بڕیاری ئەنجام دانی ڕیفراندۆم لە ڕۆژی 7ی حوزەیرانی 2017ز لە کۆبونەوەی سەرجەم حزبە کوردستانیەکان جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی درا و سەرۆکی هەرێمی ئەوکاتیش مسعود بارزانی بە مەرسومێک ڕۆژی هەڵبژاردنی بۆ سەربەخۆیی ( ریفراندۆم ) دەرکرد کە ئەویش لە بەرواری 25ی ئەیلولی 2017ز بوو.


پرۆسەکە لە کات و ساتی خۆیدا ئەنجام درا و و ئەنجامی پرۆسەکەش زیاتر لە %90 ی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دابوو، ( لە کۆتا چرکەکانی ئەنجامدانی ریفراندۆم بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیش دەنگدەرانیان سەرپشک کرد لەوەی دەنگ بە بەڵێ یا نەخێر بدەن، تەنانەت عومەری سەید عەلی و عەلی باپیر دەنگیان بە بەڵێ دابوو ).


سەبارەت بە کاردانەوەو لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم زۆری پێ نەچوو کاریگەری خراپ و سلبی دروست کرد بۆ سەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان ئەوانیش ڕوداوی شانزەی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی ناوچە کوردستانیە کێشە لەسەرەکان و داخستنی مەرزەکان و فرۆکەخانەکان .... هتد.


ڕوداوی شانزەی ئۆکتۆبەری سەروەریە یا خیانەت لە مێژوی هاوچەرخدا:
تێڕوانینی چین و توێژی ڕۆشنبیر و سیاسیەکان جیاوازە و دابەش دەبنە سەر دو بەرەو و ڕوئیا ، ئەوانیش بەرەی خیانەت و بەرەی سەروەری(پارێزگاری)، ئەوەی کە ئەم ڕوداوە بە خیانەت لە قەڵەم دەدات ئەوانەن کە ڕاوبۆچون و دیدو تێڕوانینیان نزیکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان.


ئەم بەرەیە کە پێیان وایە خیانەتە دەچێتە قاڵبی خاک فرۆشتن کە بە بێ گەڕانەوە بۆ خەباتی گەل و پێشمەرگە کە بە درێژایی سێ ساڵ خەریکی ئازاد کردنی ئەو ناوچانە بون کە لە ژێر دەستی داعش دەریان کردن، لەبەرامبەردا بە بیست و چوار کاتژمێر %51ی خاکی هەرێمی کوردستان لە دەست بدەیت، ئەویش لە ڕێگەی ڕێکەوتنی چەند سیاسیەکی نێو یەکێتی و وڵاتی ئێران.


بەرەکەی دیکەش کە ڕوداوەکەی شانزەی ئۆکتۆبەر بە پارێزگاری لە شاری کەرکوک و گیانی پێشمەرگە دەزانن فکر و تێڕوانینی ئەو کەسانەیە کە ئەندام و لایەنگر و دۆستی یەکێتی نیشتمانین و ئەو لایەن و کەسانەش کە دژن بە فکرو دیدی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، پێیان وابوو داگیرکردنەوەی ئەو ناوچانە لە لایەن عێراقەوە دەست پێ دەکات و کاولکاری و ماڵوێرانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و دەبێت هاوڵاتیانی کەرکوک و دەوروبەری بپارێزرێن و هێزی پێشمەرگە لە توانایدا نیە بتوانێت بەرگری و مقاومەت بکات بەرامبەر بە هێزی نیزامی عێراق، هەر بۆیەش دەبێت لەو کات و ساتەدا بە شوێن چارەسەرێکی دیکەوە بین، ئەوە بوو فەرمان درا بە هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکانی کەرکوک و ئەوناوچانەی کێشانەیان لەسەرە پاشەکشە بکەن.


ئێستا ئەم ڕوداوە لای خەڵک بوەتە جێگەی مشتومڕ و قسە لەسەر کردن، جەوهەری ڕوداوەکە بریتیە لە کۆمەڵێک گریمانە و قسە لەسەر کردن ئەوانیش:


# گەر یەکیەتی فەرمانی بە هێزی پێشمەرگە نەکردایە، ئایا پێشمەرگە دەیتوانی بەرامبەر بە هێزی عێراقی بوەستێت و بەرگری لەو ناوچانە بکات؟
# یا جەنگێگی گەورە ڕویدەداو چەندین تەرمی بێ تاوانی تر دەگەڕانەوە بۆ شارەکان و ماڵەکانیان؟


# بەڵێ هێزی پێشمەرگە و کورد بە گشتی دەیانتوانی سەروەریەکی دیکە تۆمار بکەن و بنوسنەوە بەوەی بە ئاسانی دەیانتوانی بەرامبەر بە هێزی عێراقی بوەستن!!
# یان هەر ئەنجام و ئاکامێکی هەبوایە، خاک فرۆشتن ئەچێتە قاڵبی خیانەتەوە.


ئەم گریمانانە و چەندانی دیکە لە نێو هزرو بیری هەموو لایەکماندان و پێویستیان بە قسە لەسەر کردنە، لە کۆتاییدا ڕوداوی شانزەی ئۆکتۆبەر هەر شێوازێک بێت ڕوداوێکی کارەساتبار و نەهامەتی و لەبیرنەچونەوەیەکی دیکەیە لە مێژووی هاوچەرخی کورد.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©