بە درێژایی سەردەمەکانی مێژوو مامۆستا خاوەنی پەیامێکی زۆر گرنگ و پیرۆز بوە، هەر لە کۆنەوە بە چاوێکی پڕ لە ڕێز و شکۆداریەوە لە مامۆستایان ڕوانیوە، ئەم پەیامەشە ڕێز و پیرۆزی بە مامۆستا بەخشیوە، مامۆستا گۆڵێكی گه‌ش و بۆنخۆشی هه‌میشه‌ به‌هاره‌، به‌گوڵاوی بۆن و به‌رامه‌ خۆشی زانیاری خوازیاران مەست دەکات.

لە زۆربەی کۆمەڵگاکاندا بە کۆمەڵگای کوردیشەوە مامۆستا پێگە و پایەیەکی گرنگی هەبوە، زۆر لە تەعریفەکاندا ستایش و گەورەیی مامۆستا وێنا کراوە، هێنده کەسایەتی بەرز بوە لە زۆربەی لادێ و دێهاتەکاندا بەدەر لە پیشەکەی خۆی توانیویەتی ڕۆڵی مەلای ئاینی، پیاوماقوڵ، دەم ڕاست...

ببینێت. بیستومانە و بینیومانە کە مامۆستا لە کوردستاندا بەتایبەت لە ڕۆژگارە سەختەکان بێ بەرامبەر ئامادەبوە ڕێگایەکی دوریش ببڕێت تاوەکو بتوانێت پیشەکەی خۆی بە جوانی و باشی بگەێنێتە نەوە چاوگەشەکان، بە گیرفانی خاڵی بەڵام بە دڵێکی ئێجگار سافەوە، بە سەلیق و هەستێکی تایبەتەوە بە زانیاری و پەروەردەوە نەوە لە دوای نەوەی پێدەگەیاند.

لە دونیای نوێ و مۆدێرن و تەکنۆلۆجیای پێشکەوتودا، زۆربەی مامۆستایان لە هەرێمی کوردستاندا ڕێگا ڕاستەکەی خۆیان ون کردوە، ڕاستتر بڵێین لە سەر سکەی مامۆستایی لایانداوە و تێکەڵ بە ڕێچکۆڵەکانی تر بوە، ڕێگای خوێندنەوەی ون کردوە، ڕێگەی مەعریفەی داخستوە، ڕێگای عیلم و ئەدەب و داهێنانی کوێر کردۆتەوە.

ڕۆژانە گوزەرێک بە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بکە، دەگمەن دەتوانیت ئەکاونتی مامۆستایەک لە چینەکانی دیکە جیا بکەیتەوە، مامۆستا دەبێ لە مەجال و پسپۆڕی خۆیدا قوڵ ببێتەوە و دیدگا و بۆچون و زانیاریەکانی عیلم و قسمەکەی خۆی دابنێت، تا خەڵکی بە گشتی سودمەند ببن. ئەسەف کە زۆربەی مامۆستا نەیتوانیوە ئەم ڕۆڵە بگێڕێت، لەوە سلبی تر سەرقاڵی دانانی کۆمەڵە ڕستەیەکی دوبارە کراوەی سواو لە لایەک و لەلایەکی دیکە هێندە مەشغوڵی تەعلیق و نظریه و پۆستی لاوازە، خۆی خستۆتە بەرەی ڕەخنەی چینەکانی تری کۆمەڵگا.

یەک لەو کارەساتبارانەی دیکەی ئەمڕۆی زۆربەی مامۆستایان، وێنەی پڕۆفایلی شەخسی و کەسایەتی خۆی واڵا کردوە بە وێنەی کەسانی حزبی و ئەشخاصه سیاسیەکان، مەرگبارترین کاریش ئەوەیە کە زۆربەی ئەو سیاسیانە نەخوێندەوار و بێ بڕوانامەن، مامۆستایەکی خاوەن بڕوانامەی بەرز بە گۆڕینی وێنەکەی شانازیەکی گەورەی پێوە دەکات.

بە گوزەر ڕێم کەوتە ئەکاونتی کۆمەڵێ مامۆستای پەروەردە و زانکۆوە، تەعلیق و پۆستەکانیان یا شانازی بە حزبی بونەوە بو، یاخود ڕاستر بڵێین کەسایەتی حزبیەکەی لە کەسایەتی ئەکادیمیەکەی زاڵتر بوو، لەم کاتەدا کەمتر دەتوانرێت ئەکاونتی شەخسی مامۆستایەک لە چینەکانی دیکە جیا بکرێتەوە. دوو قسەی کۆتایی: یەکەم بەڵێ مامۆستا هەر وەک چینەکانی تری فەرمانبەری لە حکومەت و کاری میریدا حەق و مافی خۆیەتی حکومەت بەوپەڕی لێپرسراویەوە ژیانی تامین بکات و مافی ئاسایی خۆی پێ بدات، چونکە مامۆستا چرایەکی داگیرساوی هەمیشە گەشە، تیشکی گەشی زانست و زانیاریە، نابێ بهێڵرێت ئەو تیشکە گەشە خامۆش بکرێت، مامۆستاش لە بون و نەبوندا دەبێ خۆی دەوڵەمەند بکات بە زانست و مەعریفە.

دوەمیش بەڵێ تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش جێگای پەند و قسەی ناب و وێنەی جوان و ڤیدێوی سەرنجڕاکێش و پێکەنین و شادین، لەتەک ئەمانەشدا بە پێی بەهرە و پسپۆڕیەکەت هەوڵ بدە خوێنەر بۆ لای خۆت ڕاکێشیت و پەیامی جوانی و ڕاستەقینەی عیلم و زانستەکەت با تیشکەکەی هەمیشە پرشنگدار بێت.

 

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©