پەروێز هوما

 

من گەیشتم بە ئاواتەکانم،

وەلێ درەنگ،

ئەم ئاواتانەی کە دواکەوتن،

وەکو ماچی کێلی گۆڕێکن بۆ من.

وەک ئەو سڵاوانەی کە نەمکردن،

وەک ئەو خۆشەویستییانەی،

کە دەرمنەبڕین.

وەک ئەو ژیانەی کە نەژیام.

وەرن بمنێژن، ڕۆحێک لەم لاشەدا مردووە!

ئێرە ئالوودەی کردووم بە بیرکردنەوە،

لەپم پڕە لە پاڕانەوە،

پاڵێک بە دوعاکانمەوە بنێن.

خەمبارم، وەک ئەو پەپوولەی:

تەمەنی بەشی چاوەڕوانیی گوڵ ناکات.

لێوم و هەموو جەستەم باریان گرتووە،

سەرتاپام بووە بە تینوێتی.

خنکان دەستی لە بینەقاقەم دایە،

ماسییەکم و لە ئاو تۆراوم.

کە باوکم مرد، هەور بەسەر ماڵەکەی ئێمەدا دەگریا،

تەق..تەق..تەق...

هەنگاوەکانم بەرەو دەرگای حەوشەکە دەڕۆن،

لەودیو دەرگاکەوە:

(هیچ نەخۆیت، سێبەرەکەیشیان حەرامە)،

دەرگاکەم واڵا دەکرد و بەزەیی دەهاتە ژوورەوە!

زستان دێت و سەقفی خودا و سەقفی خانووەکەی ئێمە دەگرین.

ڕیتمی لێدانی دڵی من و دڵۆپەی خانووەکەمان وەك یەکن!

باران مایسترۆیە!

کۆرس: دۆ ڕێ می؛

کاتژمێر و دڵ و خانووەکەمان!

سبەینێ: سەقفی خودا ژیر بووەتەوە،

مایسترۆ سەکتەی کردووە،

کاتژمێرەکە پەنجەی شلبووە و دڵ تەپڵەکەی تەقیوە،

خانووەکەیشمان وەتەرێکی بڕاوە،

تەشتێك: پڕبووە لە هەژاری!

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©