کێتان بە قۆپێ پەروەردە نەبووە با یەکەم بەردی تێبگرێت!


خاتونێک زینای کردبوو، ئامادەیان کردبوو سەنگەساری بکەن، کە مەسیح گەشتە سەر ڕوداوەکە، چوە پێشەوەو وتی:(کێ گوناهەی نەکردوە با یەکەم بەرد ئەو بیهاوێت!). کەسی لێنەما تا بەردێکی تێبگرێت، هەموو چۆڵیان کرد، چونکە هەموویان گوناهباربوون(ئەو ساتە ساتی پەردەهەڵماڵین بوو لە گوناهباریی هەموان).

سیستمی پەروەردەی ئێمە بەرپرسە لەو بەرپرسەی دزیی دەکات، بەرپرسە لەو مامۆستا زانکۆییەی نە هونەری بیرکردنەوەی ئازاد دەزانێت، نە ڕێش دەدات خوێندکارەکانی ئازادانە بیربکەنەوە، بەرپرسە لەو بازرگانە تاڵانچییەی قۆڵمان دەبڕێت، بەرپرسە لەو دوکاندارەی بەسەرچومان بەنرخی نوێ دەرخوارددەدات، بەرپرسە لەو پزیشکەی، وەک قەساب، تەنها بۆ لێکێشانەوەی پارە هەڵمان دەدڕێت، بەرپرسە لەو مەلا ئاینییەی ئەوەی دەی ڵێت خۆی کاری پێناکات...

مامۆستایەک، خۆی دانی بەوەدا ناوە قۆپێی کردووە، ئەوەتا هەمووی خەریکی ڕەجمکردنی ئەون، دەی کێمان لە خوێندن فێری قۆپێ نەبووین با یەکەم بەردی تێبگرێت، بڵێ منیش ئەو گوناهەم نەکردووە.

ئەو ساتەی ئەم خاتونە دان بە پەروەردە پڕ تەزویرەکەیدا دەنێت، ئەوە ساتی ڕاستگۆییە، ئەها هەموان خەریکی ڕەجمکردنی ساتێک لە ڕاستگۆین! ئەم ڕەجمکردنەی ئێمە بۆ ئەو خاتونە، ساتی ساختە و دەمامکپۆشینی هەموانە، با ئێمەش دەمامک لابدەین و بڵێین منیش قۆپێم کردوە، با ساتێک مەسیحانە ڕاستگۆبین.

ئەگەر ئەو خاتونە ناڕاست بوایە و بی وتایە: (هەر بە هەوڵی خۆم دەرچوم و هەرگیزیش قۆپێم نەکردووە)، ئەم درۆیە ئەوی لە ڕەجمکردن دەپاراست، درۆ، لە کۆمەڵگەی پەروەردەی قۆپێچیدا، ئێمە گەورە دەکات، ساتێ ڕاستگۆیی بەر نەفرەتمان دەخات، ئەوەی توکی لێدەگرێت؛ شەڕ لەگەڵ قۆپێکردنەکەیدا ناکات، شەڕ بۆ لەدەستچونی پەروەردە ناکات، شەڕ لەگەڵ ئەو ساتە لەڕاستگۆیی دەکات، ناخود ئاگایانە، ئەم خاتونەی تێدەکەوێت، شەڕ لەسەر ئەوە دەکەن ئەگەر پەردەی سەر پەروەردە هاوبەشە مەکتەبلییەکەمان لادرا، هەموان وەک قۆپێچی دەردەکەوین، شەڕ دژی ڕاستگۆیی دەکەین، نەک شەڕ دژی ساختە و تەزویر، شەڕ بۆ پەردەپۆشکردنی ساختەیی خۆمان دەکەین، نەک شەڕ دژی قۆپێچییەک.

با ساتێک ڕاستگۆبین، کێمان قۆپێی نەکردووە، قۆپێی نەدیوە کە کراوە و لێی بێدەنگ نەبووە، با یەکەم بەردی تێبگرێت و مێشکی بپژێنێت.

بەهمەن تاهیر نەریمان

وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©