سەرەتا پێویستە باسێکی کورت لەسەرھەریەک لە ئاین وەکۆمەڵگا بخەینە ڕوو. 
ئاین :. گەربمانەوی سەرەتا ئەوەبزانین کە ئاین چییە؟ بێگومان ناتوانین وەڵامێکی کۆنکرێتی بدەینەوە. بڵێین ئاین ئەمەیە چونکە ھەم کردەی ئاینی ھەم مانای ئاین لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تردەگۆڕێت . بەھەمان شێوە لە ناو خودی ئاینەکانیش دەگۆڕێت،بەپێی ئاینە ئاسمانی و زەمینیەکان . کە ھەریەکەیان خاوەن ڕاڤەوھەڵگری مانای جیاوازن لەمەڕ مرۆڤ ،ژیان ،جیاوازی نێوان جیھانەکان کە زۆرێک پێیان وایە دوو جیھانی جیاواز بونی ھەیە .ھەریەکەیان بەمیتۆدێکی جیاواز مرۆڤ یان پەیڕەوکەرانی ئامادە دەکەن بۆ چوون بەرەو جیھانێکی باڵاتر وە بەرەو ئەبەدییەت. 


کۆمەڵگا :. تێڕوانینی جیاواز وە قسەی جیاواز لەسەر ئەوەھەیە کە بەدیاری کراوی کۆمەڵگە چییە؟ 
 کۆمەڵگا لەسادە ترین دەرکەوتەی بەوە دەناسرێت کە،کۆبوونەوەی ژمارەیەکی زۆر لە مرۆڤە لە ناوچەیەکی جوگرافی دیاری کراوکە خاوەنپێگەو نۆرمێکی دیاریکراون . وە ھەریەک لە سیستمەکۆمەڵایەتی و دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکان بونیان ھەیە خاوەن دابو نەریت ،کلتوور،ئاین ، ئادابی کۆمەڵایەتی خۆیانن. 
چەند جۆرێکی جیاواز لە کۆمەڵگەمان ھەیە.
١-کۆمەڵگەی ڕاو و کۆکردنەوە:. لەژمارەیەکی کەم لەو خەڵکانە پێک دێت کەلە ڕێگای ڕاوکردن و ماسی گرتن و کۆکردنەوەی گژوگیا خۆراکییەکان دەژین . لەم کۆمەڵگاییە نایەکسانی کەمەو، جیاوازی پلەو پایەش بەتەمەن و ڕەگەزەوە گرێدراوە.
٢- کۆمەڵگەی کشتووکاڵێ :. ئەو کۆمەڵگایانەی کە بریتین لە کۆمەڵەبووەبچووکەکانی گوندی کەبەبێ شارە بچووک و گەورەکانە شێوازی سەرەکی ژیانیان لەڕێگەی کشتووکاڵیەوەیە لەم کۆمەڵگایانە نایەکسانیەکی توند لە ئاراداییە ، کۆمەڵگە کشتووکاڵییەکان لەژێر فەرمان ڕەوایی سەرۆکەکانیان دان. 
٣- کۆمەڵگە کانی جیھانی یەکەم :. ئەم کۆمەڵگایانە بەرھەمی پیشەسازی لەخۆدەگرن ڕۆڵێکی بەرچاو دەدەنە سەرمایە گوزاری ئازاد . تەنیا ژمارەیەکی زۆر بچوک لەخەڵکی ئەو کۆمەڵگایە خەریکی کاری کشتووکاڵین . زۆرینەی خەڵکی لە شارە گەورەکان دەژین ئەم جۆرە کۆمەڵایە لەسەدەی ھەژدەھەمەوە تاکو ئێستا بونی ھەیە . 

٤- کۆمەڵگە کانی جیھانی دووەم وە سێییەم :. کە بەشێوەیەکی گشتی لەژێر ھەژموونی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی جیھانی یەکەم دان لە ڕووی ئابووری و سیاسیەوە بە پاشکۆی جیھانی یەکەم دادەنرێن.  
لەژێر ڕۆشنای ئەم باسەی سەرەوە دەمانەوێت بەچەند خاڵێکی سەرەکی بگەین کە کۆمەک بە باسەکەمان دەکەن 
لەمەڕ گۆڕانی کۆمەڵایەتی و ئەو قۆناغە جیاوازانەی کۆمەڵگەی مرۆیی پێیدا تێپەڕیوە.
١-فەرھەنگ بریتیەلەو بەھاونرخانەی گروپێکی دیاریکراو ھەیەتی، ئەو میتۆدانەی کەپەیڕەوی لێ دەکات و ئەوکاڵا مادییانەی بەرھەمی دێنێت. 
٢-جۆری مرۆڤ لەئاکامی پرۆسەیەکی درێژخایەنی پەرەسەندنی ژینگەیی دروست بووە . مرۆڤەکان بەشێکن لە گروپە شیردەرە بەرزەکان کەپێیان دەڵێن گروپە سەرەتاییەکان .
٣-  ژینگەی کۆمەڵایەتی لەبنەڕەتدا لەڕوانگەی ئەوشوناس وناسینانەی کەسەبارەت بەھەڵسوکەوتی ئاژەڵی پێشکەشی دەکات گرنگی خۆی ھەیە، بیروبۆچوونەکانی زیندەوەرزانی کۆمەڵایەتی سەبارەت بەژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤ زۆرتر گۆشەنیگاکانی داھاتووخوازی تیۆری لەخۆدەگرێت . ھەڵسوکەوتی ئێمە لەژێرکاریگەریەتی ھۆکارە ژنیتیکیەکاندایە . بەڵام ئامادەگی ژنیتیکی ئێمە لەوانەیە تەنیا توانا بەھێزەکانی ھەڵسوکەوتمان مەرجداربکات نەک ناوەڕکی ڕاستەقینەی چالاکییەکانمان . 

لێرە مەبەستمان ئەوگۆڕانکارییە ریشەییەیە کە بەسەر کۆمەڵگەکان و جۆری گۆمەڵگە کاندا ھاتوون وە بەھۆی سەرمایە داری و بە جیھانی بوونەوە تائێستا بەردەوامی ھەیە. 
کە بەشێوەیەکی سەرەکی دەستکاری مرۆڤ و غەریزەکانی کراوە مرۆڤ وەک کاڵای لێھاتوە بەدەست سەرمایە داریەوە . 
لێرەوە قسە لەسەر ئاین دەکەین وەک پێدراوێکی ئاسمانی و زەمینی کە کار کردنی راستەوخۆی بەسەر مرۆڤەوە ھەیە زۆرجار ئاینە مرۆڤ ئاراستە دەکات وە پێگەیەکی پێدەدات زۆر دورە لەو پێگەیەی کە مرۆڤ خۆی بەخۆیی دەدات. 

بەشی یەکەم 
ڕۆڵی ئاین لە گۆڕانی کۆمەڵایەتی بە دوو نموونە ڕوونی دەکەینەوە.

یەکەم / ئاینی ئیسلام و کارکردنی لەسەر کۆمەڵگەی عەرەبی و ئەو گۆڕانە کۆمەڵایەتیەی ڕویدا.
دووەم/ ھاتنی سەلەفیەکان بۆ ناوکۆمەڵگەی کوردی ، بەدیاری کراوی شاری سلێمانی ، ئەو گۆڕانە کۆمەڵایەتیەی ئێستا لە سلێمانیدا ھەستی پێدەکرێت یاخود ئەو پەرت بوونەی لەنێو بەشە جیاجیاکانی شاردا دروست بووە . کە ھاتنی سەلەفیەکان ھۆکارێکی سەرەکین ،بۆ دروست بوونی . 

ھاتنی ئاینی پیرۆزی إسلام بۆ نیمچە دورگەی عەرەب ،گێڕانەوەی مێژووی سۆسیۆلۆژیای عەرەب پێش إسلام . 
ئیبن خلدون لەبارەی دۆخی کۆمەڵایەتی عەرەب دەڵێت "سروشتیان سرک و کێوی بووە و سەرقاڵی تاڵان وبڕۆبوون ، ئەوەی دەستیان پێیدابگەشتایە دەیاندزی وتاڵانیان دەکرد و ھەڵدەھاتن ئەوھۆزانەی کەلەچیاو سەختییەکاندا دەژیان ئەمان دەستیان پێیان نەدەگەیشت.بەڵام سارانشینەکان ھەرکە لاوازببونایە ،دەکەوتنە بەرتاڵان و ھەڵکوتانی ئەمان وئەوەی پێکەوەیان نابوو ،وێرانیان دەکرد. ئەمانە بەشێوەیەک لەشێوەکان دژی شارنشینی وئاوەدانی و ژیانی جێگیربوون و ئەوەش کە ئەوانی دی پێکەوەیان دەنا ، ئەمان تێکیان دەدایەوە. بەکورتی ڕای ئولیریش وایە، کە عەرەب خەڵکی ھەستەکین و خەیاڵیان سست و سنوردارە ، دڵسۆزی نەریتە خێڵەکییەکانی خۆیانن و لەھەموو دەسەڵاتێک یاخین و ڕامنەکراون. ھەستو سۆزیان وشکە نموونەی باڵای ئەوان لەژیاندا فریاد ڕەسی و شانازییە بەدیوەخان و کۆڕە گەرمەکانی مەیخۆری و ڕابواردن ئەمە ھەمووشتێک بووە لە ژیانی ئەواندا.ژیانی کۆمەڵایەتی عەرەب ژیانی کۆچەری بوو.ئەم کۆچەرییانەش دابەش ببوون بەسەر خێڵەکاندا کە یەکەی بنەڕەتی سیستمی کۆمەڵایەتییان دروست دەکرد. وە ئەم خێڵانە بەردەوام لە ململانێدابوون " ھەندێک جار ئەم ململانێیە دەبووە ھۆی ئەوەی ھەندێک جار یەکێکیان لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بجێتە ھاوپەیمانێتییەکەوە و لەژێر ناوێکدا بتوێتەوە. لەگەڵ باڵا دەستیی شێوازی ژیانی کۆچەریدا، لەژیانی شارنشینیش ھەندێک بەھرەمەند بوون، شارنشینیەکان سەرقاڵی بازرگانی و ھەندێک پیشەی سەرەتایی بوون . بەڵام شێوازی باو و خوازراوی ژیان ،شێوازی کۆچەری بووە.ژنانی عەرەب سەرقاڵی کاروبارەکانی ماڵەوەبوون و پیاوانیشیان سەرقاڵی شەڕو فڕاندن بوون . 

لێرەوە تێبینی دۆخی ژیانی خەڵکی عەرەب دەکەین بەر لە ھاتنی ئاینی إسلام کە ھەم لەڕووی ژیانی کۆمەڵایەتی ھەم ئاینی زۆر جیاوازە . لەڕوی ئاینی باوەڕیان بە جۆرێک لە ئەنیمیزم و ڕۆحگەرایی و بتپەرستی و فرەخودایی ھەبوو، باوەڕیان بەسحرو جادوو ھەبووە ، ڕایان وابوو کەلەڕێی جادووە وە دەتوانن چارەنوسی خۆیان دیاری بکەن .چادرنشینان مانگ و ئەستێرەو بتە بەردینەکان یان باو باپیرانی خۆیان دەپەرست و ھەڵگری دیدی فەلسەفی نەبوون بۆ جیھان .

 لێرەدا ڕاڤەی ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیانە دەکەین کە پێغەمبەر {د.خ} کردنی. 

گۆڕانی کۆمەڵایەتی 
سیستمی کۆمەڵایەتی سیستمێکی لاوەکیە، پاشکۆی سیستمێکی شارستانی گەورەو گشتگیرە. لە کۆمەڵێک سیستم و دامەزراوە. پێکدێت بە تێپەڕبوونی کات پێکھاتەگەوھەری و چوارچێوە دەرەکیەکەی بەبەردەوامی توشی گۆڕان دێت . ئەم گۆڕانەش چەند فاکتەرێکی ھەیە وەک دۆزینەوەی کانزا ،وەبەرھێنان ،گۆڕانی پلەی گەرمی . 
بڵاو بوونەوەی شارستانی کە دەبنە ھۆی گواستنەوەی ھزر وئەزموون سیستمە نوێکان لە کۆمەڵگەیەکەوەبۆ کۆمەڵگەیەکی دیکەلەڕێگەی تێکەڵ بوونی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ. یاخود دەتوانین پێناسەی گۆڕانی کۆمەڵایەتی بکەین بەوەی وەرچەرخانە خۆکرد یاخود پلانمەندەی بەسەر ژێرخان و سەرخانی کۆمەڵگە دێت ولە فۆرمێکی سادەوە بۆ فۆڕمێکی ئاڵۆزوەردەچەرخێ. 


جۆرەکانی گۆڕانی کۆمەڵایەتی بە کورتی :. 
١-گۆڕانی کۆمەڵایەتی بازنەیی.
٢-گۆڕانی کۆمەڵایەتی بڵاوبوونەوە گەرایی.
٣-گۆڕانی کۆمەڵایەتی پلانمەند.
٤- گۆڕانی کۆمەڵایەتی حەتمی . 
ئەمانە چەند جۆرێکی گۆڕانی کۆمەڵایەتین لە ھێڵێکی گشتیدا . 
ئەو جۆرە گۆڕانەی کەلە نیمچە دورگەی عەرەب ڕوویدا زیاتر دەکەوێتە خانەی گۆڕانی کۆمەڵایەتی بازنەیی .

ئەو جۆرە گۆڕانەی کەلە نیمچە دورگەی عەرەب ڕوویدا زیاتر دەکەوێتە خانەی گۆڕانی کۆمەڵایەتی بازنەیی. ھزری گۆڕانی کۆمەڵایەتی بازنەیی کۆمەڵێک پلیکانە لەخۆ دەگرێت . سودیان ئەوەیە کە دیاردەکۆمەڵایەتیەکان ھەرجۆرێک یاخود شێوەیەک بن ماوە ماوە دوبارە دەبنەوە وە ئەم دوبارەبونەوەیەش پشت بەوبارودۆخە بابەتی و خودیانە دەبەستێت کە کۆمەڵگە کان پیاندا گوزەردەکەن . کۆمەڵگەکان بەچەقبەستوویی و دواکەوتوویی وتێکشان و پاشانیش بە پەرەسەندن و ھەڵسانەوەو گەشەکردندا گوزەردەکەن . ئەم مادانە نامێننەوە و کۆتاییان دێت و پاشان دواکەوتوویی و بێ سەرو بەرەیی ، ناسەقامگیری جێیان دەگرنەوە. بیریارانی گریکی بەخاوەنی ئەم بۆچونە دادەنرێن فەیلەسوفانی گریک گریمانەی ئەوەیان داناوە کە کۆمەڵگەی مرۆیی دەگۆڕێت بەڵام ئەم گۆڕانە وردە وردە ڕودەکاتە ھەڵوەشان و داڕوخان. گۆڕانی کۆمەڵایەتی یان قۆناغەکانی گۆڕانی بازنەیی. {چاخی ئاڵتونی ، چاخی زیوین ، برۆنزی ، گۆڕان لە چاخی ئاسنیندا کۆتایی پێدێت }

سەرەکیترین ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیەی پێغەمبەر {د.خ} کردی. یەکەم نەھێشتنی دوژمنایەتی نێوان مەککەو مەدینە بونیادی کۆمەڵگەو نەھێشتنی ھەندێک جیاوازیی نێوان ژن و پیاو، دەرفەتدان بە ئیمانداران تاگوزارشت لە ئیمان و بیرو باوەڕی خۆیان بکەن و کەمکردنەوەی جیاوازی چینایەتی وھەندێک دابونەریت و یاسای کۆمەڵایەتی نێوان خەڵکی مەککە و مەدینە و گۆڕینی بۆ دابونەریتانەی کەلەگەڵ کۆمەڵگەیەکی یەکگرتووی ئیسلامیدا بگونجێت و گرنگیدانی زۆری ئەو بە فێربوونی ئیسلام لەڕووی ئاکاری و مەعنەوی و کۆمەڵایەتیەوە و بڕواھێنان بە خودای گەورەو کۆمەڵگەی ئیمانداران. نەک دەمارگیریی خێڵەکی پێش ئیسلام  ، کە تەنانەت ئەوانیش باوەڕیان نەبوو بە قورئان وەک ئەھلی کیتاب.شوێنی تازەو تایبەتی لەناوکۆمەڵگەدا بۆ دۆزینەوە .بەم جۆرە قورئان وەک سەرچاوەی تشریع جێگەی ھەندێک لە نەریتەکانی ئەوانی گرتەوە و فێری نوێژ ، ڕۆژ، ھاوسەرگیری ،تەلاق ،کرین وفرۆشتن و زەکات و تا دوایی کردن و بەم جۆرە تێگەیشتن لە ئیسلام گەشەکردنی بەخۆوە بینی لەسەر ئاستی تاکەوە بۆسەر ئاستی کۆمەڵگە گوێزرایەوە. 
ھەندێک لە ئایەتەکانی قورئانی پیرۆزکە دابەزین بانگەشەی گۆڕانی کۆمەڵایەتی دەکرد وە داننانی سنوردار بۆ ھەندێک لە شتە حەرام حەلالەکان . لێرەوە تێبینی ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیە دەکەین کەلە پێشتردا لە نەریتی عەرەبدا نەبووە بەڵام بە کاریگەری ئاینی پیرۆزی ئیسلام ئەو گۆڕانکارییە ڕوویدا پێکھاتەی کۆمەڵگەی عەرەبی گۆڕاو گەشەی بەخۆییەوە بینی. 
بۆچی دەڵێین ئەو گۆڕانکارییەی ڕوویدا گۆڕانکارییەکی بازنەیی بوو ؟ 
چونکە لە دوای مردنی پێغەمبەر {د.خ} بەشێک لە نەریتە کۆنەکانی عەرەب وە دەمارگیری و خێڵەکی سەریھەڵدایەوە ھۆزایەتی و ڕەگەز پەرستی شانازی بەخۆکرد سەری ھەڵدایەوە ئامۆژگارییەکانی ئیسلام نەیتوانی ئەو کلتوورە خێڵەکییەو دەمارگیریەی عەرەب بشکێنن.ململانێی نێوان ئەنسار موھاجرین دوای وەفاتی پێغەمبەر{د.خ} سەری ھەڵدایەوە دواتر ململانێی بەنی ئومەییەو بەنی ھاشم …ھتد 
چەندان جۆریتری ململانێ لەسەر پرسی دەسەڵات و خەلافەت لە نیمچە دورگەی عەرەب سەری ھەڵدا کە کۆی ئەمانە ڕێگربوون لە گەشەکرندی بەردەوامی کۆمەڵگەی عەرەبی ئەوکاتە .
بەشی دووەم / ھاتنی سەلەفیەکان بۆ کوردستان و سلێمانی بەدیاریکراوی .

سەلەفیەکان کێن کەی سەریان ھەڵداوە ؟ 
وشەی سەلەفییەت لەڕووی چەمکەوە 
مەبەستیان لە سەلەفییەت ، پیادەکردنی مەزەبی ئەھلی سەلەفە بۆ تێگەیشتن لە قورئان و سووننەت . و مەزەبی سەلەف بە مەزەبی سەرکەوتوو و حەق وفیرقەی ناجیە ھەژماردەکەن . 
لەوەش زێدەتر دەبێژن ! محمد ناصر الالبانی گەورەسەلەفی عیصمەت و موقەدەسیی دەداتە پاڵ سەلەفیەت و دەنوسێت { مۆسس العوەالسلفیە ھو اللە} 
واتە دامەزرێنەری سەلەفییەت خودایە .بەکورتی سەلەفییەت بەمانای { تێگەیشتن لە قورئان و سووننەت بە گوێرەیی تێگەیشتنی پێشینی ئۆممەت. 
-سەلەفییەت کەی سەریھەڵدا کێ دامەزرێنەرێتی. 
دەتوانین بڵێین دەمەزرێنەری یەکەی سەلەفییەت ئەحمەدی کوڕی حەنبەل {١٦٤-٢٤١ھ} کە وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر کرانەوەی جیھانی ئیسلامیدا بەسەر جیھان و زانستی خەڵکانی تر . 
قۆناغی دووەم دامەزرێنەری سەلەفییەت لەسەر دەستی ئیبن تەیمیە {١٢٦٣-١٣٢٨} بوو کە کۆتایی خیلافەتی عەباسیەکان بوو 
لەسەر دەستی ئیبن تەیمییە سەلەفییەت گەیشتە لوتکەی تەواو بوونی وەک مەزھەبێک. 
قۆناغی سێیەم محمدی کوڕی عبدالوەھاب {١٧٠٣-١٧٩٢} وەک دامەزرێنەری سێیەمی سەلەفییەت دادەنرێت. 
ھاتنی سەلەفییەت بۆ کوردستان 
بەشی ھەرەزۆری کورد ئەھلی سوننەیە و مەزەبی فیقھیدا کار بە ڕارەوەی {ئیمام شافعی } دەکات ، لە ئاقیدەو بیروباوەڕیش لەسەر ڕاڕەوەی قوتابخانەی فیکری{ ابوالحسن الاشعری}یە 
سەرەرای بونی چەندین تەریقەتی سۆفیگەریی بەڵام لە ھەموویان دیارتر ھەردوو تەریقەتی {قادری و نەقشبەندی}ییە، ماوەی پەنجا ساڵێک دەبێت کە حیزب و پارتە چەکدارییە ئیسلامیەکان و سەلەفییەت دەرکەوتون . ماوەی ھەزار ساڵی ڕابردوو ڕێبەر و مورشیدانی ئەھلی تەسەووف، 
ڕابەرایەتیی ڕۆحێتی ئایندارانی کوردیان کردووە، مەرجەعی دین و دنیا ئەوان بوون . بەرلەوەی ئەحزابی ئیسلامی سیاسیی ھەبن کورد دینداربووە بە شێوەیەکی زۆر چاکترو ماریفەتیانەتر و عیرفانیترلە دینداری پاش وەدیار کەوتنی پارتە ئیسلامیەکان و سەلەفییەت . ھیچ بەڵگەیەکی رون نیە لەسەر ئەوەی سەلەفییەت چۆن ھاتە کوردستان ئایە بەھۆی عائیلەی الالوسی بوە لە بەغداوە یان لە ڕێگەی موسڵ چونکە زۆرێک لە زانایانی کورد و عەرەبی ببونە ھەڵگری ئاقیدەی سەلەفیی وەھابیی. خاڵێک بووە ھۆی گەشە کردنی سەلەفییەت لە کوردستان گەشە کردنی پارتە شیوعی و چەپەکان جۆرێک لەتێکگیران لەگەڵ بونیەی کوردەواری و ڕۆشنبیری و کەلەپوری کوردایەتی پەیدابوە پیاوانی ئاینیش لە ڕەوش و کەشەکە دڵتەنگ و نارازیی بوون 
فەراغێکی ڕۆحی دروست بووبوو .بەڵام مەلای کوردەواری و رێبەرە سۆفیگەریەکان رۆڵیان بینی لە رێگە گرتنی سەلەفییەت  . 
کاریگەری سەلەفییەت لەسەر کۆمەڵگەی کوردی وەک رونە دەبینین سەلەفییەت خاوەن بیرێکی دۆگمای توندڕەوە لەسەر مەسەلە عەقیدی و شەرعیەکان . وەبڕوایەکی تەواوی بە دەق ھەیە وە ھەر جۆرە تەفسیرو تەئویلێکی دەق رەت دەکاتەوە پشت بە لۆجیک نابەستێ بۆ شیکردنەوەی دەقی پیرۆز . بەڵکو بەتەواوی لە ڕاڤە کاریدا دەق تەوەرە . یەکێک لە چەمکە سەرەکییە کانی سەلەفییەت کە باوەڕی پێیەتێ مەسەلەی وەلی ئەمرە کە بۆ سەرۆکی خێزان وە وڵات باوەڕی پێیەتی وە ھەر دەرچوونێک لە حوکمەکانی رێگە پێنەدراوە ئەو کەسەی لە حوکمەکانی وەلی ئەمر لادات 
بە لادەر و گوناھ کار وەسف کراوە . کە ئەم فکرە سەرەکیە بە تەواوی دژی ھەر جۆرە بیرکردنەوەیەکی ئازاد و خود کارانەیە بەتایبەت دژی ئازادی تاک و بریاری سەربەخۆیە 
کەئەم فکرەیە یارمەتی دەرە بۆ ھێشتنەوەی دۆخی کۆمەڵگا بە چەق بەستوویی و ھێشتنەوەی لەدۆخێکی دیاری کراودا . لە ئێستادا سەلەفییەت بە جۆرێک لە جۆرەکان بوونەیە مەترسی بۆسەر گەشەی کۆمەڵایەتی و کرانەوەی کۆمەڵایەتی چونکە ھەر کرانەوەو گۆڕانکاریەک روبدات ئەمان بە بەڵگەی ئاینی بۆ دەھێننەوەو دژایەتی دەکەن ھەر کێشەیەک لە کۆمەڵگا دروست ببێت ئەمان پێیان وایە کە غەزەبی خوایە وە بانگەشەی کۆتایی دنیا دەکەن و جۆرە ترسێکی کۆمەڵایەتی و بێ متمانەیی کۆمەڵایەتی بڵاودەکەنەوە بەتایبەت لە نێوان ھەردوو ڕەگەزی نێرومێ ، کە بەردەوام جیاکاری رەگەزی لەنێوان ئەم دوو جۆرە لە مرۆڤ دروستدەکەن وە دوریان دەخەنەوە لەیەکدی . 
وەک دیڤد ھیوم دەڵێت واز لە دینەکە بێنە کە چییەو چۆنە سەیری پەیڕەوکەرانی کە دەزانیت ئەو دینە چۆن تاکەکانی پەیڕەوی لێدەکەن و چۆن شوێنکەوتەکانی پەروەردە کات 
لێرەوە دەبینین کە سەلەفییەت چۆن نموونەیەکی خراپی دینداری پیشان دەدات. 

لێرەوە کاریگەری دین دەبینن لەسەر خەڵکی چونکە دین یەکێکە لە ھۆکارە سەرەکیەکانی پرۆسەی بە کۆمەڵایەتی بوون وە گریمانەی  ئەوەی ئاین دیاردەیەکی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیە ھەربۆیە کاریگەریەکانی تەنھا دەبێت لەسەر ھەڵسوکەوتی بەکۆمەڵدا ھەڵبسەنگێنین ئەوا بەمانای نادیدە سەیرکردنی بەشێکی زۆری حەقیقەت 
ئاین لەگەڵ بوونی کۆمەڵایەتی مرۆڤ ئاڵاوە ئەوا لە بونیشیاندا ھێلانەی کردووە واتە لەژیانی ڕۆژانەیاندا ئاراستەیان دەکات و ئاراستەکردنیشیان لێ قبوڵدەکات . 
لە پێشتردا سلێمانی بەیەکێک لە شارە چالاک و بزێوەکان دادەنرا وەخاوەن کرانەوەیەکی کۆمەڵایەتی بوو بەڵام لە دوایی ھاتنی سەلەفیەکان و بڵاو بونەوەیان وە پێدانی پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕاگەیاندن بونە مەترسی بۆسەر ێەم کرانەوەیە ، وەجۆرە ترسێکی کۆمەڵایەتیان بڵاو کردۆتەوە کە بۆتە ھۆی دروستبونی جیاکاری کۆمەڵایەتی بە نموونە کردنی ڤێستیڤاڵی رەنگەکان لە ھەولێر و دژایەتی کردنی لە لایەن پیاوانی ئاینی 
بە ھۆی کاریگەری بەھای ئاینی دژایەتی راستەو خۆ بۆسەر دیاردە نوێکان دروستدەبێت ئەمەش کۆمەڵگە بەسەر دووبەرەدا دابەش دەکات. جارێکی تر جۆری ئەو گۆڕانەی کە کۆمەڵگەی کوردی دەگرێتەوە لە گۆڕانکاری پلانمەندە وە بۆ بازنەیی ھەنگاودەنێت بە کاریگەری بونی بیری ئاینی توند ڕەو وە پشگیری دەسەڵات دارانی کوردستان بە مەبەستی ھێشتنەوەی پێگەی سیاسی خۆیان . 


سەرچاوەکان                    

١-عاڵای، عبدوڵا ، سەلەفییەت و کۆمەڵگەی کوردی ، {٢٠١٥} ،چاپی یەکەم ،چاپخانەی تەھران ، بڵاوکار_ماڵی وەفایی _ھەولێر . 
٢-گیدنز،ئەنتۆنی، کۆمەڵناسی،{٢٠١٢} ، و:حەسەن ئەحمەد مستەفا،چاپی دووەم ، چاپخانەی راپەرین _ ھەولێر .
٣-  ملا ێ‌مین،ھاوژین ،کتێبی ئیعتیزال ، {٢٠١٧}، چاپی یەکەم ،چاپخانەی تاران ،بڵاوکار،ماڵی سوھرەوەردی_سلێمانی .
٤-مقدم ،مسعودجلال، کاریگەری ئاین لە کۆمەڵگە مرۆڤایەتیەکان ،{٢٠١٠}و:سەعید بەشیر ،چاپی یەکەم ،چاپخانەی سایە_سلێمانی .
٥-ھیوم ،دیڤد،مێژووی سروشتی دین {٢٠١٧}، و:مسعود بابایی، چاپی یەکەم ، بڵاوکار ، ماڵێ سوھرەوەردی _سلێمانی .    


وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©