پەروێز هوما

سەرم نامۆیە بە جەستەم، 
وەک بڵێی لە جێگەیەکی ترەوە هێناویانە. 
ڕووداوەکانی ناوەوەم، 
بەخۆم نەبێ، 
بە هیچ گەڕیدەیەکی ئازاردیدە شرۆڤە ناکرێت. 

تەزین گۆرانییەکی باوە لە پانتایی هاوینەکانمدا، 
ملیۆنان جار بەستەڵەک بەناو سەرمدا تێپەڕیوە، 
ئەم متبوونە بریتییە لە چی! 

ئاسمان دیواری کوا، تا دەرگای هەبێ؟ 
چەندین ئایەتم لە دووتوێی لەپمدا کۆکردووەتەوە، 
بە یەک فوو، ئەیانکەم بە دەموچاوی هەوادا! 
دووعاکان لوولدەکەم و ئەیانکەم بە گوێچکەی ئازارەکاندا، 
کەچی هەموو ئاسمان دەبێت بە قوفڵ! 

سەری من جگە لە زیندانێک، لە هیچیتر ناچێ. 
هەزاران ئەندێشە دەمیان دووراوەتەوە، 
دەیان خواست لە ناویدا کەلەپچەن. 
پێکەنین چییە پێکەنین، 
هەموویان تەواونەکراون، 
لە تەنەکەیەکی زبڵدا پاڵکەوتوون و ئەژنۆیان چەماوەتەوە. 

مەراق هەڵدەمژم، 
سەرم دەخشێنم بە دیوارەکەدا،
تابلۆیەکی ڕەش دێتە بوون، 
نۆبڵی نەهامەتی بۆ منە! 

تۆپەڵ تۆپەڵ، بەدبەختی دەهاوێژم، 
پۆل پۆل، دەگەڕێنەوە بۆ ناو یادەوەریم، 
سەرم موگناتیسە، 
یان ڕۆژگار ئیسپرینگە؟ 

لوولەی چەکەکان لە من دەترسن، 
مەگەر دەکرێت ئاوەز لە فیشەکدا هەبێت؟ 
بارووت هۆشمەندە بەوەی: 
گەر سەرم بتەقێت ژان دەپرژێنێت بە جیهاندا. 

سەری من لەگەڵ ژاندا ئاوێزانە، 
گەر بخرێینە ناو ڕستەیەکی تەواویش، 
بازووی هیچ فاریزەیەک جیامان ناکاتەوە! 

ڕادیۆکە ئاوازێک دەنێرێت، 
لە ناوەوەی مندا وشەکانی تەتەڵە دەکەن، 
گۆرانی فرمێسک خەتم دەکات و 
شێوەن دێتە ئاراوە، 
عاشوورایە ناو سەرم! 

هەستەکەم سەرم کێشەی بۆ زەوی درووست کردووە، 
من نامەوێ ئیتر ئەم هەموو ژانە، لە فەرهەنگی بووندا جێ بکەمەوە، 
کەچی لەولاوە چرپەیەک، نزایەک، دەنگێک، 
خۆی دەکات بە گوێمدا و وا دەیبیستم: 
"سەرت سەلامەت".
زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©