خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان لە دۆخێكی ئابووری و سیاسی خراپدا دەژین، هەرچەندە دۆخی هەرێمیش وەكو پێویست لەبار نیە، بەڵام هەرگیز لەگەڵ رۆژهەڵات بەراورد ناكرێت، بۆیە پێویستە دەستڕۆیشتوو و سەرمایەدارەكانی هەرێم باروبووی كوردانی رۆژهەڵات بكەن و یارمەتیان بدەن، بە تایبەتیش ئەوانەی هاتوونەتە هەرێم و لێرە كار دەكەن، ئەگەر هەر نەبێت كاریان بۆ بدۆزنەوە و لە كۆمپانیا و كارگەكانی خۆیان دایانمەزرێنن.


ناكرێت هەموو دەستەوەستان دانیشین و گەنجانی رۆژهەلات ئاگر لە جەستەی خۆیان بەر بدەن، ئەمە سپڵەیی و نمەك حەرامیە، هەموومان لە یادمانە، كە دوای كۆڕەوەكە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان بە چ گیانێكی نەتەوەییەوە بە پیر باشوور هاتن و لە تاركتترین چركە ساتەكاندا نەیانهێشت بكەون، بەلایەنی كەم پێویستە ئەو چاكەیەیان بدرێتەوە، هەرچەندە ئەمە ناكەوێتە دوو توێی چاكە و پیاوەتی، بەڵكو ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەیی و مرۆڤایەتیە.


داوا لەرێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەكەم هەموو بەیەكەوە دەستەیەكی دەستپاك كۆبكەنەوەو ئەو ئەركە بەجێبەجێبگەیەنن، ئێمەش لای خۆمان لە هەموو رووێكەوە پاڵپشتیان دەكەن، كاتی ئەوە نیە فرمێسك بڕێژین و شین و شەپۆڕ بۆ گەنجەكانیان بكەین، بەڵكو كاتی ئەوەیە بەكردەیی قۆڵی لێهەڵماڵین و لە چركەساتێكی پڕ نائومێدیدا ئومێد بەبەر خەڵكی رۆژهەڵات بكەینەوە و هەڵوێستێكی مێژوویی تۆمار بكەین، كە ئەمەش سەرباری پڕكردنەوەی بەشێكی كەمی پێویستیەكان، گیانی یەكگرتن و یەكڕێزی نێوان كوردان بەهێزتر دەكات و سەرەتایەك دەبێت بۆ هەنگاوی راست و تەندروست.


با ئێمە وەكو كۆمەڵگەی باشوور بەو كارە هەڵسین و چیتر چاومان لە بازرگانە سیاسیەكانی كوردستان نەبێت، دڵنیام خەڵكی كوردستان لە باشوور بە دەم ئەو دەستپێخەریەوە دێت و سەرمایەدارو خوا پێداوی وامان هەیە لە ئاستی بەر پرسیاریەتی خۆیاندا بن.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©