بۆ ئەوەی دەستنیشانی جۆری سیستم و دەسەڵاتێكی سیاسی بكەیت لەپاڵ بنچینە و پێوەری دیكەدا لە ڕەوش و پێگەی دادگا وردئەبیتەوە، هیچ سەخت نییە جیایبكەیتەوە دەسەڵاتێكی دیكتاتۆری، تۆتالیتاری و حیزبی و بنەماڵەیی چەوتەڕێ و گەندەڵت هەیە، یان بە پێچەوانەوە دەسەڵاتێكت هەیە خۆی لە چوارچێوەی سیستمێكدا ڕێكخراوە و دادگا تێیدا ڕێزلێگیراوە و سەربەخۆیانە كاردەكات.


چەكی یەدەك ئەشێ بۆ چەندین ساڵ پێویستت بە بەكارهێنانی نەبێت، بەڵام مانای وانییە چەكت نییە، یان واتای ئەوە نییە نیازی بەكارهێنانی چەكت نییە، هەر ئەوەیە لە هەموو كاتێكدا بەكاریناهێنیت لەبەرئەوەی تا كاتی پێویست چەكی ترت هەیە و بەگەڕتخستوون. دادگا لە سیستمی فەرمانڕەوایی سیاسی باشوری كوردستاندا و، لە ئەقڵ و ئایدۆلۆژیای خێڵەكی، بنەماڵەیی و حیزبی بە تایبەتی هەردوو پارتی و یەكێتی دا هیچ نییە بەدەر لە چەكی یەدەك و ئامڕازێكی هەمیشە ئامادە و كراوە بۆ شەڕكردنی نەیاری سیاسی و ئەوانەی شتێك لە مەترسی بۆ بەرژەوەندی و دەسەڵاتی ئەو دوو حیزبە و بنەماڵە فەرمانڕەواكانی حیزب و مناڵی سەركردەكانیان دروستدەكەن.


ڕووداوە تراژیدییەكانی گرتن و حوكمدانی چالاكوان و ڕۆژنامەنوسانی بادینان و ئەزمونەكانی پێشتر و، بەرئەنجامی كێشەكانی ناو یەكێتی ئەوەی پێوتین:
یەكەم، بە ئامڕازكردنی دادگا و مامەڵەكردن لەگەڵیدا وەك چەكی یەدەكی حیزب و بنەماڵەی سیاسی تەنیا لە شارێك و لە ئەقڵییەت و ئایدۆلۆژیای فاشیستی و دوواكەوتووانەی یەك حیزبدا نییە و خەسڵەتێكی ترسناكە و سەرتاسەری دەسەڵاتی دەستی یەكێتی و پارتی سیخناخكردووە.


دووەم، دادگا چەندە خێرا دەگۆڕێتە سەر چەكێك و ڕووی ڕاستەقینەی خۆی لادەبات و بەشداریپێدەكرێت لە پاكتاوی سیاسی و حیزبیدا، كە خراپترین و تراژیدیترین ڕۆڵە دادگاكان دەیگێڕن.


سێیەم، دەریخست دەسەڵات لە ناوەرۆكدا چەندە داڕزاوە و ئەخلاق و پرەنسیپی نییە و، لیبۆكی دەستی بنەماڵە و كارەكتەرەكانیانە، ئەمەش كۆی دەسەڵاتەكەی باشوری كوردستانی تا لێواری گۆڕ لاوازكردووە، بە پێچەوانەی بیركردنەوە و چاوەڕوانی نوخبەی گەندەڵ و دەسەڵاتخوازی ئەم وڵاتەوە، دەسەڵاتەكە بە هەموو ماناكانی كەنەفتە، ڕزیوە و پۆرتكاوە، ئەوەی نایبینێت و دانیپێدانانێت تەنیا دەسەڵاتخوازە كوێرەكانن، ئەگەرنا وەك سڵاڤۆی ژیژەك دەڵێت هەر ئەوەی ماوە شتێك، كەس و هێزێك بێت و مردنەكەی ڕابگەیەنێت، یان بە دەربڕینێكی تر بڵێین، پاڵێكی ئەخلاقی و فەرهەنگی و سیاسی ڕاستەقینەی بەدیلی دەوێت بۆ ناو گۆڕە چاوەڕوانكراوەكەی خۆی گلۆری بكاتەوە.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©