کێشەیەکی گەورەیە، دەسەڵاتەکانی هەرێمی باشوری کوردستان تەنیا ئەجێندای پارتی دیموکراتی کوردسان جێبەجێدەکەن. ئەمڕۆ بەڕوونی دەبینین، لە حکومەت و زۆرینەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و، سەرۆکی هەرێم بەناوی خۆیان و بە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان، پەلاماری پەکەکە دەدەن، ئیدانەی دەکەن و ڕەوایەتی بۆ شەڕی دژی ئەو هێزە دەهێننەزمان.

کێشەی هەیمەنەی خۆسەپێنەرانەی پارتی بەسەر دەسەڵاتەکانی هەرێم و، پابەندی بە سیاسەتی تورکیای ئەردوغانی فاشیستەوە، تازەنییە، ڕەهەندی ئابوریی، وزە و ئەمنی و سەربازیی هەیە. ئەو حیزبە تازەنییە لەوەی مایەی کێشە و شکست و لەدەستدانی دەستکەوتە بەدەستهاتووەکانی کورد و کوردستان بێت. بەرپرسیارێتی هێزە سیاسییەکانی دیکەیە لەوە تێبگەن، یا پێویستە تێگەیشتبن، پارتی لەمێژووی ئێمەدا، زیاتر لەکۆی هێزەکانی تر بێ پرەنسیپ و بێ بەهای سیاسی و نیشتمانی بووە.

دەیان نمونەی بێ پرەسیپی لەئارادایە. بێ پرەنسیپی ئەوەیە، هیچ شتێک نەبێ لە هیچ کردەوە و ڕەفتارێکی سیاسی، نائەحلاقی، نایاسایی و نانیشتمانی بتگێڕێتەوە. کەوایە لانی کەمی ئەرک و بەرپرسیارێتی حیزبە سیاسییەکانی تر، بەتایبەت یەکێتی و گۆڕان، تەبعەن ئەگەر نایانەوێ لەوە زیاتر پاشکۆی سیاسەتی شەڕخوازانەی پارتیبن، ئەوەیە بۆچونی ڕاشکاوی خۆیان لەبارەی ئەو شەڕەوە بەدەنگێکی دلێر و ڕادیکاڵیانە ڕابگەیەنن؛ لەگەڵ ئەمانەدا هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە ڕەوشێکی ئەوها ترسناکدا، کە شەڕی براکوژییان هێناوەتەوە بەردەرگامان، دەبێت حەقیقەتی جیاوازیی خۆیان بسەلمێنن.

بەپێچەوانەوە دەبنەبەشێک لەو سیاسەتە شەڕخوازە تاکلایەنە حیزبییەی هەڵگریی ئەجێدای تورکیای فاشیستی دژە کوردە. قسەکردنمان لەبارەی هەڵوێستی حیزبە سیاسییەکانەوە، مانای وانییە نەیانناسین و فشەڵی و دۆڕان و شکستی ناوخۆیی خۆیان و، سیاسەتیشیان لە فەزای گشتیدا بەباشی نەبینین، کە خوڵقێنەریی نائومێدییە گەورەکانی ئینسانی ئێمەن.

قسەکانمان لەو واقیعەوە سەرچاوەدەگرێت، ئەو حیزبانە هەن و ئێستا شوێنی خۆیان لە پرۆسەی سیاسی و لەناو جەماوەریشدا هەیە. هەر بۆیە بەرمەبنای ئەو هەبوونەیان بەرپرسیارێتی ڕاگرتنی پارتییان دەکەوێتە ئەستۆ، بەرپرسیارێتی دووبارەنەبوونەوەی شەڕی ماڵوێرانکەر و ئابڕووبەری ناوخۆیان لەئەستۆدایە.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©