زانکۆی چەرموو لە چەمچەماڵ کۆنفرانسێکی لە ژێر ئەم ناونیشانەدا لە مانگی شەشدا رێک خست: "شارستانیی لێرەوە رەت بو." بۆ ئەوەی ئەگەر جارێکی دی شارستانیی رێگای کەوتەوە ئەوێ لێی رەت نەبێت و بمێنێتەوە، پێویستە پرسەکان بە هەند وەر بگیرێن و لە سەریان ساخ ببینەوە.


لەم کۆنفرانسەوە ڤیدیۆیەک لە رێگای میدیای "روداو"ەوە رۆژی ٢٣/٠٦/٢٠٢١ بڵاو بووەوە. لەم ڤیدیۆیەدا میوانی زانکۆکەکە سەباح غالب قسە دەکات دەربارەی مێژووی داگیرکردنی باشور لە لایەن بەریتانیاوە. ناوبراو وا قسە دەکات کە ئینگلیزەکان هەوڵی دروستکردنی حکومەتی کوردستانیان داوە بەڵام شێخ مەحمود رێگر بووە. بە قسەی سەباح غالب ئینگلیزەکان هەموو هەلومەرجێکیان ئامادە کردووە بەڵام ئەوەی کە نە بووە سەرکردەیەک بووە کە لە ئاستی ئەو بەرپرسیارییەدا بێت. مامۆستای زانکۆکە د.سامان عیزەدین و مامۆستا جەعفەری یەکێتی نیشتیمانیش هاوڕایی خۆیان بۆ قسەکانی سەباح غالب دەر دەبڕن و دانیشتووانیش بە چەپڵە هاوهەستیی خۆیان بەرانبەر بە قسەکان پیشان دەدەن. سەباح غالب بۆ ئەو هزرانەی قسەی مێجەڕ نۆئێل و کەسانی دی دەهێنێتەوەو هەندێک روداو و هەڵوێست ناو دەبات. بەڵام سەرجەمی ئەم قسانەی ناوبراو پێویستیان بە پیشاندانی بەڵگەو سەرچاوەکانیانە بۆ ئەوەی دەری بخەن کە ئەو قسانە هی خودی سەباح غالب خۆی نین.


لە سەردەمێکدا کە لەسەر قسە دەربارەی ئایین ژمارەیەکی زۆر را دەپەڕن و هەندێک جار فتوای کوشتنیش دەدرێت، کەچی لەسەر مێژووی وڵاتپارێزیی نەک هەستی کەس ناجوڵێت، بەڵکو پێشوازیشی لێ دەکرێت. لەم سۆنگەیەوە لێپرسینەوەو ساخکردنەوەی راستیی و دروستیی ئەو قسانەی میوانەکانی زانکۆی چەرموو بە ئەرکێکی نیشتیمانی دەزانم. بۆ ئەم کاری ساخکردنەوەیەش کە ئایا کامانەن راستییەکان و لە کوێوە دێن شێواندنەکان، بە پێوستم زانی وەکو دەستپێک ئەم پرسیارنامەیە ئاراستەی زانکۆی چەرموو بکەم کە رێکخەری کۆنفراسەکە بووەو د.سامان عیزەدین لە فەیسبوکدا وەڵامی داوەتەوە کە "بەڵێ توێژینەوەکەی زانستییە و بەڵگەکانیش ھاوپێچ کراون." دیارە دەبێت بۆ زانکۆی چەرمووش جێگای گرنگیپێدان بێت کە ئەو مێژووە بە پێی بەڵگەنامەی بڕواپێکراو و شێوازی زانستیی بنوسرێتەوە. هیوادارم زانکۆی چەرموو و میوانەکانی قسەکانی خۆیان بە هەند وەر بگرن و بەرپرسیاریی خۆیان لە رێگای وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەوە پیشانی جەماوەری کورد بدەن.
لە خوارەوە پرسیارەکان و دەقی قسەکانی ڤیدیۆکە نوسراونەتەوە. هەروەها لینکی ڤیدیۆکەش دانراوە.


پرسیارەکان
پرسیاری یەکەم. سەباح غالب قسەکانی مێجەڕ نۆئێل دەڵێتەوە: "عەشیرەتەکانی کورد خۆشبەختانەو خۆبەخشانە بێن بە حوکمداریی جەنابت رازی بن. زۆریان لێ مەکە! ئێمە لەگەڵ جافدا قسەمان کردووە، لەگەڵ هەمەوەنددا پەیوەندییمان هەیە. لەگەڵ تاڵەبانیی و شێخ بزێنیی و داودەو نازانم چی.. هەموو ئەمانە پەیمانیان داوینەتێ کە هاوکارییمان بکەن بۆ دامەزراندنی حکومەتی کوردستان. ئەوجا ناوچەکانیش یەکە بە یەکە ئێمە دروستیان دەکەین و دەیانهێنینە سەر حکومەتەکەی جەنابت." هەروەها سەباح غالب دەڵێیت مێجەڕ نۆئێل بە شێخ مەحمود دەڵێت: "ئەوجا رێگام بدە قوربان! من دەچم بۆ ناوچەکانی کوردستان. بۆ ئەوەی ناوچەکان، عەشیرەت تیرەو خەڵکە شارەزایەکان بخەمە سەر پایتەختی کوردستان کە سلێمانییە."
ئایا دەقی ئەو قسانەی مێجەر نۆئێل لە کام بەڵگەنامەی بڕواپێکراودان تکایە بیانخەنە رو؟
پرسیاری دووەم. سەباح غالب دەڵێت شێخ مەحمود: "هەرچی کاربەدەستێکی کە دەوڵەتی بەریتانیا یاخود مێجەڕ نۆئێل دای مەزراندووە لە سلێمانی لەم بەشە لەو بەشە شێخ مەحمود سەرپاکی لا بردووە."
ئایا کامانەن ئەو کاربەدەستانەی کە بەریتانیا لەم بەشەو لەو بەشە دای مەزراندوون و شێخ مەحمود لای بردوون؟ ئەو بەشانە چین یان کامانەن با سەباح غالب ناوەکانیان بهێنێت و بەڵگەنامەکانیان بخاتە رو!
پرسیاری سێیەم. سەباح غالب وا قسە دەکات کە مێجەڕ نۆئێل بە شێخ مەحمود دەڵێت: "ئەمانەی جەنابت دەیکەیت من نیگەران دەکات. بەڵام تکات لێ دەکەم، ئەوە بگۆڕە بە ئەوە! تکات لێ دەکەم ئەو پیاوە شایستە نییە! ئەوە پیاوە نەخوێندەوارە! ئەو پیاوە نەزانە! تەنها شتێک ئەوەیە کە خزمی جەنابتە!  فڵان کەس ئاوا شارەزایەو ئاوا پیاوە ئاوا کوردە، ئەو دابنێ! شێخ مەحمود بە قسەی ناکات."
ئایا کێ بگۆرێت بە کێ؟ کێیە ئەوەی شایستە نییە؟ کامەیە ئەو پیاوە نەخوێندەوارە؟ ئەو پیاوە نەزانە؟ کامەیە ئەو خزمەی شێخ مەحمود؟ کێیە ئەو شارەزایە، ئەو پیاوە کوردە؟ ئەگەر ناوەکانت بیر نە بووە، خۆ ئەگەر نۆئێل وەکو تۆ دەیڵێیت بە ئەمەو ئەوە قسەی کردووە، ئەی کوا دەقی ئەو قسانەی نوئێل بیانخەنە رو!
پرسیاری چوارەم. سەباح غالب دەڵێت: "لە ناو ئەفسەرانی سیاسیی بەریتانیادا ئێجگار گەلێکی تیادا بووە کە دڵسۆز بووە بەرامبەر بە مەسەلەی کوردو هەموویان داوای سەربەخۆیی کوردستانیان کردووە."
ئایا کامانەن ئەو گەلە ئەفسەرەی سەباح غالب، فەرموو یەکەم، لیستەیەکیان بۆ بکەن! دووەم، لە کام هەوڵ و چالاکییدا دڵسۆزیی خۆیان پیشان داوە بەرانبەر بە مەسەلەی کورد؟ سێیەم، ئەوان کە خۆیان بەریتانیی و کارمەندی گەلی خۆیان بوون، بە چ بەڵگەیەک دڵسۆزی گەلێک بوون کە ئەرکیان کوشتار و ژێردەستەکردنی بووبێت؟ چوارەم، ئایا داوای سەربەخۆیی کوردستانیان لای کێ کردووەو لە چییدا ئەم داوایە دەبینرێت؟
پرسیاری پێنجەم. سەباح غالب دەڵێت شێخ مەحمود وتوویەتی: "با جەنابی حەمە ئاغا لا بچێت لە سەر کار من حاکمی خۆم دا دەنێم. خەڵکی شارەکەش هەڵ دەستێت. ئی دی خەڵکی کۆیە بە ئەوە رازی نابێت بێگومان حەمە ئاغا لا ببرێت، بەو ئاسانییە پیاوێک روتوڕەجاڵ لە سلێمانییەوە هاتووە ببێت بە حاکمیان."
ئایا بە پێی کام بەڵگەنامە شێخ مەحمود ئەو قسەیەی کردووە؟ کامەیە ئەو بەڵگانەی کە پیشانی دەدەن خەڵکی شاری کۆیە هەستاون بەرانبەر بە دانانی پیاوێکی روتوڕەجاڵ لە جێگای حەمە ئاغا؟ ئایا روتوڕەجاڵ چییە لای سەباح غالب، چۆنی بۆ رون بۆتەوە کە ئەو پیاوە روتوڕەجاڵ بووەو بۆچی روتوڕەجاڵ ناشێت حاکم بێت؟
پرسیار بۆ د.سامان عیزەدین
د.سامان عیزەدین دەڵێت: "سوپاس و دەستخۆشیی لە بەرێز دوکتۆر سەباح غالب بۆ باسەکەی و وە خوێندنەوەی ئەو قۆناغە مێژووییە بە شێوەیەکی وردو زانستانە."
ئایا واتای زانست کامەیە لای ئێوەو بە چ رێگایەک ئەو قسانەی سەباح غالب دەیانکات دەچنەوە سەر ئەو پێوەرە زانستییانەی کە دەست نیشانیان دەکەیت؟ ئایا کامەیە نمونەی ئەو وردییەی سەباح غالب لە زانستییەکەیدا؟
پرسیار بۆ مامۆستا جەعفەر:
مامۆستا جەعفەر دەڵێت: "من حەز دەکەم پێشەکی راستییەکەی دەستخۆشییەکی زۆر گەرم لە دوکتۆر سەباحی غالب بکەم کە بە راستیی روناکییەکی زۆر چاکی خستە سەر مێژوویەک کە هەموومان بیستوومانە بەس هەموو شتەکان بە چەواشەوە باس کراوە."
ئایا تۆ کە مێژووی بیری کوردیی دەنوسیتەوەو لە زانکۆی رانیە کتێبەکەت دەخوێنرێت، ئەگەر مێژووییەک بە چوار جۆر ببیستیت چۆنیان ساخ دەکەیتەوە کامانەیان شێواندن؟
ناسر حەفید
٠٥/٠٨/٢٠٢١

دەقی قسەکانی ڤیدیۆکەی کۆنفرانسەکەی زانکۆی چەرموو لە چەمچەماڵ
ڤیدیۆکە لێرەوە دەست پێ دەکات. لە ڤیدیۆکەدا سەباح غالب وا قسە دەکات کە قسەکانی مێجەڕ نۆئێڵ دەڵێتەوە:
"عەشیرەتەکانی کورد خۆشبەختانەو خۆبەخشانە بێن بە حوکمداریی جەنابت رازی بن! زۆریان لێ مەکە! ئێمە لەگەڵ جافدا قسەمان کردووە، لەگەڵ هەمەوەنددا پەیوەندییمان هەیە. لەگەڵ تاڵەبانیی و شێخ بزێنیی و داودەو نازانم چی... هەموو ئەمانە پەیمانیان داوینەتێ کە هاوکارییمان بکەن بۆ دامەزراندنی حکومەتی کوردستان. ئەوجا ناوچەکانیش یەکە بە یەک ئێمە دروستیان دەکەین و دەیانهێنینە سەر حکومەتەکەی جەنابت! ئە لەو کاتانەدا روداوێک دروست دەبێت. سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا کلیمانسۆ دەچێتە لەندەن لەگەڵ لیود جۆرجدا، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیادا کۆ دەبێتەوە. نیگەرانییەک لە نێوانی ئەم دو سەرۆکوەزیرانەدا هەیە. کلیمانسۆ پێی دەڵێت: جەنابی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئەتۆ لە من لە چ نیگەرانی، چت دەوێت بۆت بکەم؟ دەڵێت: موسڵ! دەڵێت با بۆ تۆ بێت! چەند ئاسانە ویلایەتێک خاکی نەتەوەیەک هەر ئاوا با بۆ تۆ بێت! یو کان هاڤ ئیت. یوکان هاڤ ئیت. ئی دی با بۆ تۆ بێت! بەم با بۆ تۆ بێت هەموو ویلایەتی موسڵ دەبێتە بەشی بەریتانیا. مانا ها بەریتانیا، کوڕینە! کچینە! گرنگەکە لێرەدایە. بەریتانیا تاکە دەوڵەتێکە مافی ئەوەی هەیەو دەستەڵاتی ئەوەی هەیە کە دەستەڵات بۆ کورد دروست بکات کە حکومەت بۆ کورد دروست بکات. دەبێت کوردیش هێند ئاقڵ بێت. هێند تێگەشتوو هێند شارەزا بێت بەمە رازی بێت، ئەگەر رازی نەبێت، پێم وایە دەبێت بە هەڵەیەکی گەورەی مێژوویی. شێخ مەحمود هەموو ئەمانە قبوڵ دەکات. قوربان ئەوە خۆت ئەوە حکومەت! کە بۆ دروست کراوە. من جەنابتم کردووە بە حوکمدار. من جەنابتم کردووە بە نوێنەری بەریتانیا. بەڵام لە ئێستاوە من تەنها لە خزمەت جەنابتام. من ئەفسەرێک و راوێژکارێکم جەنابت هەر کارو فەرمانێکت هەبێت من بە سەر سەر لە خزمەتدام. بەڵام جەنابیشت ئەوەت لە بیر نەچێت. هەمیشە ئەوەت لە بیر بێت جەنابت نوێنەری ئێمەیت. دەبێت ئامۆژگاریی بە من بکەیت! بەڵام منیش هەر بەیانێک دەر بچێت هەر فەرمانێک دەر بچێت بە بێ ئیزنی جەنابت نابێت. هەتا بەو شێوەیە بووە، سوپا کە دروست کرا، هەر هەموویان دەهاتنە خزمەتی شێخ مەحمود ئەوەی کە تەمەنای چی پێ دەڵێن، چونکە من سەربازییی و شتی وام نە کرووە، تەمەنای عەسکەریی تەحییەی پێ دەڵێن چی وە سوێندی سەربازیی هەمووی لە خزمەتی شێخ مەحموددا دەخۆن. دەڵێ ئەوجا رێگام بدە قوربان! من دەچم بۆ ناوچەکانی کوردستان. بۆ ئەوەی ناوچەکان، عەشیرەت تیرەو خەڵکە شارەزایەکان بخەمە سەر پایتەختی کوردستان کە سلێمانییە. دەچێت بەر لەوە جێگری ئەفسەری سیاسیی لە چەمچەماڵ دا دەنێت جێگری ئەفسەری سیاسیی لە هەڵەبجە دا دەنێت. ئەوجا دەچێتە رانیەو قەڵادزێ.  لە ئێرەدا نوئێڵ داوا لە حاکمی بەریتانیا دەکات جا تەماشاکەن قانون چۆن رێگای خۆی دەدۆزێتەوە. داوا لە حاکمی بەریتانیا دەکات دەڵێت: جەنابی حاکمی بەریتانیا خەڵکی کورد تامەزرۆی سەربەخۆیی و دامەزراندنی حکومەت و دەوڵەتن. خەڵکی کورد دەیانەوێت سەربەست بن. خەڵکی کورد وەڕسن لە تورک و لە داگیرکردن. بۆیە من وا پێشنیاز دەکەم کە رەواندزو کۆیە بخرێتە سەر حکومەتی سلێمانی." حاکمی مەدەنیش وەکو قانون وەکو دەستور خۆی یەکسەر سەربەخۆییانە بڕیاری بۆ نادات دەنوسێت بۆ حاکمی موسڵ دەڵێت جەنابی حاکمی موسڵ، تەبعەن حاکمی موسڵ حاکمی بەریتانیایە. دەڵێت جەنابی حاکمی موسڵ سلێمانی لە ژێر دەستەڵاتی مێجەڕ نۆئێلدایە. وەکو خۆتان دەزانن حکومەتی کورد دروست بووە لەوێ. ئێستا بۆ بەرژەوەندیی کوردو بۆ بەرژەوەندیی سیاسەت من وا پێش نیاز دەکەم و دەخوازم کە کۆیە و رەواندوز بچێتە سەر سلێمانی. دوای هەر هەمان رۆژ پێم وایە بە هەڵەدا نەچم ئەگەر ئەو پیاوە بۆم بدۆزێتەوە. لە یەک لە حوزیرانی هەزارو ببورن لە مانگی ‌‌هـ هـ بە هەرحاڵ ئەوە گرنگ نییە بەڵام هەر هەمان رۆژ حاکمی ئینگلیز لە  ناوی چییە، لە موسڵ بە دو وشەی سادەو ساکار بەڵام پڕ مانا بەڵام بە قەدەر خۆشەویستیی سەربەخۆیی گەورەیە بە لای منەوە. ئەویش دەڵێت؛ "ئای ئەگری." من بڕیارم دا. منیش پێم خۆشە کۆیەو هەولێر، کۆیەو رەواندز بچێتە سەر سلێمانی. بە بێ شەڕکردن. بە بێ هیچ کێشەیەک خەڵکی کۆیە بەیعەت دەکات بە شێخ مەحمود. خەڵکی رەواندوز بەیعەت دەکات بە شێخ مەحمود. ئەوجا دوا بە دوای ئەوە خەڵکی خۆشناوەتی سەرکردەکانیان دەچنە لای نۆئێڵ کە نۆئێلیش دیسانەوە بەیانێک یان نوسراوێک دەنوسێت بۆ حاکمی بەریتانیا لە بەغداد داوای لێ دەکات دەڵێت خەڵکی خۆشناوەتیی داوا دەکەن بچنە سەر حکومەتی کوردستان بەسەرکردایەتیی شێخ مەحمود. ئەویش بڕیاری لەسەر دەدرێت. دوابە دوای ئەوەی خەڵکی بارزان خەڵکی ئـ ئـ ئـ مێرگەسور هەموو ئەو دەوروبەرانە هەر هەموویان داوا دەکەن دەچنە لای مێجەڕ نۆئێل دەڵێن: "تکا دەکەین ئێمەش بخەنە سەر حکومەتی کوردستان بە سەرکردایەتیی شێخ مەحمود." کوڕینە خەڵکینە ئەمە خەوە؟ ئەمە واقیعە؟  ئەم دروستبوونی دەوڵەتە ئەم دروستبوونی حکومەتە. بەم شێوەیە بە قانون بە سیاسەت بە ئەقڵ بە تێگەشتن بە تەواوی سەربەستیی و بە خۆشییەوە هەمووی دەخرێتە سەر دەستەڵات، شێخ مەت و، شێخ مەحمودو سلێمانی. دوای هەموو ئەم کاروبارانە رەنگە ئاگاتان لێ بێت جارێ مێجەڕ نۆئێل ناگاتەوە سلێمانی شێخ مەحمود کابرایەک بە ناوی شێخ سمایل دەنێرێت بۆ کۆیە. لەوێ بە رەسمیی حەمە ئاغای کۆیە کراوە بە حاکمی شار، مەلای گەورە کراوە بە حاکمی شەرع. جەمیل ئاغای حەوێزیی کراوە بە جێگری حاکمی شار. ئەمە بە هەڵبژاردن و بە خۆشبەختیی خەڵکی شارەکەو رەزامەندیی بەریتانیا. شێخ مەحمود شێخ سمایلێک کە کەس نازانێت هەتا ئیستا چ شێخێک بووەو چ سمایلێک بووەو کوڕی کێیەو خەڵکی کوێیە؟ دەینێرێت بۆ کۆیە. دەڵێت با جەنابی حەمە ئاغا لا بچێت لەسەر کار من حاکمی خۆم دا دەنێم. خەڵکی شارەکەش هەڵ دەستێت. حەمە ئاغا رەنگە نازانم دەزانن حەمە ئاغا کێیە یان کێ نییە، حەمە ئاغا یەکجار یەکجار گەورە بووە. ئی دی خەڵکی کۆیە بە ئەوە رازی نابێت بێگومان حەمە ئاغا لا ببرێت بەو ئاسانییە پیاوێک روتوڕەجاڵ لە سلێمانییەوە هاتووە ببێت بە حاکمیان. بە هەر حاڵ دەگاتەوە سلێمانی کە تەماشا دەکات شێخ مەحمود لەگەڵ هەمەوەندەکاندا تێکی داوە، لەگەڵ جافەکاندا تێکی داوە، لەگەڵ پشدەرییەکاندا تێکی داوە. هەرچی کاربەدەستێکی کە دەوڵەتی بەریتانیا یاخود مێجەڕ نۆئێل دایمەزراندووە لە سلێمانی لەم بەشە لەو بەشە شێخ مەحمود سەرپاکی لا بردووە. ئەوەی خەڵکی نەخوێندەوار ئەوەی خەڵکی دەوروبەری خۆی ئەوەی خزمی خۆیەتی هەر هەمووی لەگەڵیا داناوە. دایارە مێجەڕ نۆئێل بەمە زۆر نیگەران دەبێت بەڵام دەزانێت حکومەتی کوردستان دەسنوێشی خۆیەتی. ببورن دەسنوێش نا دەسنێژی خۆیەتی، خۆی پەروەردەی کردووەو خۆی دروستی کردووە چۆن دەبێت ئەم حکومەتە وای لێ بێت. لەگەڵ شێخ مەحموددا خەریک دەبێت دەڵێت قوربان! ئەمانەی جەنابت دەیکەیت. من نیگەران دەکات. بەڵام تکات لێ دەکەم، ئەوە بگۆڕە بە ئەوە! تکات لێ دەکەم ئەو پیاوە شایستە نییە. ئەوە پیاوە نەخوێندەوارە. ئەو پیاوە نەزانە! تەنها شتێک ئەوەیە کە خزمی جەنابتە!  فڵان کەس ئاوا شارەزایەو ئاوا پیاوە ئاوا کوردە! ئەو دابنێ! شێخ مەحمود بە قسەی ناکات. لەو کاروبارەدا، دەزانێت، نایەوێت نایەوێت شێخ مەحمود شتێکی لەگەڵدا بکات. دەتوانێت لای بەرێت بەڵام لای نابات. چ بکات؟ ناچارە، ئایا زۆرانبازیی لەگەڵدا بکات یا سلێمانی بەجێ بهێڵێت؟ ناچار لە لێکدانەوەی خۆیدا وای بە باش دەزانێت کە ئەو سلێمانی بەجێ بهێڵێت بۆ شێخ مەحمود. (کاتەکەمان کەم ماوە.. بە سەر چاو هەر ئێستا.)  ئا لە دواییدا واز لە کارەکە دەهێنێت دەگەڕێتەوە بەغداد. بەڵام ئایا بەریتانیا دەبێت واز لە سلێمانی بێنێت؟ بێگومان نەخێر! بە سەرۆکایەتیی حاکمی مەدەنیی بەریتانیا، لیژنەیەکی تایبەت دروست دەکەن کێ بچێت بۆ سلێمانی جێگای شێخ مەحمود جێگای مێجەڕ نۆئێل بگرێتەوە؟ لیژنەکە بریتییە لە جەنەڕاڵ ۆکەر لەگەڵ کۆنۆیاڵ لیچمەن لەگەڵ مێجەڕ سۆن وە هەروەها مێجە نۆئێل خۆی بە سەرکردایەتیی حاکمی مەدەنیی بەریتانیا. لیژنەکە دەگەنە لە کۆبوونەوەکەدا دەگەنە ئەو ئەنجامەی دەبێت نۆئێڵ لە سلێمانییەوە بگوێزنەوە. کێ لە جیاتی دابنێن؟ مێجە سۆن. مێجە سۆن کە یەکەم کەس بووە پێشنیازی دروستکردنی حکومەتی کوردیی کردووە، دێتە سلێمانی بە شەوق و خرۆشێکەوە دێت خزمەتی سلێمانی بکات سلێمانی بە شێوەیەک ئاوەدان دەکاتەوە بە شێوەیەک پێشی دەخات، رەنگە لە قۆناخی مێژووی سلێمانییدا یەکێک بێت لە قۆناغە هەرە روناک و هەرە خۆشەکانی سلێمانی. ئەمە باسی مێجەڕ سۆن ناکەم بێتە ئەم باسەی منەوە. بەڵام لە ماوەی بسیت و شەش رۆژدا، مێجەڕ سۆن لە سلێمانی دەبێت، ماوەی بیست و شەش رۆژ. شێخ مەحمود لە رۆژی ٢١ی مانگی مایسی ١٩١٩دا مێجەڕ سۆن بە سەفەرێک تایبەتی سلێمانی بەجێ دە‌ێڵیت بەرەو کەرکوک. لەوێشەوە بۆ بەغداد. دەگاتە کەرکوک لە کەرکوک هەواڵی بزووتنەوەیەک بە ناوی شێخ مەحمودەوە پەیدا دەبێ و چوار پێنج ئەفسەری سیاسیی ئینگلیز لە سلێمانییە وەکو راوێژاکر شێخ مەحمود ئازایەتیی خۆی لەگەڵ ئەوانەدا تاقی دەکاتەوە هەر چوار ئەفسەرەکە دەگرێت. خۆشی بە ئنگلیز دەڵێت: من حاکمی سلێمانیم و ئێوە بڕۆنە دەرەوە! ئی دی مێجڕ سۆن لە کەرکو دەمێنێتەوە ناچێت بۆ بەغداد. بە هەر حاڵ ئەوە چیرۆک و مێژوویەکی ئەو قۆناغەیە بەڵام بە داخەوە لەبەر ئەوەی کاتم نییە نەمتوانی تەنها ئەنجامەکەی بەوە کۆتایی دێنم: لە ناو ئەفسەرانی سیاسیی بەریتانیادا ئێجگار گەلێکی تیادا بووە، کە دڵسۆز بووە بەرامبەر بە مەسەلەی کوردو هەموویان داوای سەربەخۆیی کوردستانیان کردووە لەگەڵ ئەوانەشدا میس بێڵ کە دیسانەوە ئەمیش بە خراپە لە ناو مێژووی کوردا ناوی دێت، بەڵام لە قۆناغی یەکەمدا هەر هەموویان دۆستی کورد بوون. بەڵام دەوڵەتی بەریتانیا ناکرێت هەر چاوەڕوانی کورد بکات بەڵام بەرنامەی خۆی لە بیر بچێتەوە ئەنجامەکەی ئەوەیە : بە کورتییەکەی ئەگەر بتوانم بیڵێم کورد پێش ئەوەی حوکمداری هەبێت پێش ئەوەی دەوڵەتمەداری هەبێت، حکومەت و دەوڵەتی بۆ دروست کرا. ئەمە کێشەیەکی گەورەیە. تۆ حکومەتت هەیە دەبێت حکومەتدار هەبێت. بەڵام شێخ مەحمود ئەو حوکمدارە نەبوو. ئینگلیز بەرپرسیارەتیی دروست کرد بۆ کورد بەڵام کورد بەرپرسیاری نەبوو. سوپاستان دەکەم. (چەپڵەی دانیشتووان.)


د.سامان عیزەدین: سوپاس دەستخۆشیی لە بەرێز دوکتۆر سەباح غالب بۆ باسەکەی و وە خوێندنەوەی ئەو قۆناغە مێژووییە بە شێوەکی وردو زانستانە. ئێستاش دەچینە لای بەڕێز مامۆستا جەعفەر بۆ پێشکەشکردنی بابەتەکەی لە ماوەی چارەکێک بۆ بیست خولەک با بفەرموێت ناوەڕۆکەکەی بەڕێزیان لە ماوەی دیاریکراودا پێشکەش بکات کە دەربارەی بیری کوردییە. ئومید دەکەین بە دیدێکی نوێوە خوێندنەوەیەک بۆ ئەو قۆناغانە بکات کە بیرمەندانی ئێمە خاوەن ئەو هزرو ئەو دیدگایە بوونە لە رابوردوودا وە ئێستا تیشک بخاتە سەر هەر یەک لەوانەی کە رۆڵیان هەبووە لە قوناغە مێژووییەدا. دیارە هەر خۆشی ئێستا ئاماژە بەوە دەکات کە نوسینەوەی مێژووی بیری کوردیی پڕۆسەیەکی زۆرە. وە پڕۆسەیەکی دەوڵەمەندە رەنگە ئەرکەکەی هەر بە تەنها لەسەر شانی چەند کەسێک نەبێت، بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە بێتە دی پێویستی بە چەند لایەنێک بەرێزیان تیشک دەخەنە سەری و بۆچوونیان لەو روانگەیەوە
مامۆستا جەعفەر: "من حەز دەکەم پێشەکی راستییەکەی دەستخۆشییەکی زۆر گەرم لە دوکتۆر سەباحی غالب بکەم کە بە راستیی روناکیەکی زۆر چاکی خستە سەر مێژوویەک کە هەموومان بیستوومانە بەس هەموو شتەکان بە چەواشەوە باس کراوە. ئنجا ئەو مێژووی بیری کوردییەش هەر پەیوەندیی بەو هەموو چەواشەکارییەوە هەیە کە دروستمان کردووە. ئەوە رەنگە بیستوپێنج ساڵ لەوەوە پێش یان زیاتر ٢٥ ساڵ خەلک گاڵتەیان بەوە دەکرد دەیان وت کورد مێژووی نییە تۆ باسی مێژووی بیری کوردیی دەکەیت کورد ئەسڵەن مێژووی نییە بیری نییە تۆ ئەمەت کردۆتە بابەتێک و قسەی لەسەر دەکەیت. وتم وەڵا ئەمە وەکو سەید عەلی ئەزغەری کوردستانییە کە دەنگ و گۆرانی لێ بکەیتەوە، هیچی نامێنێتەوە. منیش بە خوا ئەم بەشەم لێ بکەیتەوە رەنگە هیچم نەمێنێتەوە. جا ئەمەی مێژووی بیری کوردیی راست من وەکو کتێبێک چاپی دووەمەکەی لە ٢٠٠٩ بڵاو کراوەتەوە."
لینکی ڤیدیۆکە:
https://www.facebook.com/watch/live/?v=787325435285842&ref=watch_permalink


بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©