هەندێک شت لە زیندەگانی مرۆڤدا بەخواستی خۆی نیە،ڕەنگ،ڕەگەز، زێد،دین، کاتی مردن،نەتەوە، دواجارکوردبون جەعلێک و ویستێکی خواییە نکوڵی و هەڵاتن دادنادات،حەقیقەتی کوردایەتی داکۆکی کردنێکی دروستە بە ڕێگەو ڕێچکەو ڕێبازو میتۆدێکی ڕاست لە پێناو پاراستنی ئەم جەعلە خواییەدا، تەواو دروست و فاکتێکی بەڵگەنەویستە بەرامبەر ئەو گروپ و خەڵک و نەتەوانەی ڕەیسیزم ناخی ژەنگاوی کردون و لەڕیزی مرۆڤ بوون وەدەرکەوتون و نکوڵی لەم جەعلە خواییە دەکەن و هەموو میکانیزم و ئایدیۆلۆژیایەک تەنانەت دیماگوجیانە پرانسیپە دینیەکان دەگرنە بەر بۆ سڕینەوەی ئەم فاکتە.


هاوکات، لە هەناوی خودی نەتەوەی کورددا، گروەو دەستەیەک کوردایەتیان کردوەتە ئایدیۆلۆژیایەکی دۆگماو کاڵایەک بۆ بازرگانی و خۆدەوڵەمەندکردن و شوناسێک بۆ ڕێبازێکی دیاری کراو و هەرکەس لە دەرەوەی ئەم ئایدیولۆژیا ژەنگاویەوە بیر بکاتەوە و تەرزێکی نوێی بیرکردنەوە فەراهەم بکات،تۆمەتەحازربەدەستەکانی ناپاکی خاک و خەڵک فرۆشی وەک پرۆژەیەکی پۆپۆلیستی لە ناشرین و دژوارترین ماسکی ساختەبازیدا ئامادەگی کارای هەیە.


تەنانەت ئەو ڕێبازە نەک تەنها بۆ کورد بەڵکو کراوەتە ئایدیۆلۆژیایەک بۆ تاڵانکردن و چەوساندنەوەی پێکهاتە نەتەوەیی و ئیتنیەکانی تری خاکی کوردستان، کە ئەوانیش مافی ڕەوای گوزەرانێکی شایستەیان هەیە لە زێدی بابو باپیرانیان.


کوردایەتی حەقیقیش، پێش هەموو شتێک مرۆڤ بوونە،نابێت کاردانەوە بێت و موتوربە بکرێت بە ڕەیسیزم و شوناسێک بۆ چەوساندنەوەی ئەوانی دی، کورد دادو بێداد و قوربانیی دەستی ڕەگەز پەرستی و چەوساندنەوەبووە، ناکرێت هەمان ڕیتمی بەئایدیۆلۆژیا کردنی کوردایەتی پاساو بێت بۆ پاکتاو کردنی خەڵکی، کوردایەتی حەقیقی قوتارکردنی نەتەوەو خەڵکێکی ژێردەستەی بەشخوراوی ماف زەوتکراوی خاک سوتماک کراوە، بە مرۆڤدۆستی و ئاوەدانکردنەوەو خزمەتکردن و سەروەری یاساودەستەبەرکردنی ژیانێکی کارامەو پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستان لە نەهامەتی و داگیر کران.نەک کاڵایەک بۆ بازرگانی و شوناسێک بەباڵای خۆتاندا بیبڕن و هەرکەس لەدەرەوەی تڕۆهاتەکانی ‌ئێوە بیری کردەوە خائین و خۆفرۆش بێت.

وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
یاسین ڕەسول عوسمان
سەما کردن لەگەڵ گورگ
یاسین ڕەسول عوسمان
کۆمەڵگەی شڵەژاو
یاسین ڕەسول عوسمان
لەنێوان فۆرم و شوناس گۆڕین
یاسین ڕەسول عوسمان
هەولێر تەنها نیە!
یاسین ڕەسول عوسمان
دیارە بەغدا خۆشە !
یاسین ڕەسول عوسمان
درۆ،دەروازەی بێ متمانەیی...
یاسین ڕەسول عوسمان
ڕیسکی زەنگی گەشتەکەی کازمی
یاسین ڕەسول عوسمان
خەمێک بۆ پەروەردە

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©