بەخشینی ئەندامێکی جەستە زات و ئازایەتیەکی گەورەی دەوێت، ورە و ئیرادەیەکی بەهێزی پێویستە، سام و ورەی پۆڵاینی دەوێت، ئاخۆ کێ دەتوانێت لە هەمبەر کارێکی ئەخلاقانە و مرۆڤدۆستانە ئامادە بێت ئەندامێکی جەستەی لە پێناو ڕزگارکردنی مرۆڤێکی دیکە ببەخشێت، ڕوحێک بگەڕێنێتەوە سەر ئارامگای خۆی، دەرونێک ئارام بکاتەوە، شینی ماڵێک بکاتە شایی؟؟

ئەو کاتەی ماڵی ( بژار تەیمور ) پێویستیان بە دڵدانەوە هەبوو، حەوجێیان بە قسەیەکی خێر و باوەشێکی دڵدانەوە هەبوو، دەستیان بەرز کردبۆوە و داوای دوعای خێر و نزایان دەکرد تا خوا شیفا بنێرێت بۆ منداڵەکەیان، منداڵی نەخۆش، ئەوکاتەی باوکی منداڵ پزیشکەکان بێ ئەمەل و بێ هیوایان کردبوو، دەبێت فریای کڕینی هەر دو گورچیلەی منداڵ بکەوێت، گەرنا کۆچی نزیکە و منداڵ لە ماڵدا نامێنێت.

دەنگۆی نەخۆشی بە نێو کۆڵان و شەقامەکاندا بڵاوبویەوە، ئەم دەنگە ئاسمانی شاری تەنی، هەوای شاری تەماوی کرد، خەڵک غەمبار و ماڵیش فەقیر، هەژار تەنها چاوی لای شیفای خوا و خێرخوازانە، ئەو کاتەی بەرماڵ ڕاخرا تا سوکنایی دڵی ماڵی ئەم منداڵە هەژارە بدرێتەوە، هەر کەس لەلای خۆی و بەپێی توانا کۆمەک و هاوکاری دەکرد.

لە پڕ گەنجێک، شێر ئاسا، ورە پۆڵاین، مەردێکی خۆڕاگر وەک داڵانی، وەستاو وەک ڕەنگین، بەهێز وەک سورێن، چەسپاو وەک زەوی وەدەرکەوت، بەرماڵی هەڵگرت و پڕ بەدەمی هاواری کرد ئێمە مرۆڤین، مرۆڤانە کاردەکەین، مرۆڤدۆستی دەجوڵێینەوە، من ئامادەم. حازرم و هاتوم کاکە بژار لەو نارەحەتی و ماندویەتیە دەرکەم، ئامادەم دایکێک بەسۆز فرمێسکی جاری نەکەن و باوکێک ناخی نەسوتێت.

بەڵێ لە کارێکی دەگمەن و کەم وێنەدا گەنجێکی خورماڵ گورچیلەیەکی خۆی بێ بەرامبەر بەخشیە منداڵێکی نەخۆش، ئەم گەنجە سەلماندی ئەخلاق و قیەم و بەها هێشتا هەن، ئەو کاتەی ویژدان و ئەخلاق کار دەکەن، مرۆڤ دەحەسێتەوە. گەنجێکی شارۆچکەی خورماڵ بەناوی (بەڕێز نیعمەت سدیق) بۆ ڕزگارکردنی ژیانی نەخۆشێكی شارۆچکەکە کە ھەردوو گورچیلەی لە دەستدابوو بەناوی (بژار تەیمور)، گورچیلەیەکی خۆی بێ بەرامبەر پێ دەبەخشێت.

بژار تەیمور، مێرد منداڵێکی تەمەن ۱۱ ساڵی شارۆچکەی خورماڵە و ماوەی چەند مانگێكە ھەر دوو گورچیلەی سیس و لاوازبون، توانای کارکردنیان نەماوە، کاتی وەستانیانە، بۆ ڕزگارکردنی ژیانی، چاندنی گورچیلەی لەلایەن پزیشکانەوە بۆ دانرابوو.

بەو بۆنەیەوە بەڕێز نیعمەت سدیق کە گەنجێکی دانیشتوی خورماڵە بڕیاریدا بێ بەرامبەر و بە مافێکی شەرعی و انسانی گورچیلەیەکی خۆی پێببەخشێت، بۆیە دوای ئەو کارە ناوازەیەی ئەو گەنجە، لە نەخۆشخانەی فاروق لە شاری سلێمانی نەشتەرگەری چاندنی گورچیلە بۆ بژار تەیمور ئەنجامدرا.

ماوەیەک لەمەو بەر خێزانی بژار تەیمور بە هۆی کەم دەستی و نەبونیەوە داوایان لە خێرخوازان کرد کە بچن بە هانایانەوە و کوڕەکەیان لە مردن ڕزگار بکەن ، بەڕێز نیعمەت سدیق بڕیاریدا یەکێک لە گورچیلەکانی ببەخشێتە بژار تەیموری تەمەن ۱۱ ساڵ. مرۆڤ هەناسەی ئارامی دەدات لە پاڵ ئەم کارانە. رەزوان یاڵانپێی

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©