ژیان ئەزموونکردنە، چەن گەورەییە لەسەر هێڵە گەورەکانی ژیان و گەردوون مرۆڤ نەخشی هەبێ. ئەو جوانیەی شێرکۆ لە ژیانی زۆرکەسدا دروستی کردوە درێژخایەنترە لە هەر جوانیەکی ساتەوەختێکی هەستی یا حەماسی یا بەخشندەییەکی کۆمەڵایەتی و کردەیەکی سیاسی، نەخشی جوانبەخشی ئەو ئاوێتەی جوانی عیشق و شیعر بوو.


ساڵی ھەشتاودوو لە ئەوجی تیژیی کەڵپەی بەعسیەکاندا روومانکردە شاخ، لەکوێرە گوندێکی گەرمیاندا. گیرساینەوە. قوتابخانەی شارمان بەجێ ھێشت. ھەر زوو بۆ راھاتن و ئاشنا بوون لەگەڵ کەش و ھەوای گوندو ژیان لەناو شۆڕش و پێشمەرگەدا، زۆربەی شەوانی نوتەکی زستان گەر بکەوتایەتە ماڵ لە ژورێکی قوڕینی سەر چیخچنی نزم و بچوک لەبەرچرادا، باوکم کۆی دەکردینەوەو سروودی بەرگری بۆ دەخوێندینەوە. "کازیوە" و "من تینوێتیم بەگڕ ئەشکێ" و تریفەی ھەڵبەست" ی شێرکۆ بێکەس دیوانی بێکەس و قانیع لە وانەکانی زۆرینەی شەوانی سەرەتای ئاشنا بوونمان بوو بە ژیانی سادەو پڕ ترش و شیرینی ئازادی لادێ..


ئێمەش بە رۆژ بۆ پێشمەرگەمان دەوتەوە کە بەجەولە رێیان دەکەوتە ئاوایی.. رۆژگار ھات و چوو شۆڕش باڵای کردو ئازادی لەگەڵ خۆی ھێنا بۆ شار.. منیش لەزانکۆی سلێمانی بوومە خوێندکارو لەنزیکەوە بەخودی باڵای شیعرو ئاسمانی داھێنانی شیعریی ئاشنا بووم. جار جارە دەچوومە دیداری لە"سەردەم".


لەگەڵ چەن هاوڕێیەکمدا گۆڤاری "مرۆڤایەتی"مان لەزانکۆ دەردەکرد. هەر کە چاپ دەبوو گۆڤارەکەمان دەبرد بۆ کاک شێرکۆو رەوف بێگەردو ئازاد بەرزنجی. مەبەستمان بو سەرنجیان بزانین و بەشداری بکەن بەنوسین بۆ گۆڤارەکە.
لەوساوە تا تەمەن باقی بێت لەگەڵ شیعرەکانیدا ژیاوم و دەژیم.
دوا وێستگەی بینین چەند ساتەوختێکی خەمباریی و شادومانی بوو، رۆژی ٢٣-٦-٢٠١٣ ئیجازەم لە نەسرین خانی خێزانی وەرگرت و توانیم جارێکی تر، بەیاوەری بەڕێزان عومەر شێخ موس و بەکر فەتاح و ساڵح قەیتولی و شۆڕش قادر چوینە لای لەسوید. ئەم جارە جیاوازتر لەھەموو جارەکان بێ شەپۆلی وشەو جوڵەو بێ دوکەڵ بوو. دیداری ئەو دیداری خەمی نەتەوەو بێکەسیی کورد و ھاواری لەبن نەھاتووی نیشتمان بوو. سەرەتا بێدەنگیەکی قووڵ دایگرتبوو، لێم پرسی ناخوێنیتەوە، وتی ناتوانم ئەم نەخۆشیە ھیلاکی کردووم.. ئەی نوسین وتی ئەوەشیان نا.. پاکەتە جگەرەکەی لەبەردەم خۆیدا دانابوو، بەڵام نەیدەکێشا، دکتۆر لێی قەدەغەکردبوو. وتی ھەر حەز ئەکەم لەبەر چاوانم بێت.
دەنگوباسی گەرمیان چیە ئەبێ ئێستا گەرمبێ وانییە؟


کاتێ ماڵ ئاوایمان لێ کرد زۆر بەحەسرەتێکی قووڵەوە بەو پەڕی ھێزی ناخمەوە، لەبەردەم جانتای سەریدا کەبەکلێتە داپۆشرابوو رۆحم لەبەردەمیدا چەماندەوە، چوون ھەستێک دایگرتم و دەمزانی ئەمە دوا دیدارە.
هەستم دەکرد چ بۆشاییەکی ئەدەبی لەفەزای نوسین و داهێنان و نوسینەوەی ژیانی کورد دروست دەکات.


توند دەستیم گوشیی و بەدەستی چەپم بەسۆزێکی توندەوە قۆڵی راستیم گرت. ھەرچەندە بەھیواوە پێم وت کاک شێرکۆ بەھیوای دیدارێکی باشتر لە ئێستا.. لە یەکەم پەیژەی شوقەکەی ھەتمە خوارەوەو فرمێسکی قەتیس بووم داباریین. یەکەم جار بوو خەم بۆ خودی خۆی بمگرێنێ پێشتر چەندان جار شیعرەکانی گومانم نییە زۆرینەمانی گریاندوە، ئاخر شیعریی شێرکۆ ھەر بە راست ژانی نەتەوەو ھاواری کوردو جوانی نیشتمان وزەی ژیانە.. ئەو ھەموومانی کۆکردبووە لە دوتوێی شیعردا ئەو بەسەرھاتی ئازارو برینمانی نوسیبوەوە.. لە گۆڕستانی چراکاندا وێنەی "وڕێڵە" وێنەی دوا ئێوارە شومەکەی ئەنفالی بۆ نەخشاندبووین. کەس وەکو شێرکۆ بێکەس نەیتوانیوە تەنیاترین تەنیاییەکانی کوردو میحنەتریین میحنەتەکانی کوردستان بخاتە دووتوێی شیعرەوە..


رۆژی ۲٠۱۹/۷/۳٠ لەگەڵ پۆلێک لەکەسوکاری ئەنفال لەسەحراکانی سەماوە بوین چوینە لای گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالەکان، لەو سەحرایەوە بەرەو نوگرە سەلمان رۆشتین لە دەشتە لماویە بەرینە خەیاڵم زوو دەچوەوە ناو " گۆڕستانی چراکان دەتوت شێرکۆ خۆی لەوێ بوەو ئەو دیوانەی نوسیوەتەوە، دورو دڕدۆنگی و بیمی رێگاکە.


ژەنگاوی ئەو سەحرا بەرین و تەپوتۆزە ژیان کوژە.


قافڵەکان بارگەو پریاسکەی کوردیان لێرە خستوە..


خەڵەفم بیرکەوتەوە، خەڵەف: عەسکەرێکە پاسەوانی ئەو زیلەیە کە شۆفێرەکە لێی ئەخوڕێ و لەگەڵیایە.
شێرکۆ بێکەس لە خەیاڵی شۆفێری ئەو زیلەوە ئێژێ:_
(( من ناوێرم سەیری ئەم کوردانە بکەم
ئەڵێم نەوەک چاوی “خەڵەف”ی پاسەوان
لە پڕێکا قەترەیەکی بەزەیی خـوا
یان یەک بریسکەی بچووکی
لێبوردنی پێغەمبەرێ
لە ناو چاوانما ببینێ و بەگرتمـبـا! ))
شوفێرەکە، دوای بڕینی ڕێگایەکی دوورودرێژ نوقمى خەیاڵ بووە…
(( خەڵەف کۆکی‌و، ئەم داچڵەکی و
گەردەلوولی کلک کڵافەی
دووری سەحرا، هەتا ئەهات
لە قافڵەی ڕوو لە عەدەم نزیک ئەکەوتەوەو
لە پڕێکدا لە ناو بەرایی
تەمـاشـای خۆڵاوی‌دا..
قەڵایەک و چەند قولـلەیەک
هەڵتۆقین و
لە ناو ئێوارەی ژەنگاوی و
لە ناو وەڕەی سەگی ڕەش و
لە بەردەمی زەمانێکی مڕومۆچ‌دا
مـاشـێن وەسـتا!.
خەڵەف بە دەنگی بەرز وتی:
“نـوگـرە سـەلمان!”
ــ نوگرە سەلمان!
ئافاتێکی قەڵا قەڵا، دووپشکێکی گەورە گەورەی کۆنکرێتیی.
ئەشکەنجەیەکی درێـژ و
کـڵـپەیەکی بـازنەیی!.
نوگرە سەلمان!
ژەنگی مێژوویەکی کۆن و
قولـلەی زوڵمێکی زۆر دوور و
مەنزڵێکی بیرچوونەوەو
یادگارێکی بێ پەنجەرەو
تاعونێکی خۆمڵاسدەر لە ناو لمدا و
کینە و ڕقێکی سڕمدی!.
نوگرە سەلمان!
قەڵا قەڵای ئازارێکی ڕەشداگەڕاو.
تینویەتییەکی ئەزەلی‌و
پێناسەیەک بۆ ونبوون و بۆ تاریکیی و
شوێنێ بۆ زەمانی غەدر و
جێگایەک بۆ پیاسەی زوڵم و
گــــاڵتەی تـــاوان.
نوگرە سەلمان!


سڵاو لە رووباری شیعریی کوردی سڵاو لەو نەغمە نەمرەی داستانی نەمریی، بەجەستە رۆیشتیی، بەڵام تۆ ھەرگیز لەچاوان ون نابی لە چاوی ئەندێشەو ھەست و سۆز ئاوا نابی.. تا گوند مابێ تۆ ھەر ئەژیت، تا کورد مابێ تۆ ھەر لەباغی نەمرییدا باڵاترینیت، تا ستەم و چەوسانەوەو "کزەی کوردان" مابێ تۆ بانگەوازی ئازایی و ئازادییت.. سڵاو لەدەنگە ھەمیشە سەوزەکەی ژیان سڵاو لە شێکۆ بێکەس..

وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©