ئاڵاکەی ئێمە، ئاڵایەکی بێ خاوەن و بێ کەسە، نە کەس خاوەنیەتی، نە کەسیش دانی پێدادەنێت، تایبەتیش نیە بە هیچ قەبیلە و بنەماڵە و تاقمێک و گروپێک، هی قەومێکی نەبوی سەر گۆی زەوییە، ئەو قەومە وەک ئاڵاکەی بێ خاوەنی فرە خاوەنە.


پارچە پەڕۆیەکی بێ خاوەنی زوڵملێکراو، گیری کردوە بە دەست خاوەنە پاوانخوازەکانی حزبە فشۆڵ و ستەمکەرەکانەوە، ستەم لە نەژاد، لە قەومیەت، لە خاک، لە خەڵک، لە نیشتیمان، لە پاڵ و لە ژێر ئەم ئاڵا بێ خزم و کەسەدا دەکرێت.


لە ژێر ئەو ئاڵایەدا بێگانە حورمەتی شکاندوین، دز ماڵ و خاکی بردوین، جەردە تاڵانی کردوین، مافیا دەستی بڕیوین، بێگانە خاوەن ماڵ و ئێمەش میوان، لەژێر ئەو ئاڵایەدا سکمان برسی و دەستمان لەرزۆک و پشتمان چەماوە.


لە ژێر ئاڵادا خیانەت پیرۆز دەکەن، ٣١ی ئاب پیرۆز کرا، ١٦ی ئۆکتۆبەر بە پیرۆز دانرا، لە ژێر ئەم ئاڵایەدا جەرگی دایک سوتێنراوە و باوکی ماندوش ناخی بە خەمێکی تەماوی داپۆشراوە، بینیتان لە ژێر ئاڵادا گولەی بیکەیسیەکەی سەر بانی لقی چواری پارتی ئەو شەقامەی بەردەم پاڵاسی چۆن سور کرد؟ لە پەنای ئەم ئاڵایەدا شێروان شێروانی و بەدەل بەرواری دەستگیر دەکرێن و دز و مافیاکانیش لە خیابان و لە نێو شادرا عەرز دەکەن، ڕۆشنبیر وعەدالەتخوازەکان ئاوارە دەبن و دەستگیر دەکرێن و تاڵانچیەکانیش بە ئاڵا خۆیان پیرۆز و گەورە دەکەن.


لە سایەی ئاڵاوە مامۆستا شەقی تێهەڵدرا، گەنج کوژرا، خەڵک گیرا، بێ نان کراین، نەخۆش کەوتین، نیشتیمان فرۆشرا، گەنج ڕای کرد، مەرز داخرا، سنور گیرا، فڕۆکەخانە و ئاسمانی وڵات بێدەنگ و وڵات بەیەکجاری خنکێنرا.


بینیتان لە ژێر ئەم ئاڵا نەشەکاوەیەدا، شەقامەکان چۆن سور کران لە خوێنی گەنجان، بینیتان وەک دڵۆپە بارانی پاییز چۆن تک تک کوردستان خوێنی لێ دەتکا، وەرین تەنها گەڵای پاییز نەبوو، گەنجەکانی وڵات و شاریشمان دەوەران.

ڕۆژێک ئاڵا ئارامی و ئاسودەیی بۆ باوکێکی ماندو، گەنجێکی نەدار نەهێناوە، خەڵک چ لە ئاڵایەک بکات لە پەنایدا خیانەت بە خیانەت بەناوی ئەوەوە پیرۆزی دەکەن، ئاڵا خاوەنەکانت لە ناوخۆدا شێری برسین و یەکتری دەخۆن، لە دەرەوەش ڕێوی و کەمتیارن. ڕەزوان یاڵانپێی خوێندکاری دکتۆرای مێژوو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©