە سەر حوکم، بەڵام لەڕاستیدا چەندە پیس و بێزراون لەناوخۆی ئەفغانستان و بگرە لەدەرەوەش. هەربۆیە ئەمریکا ناچار بوو کە ئیدی بەناچاری ئەفغانستان چۆڵ بکات(هاوشێوەی ڤێتنام کە لە ڕابردودا بەناچاری چۆڵیکرد)، ئێ ئاساییشە کە هێزی نەیاری ناوخۆیی کە تاڵیبانە و هاوپەیمانی ئەمریکا نییە، حوکم دەگرێتە دەست و پلانەکەی لێ تێکدەدات. واتە حوکمداری تاڵیبان، لەئەنجامی شکستی ئەمریکاوە بووە نەک پلانی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی تاڵیبان لە ململانێ نێوچەییەکاندا.

هەرچەندە نابێت ئەوەش لەبەرچاو نەگیردرێت کە ئەمریکا هەرچەندە دوچاری شکست بووە، یان بڵێین پلانەکەی لێ تێکدراوە، بەڵام بەئاسانی مەیدانەکە چۆڵ ناکات و هەوڵدەدات لەکەناڵە جیاوازەکانی خۆیەوە بۆ نمونە لە ڕێگەی سعودیە و ئیمارت و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانی، بتوانێت گەورەترین سود لە ڕوداوەکانی ئەفغانستان وەربگرێت.

وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
ئەرکان ئەحمەد جاف
سەرنج و پرسیاری جدیی....؟؟؟

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©