ناوی شاری بەغداد لە باخ و دادەوە هاتوە، کە ڕەنگە مانای باخی خودا بدات. هەردوو چەمکەکە گرنگن. لە مێژوی ئاگایی مرۆیدا پەیوەندیەکی پتەوە هەیە لە نێوان باخ و خودادا. ئەم پێکەوە گرێدانە، ئاماژەیە بۆ بەهەشت وەک نمونەی باڵای باخ. زۆربەی باخەکانی مرۆڤ لە بەر خەیاڵی بەهەشت دروستکراون. باخ هەوڵدانێکی دونیاییە بۆ دروستکردنی بەهەشت. بەهەشت چەمک و دیاردەیەکی ئێجگار سەرنجڕاکێشە لە مێژوی مرۆڤایەتیدا. لە ئاینی جولەکەدا جەنەتی عەدەن بە مانای باخی خۆشی دێت. بە هەمانشێوە لە ئاینی مەسیحی و ئیسلامدا جەناتی عەدەن ئەو جێگایەیە کە مرۆڤ پێش ئەوەی گوناه بکات، تیایدا نیشتەجێبوەوە و لە دۆخێکی سروشتی بێ ئەرک و کار و ڕەنج و هەوڵدا ژیاوە. بەڵام لە ئەنجامی گوناهێک باوکی مرۆڤ لەم بەهەشتە دەردەکرێت و ئیتر ناچار دەبێت خۆی مشوری خۆی بخوات و لە میانەی ئەم ماوەیەی کە هەیەتی دەبێت هەوڵی ئەوە بدات کە چۆن بگەڕێتەوە بۆ ئەو بەهەشتەی کە لێی دەرکراوە.
چیرۆکی دەرکردن و گەڕانەوە، دەکرێت بڵێین چیرۆکی بڕێکی ئێجگار زۆری کۆمەڵگا و شارستانیەتەکانە. خوداناس و بیرمەند و قەشە و کاهنەکان زۆر بە دوای شوێنی بەهەشتدا گەڕاون و لێکدانەوە زۆرە بۆ شوێنی بەهەشت. بەڵام لە سەردەمی دابرانی ئاینی ئەوروپاوە، دابڕانێک لە گەڵ لێکدانەوە ئاینیەکەی بەهەشتدا دروست دەبێت و لێکدانەوەیەکی دونیایی یان عەلمانی دێتە ئاراوە. ئەم لێکدانەوە عەلمانییە لە کۆمەڵێک فەلسەفە و ڕوانیندا بەرجەستە دەبێت، کە پوختەکەی ئەوەیە چۆن لە سەر زەوی بەهەشتێک دروست بکرێت. دەکرێت هەردوو بەهەشتەکە بە بەهەشتی باوەڕ و بەهەشتی عەقڵ پۆلێن بکەین. فەیلەسوفی ئەڵمانی ئیمانوئێل کانت هەوڵیداوە لە چەند جێگایەکەدا ڤێرژنی عەلمانی یان عەقڵانی چیرۆکی دەرکردنی مرۆڤ بنوسێتەوە. هەرە دیارترینیان وتاری سەرەتایەکی ناڕونی مێژوی مرۆڤە، کە لە ساڵی ١٧٨٦دا دەینوسێت Conjectural Beginning of Human History (1786) لە بەهەشتدا مرۆڤ لە دۆخی سروشتیدایە یان دۆخی بایولۆجیدایە، ئەوەی جەستە و ئارەوزەکانی دەیانەوێت بونی هەیە. بەڵام مرۆڤ لە بەهەشتدا ئیرادە و ئازادی و بەرپرسیارێتی و ئەرکی نیە. بەم پێیە مرۆڤ لە دۆخی بەهەشتیدا خاوەن خۆی نیە، جودایی لە گەڵ ئەوانیتردانیە، تۆپەڵەیەکە لە بون یان بونێکی گەورەتر، بەبێ بونی هیچ جوداییەکی تایبەتی.
لە ساڵی ١٩٩١ کۆمەڵگای کوردی لە باشور لە دۆخێکی ئێجگار خراپدا، لە لایەن حکومەتی ناوەندییەوە فەرامۆشکرا. ئەم دۆخی فەرامۆشکردنە، وەک دۆخی دەرکردنی مرۆڤی یەکەمە لە بەهەشت. کاتێک حکومەتی ناوەندی ئەو کاتە کوردی فەرامۆشکرد، وەهای بیرکردەوە کە ناتوانێت ژیان و ژیاری خۆی بەڕێوەبەرێت. هەرچەندە حکومەتی ناوەندی وەک دەوڵەت کۆتایی هات و چوە قۆناغی لادەولەوە. بەڵام بۆ مەبەستی پرسەکەی ئێمە لێرەدا، هاوشێوەییەک دەبینین لە نێوان دەستبەرداربونی حکومەتی ناوەندی و دەرکردنی ئادەم لە بەهەشت.
چۆن دەرکردنی مرۆڤ لە بەهەشت مرۆڤ ناچارکرا بە مرۆڤبون، بە هەوڵدان و تێکۆشان و کێبڕکێ و ململانێ و جەنگ و دۆڕان و زۆر خەسڵەتی تر، بە هەمانشێوە کە کورد ناچاربوو خۆی بەڕێوەبەرێت، ڕوبەڕوی هەموو تەنگوچەڵەمەکانی بەڕێوەبردن بوەوە. کەواتە ئازادی، یان ئازادبون دۆخێکە کە بەرپرسیارێتی و بەڕێوەبردن و ململانێی دەهێنێتە ئاراوە. مرۆڤ لە هەوڵی بۆ گەڕانەوە بۆ بەهەشت دۆزەخێکی بێوێنەی دروست کردوە. ئەو بیرە عەلمانیانەش کە بڕوایان وەهایە کە دەبێت بەهەشت لە سەر زەوی دروست بکرێت زیاتر لە ئەوەدا سەرکەوتوو بوون کە دۆزەخ دروست بکەن، هەتا بەهەشت.
بانگەشەی ئەمڕۆی گەڕانەوە بۆ بەغدا، بە هەمان ئاوازی ئاینیە کە ئێمە خۆمان وەک خۆمان ناتوانین ئیدارەی خۆمان بدەین و وەها باشترە، حوکمی خۆمان بدەینە دەستی دەسەڵاتێکی تر، یان دەسەڵاتی پێشینە. لەم پێناوەدا دەبین چۆن ڕەوایی بۆ دیکتاتۆریەت و جینۆساید و قڕ کردن و ڕاگوازتن و لاقەکردن و زۆر دیاردەی تر دەدرێت.
دیارە ڤێرژنی ئەم دیاردەیە لە باشوریش هەیە، کاتێک خەڵك دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی سەدام. زۆر خەڵك دەڵێن، ئەوە نەبێت ئازاد نەبوین هەموو شتێک هەبوو. ئەم دیدە هەمان دیدە لە ڕوانین لە بەهەشت. کۆتاییهێنان بە ئازادی و بەرپرسیارێتی، بە هەمانشێوەی گەڕانەوەیە بۆ بەهەشت لای مرۆڤ.
دیارە خەڵك هەیە چاکە دەکەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بەهەشت و خەڵکی تریش هەن زیان بە ئەوانیتر دەگەیەنن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ بەهەشت. گەڕانەوەش بۆ بەغدا بە هەمانشێوەیە.
دیارە بەغدا تەنها بە ناوەکەی باخی خودایی یان دادە، ئەگینا بۆ خەڵکەکەی جگە لە دانیشتوانی ناوچەی سەوز، یەکێکە لە دۆزەخەکانی سەر زەویی. بەڵام گەڕانەوە بۆ بەهەشت یان بەغدا چەند ڕەهەندێکی هەیە: یەکەم، مرۆڤی کورد فێرنەبوە حاکمی خۆی بێت. بۆیە سۆزێک هەیە بۆ حوکمی ئەویتر، ئەگەرچی خراپتریش بێت. ئەم سۆزە، چەند ڕەهەندێکی هەیە، کە هیچ کامیان واقیعی نین. ڕەهەندێکی نەبینی سروشتی ڕاستەقینەی بەغدایە، ڕەهەندێکی تری لە ئەنجامی پەرچەکردار و ناڕەزاییە لە خود. دووەم، وەک چۆن لە نەگەڕانەوەدا بەرژەوەندی هەندێکی تیادایە، بە هەمانشێوە گەڕانەوەش بۆ بەغدا یان بەهەشت بەرژەوەندی هەندێکی تیادایە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا مرۆڤ خۆی حوکمی خۆی بکات یان کەسێکی تر؟ یان بەمانایەکی تر، ئایا مرۆڤ لە نزیکەوە حوکم بکرێت یان لە دورەوە، باشترە؟ بە هەموو لێکدانەوەکان مرۆڤ لە نزیکەوە حوکم بکرێت باشترە.
سێیەم، خراپی حوکمڕانی کوردی، مانای ئەوەنیە کە حوکمڕانییەکی تری باشی ئامادەکراو هەیە، وەک چۆن بەهەشت ئامادەیە. لە سەر گۆی زەوی بەهەشت بونی نیە، چونکە مرۆڤ لە دۆخی مرۆڤیدایە. کەواتە هەر هەوڵدانێک بۆ سپاردنی ئەرکی حوکمرانی بە ئەویتر و چاوەروانکردنی باشە، جگە لە خۆشخەیاڵییەکی ئاینی هیچی تر نیە.
چوارهەم، ئەگەر دەتەوێت لە دۆخی مرۆڤبوندا بمێنێتەوە ئەوا دەبێت هەوڵی دابینکردنی حوکمێکی مرۆڤانە بدەی. ئەمجۆرە حوکمە لاواز و کاتیی و گۆڕاو و پڕ لە کێشەیە. هەرگیز ناتوانرێت سیستەمێکی حوکمڕانی دروست بکرێت و ئیتر پاڵی لێبدرێتەوە. ئەمە تەنها لە یوتوپیاکاندا بونی هەیە. یوتوپیاکان لە سەر ئەو بنەما نامرۆییە وێناکراون کە مرۆڤ چیدی مرۆڤ نیە، دژایەتی و ڕارایی و ترس و خاوەندارێتی و زۆر خەسڵەتی تری نەماوە.
گەڕانەوە بۆ بەهەشت دەرخەری شکستی حوکمڕانی کوردییە. ئەم شکستە هێندە ئازاری دروستکردوە کە مرۆڤ ڕابوردوو وەها بەرهەم بهێنێتەوە، کە وەک دەریچەیەک بێت بۆ واقیعی سەختی ئێستای. لە هەمانکاتدا بروابونە بە دوبارەبونەوە. دوبارە پرسێکی ئاینی و فیکریی و سیاسی گەورەیە. لە کاتێکدا دوبارەبونەوە مەحاڵە، بەڵام مرۆڤ هەوڵدەدات بروای پێی هەبێت وەک ئەفیونێک بۆ ئاسانکاری ئێستا. بەڵام ئەم جۆرە مامەڵەیە لە گەڵ حوکمی کوردیی و حوکمی عێراقیدا هیچ دەرئەنجامی نابێت. وەک چۆن بەهەشت لە سەر زەوی بونی نیە، بە هەمانشێوە حوکمڕانییەکی کامڵی بێ کێشە لە سەر زەوی بونی نیە.
قەدەری مرۆڤە لە گەڵ مرۆڤبوندا بە شەڕ بێت هەتا کەمێک زیاتر مرۆڤ بێت. ئەگەر کەمێک کانتیانە بیر بکەینەوە، ڕەنگە سەرەتا مرۆڤ بە ئامانجی بەرژەوەندی شەخسی بەشداربوبێت لە کۆمەڵگا، بەڵام لە میانەی پێکەوەبون لە خۆپەرستییەوە دەگۆڕێت بۆ لە بەرچاوگرتنی بەرژەوەندی خود و پاشان بۆ خۆنەویستی. لە پاش ئەم قۆناغانە مرۆڤ دەتوانێت ببێتە کەسێک، کە خاوەن ئەخلاقێکی عەقڵانی بێت. کەواتە بەردەوامی لە حوکمڕانی، لە فشار، لە ڕەخنە، لە مامەڵەی جڤاتیی، بنەمای ئەوەیە کە قۆرغکاریی و پەرتەوازەیی و خۆپەرستیی کۆتایی بێت. چونکە بەهەشت نیە، تەنها پەناگە عەقڵە.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
سەردار عەزیز
کەسی ئەمریکی
سەردار عەزیز
مەرگێک لە ئابسەرد
سەردار عەزیز
عیسایەک لە گەرمیان
سەردار عەزیز
لە مالی چ باسە؟

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©