ره‌نگه‌ ده‌یان جاری دیكه‌و هه‌ر جاره‌ی به‌ جۆرێك ئه‌وه‌مان وتبێت كه‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی هێشتان له‌ گه‌وره‌یی و مانای ئه‌نفال تێنه‌گه‌یشتوه‌ ، تێگه‌یشتن له‌ ئه‌نفال به‌ مانای دروستكردنی نه‌ته‌وه‌ ، یانی لانی كه‌م دروستكردنی بارو زروفێك كه‌ ئه‌نفال  بكه‌وێته‌ پشتمانه‌وه‌و له‌ ئاینده‌ماندا مه‌ترسی ئه‌نفالێكی تر نه‌مابێت ، ده‌سه‌ڵاتی كوردی هێنده‌ی ئه‌نفال و كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ی بۆ ده‌ستپانكردنه‌وه‌ی خۆی و كڕوزانه‌وه‌ی میله‌تی كورد به‌ كار هێناوه‌ ، هێنده‌ كاری بۆ ئه‌وه‌ نه‌كردووه‌ ئه‌م سته‌مكاریانه‌ بكاته‌ هۆیه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی قۆناغی ده‌ره‌وه‌ی مێژوو تێپه‌ڕێنێ‌ .


ده‌سه‌ڵاتی كوردی به‌ مه‌به‌ست ئامانجی نه‌بووه‌ لۆبی پرسی ئه‌نفال بكات له‌ ده‌ره‌وه‌ ، نه‌ك ئه‌وه‌ هه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ داڵده‌و په‌ناگه‌بوو بۆ هه‌موو ئه‌و موسته‌شارو خۆ فرۆشانه‌ی كه‌وا سوری به‌رله‌شكری به‌ عس بوون، له‌ كاتێكا ده‌سه‌ڵاتێك نه‌یه‌وێت چوار موسته‌شار سزا بدات ، نه‌یه‌وێت وه‌ڵامی دادگای باڵای تاوانه‌كان بداته‌وه‌ له‌ ڕاده‌ستكردنی چوار موسته‌شارا هه‌ڵبه‌ت ناتوانێ‌ ببێته‌ خاوه‌نی پرسی ئه‌نفال .


كه‌ قسه‌ له‌ راده‌ستكردنی چوار موسته‌شار ده‌كرێت ، قسه‌ له‌ دادوه‌ری گوێزه‌ره‌وه‌ ده‌كرێت ، دادوه‌ری گوێزه‌ره‌وه‌ به‌و مانایه‌ی قوربانی بگێڕینه‌وه‌ بۆ نێو ژیان ، هه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ی نزیكه‌ی سی ساڵه‌ ئێمه‌ بانگه‌وازی بۆ ده‌كه‌ین ، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد له‌ باشوری كوردستان ،له‌ پێناو كۆكردنه‌وه‌ه‌ ده‌نگ و بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ حاكمی ئه‌م وڵاته‌ بن چاوپۆشیان له‌و بابه‌ته‌ كردووه‌ و له‌ بری چاره‌سه‌ر كردنی برین ئامێزیان بۆ موسته‌شارو جاشه‌كان كردوه‌ته‌وه‌ ، دنیای ده‌ره‌وه‌ ، رێكخراوه‌كانی بواری جینۆساید ، كه‌سانی پسپۆڕو شاره‌زای ئه‌و بواره‌ كه‌ ده‌بینن ده‌سه‌ڵاتی كوردی به‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌ له‌ ته‌ك هه‌ستیار ترین پرسی نه‌ته‌وه‌كه‌یدا ده‌كات ، ئیدی ئه‌وانیش توشی سه‌راسیمه‌یی و سه‌ر سوڕمان ده‌بن .


له‌ سی ساڵی رابردودا حكومه‌تی كوردی نه‌یتوانی بچوكترین هه‌نگاو بۆ دادوه‌ری گوێزه‌ره‌وه‌ سه‌باره‌ت پرسی ئه‌نفال بنات ، نه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌كرد ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ تا ئێستاش موسته‌شارو جاش له‌ به‌ر دڵانترن تا قوربانیانی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ ، ئه‌وه‌ بۆیه‌ هه‌ندێك له‌ موسته‌شارو جاشه‌كان به‌ شه‌هیدو فه‌رمانده‌ له‌ قه‌ڵه‌م دراون و به‌شێكی دیكه‌شیان موچه‌ی خه‌یاڵی و دیوه‌خانانه‌یان هه‌یه‌ ، له‌ماوه‌ی به‌رێدا جاشێك ، كه‌ شكاتی له‌ دادگاش له‌ سه‌ر بوو كۆچی كرد ، حزبه‌كه‌ی كه‌ پاڵی پێوه‌ دابوو ده‌یویست بیكات به‌ پاڵه‌وان ، چۆن بۆ زۆر جاش و موسته‌شاری دیكه‌ش ئه‌وه‌ كراوه‌ ، هه‌ر دوو حزبی پارتی و یه‌كێتی بێجیاوازی ئه‌مه‌یان كردووه‌ ، لێ‌ پارتی  دیموكراتی كوردستان زیاتر .
ئه‌گه‌ر له‌ سی ساڵی رابردودا دوو ناوه‌ندی گه‌ڕان به‌ دوای راستیه‌كانداو دوو بنكه‌ی شكات و سكاڵا به‌ فه‌ڕمی له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ دانرابان ، ئێستا دۆسیه‌یه‌كی گه‌وره‌ی راستیه‌كان له‌ به‌رده‌ست ده‌بوون ، من خۆم به‌رله‌ ده‌یان ساڵ ئه‌و داوایه‌ك به‌رز كردوه‌ته‌وه‌ ، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی كوردی خۆی لێنه‌بان كردووه‌ .

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©