چاکسازی بە مانا سادەییەکەی گۆڕینی دۆخە سلبییەکانە بەرەو ئیجابی بە شێوازی ھێمن و لەسەرەخۆیی بێ توندوتیژی و شۆڕش، جا ئەو چاکسازییە ڕو لە تاک بێت یان کۆمەڵگە یان دەزگا، چاکسازی راستەقینە پێویستە لە گشت بوارەکانی گەندەڵیدا بکرێت بە تایبەت لە بوارە گرنگەکانی وەک نەوت و غاز و موچەخۆرانی بندیوار و داهاتی گومرک و باج و رسومات و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە گشت بوارەکاندا، ئەمەیە خودی چاکسازی بە مانا حەقیقیەکەی.



چاکسازیەکەی حکومەت لە (‌‌ٲ) ەوە تا (ی) بۆ موچەخۆران و بۆ تەواوی پێکهاتەکانی خەڵکی چاڵسازین، بەوێنە چاکسازی دەبێت لە خۆیانەوە دەست پێ بکەن، زۆربەی سەرانی دو حزبی و دەسەڵاتدار نزیکەی سێ دەیەیە خەریکی بەهەدەر دانی سەروەت و سامانی گشتین، خەریکی پاوان کردنی موڵکەکانی خەڵکین بۆ خۆیان، حزبەکانیان بارگرانین بەسەر خەڵکەوە، پارەی هەرچی نەدار و هەژار هەیە لە بانکەکانی ئەوانە.


چاکسازی بەوە دەکرێت هەر چی کەناڵی میدیا و ڕاگەیاندنی شەخسی خۆیان هەیە دابخرێن و داهاتەکەیان لە پێناو باشتر کردنی کەرتی تەندروستی و هاتوچۆ و ئاوەدان کردنەوەی گوندەکان و بەگەڕخستنی پڕۆژەی چاکسازی کشتوکاڵ و دروست کردنی بینای نوێی قوتابخانە و قیرتاو کردنی کۆڵان و شەقامەکان و کایەکانی تری کۆمەڵگادا سەرف بکەن.


بەڵێ چاکسازی بەوە دەوترێت مەلەفی نەوت و سوتەمەنی شەفاف بکرێت، بەرپرسان خاوەنی نەبن، تەحەروک بە فرۆشتن و داهاتەکەیەوە نەکەن، دەبێت هەر تاکێکی کۆمەڵگا بێ جیاوازی خاوەنی داهاتی ئەو سەرمایەیە بێت، من و تۆ لەم وڵاتە بێگانە نەبین و ئەوانیش خانەخۆێ، داهاتی مەرزەکان وەصڵ بە وەصڵ و بەوردی تەواوی حساباتی لە صندوقی دەوڵەتدا دابنرێت و لە پێوێستیەکانی کۆمەڵگادا دابەش بکرێتەوە.


چاکسازی حکومەت چاڵێکی قوڵی تاریکی فەرمانبەران و موچەخۆرانە، چاکسازی چۆن لە سەر مەلەفی کارمەندێکی حەقیقی دەکرێت، چل ساڵ خزمەت دەکات بڕێکی کەمی پێ دەردێت، دەیەوێت هێندەی تر دەست بخاتە قوڕگیەوە، موچەی ئەو بندیور و سک زلانە ببڕن کە نە ڕۆژێک پێشمەرگە بوە، نە ڕۆژێک فەرمانبەر، نە ڕۆژێکیش ماندوە بوە، لەبیرتانە بۆ زیاد کردنی یەک دەنگ بە ماڵ و بە ئێل و تایەفەوە داتامەزراندن وبونە بارگرانی خەڵکی و لە کۆتایشدا دەبنە سەرە خۆرەی خۆتان.


بڕینی موچەی فەرمانبەر چاڵسازیە، چاکسازی واتە بڕینی موچەی ئەو ژنانەی کە بە پلە باڵا و نەخوازراوەکان خانەنشینن، دو موچە و سێ موچە هی کەسانی سەر پارتەکانی خۆتانن، دەی سەرۆک شمشێرەکەت هەڵکێشە و چاکسازی ڕاستەقینە بکە و چوار دەوری خۆت کە تەنراوە بە گەندەڵی پاک بکەوە، شمشێرەکەت ڕو مەکەرە موچەی فەرمانبەر گەر نا ئەمڕۆ یا سبەی خۆتان دەبڕێت.


ڕەزوان یاڵانپێی
خوێندکاری دکتۆرای مێژوو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©