وەکو دیارە پەروەردە یەکێکە لە پایەکانی دیموکراسی، بەڵام لێرە یەکێکە لە هەرە پشتگوێ خراوترین سێکتەرەکان. سێکتەرێک کە فەرمانبەرانی پەیڕەوی تەکنیکە کۆنەکانی وانە وتنەوو ئیدارەدان دەکەن. زۆر ئازاربەخشە کاتێک مامۆستایەکی دڵسۆز لە قوتابخانەیەکی حکومی دەستی بە هیچ ئامرازێکی پەروەردەیی نەگات بۆ پێشکەشکردنی وانەکەی بە شێوازێکی سەردەمیانە، لە لایەکی دیکەش مامۆستاکانی قوتابخانە نا حکومی و نێودەوڵەتییەکان هەموو ئامرازی پەروەردەییان بۆ فراهەم کرابێت! من پێم وایە کە کارگێڕی قوتابخانە حکومییەکان بەرپرسیارن لە دابین کردنی ئامرازی پێویست بۆمامۆستایان بە مەبەستی بەرزکردنەوەی کوالیتی خوێندن لە قوتابخانەکان.ئەم خاڵەش ڕێگە خۆشکەرە بۆ پەنابردنی قوتابی بۆناوەندە پەروەردەییە ناحکومییەکان. 


لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، ژمارەیەکی ئێجگار زۆرفەرمانبەر وەکو مامۆستا دامەزرێندران. هەزاران دەرچوو کە هەڵگری بڕوانامەی وانەوتنەوە نین و تەنانەت نە دەرچووی کۆلێژی پەروەردە وە نە پەیمانگای مامۆستایان بوون هاتنە دامەزراندن لە ناوەندەکانی خوێندن. ئەمە کارەساتێک بوو چونکە زۆربەی دامەزراوەکان هیچ خولێکی ڕیگەکانی وانە وتنەوە یا خود پاراستنی منداڵیان نەبینیبوو. ئەو بڕیارانەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، ئێستاشی لەگەل دابێت کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەرکۆی سیستەمی پەروەردەیی وڵات بە جێهێشتوە. 


سەڕەرای دامەزراندنی هەزاران فەرمانبەر وەکو مامۆستا و فەرمانبەرانی کارگێڕی قوتابخانە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە لە شارەکان هیچ پلانیان نەبوە بۆ بەڕیوەپێشبردنی ڕەوشی پەروەردە بۆ قۆناخێکی نوێ. کێ بڕوا دەکات کە مامۆستایان چێژ لە چوار مانگ هاوین دەبینن بە بێ ئەوەی بەشدار بن لە هیچ خولێکی بەرەوپێشبردنی پڕۆفشنالانە یاخود کۆرسێکی ڕیگاکانی وانەوتنەوە. بەڕێوەبەرایەتییە پەروەردەییەکانی هەر شارێک دەبێت پلانی کورت مەودا و درێژ مەودایان هەبێت سەبارەت بە کردنەوەی خولی جیاواز بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی کارگێڕی قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان. دەکرێت خولی تایبەت و جیاجیا بکرێنەوە بۆ ستافی کارگێڕی قوتابخانەکان بۆ ئاشنابونیان بە نوێترین شێوازەکانی بەڕێوەبردنی قوتابخانەکان لە سەرتاسەری جیهان.


سەرەڕای هەلسەنگاندن وەکو ولاتێکی جیهانی سێهەم، بەڵام ڕەوشی پەروەردەی زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی سێهەم لە هی عێراق باشترە لە رووی پەیڕەو و پرۆگرامی خوێندن و بینایەی قوتابخانەکانیان. بێ شک ئەم کەم و کووتییانە کاتێک ڕوودەدەن کە کاربەدەستانی سیستەمی پەروەردەیی وڵات هیچ ئامانج و دیدێکی ڕوونیان سەبارەت بە چەمکی پەروەردە نەبێت.


وەکو دەبینرێت خالی ئێجگار زۆر هەن لە سیستەمی پەروەردەی عێراق تا وەکو بەرێوەبەرایەتییە پەروەردەییەکان و وەزارەتی پەروەردەی عێراق گرنگی پێبدەن، بەڵام مەخابن کاربەدەستان بەردەوامن لە دوبارەکردنەوەی بڕیارە هەڵەکانی ڕابردووهەرلە دامەزراندنی دەرچووانی بەشەکانی دیکە وەکو مامۆستا، یا خود بەرپا نەکردنی کۆرسی جۆراوجۆر بۆ مامۆستایان، یان نۆژەن نەکردنەوەی بینای قوتابخانەکان، وە لە کۆتاییدا فەراهەم نەکردنی ئامرازەکانی وانە وتنەوە بۆ کارئاسانی کردنی بەڕێوە پێشچوونی وانەکان.


لە کاتی هاتنی پاندێمكێش، بە پێچەوانەی وڵاتانی دیکە، وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕیاری خوێندنی ئەلیکترۆنی دەرکرد کە قوتابیان دەیانتوانی وانەکان بە ڕیکۆرد کراوی تەماشا بکەن نەوەک بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە لایەن مامۆستای تایبەتی خۆیانەوە، ئەمەش بە هۆی نەبوونی زانیاری تەواو لە سەر بە کار‌هێنانی بژمێرلە لایەن ستافی قوتابخانەکان وە هەروەها نەبوونی ئامرازی تەواو و گونجاو لە قوتابخانەکان تا وەکو مامۆستایان بتوانن بە شیوازی ڕاستەوخۆ وانەکان بڵینەوە. 


ئایا چی دەبوو ئەگەر وەزارەتی پەروەردەی عێراق گرنگی زیاتری بدابا بە خولەکانی ئامادەکردن وبە کارهێنانی بژمێری بۆ مامۆستایان لە وەرزی هاوین. بە ڕوودانی ئەم خاڵە ئاماژە پێدراوانە، پەروەردەکارەکانمان ئامادە دە بوون لە کاتی ڕوودانی هەر پەندەمیکێکی تر.


  


وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©