لە سایەی دەسەڵاتێکی فاشیل و دزێودا سی ساڵە گەلی کوردستان شەهید دەدات، دەکوژرێت، ڕا دەکات، برسیەتی، دەمرێت، کۆچ دەکات، وڵات بەجێ دەهێڵێت، ئەنفال دەکرێت، کیمیایی بەسەریدا دەکرێت، هیلاک دەکرێت، کەراماتی دەشکێنن، بێکار دەکرێت، نەخۆشی دەخەن، بێ پارەی دەکەن، ژیانی تاڵ دەکەن، ڕوناکی لێ دەکەنە تاریکایی، ئەوەتا موچە و پارەشی نادەنێ.


لە نەمانی پارە و بێزاری ژیان و بێ باکی دەسەڵاتداران کۆمەڵێک دیاردەی دزێو سەرهەڵدەدەن کە جێگای مەترسی گەورەن بۆ یەکەی خێزان و کۆمەڵگا، دەسەڵات هۆکاری ڕاستەوخۆی سەرهەڵدانی ئەو دیاردانەیە.


نەبونی پلان: سیاسی و دەسەڵاتدارەکان هیچ پلانێکیان نیە بۆ خۆش بژێوی میللەت، بگرە بە پێچەوانەوە حکومەت بارگرانیەکی گەورەی بەسەر خەڵکدا هێناوە، بێ موچەیی، نەبونی کارەبا و سوتەمەنی، چۆڵی گوندەکان و نەبونی ڕێگای هاتوچو، بێکاری، گرفتی هەرە گەورەن، نەبونی پلان ڕاستەوخۆ کاریگەری سلبی دەکاتە سەر ژیانی هاوڵاتی.


بێ موچەیی: لە نەبونی پلان و سیستمێکی دروست و بێ باکی حکومەت بێ موچەیی سەرهەڵدەدات، لە نەبونی پارەی کاشت بازاڕ دەروخێت، کە بازاڕ لاسەنگ بوو قەیرانی گەورە بەرۆکی هاوڵاتی دەگرێت.
بێکاری: پارە لەبازاڕ و لای خەڵک نەما بێ گومان بێکاری دروست دەبێت، خەڵک کاری دەست ناکەوێت، کە کاریش نەما خەڵکێکی زۆر بێ ئامانج و بێ هیوا دەسوڕێتەوە، بازاڕ دەوەستێت، وڵات بێ بەش دەبێت لە هێزو بازوی گەنج، چونکە لە بێکاریدا ناچارە ملی کۆچ بگرێتەبەر.


هەژاری: لە بێ موچەیی و بێکاریدا بێ گومان هەژاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت، خەڵکیش کە هەژار بوو، برسی بوو، تینوی بوو، دەست بۆ جۆرەها دیاردەی قێزەون دەبات، بۆ جەنگ، بۆ پیاو کوشتن، بۆ موعتادی، بۆقاچاخچیەتی، چونکە نایەوێ خۆی و منداڵەکانی لە هەژاریدا بمرن، دەست بۆ هەموو کارێکی ناڕەوا دەبات.


دزی و جەردەیی:
هەژاری هۆکارێکی ڕاستەوخۆی سەرهەڵدانی دزی و جەردەییە، بێ گومان نەبونی وا لە مرۆڤ دەکات سەر بکێشێت بۆ کارانی خراپ، بە تایبەت دەست دەبات بۆ دزی کردن، دزی لە خەڵک و لە بازاڕ و لە حکومەت، دزیش کارێکی بەدفەڕە و هەموان تێیدا زەرەر دەکەین.


قاچاخچیەتی: بێ پلانی حکومەت و برسی کردنی خەڵکی هۆکارێکە بۆ سەرهەڵدانی قاچاخچیەتی، لە قاچاخچەتیشدا هێنانی جۆرەها دەرمانی مرۆڤ کوژ و پڕ کردنی کوردستان لە مەوادی سەرخۆشکەر و تریاک کە زیانێکی گەورە به کۆمەڵگە دەهێنن و هەموان بەیەکەوە زەرەری تێدا دەکەین. کوشتن: هەژاری نەریتێکی ترسناکە، هەر بۆیە ئیمامی علی دەفەرموێ هەژار پیاوێک بوایە دەمکوشت، ئەم وتەیە مانای ئەوە دێت هەژاری کۆمەڵکێک دیاردەی قێزەون و تاقەتپڕوکێن بە دوی خۆیدا دەهێنێت، یەک لەوانەش لە هەژاریدا پیاو کوشت دەست پێدەکات، خەڵک هەیە هێندە هەژارە بۆ بڕێک پارە ئامادەیە پیاو بکوژێت.

بە دڵنیایەوە ئەم بێ خەمیەی حکومەت و ئەم هەژاریی و نەداریەی خەڵکی بەردەوام بێت ئەمانە دەبنە نەریت و دیاردە و بنبڕکردنیان ئەستەمە، بۆ ئەوەی لە خەمی یەکەی خیزان و کۆمەڵگا بە گشتیدا بین دەبێت ئەم بێ متمانەیەی حکومەت چارەسەر بکرێت و هەر چی زوە بە تەنگ خەڵکیەوە بێت.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©