بەپێی ڕاپۆرتێکی درەو میدیا، (٣٪ ی یەدەگی گازی جیهان) لە دەڤەری سەوز و نیلیدایە، کە نزیکەی ٥ ترلیۆن مەتر سێجایە.


ئەم دەڤەرە دەتوانێت ڕۆژانە (٣٠ ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی) لە ڕێی ئێرانەوە ڕەوانەی چین بکات کە سێهەم گەورەترین بەکارهێنەری گازە لە جیهاندا، لە دوای ئەمریکا و ڕوسیا. (ئێستا ڕێکەوتننامەی ستراتیژی دوورمەدودا لە نێوان چین و ئێران)دا هەیە.


لەو حاڵەتەدا، داهاتی مانگانەی گازی سروشتی ئەم دەڤەرە نزیکەی (٢ ملیار دۆلار) دەبێت.


نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری دەچێت بۆ موچەی فەرمانبەرانی دەڤەری سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین، و گەرمیان. هێشتا (١.٦ ملیار دۆلاری) دەمێنێتەوە.


١.٦ ملیار دۆلار مانگانە پارەیەکی ئێجگار زۆرە کە بەکاربهێنرێت بۆ دروستکردنی چەندین پرۆژەی زەبەلاح و ستراتیژی. دەتوانرێت چەندین بەنداوی پێدروستبکرێت بۆ گەشەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار.


بەو انتاج و داهاتەوە، بەشی (٢٠٠ ساڵ) دەکات. دەکرێت لە ماوەی ١٠ ساڵی یەکەمدا ئەو پارەیە بەکاربهێنرێت بۆ فرە سەرچاوەکردنی ئابوری ئەم دەڤەرە. واتە پاش ١٠ ساڵی تر کەمتر پشت بە گاز ببەستین و وەکو داهاتێکی زیادە سەیری بکەین.


لە بەرامبەریشدا زۆنی زەرد بەو نەوتەی هەیەتی بە ئاسانی دەتوانێت موچەی فەرمانبەرانی ناوچەکانی خۆی دابین بکات و گەشەی زیاتر بە ئابوری خۆی بدات. واتە هاوشێوەی دوبەی و ئەبوزەبی، کیبڕکێی ئابوری بنیادنەر دروست دەبێت لە نێوان ئەم دوو زۆنەدا.


بەڵام ئەمە بە کاراکتەری سیاسی بەهێز دەکرێت. دوای ڕێکەوتتنامەی دەباشان، (کاک نەوشیروان و هیرۆ خان) بەنیازی ئەم پرۆژەیە بون کە گازی ئەم دەڤەرە لە ڕێی ئێرانەوە بە وڵاتانی جیهان بفرۆشن و داهاتەکەی بۆ گەشەی ئابوری ئەم دەڤەرە بەکاربهێنن.


دەیانویست کێبڕکێی ڕوخێنەری سیاسی و سەربازی لەگەڵ زۆنی زەردا، بگۆڕن بە کێبڕکێی دروستکەری ئابوری. بەڵام بەداخەوە مەرگ ونەخۆشی ڕێگەی نەدان. دوای ئەوانیش کێبڕکێی تەسلیمبون بە پارتی دەستیپێکرد.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©