هەموو جارێ کە دەمەوێ شتێک بنووسم سەبارەت بە کارێکی چاک یان گرنگیی کەسێکی سیاسیی، ناچارم ئەمە بنووسم: کە هیچ بەرژەوەندییەکی ئابووریی و سیاسیم لەگەڵ ئەو شەخسەدا نییە. نەک هەر ئەوە بەڵکو مننەتم بە هیچ مەکانەتێکی ئەو نییە. بۆ قوبادیش ئەم شتە وایە.


بەڵام ئەو مانۆڕە دیپلۆماسییەی قوباد تاڵەبانی لە دوو مانگی رابردوودا کردی لە بەغدا، یەکێکە لەو ڕێگا ڕاست و دروستانەی دەبوو هەرێمی کوردستان لە 2017ـەوە بیکردایە، رێک دوای شکستی پاش ریفراندۆم و ئابڕووچوونی16ی ئۆکتۆبەر.


ماوتسی تۆنگ وتوویەتی: شۆڕشگێڕ دوژمنەکەی بە چاکی بناسێ، زۆر محاڵە شکست بێنێ. لە شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید بەدواوە، کورد لە عێراق شکست و کارەسات لەدوای شکست و کارەساتی بەسەردا دێت، بەشی هەرە گەورەی ئەم شکست و کارەساتانە پەیوەندی بەوەوە هەیە، کورد دوژمنەکانی خۆی لە بەغدا نەناسیوەو و ناناسێ!


هەمیشە بە پشتیوانی ئێران و تورکیا و ناوبەناویش سوریا، کوردی باشوور کاتێ هەنگاوێکی گرنگ چووبێتە پێشەوە، بێمننەتانە و لوتبەرزانە لەگەڵ بەغدا جوڵاوەتەوە. کەچی کۆتایی ئەم سەرکەوتنانە بە ئێسقان شکاندنی کورد تەواو بووە!


نزیکبوون لە بەغدا بەمانای نزیکبوونەوە نییە لە بەهەشت، بەڵام دوورکەوتنەوە لە بەغدا رێک ئێمەی فڕێداوەتە ناوەڕاستی دۆزەخەوە.


بەغدا وەکو پایتەخت، سەد ساڵی رێکە شوێنی بڕیاردانە لە قەتڵوعام و وێرانکردنی کوردستان، شوێنی نەخشەکێشانی سڕینەوەی ناسنامەی کوردبوونە، کەچی لە هەمانکاتا کەڤەری ناسنامەی ئێمەیە بەڕووی جیهاندا!!


وەک نەتەوەو وەک ئینسان، زۆر ناخۆشە ئەو پایتەختەی دەتکوژێ و ناسنامەت هەڵدەتەکێنێ، کەچی دنیا بەوەوە بتناسێ و مامەڵەت لەگەڵدا بکات.


لە سەردەمی عەبدولکەریم قاسمدا، بۆ ماوەی دوو ساڵێک کورد هەستی ئەوەی تیا ڕووا کە بەغدا پایتەختی ئەویشە، بۆیە قورسایی سیاسەت و ڕۆشنبیریی کوردی لە سلێمانی و کەرکوک و هەولێرەوە گوازرایەوە بۆ بەغدا. ئەو ڕووکردنە بەغدا زۆر بەخێرایی پەرەیدا بە هۆشیاریی سیاسی و ڕۆژنامەوانیی و تاڕادەیەکی زۆریش گەشەی پەیوەندی کۆمەڵایەتیی کورد. کەچی دواتر هەر لەو بەغدایەوە بەڵا و کارەسات هەناردەی کوردستان کرایەوە، کەوابوو ئەم پایتەختە لە یەک کاتدا مان و مردنی تۆ لە خۆ دەگرێ!


ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە دوای 2008ـەوە، تاڕادەیەکی زۆر بێمننەتانە و لووتبەرزانە پشتیکردووەتە بەغدا. عاقیبەتی ئەم بێمننەتی و لووتبەرزییە بە لووتشکان و پەراوێزخستن شکایەوە بەسەرماندا.


ئێستا کە قوباد تاڵەبانی و تیمەکەی بێ ڕاوەستان دەچنە بەغدا و دەگەڕێنەوە، دەکرێ بڵێین پەیڕەوکردنی "ڕاستکردنەوەی هەڵەکان"ــە.
بەڵێ ئەو هەموو دوورکەوتنەوەیە لە بەغدا، هەڵەی کوشندەبوون کە کاڵفامانە و زۆرجاریش هەرزەسیاسییانە، بەغدایان وەکو پایتەختی رابردوو وێنا دەکرد و بە گاڵتەوە دەیانووت: بەغدا موفلیسە!


قوباد تا چەند سەرکەوتووە یان بە دەستی بەتاڵ دێتە دەرەوە لەهەوڵەکانیدا، ئەمەیان شتێکی ترە. بەڵام بەردەوامبوون لەسەر ئەم شێوازە رێگا ڕاستەکەیە.
لەسەرئاستی حزبەکەی خۆی و یار و نەیارەکانیشی، گاڵتەی زۆر بە قوباد تاڵەبانی کراوەو دەکرێ کە بێهوودە بەغدای کردووە بەڕێی کانیی، بەڵام ساردنەبوونەوەی قوباد و بەردەوامبوونەکەی دەریدەخات، ئەم سیاسییە گەنجە زۆر لە سیاسییە پیرە بێمننەتەکان دووربینتر وپشوودرێژترە.


بەغدای ئێستا بووە بەژێر زبڵ و خاشاکی ماڵان و خەشوخاڵی سیاسی مێشکپووچی مەزهەبییەوە، بەڵام هێشتا جیهان مامەڵە لەگەڵ ئەم شارە نقومبووەی ناو زبڵی سیاسەت و ماڵان دەکات، بۆیە کوردیش ئەگەر دەیەوێ تاڵاوی ئاشبەتاڵێکی تر و هەڵەبجەو ئەنفالێکی تر نەچێژێتەوە، دەبێ هەمیشە لینکێکی ماوسەکەی بە کۆمپیوتەرە شڕەکەی بەغداوەبێ.
کاوە شێخ عەبدوڵڵا

وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©