لە کاتێکدا ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژانە لە ھەرێم نزیکەی ٣٠ کەسێک دەکوژێت و بڵاوبوونەوەشی نەک تەنھا بەردەوامە بەڵکو لە دۆخێکی ھێجگار ترسناکدایە، لەوکاتەدا ھەستنەکردن بە بەرپرسیاریەتیی و گاڵتەکردن بە ژیانی خەڵک، لەلایەن ئۆرگان و کەسایەتییە حیزبییەکانەوە، لە چڵەپۆپەدایە. کۆکردنەوەی ئەو ژمارە زۆرە لە خەڵک بۆ یادکردنەوەی ڕیفراندۆم لە ھەولێر لەلایەن ڕێکخراو و ئۆرگانە حیزبیی و حکومییەکانەوە نیشاندەری ئەم ڕاستییە ترسناکەن. یادکردنەوەی یەکێک لە کارەساتە سیاسییە ھەرە گەورەکانی دونیای دوای ڕاپەڕین، کارەساتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێکی بێپلان و بێستراتیژ و بێبیرکردنەوە، کە بناغە سەرەکییەکەی سایکۆلۆژیای شەخسیی سەرۆکی پارتی خۆی بوو.


وەکچۆن ڕیفراندۆم کردەیەکی سیاسیی پێشوەخت دۆڕاو و نابەرپرسیاربوو، پابەستبوو بە تێنەگەیشتن لە سادەترین پێدراوە سیاسیی و ئیقلیمیی و جیھانییەکان. بەھەمان شێوە یادکردنەوەی ڕیفراندۆمەکەش بەو شێوەیەی لە ھەولێر بینیمان، لەناو ئەم پەتا ترسناک و بەربڵاوەی کۆرۆنادا، لە ھەمان نابەرپرسیارێتیی و تێنەگەیشتنەوە سەرچاوەی گرتوە. ھەردووکیان دوو دەرکەوتی نابەرپرسیاری ئیشکردنی ھەمان عەقڵیەت و ھەمان تێنەگەیشتنی سیاسییە.


کۆرۆنا ھەڕەشەیەکی گەورەیە بەقەبارەی ھەڕەشەی ئەو عەقڵیەتە سیاسییە حوکمڕانەی لە ھەرێمدا دەستبەکارە و گاڵتەکردن بە ژیانی خەڵک بەشێکی گرنگ و بنەڕەتیەتیی. یادکردنەوەی ھەڵە بە ھەڵە و نابەرپرسیارێتیی بە نابەرپرسیارێتیی ئەو ھەڵسوکەوتەیە بەردەوام لەم فۆرمە لە حوکمڕانیی و لەم تایپە لە سیاسییەوە دەیبینین. ڤلادیمێر لینینی سەرکردەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر، لە وتەیەکی زۆر بەناوباگدا دەڵێت: ”سیاسیی باش ئەو کەسە نییە کە ھەڵە ناکات، بەڵکو ئەو کەسەیە کە ھەڵەی ستراتیژیی ناکات“. ھەم ڕیفراندۆمەکە خۆی و ھەم یادکردنەوەی لەناو ئەم پەتای کرۆنایەدا، ھەڵەی سادە و ئاسایی نین و نەبوون، بەڵکو ھەڵەی ستراتیژیی و زەبەلاحن. ھەڵەیەک کە تەنھا لە نەزانین و نەخوێندەوارییەوە نایەن، بەڵکو لە گاڵتەکردن بە ژیان و لە بێنرخ و بێبەھاکردنی ژیان و گوزەرانی مرۆڤەکانەوە سەرچاوەدەگرێت. ھەر سیاسەتێک ڕێزی مرۆڤ و ڕێزی ژیانی لانەبێت، ئەو ھەڵانەی کە ئەنجامیانئەدات، ھەڵەی ستراتیژیی دەبن.


ئەم وێنانە لەناو ئەم پەتای کۆرۆنادایە حیکایەتی ئەو بێڕێزیی و بێنرخکردنەی مرۆڤ و ژیانمان نیشانئەدات. حیکایەتی دەسەڵاتێک خۆنمایشکردن و یادکرنەوەی ھەڵەکانی لە پاراستنی ژیانی مرۆڤەکان بەلاوە گرنگترە.

وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
مەریوان وریا قانع
قۆناغی بەتەختە و بلۆکبوون
مەریوان وریا قانع
دەربارەی یاسا و یاساشکێنی
مەریوان وریا قانع
مرۆڤ بۆ دەبێت بە نووسەر؟
مەریوان وریا قانع
نارسیزم لە دونیای ئێمەدا

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©