درۆ کردن دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیە، مرۆڤەکان درۆ دەکەن ، بەڵام جیاوازی هەیە لەنێوان مرۆڤێک درۆیەک دەکات لەگەڵ کەسێک کە بەردەوام درۆ دەکات و ئیدی بەدرۆزن یا فشەکەر ناودەردەکات، دەمەوێت بڵێم درۆ جیاوازە لە درۆزن، درۆ لەوانەیە حاڵەت بێت، بەڵام درۆزنی خەسڵەتە و وازهێنانی مەحاڵە،
لەئاستی کۆمەڵایەتیدا هەر هێندەی مرۆڤێک درۆی کردو ناوبانگی بەدرۆزن دەرکرد ئیدی وەک سێبەری هەتا مردن و تەنانەت پاش مردنیش درۆکانی یا فشەکانی دەبنە ویردی زمانی خەڵکی، هەرهێندەش کە بەدرۆزن ناوبانگی ڕۆشت ئیدی ئەگەر قسەی ڕاستیش بکات لەبەر ئەوەی باکراوند و پاشەڵی پیسە کەس بڕاوی پێ ناکات، سەرەتاو دەستپێکی تێکەوتنی درۆزنەکان بەدرۆیەک دەست پێدەکات و ئیدی درۆ درۆ ڕادەکێشێت و ئاشکرابونی درۆیەک و دووان بەسە بۆ متمانە لە دەستدان، ڕاستکردنەوەی پارسەنگی درۆزنیش زۆر زۆر قورس دەبێت پاشانیش بۆ خێزانەکەیشی دەبێتە سەرئێشەو شەرمەزاری.

حکومەتی هەرێم و کاربەدەستان هێندە درۆیان لەگەڵ جەماوەری کوردستان کردوە ، هێندە لێدوان و دەرکەوتنی سەرشاشەکان فشەکردن و درۆزنی بووە هەنوکە ئەگەر بڕیار ی دروست دەربکەن و قسەی ڕاستیش بکەن خەڵک متمانەیان پێناکات چونکە ناوبانگیان بەدرۆزن دونیای تەنیوە، جەهلی مەسئولی کورد لەوەدایە واتێگەیشتوە کە سیاسەت واتە درۆکردن و فریودان، گریمان تاڕادەیەک مانۆڕو ڕاستی شاردنەوەو تەکتیک و ڕەوشی سیاسی درۆ بخوازێت، بەڵام لە ئیدارەدان و کارگێری و حکومەتداریدا درۆ کردن و درۆزنی تەونی کۆمەڵایەتی هەڵدەتەکێنێت، متمانەی میللەت لەدەست دەدات، تیرۆری ڕۆحی ئینتمای تاکەکانی کۆمەڵگە بۆ کوردستان دەکات،ئێمەی هاوڵاتیانی کوردستان هێندەمان گوێ لەدرۆی مەسئولی کورد بوە هێندە گوێمان لەشەیتان نەبوە، ئاوی ڕویان و حەیایان تکاوە >

زۆر بێشەرمانە ئەمڕۆ لەسەر شاشەی تیڤیەکان درۆیەک دەکەن و زۆری پێناچێت هەمان بەپرس دێتەوە کۆمەڵێک قسەو درۆی تر دەکات پێچەوانەی قسەکانی پێشووی، بێحەیاییەکەیان لەوەدایە خۆیان و خەڵکیش دەزانن درۆ دەکەن و درۆزنن کەچی بەردەوام پێدەکەنن، کەرامەت و حەیایان کردوەتە قوربانی بەرژەوەندیەکانیان،دێتە سەرشاشەکان و باسی ناعەدالەتی و دزی و دژایەتی گەندەڵی دەکات، بەڵام لەڕاستیدا خۆی باوکی گەندەڵیە و تا بینەقاقای لە فەسادا چەقیوە، ئەم حاڵەتە دابەزیوەتە نێو کۆمەڵگەیش ، کاتێک تاکەکانی کۆمەڵگەیش مەسئولێکی درۆزن دەبینن لەتاو سێلفی گرتن بەرناکەون و ستایشیان دەکەن و پیاهەڵدان دەیانکاتە فریاد ڕەس و نیفاقی تاکەکانە مەسئولەکان ملهوڕ دەکەن و دەرئەنجام هەرەسی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری وەدوادا دێت.

سەرنج بدەن ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڵایەکی کوشندەیە، بەڵام هەر لە جوڵەی ساختەو درۆزنانەی پەنجەی کاربەدەستەکە بە کیبۆردی لاپتۆپەکەی هەتا درۆکانی مردوەکانی دەستی کۆرۆنا دواتریش درۆکانی موچە و زۆرشتی تریش زەڕڕەیەک متمانەی نەهێشتوەو بڕوایان پێناکرێت ئەگەر ڕاستیش بکەن بۆیە پابەند نابن بە بڕیارەکانیشیان، سەروەری مرۆڤایەتی فێرمان دەکات و دەفەرموێت ( وإيَّاكم والكذِبَ. فإنَّ الكذِبَ يهدي إلى الفجورِ. وإنَّ الفجورَ يهدي إلى النَّارِ. وما يزالُ الرَّجلُ يكذِبُ ويتحرَّى الكذِبَ حتَّى يُكتبَ عند اللهِ كذَّابًا. )

وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
یاسین ڕەسول عوسمان
سەما کردن لەگەڵ گورگ
یاسین ڕەسول عوسمان
کۆمەڵگەی شڵەژاو
یاسین ڕەسول عوسمان
لەنێوان فۆرم و شوناس گۆڕین
یاسین ڕەسول عوسمان
هەولێر تەنها نیە!
یاسین ڕەسول عوسمان
دیارە بەغدا خۆشە !
یاسین ڕەسول عوسمان
کورد بوون و کوردایەتی
یاسین ڕەسول عوسمان
درۆ،دەروازەی بێ متمانەیی...
یاسین ڕەسول عوسمان
ڕیسکی زەنگی گەشتەکەی کازمی
یاسین ڕەسول عوسمان
خەمێک بۆ پەروەردە

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©