"لە پەراوێزی داخستنی مارکێتە گەورەکەی کوردستان (پەرلەمان) چەند ڕستەیەک" ڕای پزیشکان و عیلمی پزیشکی وایە، پاک و خاوێن بە، نظافەتی خۆت ڕابگرە، خود پارێز و خەڵک پارێزبە، دەرمانێکی باش و چارەسەرێکی گونجاوی نەخۆشی کۆرۆنایە، واتە پاک و خاوێنی دەتپارێزێت لەو جۆرە ڤایرۆسە، بەڵام کۆرۆنای سیاسی ئافەتێک و بەڵایەکی گەورە بەسەر خەڵکی بە گشتیدا دەهێنێت، بە هیچ جۆرە دەرمانێکی ڤاکسین چارەسەر نابێت.

کۆرۆنای سیاسی چیە: سێ دەیەیە (۳۰) ساڵە کۆرۆنای سیاسی لە هەرێمی کوردستان نوساوە بە یەخەی هەر کەسێکمانەوە، قوڕگی گرتوین و خەریکە خەفاندنمانە، وەک تۆزێکی چڵکن و پیس بە سەر قژ و موی جەستەمانەوە نوساوە، هێندە چڵکنە بە هەزارەها پاکژکەرەوە و ئاوی ساز پاک نابێتەوە، سەراپای کات و ژین و ژیانی داگرتوین.

کۆرۆنای سیاسی خەتەرناکترین جۆری ڤایرۆسی کۆرۆنایە، ببینن ئەم نەخۆشیە چ بەڵاو دەردێکی بەرهەم هێناوە:

یەکەم/ جەنگێکی درێژخایەنی نێوخۆیی، کە بە هەزارەها گەنجی بێ تاوان لە پێناو بەرژەوەندی ئاغایاندا سەریان نایەوە.

دوەم/ بێوەژن خستنی چەندین ئافرەتی کەم تەمەن و هەتیو خستنی منداڵانی بێ ناز و سوتانی جەرگی دایک وچەمانەوەی پشتی باوکان.

سێیەم/ بڵاوکردنەوەی بێکاری و بەتاڵ کردنی گیرفانی گەنجان.

چوارەم/ بونە هۆی کۆچپێکردن و ئاوارە کردنی هەزاران هەزار گەنج و لاو و دورخستنەوەیان لە نازی دایک و باوک و باوەشی نیشتیمان.

پێنجەم/ گەندەڵی و فەسادی ئەخلاقی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، گەندەڵیەکە بۆنی کردوە و گەنیوە.

شەشەم/ هەژاری و کەم دەرامەتی خەڵکی بەهۆی نادادی و ستەمی دەسەڵاتدارانەوە.

حەوتەم/ کاڵبونەوەی ئێنتیمای قەومی و زاڵبونی ئینتیمای حیزبی، کوردایەتی بۆتە درۆیەکی شاخدار.

هەشتەم/ شارچیەتی بە نێوی حزبایەتیەکی قێزەونەوە.

نۆیەم/ دەوڵەمەندبون و سکپڕبونی کۆمەڵێ سیاسی و دێوەزمە.

دەیەم/ دامەزراندنی کەسانی حزبی و ناشایستە و بێکارخستنی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان.

یانزە/ پێشێڵ کردنی دەقەکانی یاسا و دەستور.

دوانزە/ کوێربونەوەی ڕێگاکانی هاتوچۆ.

سیانزە/ دزینی نەوت و سامانی گشتی.

چواردە/ تیرۆر کردنی ڕۆژنامەنوسان.

پانزە/ نەدانی بودجە و موچە.

شانزە/ زیاد کردنی کۆیلە و بەردە و ماستاوچی لە پێناو پیرۆز کردنی حزب.

حەڤدە/ شکاندنی کەراماتی مامۆستا و کارمەندان.

هەژدە/ گرانی نەوت و بەنزین.

نۆزدە/ نەبونی بڕی کارەبای پێویست.

بیست/ داخستنی پەرلەمان. بێ حورمەت کردنی دەزگایەکی گەورەی یاسادانان لە ژێر بیانوی جۆراوجۆر و ناوی نەخوازراوەوە، تەنها لەبەرئەوەی ئەو دەزگایە حزب و سیاسەتە بۆگەنیەکەی کوردستان ڕێگە نادات بە کاری سەرەکی خۆی هەڵسێت، هەر جارەو بە بیانویەک و هەر حزبێک بە ئارەزوی خۆی هەڵدەستێ دایدەخات، کەواتە ئەو بینا گەورەیە دەڕابەیەکی پێویستە بۆ داخستن و کردنەوەی وەک دەرگای ئەو مارکێتە گەورانە کە لە نێو شارەکاندا هەن.

دەزگایەک نەیتوانی بێت متمانە لە سەرۆک وەزیرانێک، وەزیر و گزیرێک، تەنانەت بەڕێوەبەرێکی گشتی بسەنێتەوە، دەزگایەک نەتوانی بەرگری و دیفاع لە هەیکەلی و باڵای خۆی بکات، دەزگایەک بوبێتە شوێنی حەوانەوەی حزب و حکومەت، یا خود ڕاستر بلێین دەزگایەک بارەگایەکی دیکەی ناوچە و لق و مەڵبەندەکان بێت، بۆ ڕوخاندن و داخستنی یەکجارەکی باشە و یاخود بدرێتە کرێ با کەسانی دیکە سودی لێ وەربگرن.


بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©