٩ سەرنج لەسەر بەیاننامەکەی لاهور تاڵەبانی
 
لاهور تاڵەبانی دەڵێت مەسرور بارزانی فشار دەکات بۆ ئازادکردنی تۆمەتباران لە بەیاننامەیەکدا دەڵێ <<دەستیان داوەتە كاروباری دادگا بۆ ئەوەی ئەو سێ كەسە ئازادبكرێن‌و كەیسەكە دیزە بە دەرخۆنە بكرێت.>> 
لەسەر ئەو خاڵە دەوەستم:
١- تاڵەبانی پێمان ناڵێ ئەوانەی دەستگیرکراون کێن، کەی دەستگیرکران، کێ دەستگیریکردون، ئایا بە بڕیاری دادگا بوە یا نا، بۆچی دەستگیرکراون، بە قسەی کێ دەستگیرکراون؟ بۆچی تاڵەبانی بەیاننامە دەردەکات لە کاتێکدا ئەوە ئیشی ئاساییش و دەزگای تیرۆرە رونکردنەوە بدا چونکە کردەی هێرشکردنە سەر غالب محەمەد، کردەیەکی تیرۆریستییە و ئیشی ئاساییشە بەدواداچونی بۆ بکات. نە ئاساییش و نە دادگا و نە دژە تیرۆر بەڕەسمیی قسەیەکیان نەکردوە، بەڕەسمییش کەس راینەگەیاندوە کە سێ کەس بەو تۆمەتە دەستگیرکرابن، ئەی لاهور تاڵەبانی بۆچی بەیاننامەیەک دەردەکات و خۆی بە لاواز نیشاندەدات کە گوایە لەژێر فشار دایە؟ ئایا ئەوە یەکێتییە تۆمەتبار بەرەڵادەکات یا دادگا و دەزگاکانی حکومەت؟
٢- لاهور تاڵەبانی داوا لە مەسرور بارزانی دەکات رێزی دادگاکان بگرێ، بەڵام خودی بەیاننامەکەی تەداخولکردنە لە ئیشی دادگا، باسێک دەکات کەس نازانێت ئایا هیچ کەسێ دەستگیرکراوە یا نا، بۆچی دەزگاکانی ئاساییش نایەن و وتەی ئەو تۆمەتبارانە بڵاوناکەنەوە؟ ئەی بۆچی کاتێک ویستیان شاسوار عەبدولواحید و باندەکەی لە سۆشیاڵ میدیا ئاشکرا بکەن هەمو شتێکیان بە پلانێکی پوختە جێبەجێکرد و هەمو ناڕونییەکیان لابرد؟
٣- لاهور تاڵەبانی لایەنگرێکی پارتیی لە گەرمیان دەستگیرکرد، تەواوی پارتیی و حکومەت داوای ئازادکردنی کرد، لاهور تاڵەبانی بەریهەڵنەدا تا دواتر نێچیرڤان بارزانیی تەداخولی کرد و لاهور تاڵەبانییش گوێڕایەڵیی نێچیرڤان بارزانیی کرد. ئەوکات کەس پشتیوانیی لاهور تاڵەبانیی نەبو، بەناهەقییش کەسێکی گرتبو، کەچی ئامادەنەبو سازش بکات تەنانەت دوای ئەوەی پارتیی کادیرێکی یەکێتییشی لە بەرانبەردا دەستگیرکرد، خێرە ئێستا هەوڵێکی تیرۆر دراوە، تەواوی کۆمەڵگەی کوردیی داوای جێبەجێکردنی قانون دەکات، بە بەشێکی زۆری ناو پارتییشەوە، خێرە لاهور تاڵەبانی دەترسێ ئەو کەیسە <<دیزە بە دەرخۆنە>> بکرێ؟ ئەرێ هەر بەڕاست خودی لاهور تاڵەبانیی نییە کەیسەکە دادەپۆشێ؟
٤- لاهور تاڵەبانی بەشانازییەوە دەڵێ مەکتەبی سیاسیی لەگەڵ دایە، جەماوەری یەکێتییش هاوکاریەتی، تەنانەت زۆر خەڵکی تریش، خۆیشی بە نەیاری سەرسەختی مەسرور بارزانیی تەماشادەکات، ئەی خێرە ئێستا سێ تۆمەتباری لەبەر دەستدایە کە هەوڵی تیرۆریان داوە، و گوایە بە ئەمری راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆی مەسرور بارزانیی بوە، کەچی لاهور تاڵەبانی بەیاننامە دەردەکات و دەنوزێتەوە کە گوایە فشار لەسەر ئازادکردنیانە؟ بۆچی لەبری نوزانەوە ناڵێ یەکێتیی لە حکومەتێک دەکشێتەوە کە حوکمی قانون جێبەجێناکات و سەرۆکەکەی لە سلێمانی هەوڵی تیرۆرکردنی نەیارانی سیاسیی دەدات؟
٥- کەیسی هەوڵی تیرۆرکردن یا لێدان لە غالب محەمەد کەیسێکی هێندە ئاسان نییە، دیارە پارتیی نەک هەر ویستویەتی لە غالب محەمەد بدا، بەڵکو ویستویەتی لە سلێمانیی و یەکێتیی و دەزگاکانی یەکێتییش بدا، ئەو هەوڵە زۆر رەهەندی هەن، مەترسیی گەورەیە لەسەر رەوشی کوردستان، ئەی خێرە لاهور تاڵەبانی ئاوا ئاسان بەیاننامەیەک دەردەکات و خۆی لە هەمو بەرپرسیارێتییەک دەشارێتەوە، یان بەڕاستیی شتێکی تر هەیە و لاهوڕ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی لە پشتی پەردەوە رێککەوتنێکی راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ هەیە بۆ لێدان لە نەیارانی سیاسیی و بێدەنگکردنیان و ئەوەی خۆیشیان دەیکەن تەنها نماییشێکی دەزگا هەواڵگرییەکانیان؟
٦- لاهوڕ تاڵەبانی هاوسەرۆکی حیزبە، میدیا و دژە تیرۆر و ئاساییش و مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتیی لە بن دەستی خۆیەتی، هەرشتێک لە سلێمانیی بکرێ پێشی هەرکەسێک ئەو بەرپرسیارە.  ئەگەر ئەو سێ تۆمەتبارە بەربوبن، ئەوا بەر لە هەرکەسێک لاهوڕ تاڵەبانی بەرپرسیارە.
٧- رونە ئەو کەیسە لەوە گەورەترە کە لاهور تاڵەبانی بە بەیاننامەیەک خەڵک بگەوجێنێ، لەوەیاندا لە داهاتودا دەردەکەوێ کە هەوڵەکانی چەندە خراپ بەسەر خۆیدا دەشکێنەوە. تاڵەبانی بڕیاربو سیاسەت و ململانێ بباتە هەولێر، کەچی ئێستا لە بەرانبەر مەسرور بارزانی خۆی وا نیشاندەدات کە لە سلێمانییش توانای ململانێ و داکۆکیکردنی لە
حوکمی قانون و وەستانەوە دژ بە پارتیی نییە. 
٨- پارتی ئەوە یەکەم هەوڵی تیرۆر و لێدانی نییە لە سلێمانیی و تەنانەت لە دەرەوەی کوردستانیش، هەمومان پارتیی باش دەناسین چ هێزێکی دژ بە ئازادیی و دیموکراسییە، مەسرور بارزانییش باش نیشانیداین و نیشانمان دەدات کە چۆن دەیەوێت هەمو هەناسەیەکی ئازادیی قەدەغەبکا، ئەوانەی هاوکاریی پارتییش لەوەدا زۆر رون ناسراون لەناو یەکێتیی و گۆڕان و هێزەکانی دیشدا، بەڵام لاهور تاڵەبانی خۆی وا نیشانداوە کە دژ بەو تۆقاندن و سیاسەتەی پارتییە، کەچی. لە پشتی پەردە خۆی هەمان ئەو گەمانە لەگەڵ پارتیی دەکات کە ئەوانیدی دەیکەن.
٩- لاهور تاڵەبانی و یەکێتیی خۆیان وا نیشاندا کە دژ بە بەناهەق-حوکمدانی ئازادیخوازانی بادینانن، بە بەیاننامەی ترسنۆکانە خۆیان لە بەرپرسیارێتیی دزیەوە، کەچی ئێستا یەکێتیی بە هەمو باڵ و رەنگەکانیانەوە، دەیانەوێ ئەو کەیسە پەردەپۆش بکەن و لە رێڕەوە قانونییەکەی خۆی لابدات.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©