چەندین لێكۆڵینەوە گرنگی دەربڕینی سۆز و خۆشەویستیان بە منداڵان سەلماندووە و ئەوەشیان پشتراستكردۆتەوە كە قبوڵكردنی  هەست و سۆزە جیاوازەكانی منداڵان و وەڵامدانەوەیان دەرفەتی سەركەوتنیان لە ژیان زیاتر دەكات و كەسایەتیان بەهێزتردەكات، پشتڕاستی ئەوەش دەكەنەوە راهێنەرە بەتەمەنەكان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ منداڵان باشترن تا ڕاهێنەرە گەنجەكان.


پرۆژە كۆمەڵایەتی و پەروەردەیەكان كە گرنگی بە گەشەپێدانی " زیرەكی سۆزداری منداڵ" دەدەن لە ژمارەیەك زۆری وڵاتی جیهان جەخت لەوە دەكەنەوە كە و ئەو كەسانەی هاوسەنگی خۆشەویستی و سۆزدارییان پێدراوە، زیاتر توانای مامەڵەكردنیان هەیە لەگەڵ فشارەكانی ژیانی رۆژانەیان لە داهاتوودا.


بەشێكی زۆری لێكۆڵینەوەكان ئەوەیان دەرخستووە كە ئەو كەسانەی سروشتی هەست و سۆزی خۆیان و بەرامبەرەكانیان دەزانن توانایان زیاترە بۆ چارەسەری كێشە ئاڵۆزەكان و بەدیهێنانی سەركەوتن لەسەر ئاستی پیشەیی و كەسی.
دەستەواژەی زیرەكی سۆزداری.


ئەم دەستەواژەیە لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو دەستی بە بڵاوبونەوە كرد دوای ئەوەی جون مایر زانای دەرونناسی ئەمریكی بەكاری هێنا، پاشان دەستەواژەكە پەرەی پێدرا بۆ ئەوەی پێناسەی توانای تێگەیشتنی هەست و دەرونی بەرامبەر و دروستكردنی كاریگەری لەسەری پێ بكرێت.

تانیا زینگر لە پەیمانگای ماكس بلانك بۆ زانستی تێگەیشتن و دەرونی لەشاری لایبزگ ی ئەڵمانی گرنگی گەشەپێدانی زیرەكی سۆزداری ڕوون دەكاتەوە، ئەو بە رۆژنامەی " دی فیڵت " ی راگەیاندووە هەستكردنی بە دۆخی خەڵكانی تر و هاوكاری و بەیەكەوە ژیانی ئاشتیانە بەهێز دەكات و گرنگی تاك بە كۆمەڵگە پتەو دەكات.
گەشەپێدانی زیرەكی منداڵ
پرۆژەی گەشەپێدانی زیرەكی سۆزداری منداڵ پشت بە زانینی ژینگەی دەوروبەر و ئاشكراكردن و دووركەوتنەوە لە تەلەفزیۆن لەخۆ دەگرێت، زۆر پرۆژە هەن كە كار لەسەر گەشەپێدانی سۆزداری منداڵ دەكەن لەوانەش پرۆژەی شانۆی بوكەڵەكان، كە منداڵەكان خۆیان بوكەڵەكان دەجوڵێنن و دۆخی دەرونی جیاجیای خۆیان لەو رێگەیەوە دەردەبڕن و بڕوا بەخۆ بوونیان زیاد دەكەن.

چەند لێكۆڵینەوەیەك گەیشتونەتە ئەو باوەرەی كە قەیرانی ئەم دوایانەی دارایی بەهۆی بوونی كەسانێكەوە بووە كە زیرەكی سۆزدارانەیان نیە و لە ناوەندە ئابوریەكانیش بەرپرسیاریەتی باڵایان هەیە، زۆر كۆمپانیا ئەو كێشەیەیان زانی، و بەهۆیەوە بەرپرسەكانیان خستە ناو خولی گەشەپێدانی زیرەكی سۆزداری و فێركردنی ئەوەی چۆن ستایشی فەرمانبەرێك دەكەن و هانی  دەدەن و پاداشتی داراییان پێشكەش دەكەن.
ویلایەتەیەكگرتووەكان زۆر گرنگی بە پرۆژەی گەشەی زیرەكی دەدات.


ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا بەیەكێك لەو وڵاتانە دادەنرێت كە زۆر گرنگی بە پرۆژەی زیرەكی سۆزداری منداڵان دەدات، بەجۆرێك ئەوانەی سەرقاڵی ئەو پرۆژەیەن دەڵێن هەر دۆلارێك كە بۆ ئەو بوارە خەرج بكرێت 11 دۆلار سودی دواتر بە كۆمەڵگە دەگەیەنێت.

خولەكانی گەشەپێدانی زیرەكی سۆزداری زۆرتر بۆ منداڵان و دایكان و باوكان دەكرێتەوە بۆ ئەوەی گەشە بەو توانایە بدەن، لەو چوارچێوەیەدا شارەزایان پێداگری لەسەر گرنگی وەڵامدانەوەی خێرای پێداویستیەكانی منداڵ دەكەن لە مانگەكانی سەرەتای تەمەن، چونكە ئەوە بەشێوەیەكی گشتی متمانە لەلای منداڵ زیاد دەكات، بەڵام ئەوە بەمانای ئەوە نیە كە خۆشەویستی زیاتر لەچەند ساڵی سەرەتای تەمەنیش بە منداڵ بدرێت.

بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی " دی فیلت" شارەزایان هۆشداری دەدەن لە رەفتاری ئەو دایك و باوكانەی كە هەم خۆشەویستی زۆر دەدەنە منداڵ و هەمیش سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێنن، چونكە ئەوە ئاستی باوەربەخۆبوونی منداڵ كەم دەكاتەوە و دەبێتە هۆی لەدەستدانی هاوسەنگی خۆشەویستی.

شارەزیان پێیان وایە ئامێًرە تەكنەلۆجیە نوێكان هۆكاری ئەوەن كە پێی دەگوترێت " هەژاری خۆشەویستی" ئەو كەسەی زۆر بەدیار شاشەی تەلەفزیۆن یان كۆمپیتەرەوە دابنیشێت، كاتی پێویستی نامێنێت بۆ پەرەپێدانی هەستەكانی بەرامبەر كەس و كار و هاورێكانی، وە پەیوەندی لەرێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی وەك فەیس بووك دەبێتە هۆی كەمی و لاوازی خۆشەویستی، بۆیە ناكرێت تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان ببنە جێگرەوەی پەیوەندی لەگەڵ خەڵك.

وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
چۆمان عوسمان معروف
ڕۆژنامەنوسی ساختە...!

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©