کاری رۆژنامەنووس یەکسانە بە بەئاگایی بوونی خەڵکەوە، کاتێک کۆمەڵگە بێ ئاگایە لەرووداوەکان ،کێشەکان ، ئازارەکان، ئەوە ئیتر ئەرکی رۆژنامەنوسی راستەقینە، ھەڵتەکاندنی ناخی ئەو کۆمەڵگەیە، بەھەواڵەکانی و ئەرکیەتی ھیچ سۆزێک لەبەرچاو نەگرێت.

من وەک مرۆڤێک بەدەر لەپیشەکەم ، بروام وایە کۆمەڵگەی کوردی ، پێویستە ناخی بسوتێنرێت بەھەواڵی جەرگبڕ، تا لەو بێ باکی و دووروییە نەجاتی بێت، ئەگەر ببێت..!!!.


رۆژانە بەدەیان ھاونیشتیمانی خۆیان دەخنکێنن، دەسوتێنن، دەفەوتێنن، بەھەزاران گەنج لەرێگەی ئەم یان ئەو فتواچی لەخشتەدەبرێن، رۆژانە ھەزاران تاوان لەبەرچاوی ھەموان دەکرێت !!کەچی کۆمەڵگەیەکی دووروو بێ دەنگە، کاتێک حەقیقەتی نیشان ئەدەیت، ھێشتا ئامادەنییە بیبینێت.


بەبەرچاوی ھەموو کوردستانەوە چەندین رۆژنامەنووس بەتۆمەتی بێ بنەما زیندانی کراوە، لەماڵ و منداڵیان دابراوە، کەچی ئەم کۆمەڵگەیە ھێشتا نەبای دیوە نەبۆران، بەھەزاران تاوان دژ بە ئەرزو ئاسمانی ئەم کوردستانەوە دەکرێت، کەچی تۆی گەنج و تۆی بەتەمەن و تۆی مەلا و تۆی مامۆستای زانکۆو و تۆی روولەخوا ، ھێشتا ناتوانی کەلیمەی حەق بەبەرزی بڵێیت و دەشتەوێت، ھێشتا چاوت ھیچ ئازارێک نەبینێت...!!


کاتێک ھاوڵاتی بوون وەزیفەی ھەڵوێستی گشتی لەدەست ئەدات ، ئیتر کاری سوتانی ئەوخەفڵەتە دەبێتە ئەرک، کۆمەڵگەی کوردی ئیتر ھەقە ناخی بسوتێنرێت تائاستی وێران بوون ، رۆژان لەوھەموو زوڵمە بێدەنگە. ئیستاش وەزیفەی ھەڵوێستی دەشارێتەوە، خیرەتی نیە و دەترسێت چاوی روداوەکان ببینێت.


رۆژنامەنووس بۆی نیە مەچەکی کەس بگرێت، بۆی نیە ھانی کەس بدات بەباش یا بەخراپ، جگە لەوەی چی رووئەدات. بۆشی نیە چاو لەرووداوەکان داخات، وەک مرۆڤێک دەکرێت زیاتر بگری، دەکرێت زیاتر ئازار بچێژێت بەوەی کەدەی بینێت و ھاوڵاتی ئاسایی نایبینێت و نای بیستێت، وەلێ نابێت روداوەکان بشارێتەوە.


ئەم کۆمەڵگەی کوردییە، وای لێھاتوە ھیچ جۆرە چارەیەکی پێی نیە ، بەھێندەی ئەرزوو ئاسمانی خۆی کشەی ھەیە، بەڵام نایەوێت سەیری کات، کاتێک بەزۆر نیشانی ئەدەیت، ھێشتا چاو دادەخات، بەرێزانم ..ئەزیزانی ووڵات، ئەم جۆرە رووداوانە دەبێت کۆمەڵگە بسوتنێت، راچڵەکێنێت و رای وەستێنێت. نەک لەبەر ئەوەی ترساوە کەبینیویەتی ئیتر بگری و ژیرنەبێتەوە.

وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©