(لە کۆمەڵگایەکی بێ کۆنتراکتدا یاساکانی سیاسەت حوکم بە سەر شێوەی دەستەڵاتدا نادەن. بەڵکو کام بەرانە، بە هەر شێوەیەک بێت، بەرانەکانی دی بەزاند، ئەو ملکەچیی مەڕمیللەت دەباتەوە. مەڕمیللەت مافی بڕیاری نییە کێ خاوەنی بێت یان چۆنی لەگەڵدا بکرێت.)

(خەنیم کەسێکە کە بەرانبەر بە کەسێکی تر بوەستێتەوە.) پەکەکە ئاسایی بۆ هەر سەرکردایەتییەکی دو هاوسەرۆکی ئافرەت و پیاوی هەیە. ئەمەش لە ئەوەوە هاتووە کە پەکەکە پیشانی دەدات بڕوای بە یەکسانیی ئافرەت و پیاو هەیە. ئەی ئایا هاوسەرۆکەکانی یەکێتی نیشتیمانیی لە چییەوە هاتن؟


دەستەڵاتی میراتگریی


هاوسەرۆکانی یەکێتی لەو مۆدێلەی پەکەکەوە نەهاتوون. بافڵ لە کوڕی مام جەلالەوە هاتووە. مام جەلال دامەزرێنەرو خاوەنی یەکێتی و دەستەڵاتەکەیەتی بە خەڵک و سامانەوە. واتە یەکێتی موڵکی مام جەلالە. موڵکیش نەوە دەبێت بە میراتگری. بافڵ و قوباد هەر یەکەیان بە شێوەی خۆی میراتگریی مام جەلال پیادە دەکات. ئەمەش تایبەت نییە بە ئەوان. هەموو دەستەڵاتەکان گەورەو بچوک ئەم یاسای میراتگرییە ساغیان دەکاتەوە. هەر لە بنەماڵەی مەلا مستەفاوە بیگریت بە کۆسرەت رەسوڵ و محەمەدی حاجی مەحموددا هەتا نەوشیروان مستەفا. یاسای میراتگریی یەکلاکەرەوەیە. هیچ پرەنسیپ و بەهایەکی دی دەور نابینێت. گرنگ نییە کە کێ داناو بە توانایە. بەڵکو گرنگە کە کێ کوڕی کێیە؟ ئەم دیاردەیەش دابڕاو نییە لە کۆمەڵگا کە بە تەنها توێژی دەستەڵاتدار بگرێتەوە. بەڵکو رەگی کولتوریی لە ناو کۆمەڵگاکەدا هەیە. بە رستەیەکی دی، کۆمەڵگای ئێستای کوردەواریی ئەوە بەرهەمەکەیەتی، لەوە زیاتری تیادا نابێت. ئەی ئایا دەستەڵاتە لاوەکییەکان لە کوێوە دێن؟


پەنجەی شەشەم


دەستەڵاتە لاوەکییەکان لە جەستەی دەستەڵاتی سەرەکییەوە دروست دەبن. مێژوویەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی خۆیان نییە. وەکو پەنجەی شەشەم وان، بۆ دەستەڵاتی سەرەکیی زیادەو تەوقن. بۆ نمونە لاهور ماڵی مام جەلال هێزو پێگەیان دایە. هێزی دژە تیڕۆڕ دوای بافڵ درا بە لاهوری ئامۆزای. ئەو هێزو پلەو پایانە کە لاهورو براکانی گرتیانە دەست، ئاسایی بوو لە سنوری خۆیان پێیان دەر بچن. ئامۆزاکان لە سیاسەت و دەستەڵات بێ ئاگان. وا هەنگاویان دەنا کە هێز هی خۆیانە نەک پێیان دراوە. بەم هەوای هێزەش بوغرا بون و وایان زانی پەڕیان دەر کردووە پێی بفڕن. بەڵام پەنجەی شەشەم وەکو پیازی ناو سەبەتە نەخوازراو سەوز دەبێت. دەستەڵاتی میراتگر هەمیشە پەنجەی شەشەم سەریەشەی بۆ دروست دەکات. لە لایەکەوە پێویستی پێیان دەبێت بەکاریان بهێنێت. لە لایەکی ترەوە دەبن بە زیادە دەبێت دەستیان پیادا بهێنێت.


دو بەران لە مەنجەڵێکدا ناکوڵێن


هیچ پێویستییەکی سیاسیی بافڵ و لاهوری نەخستبووە مەنجەڵێکەوە ببن بە هاوسەرۆک. بافڵ و لاهور دو بەران بوون دیار یان نادیدە بەرانبەر بە یەکتر دەیانمرقاند. خەریکی رێگادۆزینەوە بوون بۆ دەرپەڕاندنی یەکتریی. پەرداخەکە هێشتا پڕ نەبوبوو هەتا لێی بڕژێت. ئەگینا وەکو کورد دەڵیت دو بەران تەنانەت لە یەک مەنجەڵیشدا ناکوڵێن. مێژوویەکی درێژمان لەبەر چاوە کە بەرانە کوردییەکان لە دۆزەخەکەی سەددام حسەینیشدا یەکیان نە دەگرت، هیچیان تیادا نەبوو لەسەری رێک بن. هەموو شتێکیان بۆ شەڕەشۆق بوو. بەران بەرانەو هیچی تر.


راستییەکە چییەو چۆن دەبینرێت؟


راستییەکە ئەوەیە کە یەکەم، دەستەڵات میراتگرییە. دووەم، مەڕمیللەت بەرانی خەنیم دروست دەکات بۆ ئەوەی بەرانبەر بە دەستەڵاتی میراتگر پێی بوەستێتەوە. بەڵام ئەم راستییانە لە پشت چاویلکەیەکی هزرییەوە دەبینرێن. جۆرەها قسەی سەوزو سوری لە بابەتی ناکۆکیی چینایەتیی، چەپ و راست، دیموکراتیی و دیکتاتۆرییان بۆ دەهۆنرێنەوە. مام جەلال بە ناوی حیزب و چەپەوە کاتی خۆی هێزی خەنیم بوو بەرانبەر بە مەلا مستەفا کە هێزێکی مێژوویی و پێشینە بوو. یەکێک لە تانەو تەشەرەکان کە لە بنەماڵەی مەلا مستەفا دەدرا ئەوە بوو کە دەستەڵاتەکەیان میراتگرییە. سالار عەزیزو مەلا بەختیار بە ناوی مارکسیزمەوە بەرانی خەنیم بوون بۆ گیانی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا. بەرهەم ساڵح بە ناوی هاوپەیمانییەوە مرقەیەکی کردو بەڵام زو تێی تەقاند.
تاقیکردنەوەکان دەریان خستووە کە کەم جار بەرانی خەنیم دەیباتەوە. بۆ و چۆن، وەڵامی ئەو پرسیارانە با لە هەگبەدا بن. لێ لە کۆتاییدا دەتوانرێت بوترێت:
کاتێک کەڵەشێرێک شەڕ دەدۆڕێنێت، خۆی لوس دەکات و مەیدان جێ دێڵێت. بەڵام کاتێک بەرانی خەنیم دەیدۆڕێنێت لەوە ئاڵۆزترو رازاوەتر بەزینی خۆی را دەگەێنێت.


ناسر حەفید
٢٠/٠٧/٢٠٢١

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©