ئەم ڕۆمانە گوزەرێکە بە نێو مێژووی ئەم پەنجا ساڵەی دوایی دا
ئامادەكردنی: شاخی
لە درێژەی بڵاوكردنەوەی بەرهەمەكانی دا، نووسەرو وەرگێڕو شاعیر، ئەحمەدی مەلا. نوێترین ڕۆمانی خۆی بەناونیشانی  "کەشتییەکان ناگەڕێنەوە" بڵاوكردەوە. ئەمە كتێبە نوێیە چوارەمین رۆمانی نووسەرە ئەم رۆمانە لە ٢٠٧ لاپەڕە پێکهاتووە و ناوەندی رۆشنبیریی ئەندێشە چاپی کردووە.
ئەم ڕۆمانە بیرۆکەکەی لە تێکئاڵقاندنی رابردوو و ئێستادایە، لە رێگەی کەسایەتی جیاوازەوە بەرجەستە بووە. گوزەرێکە بە نێو مێژووی ئەم پەنجا ساڵەی دوایی، لە نێوان شۆڕش و مەنفادا، لە نێوان گوند و شاردا، لە نێوان ئەقڵی ئاینی و عەشق و خەونبینیندا هاتوچۆ دەکات.
شیاوی باسە ئێستا لەم ڕۆمانە لە کتێبخانەکان دەستدەکەوێت.


پەراگرافێك لە ڕۆمانەكە:
کاتێک عەربەدی دەستی بە ژەنینی کەمانە گرینۆکەکەی دەکرد، هەموو ئەو منداڵە وردتکانەی کە لەسەر گۆفەکە دەبە ئاوی بەتاڵیان کۆ دەکردەوە، دەچوون گوێیان لێ دەگرت. سەرباری ئەوەی کەمانژەنێکی بلیمەت نەبوو، بەڵام دڵی ئەو مناڵومەزمەی پێ خۆش دەکرد کە ئەمە یەکەمین جاریان بوو چاویان بە ئامێریکی موزییکی راستەقینە بکەوێت. کەمانەکەی لە کونی بۆڕییە ژەنگنەکە نزیک دەکردەوە و دەنگەکە بە ناو بۆڕییە بەتاڵەکە لێژدەبووەوە و دەنگی دەدایەوە. دەیگوت :" ئەگەر شەش کون لەم بۆڕییە زلانە بکرێت، دەبن بە فلووتی یەزدانی! ئینجا دەبێ بە ئۆرکێسترا". ناونیشانێکی بۆ هەر ژەنینێک دانا بوو، هەر هەمووشی بە "سەمفۆنیای نەوت" ناودەبرد. پێش ئەوەی دەست بە ژەنینیش بکات، هەیبەتی مایسترۆی بە خۆی دەدا و منداڵەکانی بە ریز دادەنیشاند و بە پێشەکییەکیش دەستی پێدەکرد کە پڕی لە جوێن و گلەیی و دوعا و ستایش بوو، دوای ئەوە رووی دەمی دەکردە بۆڕییەکە و هەرچی جوێن بوو بە جوعە قەمبوری دەدا و دەیگوت :" ئەم قەمبورە بێ نامووسە خۆی کردووە بە خاوەنی وڵات کەچی هیچ پڕۆژەیەکی راستەقینەی نییە بۆ سەربەخۆ بوون." ناوبەنا دەسەسڕەکەی لە ملی دەکردەوە و ئارەقەی کۆبووەوەی سەر تەوێڵی پێ دەسرییەوە. لە دوا رۆژەکانی ژیانییدا، هەمان ئەو چاکەتەی لەبەر دەکرد کە کاتی خۆی لە ئەوروپاوە هێنابووی.

زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©