لەدەرەوەی تاران بە (٧٠) کیلۆمەتر، لەچیاکانی دەماوەند، دووشەممەی رابردوو، موحسن  فەخریزادە مهابادی، لەڕووداوێکی ئاڵۆزی فلیم ئاسادا کوژرا،  کەس ئەوەندە لەسەر موحسن نازانێت، لەدایکبووی  شاری قوممە، هەندێک دەڵێن ١٩٥٧و هەندێکی تر دەڵین نەخێر ساڵی دوایی لەدایکبووە، کەسێکی دیار نەبوو، هەتا گۆڤاری فۆرن پۆڵەسی لەساڵی ٢٠١٣ وەک کەسێکی کاریگەر پۆلێنی کرد لەئاستی دونیادا، لەبەر رۆڵی لەپرۆسەی چەکی ئەتۆمی ئێراندا، پاشان نەتانیاهۆ ناوی هێنا، ئەو بەباوکی چەکی ئەتۆمی ئێران لەقەڵەمدەدرێت.  یەکەم کەس نیە لەو بوارەدا کاربکات و بەڕووداوی گوماناوی بکوژرێت، بەڵکو شەشەم کەسە. لەڕاپۆرتی مەرگیدا دیسانەوە باس لەکوشتنی قاسم سلێمانیش دەکرێت، قاسم ئەندازیاری هەژمۆنیەتی ئیرانی بوو لەناوچەکە، موحسن باوکی ئەو سیستەمەیە کەئێران دەپارێزێت، ئێران بەبێ چەکی ئەتۆمی ناتوانێت بەئاسانی هەژمۆنیەتی هەبێت.
بەڵام مەرگی فەخریزادە تەنها لەبەر ئەوەنیە کەباوکی چەکی ئەتۆمی ئێرانە، بەڵکو ئاڵۆزیی تر زۆر لەو رووداوەدا هەیە، ئەم کوشتنە وەک ئەو مردنانە وەهایە کە لەڕۆمانەکانی ژانڕەی تاواندا دەیخوێنینەوە، ئەم مەرگە پڕ توێژاڵە چ لەڕووی کات و شێوازی ئەنجامدان و ئامانج و کاریگەرییەکانی لەسەر هاوسەنگی و رەفتاری هێزەکان لەناوچەکە، بەڵام لەسەرووی هەموویەوە رووداوێکی پڕ لەئاماژەیە بۆ داهاتووی ناوچەکە.
بۆ لەئێستادا ئەم کوشتنە روویدا؟
دونیاو ناوچەکە لەڕۆژگارێکی راگوزەردا دەژی، ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکی دژە ئێران، هەڵبژاردنی دۆڕاندووەو کەمتر لەدوو مانگی ماوە لەئۆفیسدا. کۆمەڵێک ئاماژە هەیە کەئەگەری هەیە ئیدارەی بایدن رێککەوتنامە ئەتۆمییەکەی سەردەمی ئۆباما ببوژێنێتەوە، بەڵام ئیسرائیل و عەرەبەکان (سونییەکان)  بەئەمە دڵخۆش نین. بۆیە ئامانجی هەرە سەرەکی رووداوەکە کوشتنی فەخریزادە نیە وەک کەس، بەدڵنیاییەوە ئەوە گرنگە، بەڵام بەکارهێنانیەتی وەک کارتی فشار بۆ ئەوەی ئێران ناچاربکرێت پەرچەکرداری هەبێت و لەئەنجامدا ئەو پەرچەکردارە دۆخێکی وەها بهێنێتە ئاراوە کە بایدن نەتوانێت باس لە بووژانەوەی رێککەوتنامەکە بکات.
دیارە ئەم روانگەیە کە زاڵە بەسەر شیکاریی رووداوەکەدا، بێ کێشە نیە، چونکە ئەستەمە بتوانرێت لەماوەیەکی کەمدا کارێکی وەها ئاڵۆز، مەبەست کوشتنی موحسن رێکبخرێت، کەواتە تەنها رەنگە رێککەوت بێت، کە ئەم کوشتنە کەوتووەتە ئەم کاتەوە. 
ئەم کوشتنە ئێران دەخاتە بەردەم بژاردەی یان بێبژاردەیی سەختەوە. وەڵامدانەوەو وەڵامنەدانەوە هەردوو ئاڵۆزی خۆیان هەیە، نەیارانی ئێران لەناوچەکە لەدۆخێکی وەهادا، ئێرانیان خستووەتە گۆشەیەکەوە هەرچیەک بکات براوە نیە. ئەمە یارییەکی ستراتیژی و سەربازیی و جیوپۆلەتیکی سەختە.
ئێران لەدۆخێکدایە کەئەگەر وەڵامبداتەوە، وەڵامەکەشی دژ بەئیسرائیل بێت، ئەوا بەهانە بەئیسرائیل دەدات بۆ لێدانی، ئەگەر وەڵامنەداتەوە ئەوا زەمینەی واقیعێک دەخوڵقێنێت کە ئیسرائیل بەبێ نیگەرانی یان لەبەرچاوگرتنی هیچ مەترسییەک بەردەوام لەئێران بدات نەک لەسوریا و لوبنان و جێگاکانی تر، بەڵکو لەدڵی ئێراندا.
لەهەمانکاتدا رووداوەکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کەپلانی دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئێراندا کارێکی ئاسان و بێڕکابەر نابێت.
چۆن کوژرا؟
رەنگە کوشتنی فەخریزادە یەکەم کوشتنی لەو جۆرەبێت، لەڕوی تەکنیکییەوە، دەتوانین ناوی بنێین کوشتنی AI یان زیرەکی دەستکرد.
لەساڵانی رابردوودا تەکنەلۆجیا ئەنجامدانی جەنگی بەشێوازێکی رادیکاڵ گۆڕی، چیدی جەنگ لەنێوان جەنگاوەراندا بەڕێوەناچێت، بەڵکو جەنگ وەک جۆرێک لەیاری پلەی ستەیشنە. مرۆڤەکان لەجێگا دوورەکانەوە لەشوێنە سەلامەت و بێ مەترسییەکانیان، جەنگەکان لەجێگا دوورەکان بەڕێوەدەبەن. دوورکەوتنەوەی مرۆڤ لەجەنگی رووبەڕوو پرسێکی گەورەی ئەخلاقی و سەربازیی  هێناوەتە ئاراوە، کوشتن لەدوورەوە یان بەڕیمۆت کۆنترۆڵ، کوشتن بە درۆن، هەبوونی توانای چاودێریی ناکۆتا، هەموو وەهایکردووە کە مەیدانی جەنگ بۆ هەمیشە بگۆڕێت. کوشتنی فەخریزادە بەو جۆرە دەرخستنی باڵایی تەکنەلۆجیایە، پێش هەموو شتێک. ئەم ئاماژەیە لەهەمانکاتدا دەرخەری ئەوەیە کەئەو توانایەی تەکنەلۆجیا دەیبەخشێت سنوری  نیە و ناتوانرێت ێگری لێبکرێت. کوشتنی فەخریزادە لەشاری ئابسەرد ئاوێکی سارد بەدڵی نوخبەی سیاسی و سەربازیی ئێرانیدا دەدات کەئەوانە لەبەردەم سیستەمێکی باڵان لەئامرازی جەنگ.
بەڵام بوارێکی تری ئێجگار هەستیار جێگای تێڕامانە، ئایا چۆن هێزو لایەنە نەیارەکان دەستیان دەگات بەئەو هەموو زانیارییە هەستیارانە دەربارەی کەسانی گرنگی ناو سیستەمی ئاسایشیی و حوکمداری ئێرانی. بەگشتی چاودێران ئەگەری سێ بژاردە دادەنێن: یەکەم، دەکرێت سیستەمی ئاسایشی ئێرانی هێندە شپرزەو پەرتەوازەبێت کە بەئاسانی زانیاری دزە بکاتە دەرەوەو هێزە دەرەکییەکان بگەنە ناوی. دووەم، دەبێت سیستەمی ئەلیکترۆنی ئێرانی هێندە لاوازبێت کەبتوانرێت لەلایەن ئەوانی ترەوە دزە بکرێتە ناوی و هەموو زانیارییەکان ببرێت. سێیەم، دەکرێت لەهەناوی سیستەمی ئاسایشی ئێرانیدا خەڵک هەبێت کەکار بۆ هێزی دەرەکی بکات.
 دەکرێت هەموو ئەمانە بەیەکەوە بن. بەڵام هەبونی زانیاریی  ورد لەسەر شوێن و  کاتی جوڵەی کەسێکی وەک موحسن دەرخەری ئەوەیە کەزانیاری لەدڵی سیستەمی ئاسایشی ئێرانییەوە دەگاتە دەرەوە. ئەمەش مایەی پەشۆکانە بۆ سیستەمەکە و لەهەمانکاتدا جەنگێکی دەروونی گەورەیە.
بژاردەکانی بایدن؟
بێرنی ساندەرس کرداری کوشتنی فەخری زادەی سەرکۆنە کرد. لەتویتێکدا داوای ئەوەی کرد کەدەبێت دیپلۆماسی رێگاچارەبێت نەک تیرۆر. ئەم هەڵوێستە دەرخەری ئەو دۆخە سەختەیە کە بایدن نەک تەنها لەگەڵ نەیارەکانیدا، بەڵکو لەگەڵ پارتەکەی خۆیدا تیایدا دەژی. ئەم دۆخە ئاڵۆزە لەو کێشانەدا دەبینین کە لەدەستنیشانکردنی وەزیری بەرگریدا بایدن رووبەڕووی دەبێتەوە، باڵی چەپی دیموکرات نایانەوێت کەسێک ببێت بەوەزیری بەرگریی کە نزیک بێت لەکۆمپانیاکانی چەک و لۆبییەکانی چەک. زۆرجار روودەدات کەکەسانی نزیک لەلۆبییەکانی چەک دەبنە بەرپرسی  وەزارەتی دەرەوە. لەسەردەمی ترەمپدا، گەرچی ترەمپ پەیمانیدا کەزۆنگاوەکە وشک بکات، بەڵام دوا وەزیری بەرگریی لەدڵی لۆبیی چەکەوە هاتبوو.
ئەو ئافرەتەی کە بایدن نیازی هەبوو بۆ پۆستی وەزیری بەرگریی دایبنێت بەکەسێکی نزیک لەلۆبی چەکەوە دەبینرا لەلایەن باڵی پێشکەوتووی پارتی دیموکراتەوە، بۆیە هەتا ئێستا ئەو پۆستە یەکلایی نەکراوەتەوە. بەڵام لۆبیی ئیسرائیلی و سعودی و کۆمارییەکان و فشاری دۆخی ناخۆ رێگە نادات بەئاسانی لەماوەیەکی دەستوبرددا پرسی دانوستانی ئێران ببێتە پرسێکی سەرەکی ئیدارەی بایدن، وەک کوشتنی فەخری زادە دەریدەخات کە نەیارانی ئێران دەستەوەستان نابن لەهەنگاوەکانیان و هێشتا مانگ و نیوێک ماوە بۆ ئەنجامدانی کاری زیاتر.
دەرئەنجامەکان
وەها دیارە ئامانجی نەیارانی ئێران لەناوچەکە ئەوەیە کە بەهەموو شێوەیەک رێگریی لەئەوە بکەن ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی. ئێرانیش ئامادەیە هەموو هەوڵێک بدات لەپێناو بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.
چەکی ئەتۆمی بۆ ئێران وەک قەڵغانێک دەبینرێت کە دەیپارێزێت لەفشارو دەستوەردان و رێگەی بۆ خۆشدەکات هەتا بگەڕێتەوە ناو سیستەمی ئاسایش و ئابوری ناوچەکە. لەدۆخێکی وەهادا ململانێ  بەردەوام دەبێت، ئەم ململانێیە بەگشتی بەشێوازی ناڕاستەوخۆ بووە هەتا ئێستا، بەڵام پاش کوشتنی سولەمانی و فەخریزادە وەها دیارە ئێمە بەرەو قۆناغی راستەوخۆ دەچین بەڵام بەشێوازێکی تایبەت لەڕێگای ناڕاستەوخۆوە، ئەمە لەکاتێکدایە کەناوچەکە لەسەردەمێکی تایبەتدا دەژی.
 عەرەب لەناوچەکە زۆرینەن، بەڵام خاوەن هیچ دەسەڵاتێکی راستەقینە نین، ئەم بێدەسەڵاتییەی عەرەب زەمینەی بۆ  ئیسرائیل رەخساندووە کەڕۆڵی جەمسەرێکی هەرێمی ببینێت، ئەمەش وەها دەکات کەناوچە عەرەبیەکان گۆڕەپانی ململانێکان بن، عێراق و سوریا لەم دۆخەدا وەک دوو گۆڕەپانی ململانێ دەمێننەوەو بەگۆڕەپان بوونی ئەم دوو وڵاتە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کورد هەیە.
چەند هەفتەی داهاتوو ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانییە، ئەمریکا بەشێک لەکارمەندانی دیپلۆماسی دەباتە دەرەوە، هەروەها لەهەفتەی داهاتوودا بڕێکی تر لەسەربازەکانی دەکشێنێتەوە، ئێمە لەبەردەم هاوکێشەیەکی ئاڵۆزداین، ناوچەکە هەتابێت زیاتر ئاڵۆزدەبێت و لەهەمانکاتدا گرنگی بۆ ئەمریکا کەم دەکات.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
سەردار عەزیز
کەسی ئەمریکی
سەردار عەزیز
عیسایەک لە گەرمیان
سەردار عەزیز
لە مالی چ باسە؟

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©