ئێران-- هەڵبژاردن..
بۆچی ئیبراهیم ڕەئیسی؟

ئێران، یەکێکە لەو وڵاتانە کە خاوەن مێژویەکی قوڵ و جوگرافیایەکی ستراتیژە و ڕۆڵ و کاریگەری لەناوچەکە و دونیاشدا هەبووە. لەدوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەساڵی ١٩٧٩ و دامەزراندنی حکومەتێکی کۆماری لەسەر بنەمای ئاینی ئیسلام و مەزهەبی شیعە و تیۆریای ویلایەتی فقیە، ئەویش بە ڕاگەیاندنی بێلایەنی خۆی لەنێوان بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و بە دروشمی (نە شەرقی، نە غەربی، جمهوری ئیسلامی) سیتمێکی نوێی دەوڵەتداری تایبەت بەخۆی داناوە و لەوکاتەوە سەرقاڵی جێبەجێکردنی پلانەکانی خۆیەتی. (پلانی ئێران و چۆنیەتی جێبەجێکردنی، بابەتێکی دیکەیە و پێویستی بەخوێندنەوەی ورد هەیە). هەروەها پرسی هەڵبژاردن، بوەتە بەشێک لە سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران و شێوازی سیاسەت و کاریگەری و ڕۆڵی سیاسی ئەو وڵاتە، بووەتە جێگا سەرنجی وڵاتان و ناتوانرێت نادیدە بگیردرێت. تەنانەت خوێندنەوە بۆ سیاسەتی ئێران و مامەڵەی وڵاتان لەگەڵیدا، کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی هەندێک لەوڵاتانیش دادەنێت. تەوەتا وڵاتێکی زلهێزی وەک ئەمریکاش لەم کاریگەریە بەدور نییە.

کاندیدەکانی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا، پرسی ئێران بە یەکێک لە بابەتە گرنگەکان دادەنێن و هەوڵدەدەن لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا تیشکی تایبەتی بخەنە سەر و هەڵۆێستی خۆیان لە مەمەڵەیان لەگەڵ ئێراندا، ڕون بکەنەوە. لەبەر ئەوە، ئەگەر پرسی هەڵبژادرنەکانی ئێران، بۆ دەرەوەی ئێران گرنگ بێت، ئەوا بۆ ناوخۆی ئێران گرنگیەکەی زیاتر دەبێت و هەموجارێک بابەتی کاندیدی نوێ دەکەوێتە بەرباس و قسەی زۆری لەبارەوە دەکرێت. بۆیە ئەمجارە لە هەڵبژاردنی خولی سیانزەی دەسەڵاتی جێبەجێکردندا، کەسایەتیەکی وەک ئیبراهیم ڕەئیسی دەکەوێتە بەردیدەی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران. پرسیار ئەوەیە کە بۆچی گرنگ بوو ئیبراهیم ڕەئیسی بەجیاوازیەکی زۆر پێش ڕکابەرەکانی بکەویت و ببێتە کەسی یەکەمی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە ئێراندا؟ ئەمەش بە چەند سەرنجێک لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئێران و ئیبراهیم ڕەئیسی دەینە بەردیدەی خوێنەران.


١- هەروەک پێشبینی دەکرا، ابراهیم ڕەئیسی بەجیاوازییەکی زۆرەوە پێش ڕکابەرەکانی دەکەوێت و دەبێتە سەرۆکی خولی سیانزەیەمی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەئێران...
٢- سەرباری هەمو ڕەخنەکان، بەڵام دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەو وڵاتە لەڕێگەی هەڵبژاردن و پیرۆزبایی لێکردن و سەردانکردنی کەسی تازە هەڵبژێردراو لەلایەن سەرۆک کۆماری پێشوو، داگیر نەکردنی پۆستەکان لەلایەن کەسایەتییەک یان بنەماڵەیەکەوە، هەروەها ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆی و بێ دواکەوتن، تەنانەت لەکاتی جەنگی ئێران و عێراقیشدا، هەڵبژاردن نەوەستا، جێگای سەرنج و تێڕامانە و ئەوانە بەشێکن لەلایەنە باشەکانی.
٣- لەئێستەدا، ئوسوڵگەراکان پێگە هەستیار و دیارەکانی ئێرانیان لەدەستدایە و دوای وەرگرتنی سەرۆکایەتی دەسەڵاتی یاسادانان لەلایەن قاڵیباف، ئەوە سەرۆکایەتی دەسەڵاتی جێبەکردنیش دەکەوێتە دەست ڕەئیسی، کە هەردوکیان سەر بە ڕەوتی ئوسوڵگەراکانن و پێشتر ڕەخنەی زۆریان لە کارەکانی ڕیفۆرمخوازان و میانڕەوەکان هەبووە، بۆیە لەئێستەدا ئوسوڵگەراکان تەواو دەستکراوەن لە ئاڕاستە کردنی سیاسەتی ئێراندا. (ئەوەش خوێندنەوەی تایبەتی خۆی هەیە).
٤- هەرچەندە ابراهیم ڕەئیسی، لە خولی پێشو بەرامبەر حسن ڕوحانی شکستی هێنا، بەڵام سەرکەوتنی بۆ ئەم خولە بە ئەم ڕێژە زۆرەی جیاوازی دەنگدان بەرامبەر ڕکابەرەکانی، بۆ ڕەئیسی پێویست بوو، چونکە:
ا- تەنها کاندید بوو کە کەسایەتییەکی ئاینی هەبێت و سەید زادە بێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە نیشان بدرێت کە هێشتا پیاوانی ئاینی جێگە ئومێدی خەڵکن.
ب- کەسایەتییەکە، کە چاوی زۆری لەسەرە بۆ جێگرتنەوەی خامنەیی و وا چاوەڕواندەکرێت کە لەداهاتودا ببێتە ڕێبەری باڵای ئێران، ئەمەش دەبێت وانیشان بدرێت کە پشتیوانییەکی زۆری خەڵکی هەیە و کەسایەتییەکی خۆشەویستە.
ج- بەهۆی ئەوەی کە پێشینەی دەرسی حەوزەوی هەیە و خوێندکاری کەسایەتیە ئاینیە دیارەکانی ئێران بووە وەک ئاتوڵایان (موتەهەری، موحەقیق میرداماد) و خوێندکاری ناوەندە ئاینیەکەی ئایەتوڵا پەسەندیدەی برای خومەینی بووە، مامۆستای حەوزەی قوم، بەرپرسی مەزارگەی ئیمام ڕەزا لە مەشهەد و لەئێستەشدا کەسایەتییەکی نزیک لە ڕێبەری باڵایە، بەشێوەیەکی گشتی لە ناو پیاوانی ئێراندا پەسەند کراوە. ئەمەش پێویستە کە وانیشان بدرێت پشتیوانییەکی باشی پیاوانی ئاینی هەیە و کاریگەری لەسەر زۆری دەنگەکانی هەبووە.
د- لەڕوی کاری ئیداری و دەوڵەتداریشەوە، پێشینەیەکی باشی هەیە و هەر لەسەرەتەکانی تەمەنیەوە تێکەڵی کاری سیاسی و ئیداری بووە و چەندین پۆستی باڵای وەرگرتووە. بۆیە بۆ کۆنترۆڵکردنی پیاوانی سەربازی، ئەو دەنگە زۆرە گرنگە، بۆ ئەوەی بە ئاسانی بتوانێت پیاوانی سەربازی کۆنتڕۆڵ بکات، هەروەها ئەمەش بۆ کەسایەتی ڕێبەری باڵا گرنگە، چونکە بەپێی دەستوری ئێران، ڕێبەری باڵا، سەرۆکی هێزە چەکدارەکانە.
تێبینی:
زەرورە قسەکردن لەسەر سیستمی سیاسی ئێران، بەشارەزاییەوە بێت و وەک خۆی لێی بڕوانرێت و هەڵسەنگێرێت، نەک بەپێی میزاج، حقد و عاتیفە یان بەراورد کردنی بەسیتمێکی دیکە.
بۆیە ئەگەر کەسێک شارەزایی لە سیستمی سیاسی شیعە و تیۆریای ولایەتی فقیە نەبێت، پێم وابێت خوێندنەوەکانی گشتی و تاڕادەیەک بازاڕی و قسەی عاممە دەبێت و زۆر بە هەڵەدا دەڕوات لە باسکردنی سیستمی سیاسی ئێران.

وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
ئەرکان ئەحمەد جاف
سەرنج و پرسیاری جدیی....؟؟؟

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©