ئەگەر مردم و نەمدی قەومەکەم سەربەرز و ئازاد
بزانن دەناڵێ ڕۆحــــــــــــــــــــەکەم تا ڕۆژی میعاد


ئەبێ لاوانی کــــــــــــــــــــــــــــــــــورد تێ بکۆشن
گەر ویستیان ڕۆحـــــــــــــــــــــــــــی من ببێ شاد.



محەمەد ئەمین زەکی بەر لە وەفاتی وەسیەتی کردوە ئەم دو بەیتە لە سەر کێلی گۆڕەکەی هەڵکەنن، بەڵێ لە تەمموزی ساڵی 1948 دوا هەناسەی ژیانی لە سلێمانیدا لاو و پیر و میرو گەدای شار بەرگی ماتەمیان پۆشی و تەرمی پیرۆزیان بە خاکی سەیوان سپارد، کۆچی دوایی ئەم زاتە خورپەی لە دڵی هەموان هەڵساند.


دەڵێن هیچ هونەرمەندێک و پەیکەرتاشێک لە ڕوخساری ئەمین زەکی جوانتری دەست نەکەوتوە تا پەیکەرێکی بۆ بسازێنێ، هێمن و لەسەر خۆ، هەست بەرز و ناسک بەرز، لەبز شیرین و ڕۆخۆش، مێژونوس و بەهرەمەند.


نوسینەکانی ئێجگار زۆرن نایابەکانی وەک (چۆن عێراقمان لە دەست چو، شەڕەکانی عێراق و هەڵەکانمان، شەڕی سەلمان پاک و پاشکۆیەک، بەغداد و بەسەرهاتی دوایین کەوتنی، خوڵاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان) خولاصەکەی هێندە بەپێز و دانسقەیە باسیل نیکیتینی کوردناس دەڵێت تەواو کەری شەرەفنامەیە.


بە هەر تەرازویەک بەرهەمە بەناوبانگ و نایابەکانی بکێشین و بەهەر پێودانگێک بیانپێوین دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە زەکی بەگ مێژونوسێکی گەورەیە، هیرۆدۆت و گویجاردینی و ئیبن خەلدونی کورده، نەوەی بەوەفای شەرەفخان و ڕابەری دڵسۆزی سەرتاپای مێژونوسانی دوای خۆین.
بەرهەمەکانی وەک خۆی ئاواتە خواز بو بونە سەبەبی تەشویقی قەڵەم بەدەستان و پێگەشتوانی کورد.


جێی خۆیەتی وەسیەتەکەی زەکی بەگ بە بیر سیاسی و دەسەڵاتدار و حاکمڕانانی وڵات بهێنینەوە کە ڕۆحەکەی لە سەیوانەوە دەناڵێنێت، ئازار دەچێژێت، نا ئارامی و شڵەژاویی بەری ڕۆحی گرتوە، ئەو لە سەیوانە و دەبینێت لە پێناو کوردایەتدا ئەم گەلە چەندە قوربانی داوە، چەند کۆششی کردوە، چەند خوێنی ڕژاندوە، چەند ماندو و شەکەتە.


ماندوبونی ژیانی لە پێناو کوردایەتیدا بو، شەکەتی دەرونی لە پێناو ئاسودەیی گەلێکدا بوو، مێژونوسی لە پێناو زیندو کردنەوەی هەستی گەلێک بوو، نوسینی تاریخی لە پێناو بون و وجودیەتی گەلێک و نەتەوەیەک بوو.


ئەسەف بەرهەم و خەبات و ماندویەتی زەکی بەگ و هاوشێوە و نمونەکانی تری بەدەست سیاسیە نەزانەکان و سەرمایەدارە گەورەکان، حوتەکانی بواری نەوت و پارە و دزی بەهەدەر چون، کوردایەتیان گۆڕی بۆ پەرلەمانتاری، خەباتیان گۆڕی بۆ پاڵدانەوە، شەکەتیان گۆڕی بۆ حەسانەوە، ڕاستگۆییان گۆڕی بۆ درۆ و دەلەسە.


لاوان و گەنجانی کورد لە سایەی نایەکسانی و بێدادی دەسەڵاتەوە، یا کوژراون، یا کۆچیان کردوە ، یا فەقیر و گەدا و نەدارن، چۆن تێبکۆشن بۆ کوردایەتیەکی درۆ و بێ بنەما، کوردایەتی بوەتە لاکەتۆپیوێک هەرچی کەمتیار و گورگی کورد هەیە لەسەری دەخۆن، بێ ئەوەی تێر بن.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©