لەدێر زەمانەوە یەکێک لەدیارترین شارستانێتیەکانی مرۆڤایەتی کە میسری فرعۆنی یە ناسراوە بە ،،حضارە القبور،،،هەرچەند خودی میسریەکان وڵاتەکەیان بە( ام الدنیا) ناوزەد دەکەن و خۆیان بە خاوەنی ژیارێکی 7000 ساڵە دەزانن ، کە لەڕاستیشدا وایە و دووەم ژیاری مرۆڤایەتیە کە نوسینی (هێرۆگلیفی) تێدا دۆزراوەتەوە، بەڵام وەک وتمان بەهۆی ئەهراماتەکانە وە کە قەبری فرعەون و حاکمەکان و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بووە، ژیارەکەیان هەندێکجار وەک گاڵتەکردن بە ژیاری گۆڕستان ناوزەد دەکرێت، ئەم کولتورە تاهەنوکە لەنێو خەڵکی میسردا ڕەگی داکوتاوە و ئامادەگی کارای هەیە.

تائێستە کاسبکارانێک هەن بەناوی (حانوتی) کاردەکەن و کارەکەیان ئامادەکردن و سازکردنی قەبرو کفن و دفن کردن و ڕێکخستنی مەراسیمی پرسەن، هاوکات خێزان و ماڵبات و بنەماڵە دەسەڵاتدار و دەوڵەمەندەکان و تەنانەت ئەوانەش ئاستی بژێویان ناوەندە پارچە زەویەک دەکڕن و خانوو دیوار و شوێنی ناشتنی خێزانەکەیان ساز دەکەن و ناویان ناوە(مدفن) بۆیە گەر سەردانێکی گۆڕستانەکانی میسر بکەیت بیناو تەلار دەبینیت لێی نوسراوە(مدفن العائلە الفلانیە) بەتایبەت مەدفەنی دەسەڵاتداران و دەوڵەمەندەکان و هونەرمەندەکان ڕون و ئاشکرا جیاوازن، هەنوکە لەکوردستان بەپاساوی ڕێکخستنی گۆڕستانەکان و قەبرستانەکان لەسلێمانی گۆڕستانی نوێی سلێمانی دراوەتە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت لەبەرامبەر بڕێک پارە ڕێ دەدرێت مردوەکان کفن و دفن بکرێن لەو گۆڕستانە، ئێمە قسە لەسەر تەواوی ڕەهەندەکانی ئەم پرسە ناکەین.

هێندە نەبێت بڵێین هەنگاوێکی گەلەک مەترسیدارە، چونکە ئاکامەکەی ڕون و دیارە خێزان و ماڵبات و بنەماڵە دەوڵەمەندو دەستڕۆیشتوەکان و سیاسیەکان لە شوێنێکی بەرزی خۆشی شیاو بەناو و نازناوی بنەماڵەکانیان ڕیزێک گۆڕ دەکڕن و دیوار و قەسرو قەڵا بەدەوریدا دروست دەکەن و تەنانەت لەگۆڕ و دفن کردنیشدا جیاوازی چینایەتی دروست دەکەن، ڕەحم و ڕێزو بەهاناوەچونی یەکتری و پاڵپشتی لەناخۆشیەکاندا ئیدی پەراوێز دەکەوێت و فەرامۆش دەکرێت، لەبری ئەوە هاوکێشەیەکی تر دێتەگۆڕێ کە کفن و دفن کردنی مردوەکان وابەستە دەبێت بەئاستی گیرفانی ماڵباتەکان، لێرەشەوە دوبارە هەژارەکان وەک چۆن خۆیان فەرامۆش کراون و پرسەی مردویان سارد وسڕە وای لێ دێت خاوەن مردوو خۆی بێبەری دەکات لە مردوەکەی چونکە ناتوانێت پارەی کفن و دفنی دابین بکات.

لەبری ئەوەی گۆڕستان بدرێت بە کۆمپانیاو کەرتی تایبەت شارەوانی دەتوانێت بەڕێک و پێکی و لەسەر بنەمای نەخشە و بەجوانی قەبرستانەکان ڕێکبخات، پێویستە ڕۆحیەتی بەهاناوە چون و گیانی خەمخۆری وەک شارۆچکەو گوندەکان زیندو بکرێتەوەو برەوی پێ بدرێت،چەند خۆش و جوانە لە شارێک کاتێک هەواڵی وەفاتی کەسێک دەگاتەوە شار، شۆفێری حەفارەکە بێ پێ وتن گۆڕەکە ئامادە دەکات.

مردو شۆرەکە پاک دەیشۆرێت، کفن هەمیشە لەمزگەوت ئامادەیە خەڵکەکە شان دەدەنە ژێرتابوتەکە و بەخێرایی دەیگەیەننە دوامەنزڵ، دراوسێکان نان و خواردنی ماڵ و منداڵ و میوانی کوچ کردوەکە سازو ئامادە دەکەن ، ئەم کارانە هەمووی ئەنجام دەدرێت و کەسوکار و خاوەنی مردەوەکە هەست بە هیچ ناکەن و کارەکان بەحورمەتەوە ئەنجام دراوە، ئێمە پێویستمان بەم حورمەت و پەروەدەو سیلەی ڕەحم و خۆشەویستیە هەیە، نەک مامەڵە کردن لە گەڵ مردویەک وەک کاڵایەکی بازرگانی، پارەی پێبوو ناودارو سیاسی باڵادەست بوو گردو تەپ و دەڤەرێکی بۆ تەرخان کرێت و هەژارەکانیش شارەوانی بیانکات بەژێرخۆڵەوە. !!!!!

وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
یاسین ڕەسول عوسمان
سەما کردن لەگەڵ گورگ
یاسین ڕەسول عوسمان
کۆمەڵگەی شڵەژاو
یاسین ڕەسول عوسمان
لەنێوان فۆرم و شوناس گۆڕین
یاسین ڕەسول عوسمان
هەولێر تەنها نیە!
یاسین ڕەسول عوسمان
دیارە بەغدا خۆشە !
یاسین ڕەسول عوسمان
کورد بوون و کوردایەتی
یاسین ڕەسول عوسمان
درۆ،دەروازەی بێ متمانەیی...
یاسین ڕەسول عوسمان
ڕیسکی زەنگی گەشتەکەی کازمی
یاسین ڕەسول عوسمان
خەمێک بۆ پەروەردە

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©