ئاوات ئەحمەد سوڵتان:
خوێندنەوەی کتێب خۆی جۆرە داهێنانێکە، كە دیسان نوسینەوەیەتی.


یەكێك لە پرسە جدی و كاریگەرەكانی دونیای ڕۆشنبیری، مەسەلەی سیحرو جادوی كتێبە، كە لە ڕێگایەوە مرۆڤ بەر چەندین سەدە لە زانست و زانیاری و مێژووی داهێنانەكانی مرۆڤ دەكەوێت، بێگومان لەپاڵ پرسی كتێبیشدا پرسی دەستنیشانكردنی فیگۆری خوێنەر یەكێكی كەیە لەباسە پێویستەكان، لەم دیدارەداو لە ڕێگای وروژاندنی ئەم پرسیارانەوە نووسەرو وەرگێڕ(ئاوات ئەحمەد سوڵتان) دەدوێنین.



سازدانی: شاخەوان سدیق


شاخەوان سدیق/ زۆر باس لە سیحرو ئەفسونی كتێب دەكرێت، بەجۆرێك كە زۆرێك لە مرۆڤەكان پاش خوێندنەوەی كتێبێك، تەواوی ژیانیان دەگۆڕێت، دەتوانی پێمان بڵێیت کتێب چیە؟

ئاوات ئەحمەد سوڵتان: من کتێب وەها نابینم بریتی بێت لە ژمارەیەک لاپەڕەی نوسراوی زنجیرەیی و بەرگێک و ناونیشانێک یان زیاتر؛ واتە ئەوەی لەسەر ڕەفەی کتێبخانەکان یان سەر میزی خوێندنەوە دانراوە، یاخود لەهەر جێگایەکی دیکە دەیبینین و دەتوانین دەستی لێ بدەین و جێگۆڕکێی پێ بکەین. بەلای منەوە ئەوە جگە لە دەروازەیەک، یان پەنجەرەیەک بۆ گەیشتن بە کتێب، هیچی تر نیە! ئەو شتەی پێی دەوترێت کتێب لە ئەنجامی خوێندنەوەداو بۆ ماوەیەکی کاتی پەیدا دەبێت و دێتە دی، ئەویش هیچ نیە جگە لە جۆرە پەیوەندییەک و لەناویدا هەم کاریگەرییمان دەبێت و هەم دەشکەوینە ژێر کاریگەرییەوە.
مەبەستم ئەوەیە کتێب لەناو پرۆسەی خوێندنەوەدا بوونی هەیە، نەک پێش یان پاش خوێندنەوە. واتە بوونی کتێب جۆرە حاڵەتێكی سیحریی یان هیولاییەو تەنها لەکاتی مومارەسەیەکی تایبەتیدا دەردەکەوێت یان درکی پێ دەکرێت. بەشە ماتریاڵییەکەی کتێب، دەفرێکە، قوتوویەکە، هەر شتێکی دیکەیە کە کتێبەکەی لەخۆیدا هەڵگرتووە، یان پاراستووە؛ بەواتای ئەوەی زانین و زانیارییەکان، ئەو ئامانجەی لەپێناویدا کتێبەکە بوونی هەیە، لەناو ئەو قەبارە ماتریاڵییەدا دانراوە.
مەسەلەکە ئەوەندەش سەیرو نامۆ نیە، ئەم دیدە بۆ گەلێک شتی دیکەش دەبێت، بەتایبەتی ئەو شتانەی لە لەناو چوارچێوەیەکدا هەڵدەگیرێن: کە دەوترێت مرەبا، ئایا مەبەستت لە شوشەکەیە، یاخود ئەوەی لەناویدا. ئەوەی گرفتە لێرەدا، توانای جیاکردنەوەی مرەباکەیە لە شووشەکە، بەڵام کتێب و پەیکەرە ئێسکییەکەی ئاوا بە ئاسانی جیا ناکرێنەوە. کتێب شتێکە لە جێگایەکی پەنهاندا حەشاردراوە. وەک چۆن مرەباکە هیچ بەهایەکی نیە، هەتا تام نەکرێت و بۆ خواردن بەکارنەهێنرێت، بەهەمانشێوە ناتوانین لە بەهای کتێب تێبگەین لە پرۆسەی خوێندنەوەدا نەبێت. ڕەنگە ئەوەی گرفت بێت ئەوە بێت، کە دۆزینەوەی کتێب پێویستی بە سەرفکردنی وزەیەک و بوونی کۆمەڵێك میکانیزم و شارەزایی پێشوەخت هەبێت بۆ ئەنجامدانی، ئەم کارە تەنها بەو کەسە دەکرێت کە پێی دەوترێت خوێنەر.
دەمەوێت بە نمونەیەک بابەتەکە یەکلایی بکەمەوە: مەحوی کۆمەڵێک لاپەڕەو بەیازی هەبوو، شیعرەکانی خۆی لەسەر تۆمار کردبوون و لەجێگایەکی پارێزراودا هەڵیگرتبوون؛ ئەو چی کردبوو؟ کتێبێکی لەناو ئەو لاپەڕانەدا حەشار دابوو. چەند جارێک فەقێ و مەلاکانی دەوری لەنێوان خۆیاندا ئەو بەیازانەیان خوێندۆتەوە، خوێندنەوەکانی ئەوان کتێبەکە بووە، کتێبێک لەناو گریمانەدا، چونکە دەروازەیەک شک نابەین بمانباتەوە سەریان، ئەوان مومارەسەی خوێندنەوەیان کردووەو بۆ ماوەیەکی کورت کتێبە جیاجیاکانی خۆیانیان بەرهەمهێناوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لەوەدا کە مۆنۆمێنتێک بۆ خوێندنەوەکانیان بنیات نەناوە، تا دواتر ئێمە لێیەوە بگەڕێینەوە سەری و پەیوەندیی لەگەڵدا بگرین و کتێبەکە بیدۆزینەوە. دواتر مەلاکەریم و کوڕەکانی هاتن و کارەکەیان بنیاتناو ئێمە دەتوانین لێوەی خوێندنەوەکانی خۆمان ئەنجام بدەین؛ یان ڕاستر کتێبەکانی خۆمان بنوسین.

شاخەوان سدیق/ ئەگەر كتێب ئەم هەموو گرنگیەی هەیە و ئەوەندە سەرسامكەرو مانادارە، كەواتە ئێمە چۆن لە ماهیەتی ئەم شتەی پێی دەوترێت كتێب تێبگەین؟
ئاوات ئەحمەد سوڵتان: کتێب زۆر لە کێوەبەفرینەی ناو زەریا دەچێت، لوتکەکەی لە دەرەوەی ئاوەکەیەو بەشە زەبەلاحەکەی دیار نیە، ئەگەر وریای خۆمان نەبین لەوانەیە کارەساتی گەورەتر لەوەی تایتانیک بخەینەوە. ئەو بەشەی کە لە سەرووی دەریاوەیەو دەیبینین، ئەوە بەشە ماتریاڵییەکەیەتی، ئەوەیە کە لەسەر مێزەکەم دانراوەو هێشتا مامەڵەم لەگەڵ نەکردووە، واتە هێشتا دەستم بۆ نەبردووە. بەشە زۆرەکەشی بریتییە لەپرۆسەی خوێندنەوە، یاخود سەرلەنوێ نوسینەوە کە ئەمیان بەردەوامییەکی سەمەرەی هەیەو دەتوانم بڵێم هەرگیز تەواو نابێت، واتە هەرگیز ناتوانین هەموو ناوچەکانی تەی بکەین و بڵێین تەواو ئیتر هیچ نەماوە؛ ئیتر لە کتێبەکە بووینەوەو گەیشتینە کۆتایی. چونکە هەمیشە شتێک دەمێنێت بۆ ئەوەی هەوڵی دۆزینەوەی بدەین. هۆی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ پێچەوانەییەک لەنێوان هەبوونی کتێب لەوێ و سایکی مرۆڤیش لێرە. پێشتر دەرونشیکارەکان دیسان سایکی مرۆڤیان شوبهاندووە بە کێوە بەفرینەی ناو زەریا. بەڵام جیاوازییەکە لە پێچەوانەبوونەوەدایە. بەلای ئەوانەوە بەشی (ئاگا)ی سایکی مرۆڤ ئەو لوتکە بچووکەیە کە لەسەر ڕووی زەریاوە دەیبینین؛ بەشە مەترسیدارەکەشی (واتە نائاگایی) لەژێر دەریادا خۆی مەڵاسداوە؛ ئەمە بۆ کتێب بە پێچەوانەوەیە، واتە بەشە نائاگاکەی (لەپەڕەکان، بەرگ و دیزاین و شێوەی دەرەوەی) ئەوەیە کە لەڕووی زەریاکەوە دەیبینین و لە ژێریشەوە ئاگاییەکی فراوان هەیە کە دەبێت لە پرۆسەی خوێندنەوەدا، یاخود دیسان نوسینەوەدا پەیی پێ ببەین.
ئەمە پرسێكی مەترسیدارە، ئێمە زۆرجار بە نائاگاییمانەوە پەیوەندیی بە ئاگایی کتێبەکانەوە دەگرین، ئەمەش بەپێی جۆری کتێبەکان دەگۆڕێت، بێگومان ئەوانیش جۆرەهایان هەیەو شوێنێک تەرخان دەکەم بۆ قسەکردن لەبارەی ئەمەوە. لێرەدا ئاماژە بە یەکێکیان دەکەم کە کتێبی ئایدیۆلۆژییەو لە باسی جۆرەکانی کتێبدا بە کتێبی ستەمکار ناوم برد. کاتێک دەکەوینە ژێر هەژمونی کتێبێکی ئایدیۆلۆژییەوە، یەکەمین شت کە ڕوودەدات ئەوەیە مرۆڤبوونی خۆمان بۆ هەتاهەتایە، یاخود بۆ ماوەیەک دەدۆڕێنین، ئیتر دەبین بە ئاژەڵێکی بەستراوە بە مێخ زنجیرێکەوە (کوتە ئاسنێکە لەشێوەی کولەکەدایەو نوکێکی تیژی هەیە کە بەزەویدا دەچەقێنرێت و سەرەکەی تری کونەو زنجیرێکی لێبەستراوە، بەکاردەهێنرێت بۆ هێشتنەوەی ئاژەڵەکان لەجێگای خۆیاندا بۆ ماوەیەک). هەر ئەم دەستەواژەیەشم بەکارهێنا وەک ناوێكی دووهەمین بۆ ئەو جۆرە کتێبانە.

ئەم کتێبە دەتخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوەو هەموو جۆرە بیرکردنەوەیەکت لێ قەدەغە دەکات، یان تەنها ئەوەندە بواری بیرکردنەوەو تێڕامانت بۆ دەمێنێتەوە کە لە خزمەتی ئەودا بیت و بەو  ئاڕاستەیەدا بڕۆیت کە بۆی دەستنیشان کردوویت. ئەم کتێبە تۆ دەکات بە دانەو لە ناو گروپێکی گەورەتری دانەکاندا پۆلێنت دەکات و لەبری هەمووتان ئەو بیردەکاتەوەو خۆی دەکات بە جیهانبینی ئێوە. هەر ئەوەندەی کەوتیتە ژێر کاریگەرییەوە، ئیتر ئەو خۆی ئاڕاستەتان دەکات بۆ هەر جۆرە مومارەسەیەک کە خۆی دەوێت، بۆ ئەمەش زۆرجار بۆ خوێندنەوەی دەستەجەمی کۆتان دەکاتەوەو یەکێک بەدەنگی بەرز خەریکی وتنەوەی ڕستەی پەرت و بڵاو یان یەک لەدوای یەکی کتێبەکە دەبێت کە لە هەر جێگایەکەوە وەرگیراوە، زۆرجاریش ئێوە بەدوایدا لەبەرخۆتانەوە یان بە دەنگی بەرز دەڵێنەوە "ئای هاوار چەند جوانە" یاخود "ئەمە مەزنترینە". لەکاتێکدا کە زۆرێک لە ئێوە هەر لێشی تێناگات.  ئەوەی شتێکیشی لێ تێدەگات، حەزدەکات هەرچی لە نائاگایی خۆیدا هەیە، بۆ داکۆکیکردن لەو تێگەیشتنە بەکاربهێنێت.
مەترسی ئەم کتێبە لەوەدایە کە جیهان دابەش دەکات بۆ دوو بەرەی بەگژیەکدا چوو، هەرگیز کار لەسەر تێگەیشتن و پەیوەندییگرتنی ئەرێنی ناکات، بەپێچەوانەوە هەمیشە ڕستەو دەستەواژەکانی میتافۆرییانەن و خۆیان نادەن بە دەستەوە. کاتێک دەکەویتە ژێر هەژموونی ئەم کتێبەوە، ئیتر دەربازبوونت زۆر زەحمەتە؛ چونکە ئەو نامەیەکی پێیە بۆ جیهان، دەیەوێت سەرلەنوێ ڕێکی بخاتەوە بەشێوەیەک کە خۆی دەیخوازێت. ئەم کارەش بە تۆ و ئەوانەی تر دەکات کە کەوتوونەتە داوییەوە.

شاخەوان سدیق/ ئەی خوێنەر لە كوێی گرنگی كتێبدایە؟ ئایا كتێب بەبێ‌ خوێنەریش هەر سەرسامكەرو مەترسیدارە یان ئەوە خوێنەرە ئەو گرنگیە بە كتێب دەدات؟

ئاوات ئەحمەد سوڵتان: با بگەڕێینەوە بۆ لای کتێب و پەیوەندیگرتنی ئێمە پێوەی. لەبەرئەوەی کتێب و خوێنەر دوو جەمسەری جیاوازن لەیەکتری، جەمسەرێکیان ئاگایی و ئەوەی تریشیان نائاگاییە، هەردوکیشیان زۆر زەبەلاحن، بۆیە پرۆسەی خوێندنەوە وەک زۆرانبازیی نێوان تایتانەکانی لێ دێت (ژمارەیەک خواوەندی بەدەسەڵاتی یۆنانەکان بوون، جەستەیان زۆر گەوەرەو کەتە بوو، زۆریش بەتوانا بوون)؛ کە زۆر بە زەحمەت یەکلایی دەکرێتەوە، بگرە لە هەر جەولەیەک یان (وەک بە منداڵی دەمانووت لە هەر جێمێکدا "لە وشەی game ی ئینگلیزییەوە هاتووە) ئەنجامێکی جیاوازی دەبێت. هەربۆیە من جار لەدوای جار دووبارەی دەکەمەوە کە هەرگیز دوو کەس ناتوانن هەمان کتێب بخوێننەوە، نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو هەمان کەس لە دوو کاتی جیاوازدا ناتوانێت هەمان کتێب بخوێنێتەوە. بۆچی؟
هۆیەکەی ئەوەیە هەریەکەمان لە گۆشەنیگای خۆیەوە، لەو زەخیرەیەوە کە لەنائاگایی خۆیدا کۆی کردوتەوە، بۆیە پەیوەندیگرتن لەگەڵ کتێبەکاندا، هەروەها ڕوودانی کاریگەریی هەمیشە لە گۆڕاندایەو مەترسی کتێبەکانیش لێرەدایە، چونکە زۆرێک لە کتێبەکان ئەگەری ئەوەیان هەیە بگۆڕێن بۆ ئایدیۆلۆجیا، گەرچی خۆشیان لە بنەڕەتدا وا نەبن. ئەوەی ڕوودەدات ئەوەیەی خوێنەرەکانی لە خودێکی بیرکەرەوە دەگۆڕێن بۆ دەروێشێکی دەف بەدەست و دەسبەرداری بیرکردنەوەیان لەدەست دەدەن.
مەسەلەی پەیوەندیگرتن لەگەڵ کتێبەکاندا فرە جەمسەرەو تا ڕادەیەکی زۆریش ئاڵۆز و پڕ لە شوینی سەیرو سەمەرەیە کە هەتا خۆمان فڕێ نەدەینە ناوی درکی پێ ناکەین. ئەم کارەش خۆی جۆرێکە لە خۆدانە دەستی نەزانراو، کە ئەگەری ئەوەی هەیە کاریگەریی ئەرێنی یان نەرێنیشی هەبێت؛ بگرە هەندێک کتێب هەن کە هەرچۆنێک لەگەڵیان خەریک دەبیت، خۆی ناخاتە ڕوو بۆ پەیوەندیگرتن، چونکە ئەوانە هەر لە بنەڕەتدا هێشتا لەوێ نین، خوێندنەوەش ناتوانێت شتێک بهێنێتە ئاراوە کە پێشتر لەوێ نەبووبێت، یان لانیکەم ئەگەرەکانی هەبوونی فەراهەم نەبووبێت.

شاخەوان سدیق/ كەواتە مرۆڤ بۆ دەبێت کتێب بخوێنێتەوە؟

ئاوات ئەحمەد سوڵتان: ڕەنگە باشترین و ڕاستەوخۆترین وەڵام بۆ ئەم پرسیارە ئەوە بێت کە بڵێم "لەبەرئەوەی مرۆڤە!" دوای وتنی ئەم ڕستەیە، پێویست ناکات هیچی تر بڵێم. چونکە مرۆڤەکان تاکە بوونەوەرن کە ئەزمونەکانی خۆیان تەنها لەڕێگای ڕەمەکەکان (غەریزەکان)ەوە بۆ نەوەکانیان ناگوێزنەوە، بەڵکو کتێبیشیان هەیەو دەتوانن زانیارییەکان کەڵەکە بکەن و ناچار نەبن هەمیشە خۆیان لەناو ئەزمونەکاندا بژین تا فێرببن، بەڵکو لە ئەزمونی کەسانی دەوروپشتیان و ئەوانەش کە ساڵانێکی زۆرە لێرە نەماون، ئەزمون بەدەست بهێنن. بەمجۆرە، کتێب خوێندنەوە بژاردەیەک نیە، واتە ئیختیارێک نیە لەبەردەمتدا کە سەرپشک بیت لەوەی هەڵیدەگریتەوە یان نا، مەبەستم لەوەیە نەخوێندنەوە خۆی مانای مرۆڤ نەبوونە. ئەوە خوێندنەوەیە کە لە بوونەوەرێكی ڕەمەکییەوە دەمانگۆڕێت بۆ بوونەوەرێکی ئەقڵانی، واتە دەمانکات بە مرۆڤ. خوێندنەوە بریتییە لە کردنەوەی دەرگای کتێبەکان و دۆزینەوەی ئەو هێڵەی لێوەی پەیوەندییان لەگەڵدا دەگریت، ئەمە خۆی لەخۆیدا سەرچڵییەکی گەورەیە. ئەمە بۆچی وایە؟ چونکە کتێبیكی نەخوێندراوە شێرێکی نوستووە، بێدارکردنەوەی شێری نوستوو، دلێرییەکی زۆری پێویستە، چونکە ڕەنگە ئاکامەکەی بە تێداچوونی خۆت تەواو ببێت. ئایا پێویست دەکات بڵێم بیرۆکەی شێرە نوستووەکەم لە گوزارشتەکەی ئێرنست هێمنگوای وەرگرتووە، کە دەڵێت "کتێبێکی تەواوکراو، شێرێکیی مردووە." من لەگەڵ بۆچوونەکەدا زۆر کۆکم، چونکە ئەو لە پەیوەندیدا بە نوسەرەوە قسە دەکات، بەڵام من گۆڕیومە بۆ ئەوەی لە پەیوەندیدا بە خوێنەر بەکاریبهێنم. هەرچۆنێک بێت، کورد گوتەنی خەو برای مەرگە، خوێندنەوەی کتێب خۆ جۆرە داهێنانێکە، دیسان نوسینەوەیەتی، واتە دەتوانم بۆچوونەکەی هێمنگوای ئاواهیش بەکاربهێنم "خوێندنەوەی کتێبێک، زیندووکردنەوەی شێرێکی مردووە." واتە بە مانایەک لەماناکان نوسینی کتێبکی دیکەیە. هەر لێرەشەوەیە کە من بەردەوام لە سیمینارەکانمدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە هیچ دوو کەسێک ناتوانن هەمان کتێب بخوێننەوە، بەڵکو هەریەکەیان مومارەسەیەکی جیاواز دەکات. ڕاستە هەردوکیان لەهەمان دەروازەوە دەچنە ژوورەوە، بەڵام لەودیوی دەروازەکەوە جۆرەها هێڵ هەیە بۆ پەیوەندیگرتن، هەروەها خوێنەریش نائاگایی خۆی لەگەڵ خۆیدا دەباتە ژوورەوە، بێ ئەوەی ڕۆڵی ئاگایی فەرامۆش بکەین. ڕاستییەکەی نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو لەبەرئەوەی پەیوەندیکردن بە کتێبەوە فرە جەمسەرەو کۆمەڵێک فاکتەری زۆر بەشداریی تێدا دەکەن (ئاستی ئاگایی، نائاگایی، حەزەکان، میزاجی ساتەوەختی خوێندنەوە... هتد) بۆیە هەرگیز ڕوونادات کەسێک لە دوو کاتی جیاوازدا هەمان کتێب بخوێنێتەوە. سیحری کتێبەکان لێرەدان و هەر لێرەشەوەیە کە بەردەوام دەڵێمەوە "ئەو چێژەی لە خوێندنەوەدا هەیە، قابیلی وەسفکردن نیە." ئەوە چێژێکە تەنها لە کاتی تاقیکردنەوەدا (خوێندنەوە) تامی دەکەیت. وەکچۆن هەموو دنیا باسی تامی مرەبات بۆ بکات، ناکاتە ئەوەی کەوچکێکی لێ بخەیتە سەر زمانت و بڵێیت: "همم... ئێستا دەزانم تامی چۆنە."
خوێندنەوە جۆرێکە لە عەشق، داوێکە لەنێوان خوێنەردا لەکاتێکدا کەخەریکی خوێندنەوەیە، لەگەڵ نوسەردا لەکاتێكدا کە لەوێ نیە، واتە عەشقێکە لە بزرییدا، ئەوەی پێیدەوترێت نوسەر، ئەو کەسە نیە کە لەدوای نوسینی کتێبەکەی دەمرێت، وەک ڕۆلان بارت و کەسانی تر دەڵێن، بەڵکو ئەو کەسەیە کە لەدوای خوێندنەوە لەدایک دەبێت. ئەم نوسەرەیان هەمان ئەو کەسە نیە کە کتێبەکەی نوسیوە، کە من بەردەوام بەویان دەڵێم (دانەر) بەڵکو کەسێکە کە کتێبی تایبەتی خۆی دەنوسێتەوە، واتە لەتوێی خوێندنەوەوە دەینوسیتەوە.


شاخەوان سدیق/ كەواتە ئێستا دەبێت بپرسم ئەی ئەو كەسەی كتێبەكان دەخوێنێتەوەو پێی دەتوترێت خوێنەر ئەمەیان كێیە؟ ئایا هەموو كتێب خوێنێك خوێنەرە؟ یان خوێنەر خاوەن خەسڵەتی تایبەتە؟
ئاوات ئەحمەد سوڵتان: پرسیاری خوێنەر کێیە؟ یان ڕاستر بەبۆچوونی من خوێنەر کێیە؟ پرسیارێكی بەجێیە، خوێنەر بەدرێژایی مێژووی خۆی هەر هەمان بوونەوەر نەبووە، بەڕاستی خوێنەریش مێژوویەکی هەیە، کە لەبەرامبەریدا جگە لەوەی بە سەرسامییەوە بڵێین "سەیرە!" هیچی ترمان لەدەست نایە. سەرەتا کۆیلەیەک بوو لەبەردەمی ئاغایەکی ڕۆمانیی ورگ زلدا دادەنیشت و بەدەنگی بەرز شتی بۆ دەخوێندەوە، ئەو تەنها هەر ئەمەی لەسەر بوو؛ دوای تەواوبوونی کارەکە دەکشایەوە بۆ جێگای خۆی. ئەگەر دوای ئەم کەسە بکەوین دەبێت گەلێک ڕێگای سەیرو سەمەرە بدۆزینەوە کە زیاتر لە هەزارو یەک دەرەکەی خوارووی دەربەندیخان دەچێت. ئەوەی کە گرنگە بڵێم، من مەبەستم لەم خوێنەرە نیە، کە هەتا ئیمڕۆش بوونی هەیەو بگرە لە باڵاترین ناوەندە ڕۆشنبیریی و کەلتوریی و پەروەردەییەکاندا، لەنمونەی زانکۆ، ئامادەیی هەیە. کەسێکە دەخوێنێتەوە لەبەرئەوەی داوای لێکراوە، پێویستە بڕوانامە وەربگرێت... هتد. هەربۆیە من ژمارەیەکی زۆر لە خاوەن بڕوانامە باڵاکانی ئەم وڵاتە لەو کۆیلە ڕۆمانییە زیاتر نابینم .ئەی خوێنەر کێیە؟ ئایا لەگەڵ یەکەمین خوێندنەوەدا، ئیتر خوێنەرمان هەیە؟ ڕاستییەکەی نەخێر، خوێنەر کەسێكی وەهمییە، لە ئەنجامی مەشقکردن و ڕاهێنانێکی درێژدا دروست دەبێت، ڕێک ئەو کەسەیە کە نوسەر ئەندێشەی دەکات، بەڵام هەرگیز بەوجۆرە دەرناچێت، بەڵکو هەمیشە لەکۆتاییدا ئەو لەگەڵ وەهمی خوێنەردا کاری کردووە. ئەمەیان داستانێکی ترە. بەکورتی خوێنەر ئەو بوونەوەرە هیولاییەیە کە دەتوانێت بۆشاییەکانی دەق پڕ بکاتەوە، ئەمەش بەهۆی خوێندنەوە زۆر و زەوەندەکانی پێشووتریەوە دەکات، ئەمەش ئەو نائاگاییەیە کە خوێنەر لەگەڵ خۆیدا دەیباتە ناو تێکستەکەوە. پێشتر بە ئەنقەست باسی نائاگایی خوێنەرم بەکورتی بڕییەوە تا لێرەدا باسی بکەم.
نائاگایی خوێنەر جیاوازە لە نائاگایی خود، یان کەس. لە دووهەمیاندا پرۆسەکە بەجۆرێکە کە هەموو ئەزمونە نەویستراوەکان، ناخۆشەکان، ئەوانەی کورد گوتەنی ڕووی مەجلیسیان نیە، فڕێ دەدرێنە خوارەوە بۆ ناو چاڵێکی تاریک و پاسەوانیان بەسەرەوە دادەنرێت بۆ ئەوەی نەتوانن بێنەوە دەرەوە بۆ ناو ئاگایی. بەڵام نائاگایی خوێنەر  بەشێکی بچووکی قەوارە گەورەکەیەتی، ئەوەی کە خوینەر دەیبات بۆ لای کتێبەکان، ئاگاییەکەیەتی، کۆی ئەزمونەکانێتی لەگەڵ خوێندنەوەدا، کە مەشقەکان، فێربوونەکان،پێسەرسامبوونەکان؛ بەهەمانشێوە تووڕەبوون و ناڕەزایی و ڕەخنەکانیشی پێکەوە تێیدا کۆدەبنەوەو دەبنە ئەو ئامڕازە ئەپستمۆلۆجییەی لە خوێندنەوەکانی دواتریدا بەکاریاندەهێنێت. ئەمە ئەو خوێنەرەیە کە دەزانێت چێژ لە دەقەکان وەربگرێت، کە دەگاتە ئاستێکی ئەمان کە دەقە ئایدیۆلۆجییەکان دەڕۆستی نایەن. هەر ئەمەش خۆی گرنگترین هۆیە بۆ ئەوەی بخوێنینەوە. پێداویستی خوێندنەوە لێرەدایە؛ بۆ ئەوەی بتوانین شارەزای گەمەکە ببین، بۆ ئەوەی پێگەی خۆمان وەک خوێنەر لەناو هاوکێشە چوار جەمسەرییەکەدا بە شایستەیی بەدەست بهێنین.
پێشتر وتم کتێب بریتییە لە پەیوەندی و کاریگەریی. بەڵام ئەمانە بێلایەنن، وەک ئەوەی گەردەلولێکی گەورە لەناو شوشەیەکی بچووکدا بێت، خۆیان مت کردووە، لەگەڵ کردنەوەی دەرگاکەدا دەتەقنەوە. هەربۆیەشە دەوترێت خوێندنەوە پرۆسەیەکی مەترسیدارەو ترسنۆکەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نابێت بخوێنینەوە، گوایە تێکمان دەشکێنێت. ئەمە ڕاستە، خوێندنەوە هێزێکی تێکشکێنەرە، بەڵام تەنها ئەوانە تێکدەشکێنێت کە لە سەرەتاکانی پرۆسەکەدا خۆیان بە دەستەوە دەدەن، بەواتای ئەوەی خاوەنی ئاگاییەکی بچووکن.
لە بەشی یەکەمی پرسیارەکەدا ئاماژەم کرد بۆ جۆرە خوێندنەوەیەک: دروستکردنی پەیوەندیی لەنێوان نائاگایی خوێنەرو ئاگایی کتێبدا. شتێکیش لەوبارەیەوە دەوایین، بەڵام ئەوە تەنها یەکێکە لە ئەگەرەکانی خوێندنەوە، کە هەرگیز بەو شێوە پوختە ڕوونادات، واتە خوێنەر ناتوانێت بەتەنها لە ئاگاییدا بێت؛ بەڵام با ئەوەندە وردی نەکەینەوەو بەشێوەیەکی درشت جەمسەرە سەرەکییەکانی دیکەی پەیوەندیگرتن دەستنیشان بکەین:
دەشێت پەیوەندییەکە لەنێوان ئاگایی خوێنەر بە سێ جۆری دیکەش بێت:
‌أ.      ئاگایی خوێنەر و نائاگایی کتێب
‌ب.     ئاگایی خوینەرو ئاگایی کتێب
‌ج.     نائاگایی خوێنەرو ئاگایی کتێب.
وەک وتیشم، ئەم تێکەڵە کیمییاییە هەرگیز بەو پوختییە نایەتە دی، بەڵکو هەمیشە ڕێژەیی جیاجیا لەهەر چوار جەمسەرەکە بەشداریی دەکەن. هەربۆیەشە هەمیشە دووبارە دەکەمەوە کە خوێنەرەکان لەیەک ناچن، دەتوانین لەناو کڵاسێکی گشتیدا کۆیان بکەینەوە، بەڵام هەریەکەیان بۆ خۆی قەوارەیەکی سەربەخۆ و جیاوازە. هەربۆیەشە هەریەکەیان هۆیەکی جیاوازی هەیە بۆ خوێندنەوەو وەڵامدانەوەی پرسیارەکە بەو شێوە گشتگیرە، ئەگەر مەحاڵ نەبێت، ئەوە هەر زۆر سەختە.

شاخەوان سدیق/ وەك ئاماژەت بۆ كرد خوێنەر بەشێكی گرنگی پرۆسەی مەعنادانە بە كتێب، وەك ئەوەی (ئەیمبەرتۆ ئیكۆ) دەڵێ‌ "خوێنەر كەسێكە بەشە سپیەكانی تێكست پڕ دەكاتەوە"، دەتوانی بەوردی هەندێك باسی (ئاگایی خوێنەر و نائاگایی کتێب)مان بۆ بكەی مەبەست لەم دەستەواژانە چین؟
ئاوات ئەحمەد سوڵتان: هەردوو وشەی خوێنەرو نوسەر پڕن لە گومان، لەبەرئەوەی سنوری لەیەک جیاکراوەیان زۆر کەمەو زۆر زیاتر لەوەی ئەندێشەی دەکەین بەناویەکدا چوون و بگرە ڕۆڵی یەکترییش دەبینن. خوێنەرو نوسەر کامیان لە پێش ئەوەی تریانەوەن، ئەوە نازانم، بەڵام بە شێوەیەک لە شێوەکان لەوە دڵنیام کە کتێب ئەو جێگایەیە کە ئەگەری ئەوە هەیە تێیدا بەیەک بگەن، چونکە لە زۆربەی جارەکاندا سەفەری ناو کتێبەکان بە تەنها دەکرێت و بەریەککەوتنی نوسەرو خوێنەر حاڵەتێکی دەگمەنەو ئەگەریش روویدا ناتوانین پێشبینی بکەین کە چی لەنێوانیاندا ڕوودەدات.
ئەمەش خۆی پرسیارێکە، دەتوانین بیری لێ بکەینەوە، بەڵام ئێستا بۆئەوە بتوانم کارەکە بکەم، ئەم پرسیارە فەرامۆش دەکەم.
ئەگەری ئەوەی کتێب لە پێش نوسەر و خوێنەرەوە هەبێت، قابیلی ئەندێشەکردنە؛ بەواتای ئەوەی کتێبەکان هەن، ئەوەی نوسەرەکان دەیکەن تەنها نوسینەوەیانە بۆ ئەوەی بەدوای ئەواندا خوێنەرەکان بێنە سەریان و کارەکانی خۆیان ئەنجام بدەن، واتە جار لەدوای جار خەریکی نوسینەوەیان بن. ئەوانە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە گێڕەرەوەکان و گێڕراوەکان پێکدەهێنن. ڕەنگە ئەمە خاڵێکی بەیەکگەیشتنی نوسەرو خوێنەر بێت، ئەو باسەی دەمەوێت لێرەدا خۆمی لێ بدزمەوە.
نوسەرەکان کتێب دەنوسنەوە! لەیەکەمین سەیرکردندا، واهەست دەکەین ئەمە ڕستەیەکی سەیر بێت، بەڵام زۆری پێناچێت بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە نوسەرەکان وەڕڕاق نین. وەڕڕاقەکان ئەوانەن کە کاتی خۆی لە بەغدا کاریان بۆ بەیتولحیکمە دەکرد، کارەکەشیان ئەوە بوو کتێبەکانیان پێ دەدان بۆ ئەوەی کۆپیی لەبەر بگرنەوە. خەڵکانێکی زۆرمان هەن کە وەک نووسەر خۆیانمان پێ دەناسێنن، بەڵام لە ئەسڵدا ئەوانە وەڕڕاقن؛ واتە ئەوانە لێرەو لەوێ سەرەپارچەو هزر و پەرەگراف لە نوسەرە ڕاستەقینەکان دەخوازنەوەو پێکەوەیان دەلکێننەوەو وەک کتێب پێمان دەفرۆشنەوە. جێگای ئاماژەیە زۆربەی زۆری ئەوانە ئەوەندە لێزان نین کە بتوانن بەڵگەو پەنجەمۆرەکان بسڕنەوەو لە سەرچاوە ئەسڵییەکان دوورمان بخەنەوە.
نوسەرەکان وەڕڕاق نین، چونکە دەسکاریی گێڕانەوەکان دەکەن، ئەندێشەی گێڕانەوەی زیاتر و زیاتریش دەکەن، نوسینەوە لای ئەوان جۆرێکە لە گەمەکردن. هەربۆیەشە دەتوانم بێ ترس بڵێم ئەو نوسەرەی ئاواهی نیە، ئەوە هێشتا لە قۆناغی وەڕڕاقیی تێنەپەڕیوە، ئەو بە تەنها ئەوە دەنوسێتەوە کە هەیە، بێ ئەوەی هیچ جۆرە سەرکێشییەکی لەگەڵدا بکات. کتێبەکان بە دەستی ئەمانەوە دەبزڕکێن، لە دەقی زیندووەوە دەگۆڕێن بۆ لاشەی بێگیانی دووبارەکراوەی بێ مەبەست.

شاخەوان سدیق/ ئێمە چۆن لە كتێب بڕوانین، ئایا نووسین هەر ئەوەیە كەلە دوتوێی كتێبەكاندا قەتیس بوون، یان نووسین سەرەتاش هەبووە و كتێبەكانیش هەر ئەوانەنین كە لەناو ڕەفەی كتێبخانەكاندا دەیان بینین؟
ئاوات ئەحمەد سوڵتان: کێشە لێرەدا چیە؟ نوسین خۆی لە ئەسڵدا پێویستی بە قەڵەم و کاغەز نەبووە، چونکە کتێبەکان بێ بارستەو بێ شێوەن، بەشێکن لە ئەزمونی تایبەتی خۆمان. قەتیسکردنی ئەو ئەزمونانە لە چوارچێوەیەکدا، لە زیندانێکدا، کارێکی زۆر ستەمکارانەیە، ئەمە گرفتی یەک کتێب یاخود تاقە کتێبە، کتێبەکان سەرەتای بیرکردنەوەن، نەک کۆتاییەکەی. هەر کتێبێک لافی ئەوە لێبدات کە بیرکراوەی ئامادەکراوی حازربەدەستمان پێشکەش دەکات، کۆتاییەکەی دەگاتە ئەوەی لەسەر ڕەفە بەرزەکان دابنرێت و بەرگی ڕەنگاو ڕەنگی تێبگیرێت و بەدەگمەن دابگیرێتە خوارەوە، ئەویش تەنها بۆ تیلاوە کردن، واتە دەرکردنی دەنگەکان و وتنی پیتەکان بە شێوازێکی تایبەتی بۆ خوڵقاندنی کەشی تایبەتی بیرنەکردنەوە.
جیاوازیی نوسەر لەگەڵ وەڕڕاقدا ئەوەیە، کە لەگەڵ کتێبە نابەرجەستەکاندا مامەڵە دەکات، ئەو ئەگەری بوونی کتێبێک لەوێ دەخاتە ڕوو، کە هەوڵی دۆزینەوەی دەدەین، بۆمان دەردەکەوێت وا نیە، ئەوەی لەوێیە کتێبێک نیە، بەڵکو پڕۆژەیەکە بۆ بیرکردنەوە، بۆ پێداچوونەوە، بگرە تەنانەت بۆ ڕەتکردنەوە. هەرگیز کتێبی ڕاستەقینە پڕۆژەیەک بۆ باوەڕکردن، یاخود ڕازیبوون ناخاتە ڕوو. هەرگیز ناتوانین لە ناو پڕۆژەی باوەڕکردندا، بیر لە بەردەوام بوون بکەینەوە. چونکە باوەڕەکان هیچ نین لە کۆتاییەکانی بیرکردنەوە. ئەوجۆرە کتێبانە لەپێناوی خوێندنەوەدا نین، واتە هەر لە بنەڕەتەوە ئامادە نین بۆ کردنەوەی دەرگاکانی خویندنەوە، بەڵکو هەر خوێندنەوەیەکیان بۆ بکەین، لە دەرەوەو جیا لە کتێبەکان دەکرێن. ئەمەش ئەو شتەیە کە پێی دەوترێت لێکدانەوە، بە واتای بارکردنی کتێبەکان بە دنیایەک شتی دیکە کە سەر بە فەزا ئەسڵییەکانیان نین. ڕەنگە ئەم قسانە وەڵامێک بن بۆ پرسیارە فرە ڕەهەندەکەی ئەمبرتۆ ئیکۆ "ئایا دەشێت شتگەلێک تا ئەم ڕادەیە جیاوازیی لە نێوانیاندا هەیە، بە جۆرێک گوزارشتیان لێ بکەین کە ئاستێکی یەکێتی لەنێوانیاندا هەبیت؟" واتە وەڵامەکەی من ئەمەیە: لە حاڵەتی بوونی باوەڕدا، بەڵێ! واتە هەموو شتە ناکۆکەکان لە سایەی باوەڕدا پێکەوە دەسازێن و دەتوانن پێکەوە هەڵبکەن، بەجۆرێک کە وا هەست دەکەین ئەوپەڕی (نەک بە تەنها ئاستێکی) یەکێتی و تەبایی لەنێوانیاندا هەیە، بەجۆرێک کە چیتر لێکجیاکردنەوەیان زەحمەتە.
ئەمە وەڵامێکی ئەستەم نیە، یەکێک لەو (تێکست)انەی باوەڕ بەرهەم دەهێنن، بگرە بە دەستەوەو لە گۆشەنیگایەکەوە لێی ورد ببەرەوە کە ناگاتەوە سەر باوەڕو خۆت ئەزمونی بکە. ئەمەی لێ دەربکە، ئیتر هیچ جۆرە یەکێتییەک لەنێوان شتە ناکۆکەکاندا، ئەو شتانەی (تا ئەم ڕادەیە جیاوازیی لەنێوانیاندا هەیە) نامێنێت، تا ئەو کاتەی دیسانەوە باوەڕێک پێکەوە کۆیان دەکاتەوە. واتە بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ شتە ناکۆکەکاندا هەڵبکەین، دەبێت باوەڕمان هەبێت و ئەمەش یەکێکە لە هاندەرە سەرەکییەکانی نوسین!
لەکاتێکدا کە کتێبەکان خۆیان هەن و نوسەرەکان، بەتەنها ئەرکی تۆمارکردن، یاخود نوسینەوەیان لە ئەستۆ دەگرن، ئیتر پرسیاری ئەوەی کێ نوسەرە دەبێتە پرسیارێکی بێ مانا، چونکە نوسین هەوڵێکی بەردەوامە بۆ هەڵاتن لەوەی شوناسێکی دیاریکرومان هەبێت، خواستی جیاوازبوون و گۆڕانە، دەرچوون لە هەژموونی قاڵبەکان. ئەو نوسینانەی ئاواهی نین، کاری وەڕڕاقەکانن.
نوسین بە بێ ئەوەی هیچ گومانێکمان بۆ بهێڵێتەوە، پڕۆژەیەکی مەحاڵە، هەرگیز بە تەواوەتی ئەنجام نادرێت، تەنانەت خوداش کتێبە ئەزەلییەکەی خۆی دەور کردۆتەوەو جار لەدوای جار ڤێرژنی جیاوازتری ئامادەکردووەو لەناو هەر ڤێرژنێکیشدا، نەسخ و سڕینەوەی زۆری کردووە.

شاخەوان سدیق/ ئایا ئەفسونی كتێبەكان لە كوێدان، كتێب بەتەنها هەر ئەوەیە كەهەیە یان پرسی یەك كتێب و دوانووسەر بابەتە جدییەكەیە بەبڕوای تۆ هێڵە جیاكەرەوەكانی نێوان ئەمانە كامانەن؟
ئاوات ئەحمەد سوڵتان: هەتا ڕۆڵی چیرۆک و گێڕەرەوەی چیرۆک، یاخود گڕێرراوەو گێڕەرەوە بەرچاوتر بێت، ئەو دوو چەمکەی دیکە ئەوەندە ڕۆڵیان نامێنێت. بە تایبەتی ئەو شوێنەی کە تێیدا کۆدەبنەوە، ناوچەیەکی ئەفسانەییەو ئەگەرەکانی پەیوەندیکردنیش تێیدا هەتا بڵێی زۆرن. ئەمەش لە بیرۆکەی ڕەتکردنەوەی (یەک کتێب)ەوە هاتووە، چونکە لە کتێبێک نا، بەڵکو هێندەی ژمارەی خوێنەرەکان کتێبمان هەیە، بگرە لەوەش زیاترە، واتە بەقەدەر ژمارەی خوێندنەوەکان کتێبمان هەیە.
ئەمە ئامادەییەکی هەمەجۆرو گرفتاویی ئاستەکانی خوێندنەوەیە، یاخود باشتروایە بڵێین هێڵەکانی خوێندنەوە، کە تێیدا هەریەکە لە نوسەرو خوێنەر پێک دەگەن. بەڵام کام نوسەرەو کام خوێنەرە؟ بۆ نمونە، جارێکیان چیرۆکێکم دەخوێندەوە کە پێموترابوو (عەتا محەمەد) نوسیوێتی، کەچی لە نیوەی ڕێگادا (میلان کۆندێرا)م بینی و تا نزیکی کۆتایی لەگەڵ  ئەودا مامەوەو بۆ من گرنگ نەبوو کێ نوسەرە! ئەگەر کەمێک ورد ببینەوە، دەتوانین نوسەرە جیاجیاکان لەناو کتێبە تاقانەکاندا بدۆزینەوە.
ئەمە کێشەیەکی ئەزەلییە، دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەکانی سەرەتای نوسین. بۆ ئەو کاتەی لە دیواری ئەشکەوتەکەی نوسی. مەبەستم چەند هەزار ساڵێک پێش ئێستاو نوسینە وێنەییەکانە. لەو ساتەدا چی ڕوویدا؟ یەکەمین شت کە سەرنجم ڕادەکێشێت بوونی چیرۆکە، بەڵام لەناو وێنەدا. وێنەنوسەکەی ئەوکات چیرۆکی ڕاوکردنی گایەکی کێشایەوە، نەک وەک گێڕانەوە، بەڵکو وەک هیوای دووبارەبوونەوەی بەشێوەیەک لە شێوەکان لە ئایندەدا.
هەرلەوێوە مومارەسەی نوسین بە ئاڵۆزیی و تێکەڵاویی هاتووە، هەم زەمەنەکانی تێکەڵاوەو هەم جۆرەکانیشی. ئینجا ئەگەر بپرسین: "دەی باشە، ئەگەر ئەوە نوسەری یەکەم بێت! ئەی خوێنەری یەکەم کێیە؟" هاوڕێکانی کە لای ئاگرەکەوە دانیشتوون، یان ئێمە کە دوای هەزاران ساڵ هاتین؟ ڕەنگە ئەم پرسیارە گرنگ نەبێت بەقەدەر ئەم پرسیارەی دووهەمیان: بەڕاست تا ئێستا توانیومانە ئەو کتێبە بەردینە بخوێنینەوە؟ واتە کتێبە ئەسڵییەکە، ئەوەی نوسینکێشەکە مەبەستی بوو؟ لە ڕاستیدا نا، چونکە هەتا ئیمڕۆش کتێبی لەوجۆرە بوونی نیە؛ کتێبێک کە مەبەستە ئەسڵییە ڕەسەنەکەی نوسەر لەخۆیدا کۆبکاتەوە. ئەوەی هەیە کتێبەکانە، نەک کتێبەکە. لەناو هۆیە زۆر و زەوەندەکاندا، یەکێکیان ئەوەیە کە ڕێساکانی زمان خۆیان بێشومار دەرگای جیاواز لە ئاخاوتن دەکەنەوەو ناکۆتا مانا بە ڕووبەری کتێبدا بڵاو دەکەنەوە. کاتێکیش دەڵێم ڕێساکانی زمان بە تەنها مەبەستم لە بنەماو پێکهاتە فۆنۆلۆجییەکان (وتراوەکان) نیە، بەڵکو تەواوی ئاماژەو ڕەوتەکانی زمانیشم لە مێشکدایەو حیسابکردنی ئەمانە، لە بردنەسەرەوەی بەردەکەی سیسیفوس (سیزیف) قورسترە، چونکە هەمووجارێک دەگەینەوە جێگایەک کە دەبێت دیسان دەستپێبکەینەوە.

شاخەوان سدیق/ تۆ دەتەوێت تەنها لە بیرۆكەی یەك كتێب ووربیتەوە، یان بەدوای پرسی یەكەم نووسەریشەوەیت؟
ئاوات ئەحمەد سوڵتان: دەمەوێت بەدوای نوسەری یەکەميشدا بگەڕێم؛ بۆ ئەمەش دوو بژاردەم لەبەردەستدایە: یەکەمیان لێرەو نوسینی سەردیواری ئەشکەوتەکان. ئەوەی تریشیان لەوێ و ئەو قەڵەمەی بە فەرمانی خودا یەک جار و بۆ هەتا هەتایە هەموو شتەکانی نوسی. ڕۆژێکیان (لەدەرەوەی کات) خودا لەسەر عەرشەکەی خۆیەوە (لەدەرەوەی شوێن) فەرمانی بە قەڵەم کرد بنوسێت (لەدەرەوەی کردە). دوایی تۆمارەکەی لای ڕاستی خۆیەوە دانا، ئەوە یەکەمین کتێب بوو، ئەوە کتێبی کتێبەکانە، هەتا ئیمڕۆش هەموو کتێبەکان دەچنەوە سەر ئەو تاقە کتێبە. هەربۆیە دەگوترێت کردەی نوسین کردەیەکی خوڵقێنەرانەیە. کتێبی خودا نوسینەوەی گەردون بوو، نوسەرەکانی دیکەش هەر ئەو کارە دەکەن، بەڵام خەریکی نوسینەوە گەردوونە بچووکەکانن، کە بەهەموویان گەردونە گەورەکە پێکدەهێنن، بۆیە سەیر نیە لە ناوەڕاستی کتێبێکی هاوچەرخدا، ڕێکەوتی حیکایەتخوانێکی سەدەی ڕابردوو، یاخود نوسەرێکی چەندسەد ساڵ لەمەوبەر بکەیت.
کتێبەکەی خودا لەدەرەوەی کات و شوێن و کردە بوو، کتێبی ئیرادە بوو، هەتا ئیمڕۆش چاکی و خراپی کتێبەکان بە ڕادەی سەرکەوتنیان لە دەربازبوون لەکات و شوێن و کردەدا دەناسرێنەوە، بەو مانا باوانەی بۆ ئەم وشانە هەن. هەر لێرەشەوەیە کە من دەڵێم، لە ڕاستیدا کتێبە ڕەسەنەکان (ئەسڵییەکان) کەمن (ئەم قسەیەم پێچەوانەی قسەکانی پێشووم نیە) ئەوەی هەیە زیاتر ئەو کۆپییانەیە کە دواجار کات و شوێن ڕەشیان دەکەنەوەو لە یادەوەرییدا نامێنن.
کتێبە ڕەسەنەکان کامانەن؟ ئەوانەن کە تیتچە لەبارەیانەوە دەڵێت "لەناو هەموو ئەوانەدا کە نوسراون، تەنها ئەوەم خۆش دەوێت کە کەسێک بە خوێنی خۆی نوسیونی." خودا بە ئیرادەی خۆی کتێبەکەی خۆی نوسی، بەڵام ئەوە یەک کتێب نەبوو، بەڵکو سەدان هەزار کتێبی جیاجیان لەوەش زیاتر لێکدانەوەو بەرهەمهێنانەوەی جۆراوجۆر. ئەمە خاسییەتی کتێبی پیرۆزەو خوێنەرەکەی بە تەنها خودایە.

شاخەوان سدیق/ ئەی ئەگەر خوێنەر هوشیار بوو، وە ئاگاداری گرنگی كتێب بوو، ئەوسا (ئاگایی خوینەرو ئاگایی کتێب) چۆن دەبێت؟ ئایا كتێب یش بەرپرسیارە بەرامبەر خوێنەر؟
ئاوات ئەحەمەد سوڵتان: با چیرۆکێکت بۆ بگێڕمەوە: چەند ساڵێک لەمەوبەر پارتێکی سیاسی نوێ دامەزرێنرا، سەرۆکی پارتەکە چەند کەسێکی ڕاسپارد کتێبی بۆ بکڕن. بەڵام هەموو کتێبێک نا! ئەو چەند مەرجێکی هەبوو:
‌أ.بەرگی کتێبەکە ڕەق بێت،
‌ب.لە (٥٠٠) لاپەڕە کەمتر نەبێت،
‌ج.چەند بەرگێک بێت..
سەرەنجام ئەوەی ویستی زۆر بە باشی بۆی جێبەجێکراو لە پشتی خۆیەوە لە کتێبخانەیەکی جواندا ڕیزی کردن.
ئایا ئێمە ئێستا خوێنەرێکمان هەیە؟ ئەو کتێبخانە گەورەیە کە پڕێتی لە کتێبی سەیرو سەمەرەی پێکەوە نەسازاو (ڕێنمای چێشتلێنان، ئافەتە کشتوکاڵییەکان، کتێبی پزیشکی، ئەدەبی، مێژوو، جۆرەها کتێبی دیکە) کە تاکە شت پێکەوە کۆیان بکاتەوە دوو سیفەتە: یەکەم هەموویان ئەستورن و دووهەمیش هەموویان بەرگەکانیان ڕەق و ڕەنگاو ڕەنگ و نوێن. ئەمەی لێرەدا هەمانە چیە؟
کاتێک سەرۆکی پارت دەبینین لە پشتی مێزەکەیەوەو لەبەردەم کتێبخانەکەیدا قسە دەکات، ئایا هەست دەکەین خوینەرێک لەوێیە؟ ئەم پیاوە سیاسەتمەدارە تا ئەم ساتە خۆی ماندوو نەکردووە تا لە دەرگای کتێبەکان بدات، ئەو هیچ جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ کتێبەکاندا ناگرێت، بەڵکو وەهمی خوێندنەوە دەخاتە زەینی جەماوەرەکەیەوە. دەیەوێت وێنەیەکیان لا دروست بکات کە ئەو کتێبانەی خوێندۆتەوە!
ئێستا ئەگەر گریمانە بکەین، کەسێكی نائاسایی، یاخود کاراکتەرێکی ناو یەکێک لە چیرۆکەکان، دێت و خۆی تەرخان دەکات بۆ خوێندنەوەی کتێبەکانی پشتەوە سیاسەتمەدارەکەمان. دەبێت ئەو کەسە چی بکات؟ ئەم کتێبانە لە پرۆسەیەکی درێژخایەنی خوێندنەوەو لەگەڵ پەرەسەندنی هزرو کەشفکردنی نهێنییەکانی خوێندنەوەدا پەیدا نەکراون. پەرت و بڵاو، بابەتی جۆراوجۆر و فرە بابەت. دەتوانم بڵێم ئەو کتێبخانەیە پڕێتی لە کتێب و دژە کتێب! بەجۆرێک کە قابیلی خوێندنەوە نین، یاخود کەس ناتوانێت بە تاقی تەنها دابنیشێت لە یەک ماوەی بەردەوامدا ئەو هەموو کتێبە ناکۆک و سەیرو سەمەرانە بخوێنێتەوە. ئەوە پرۆسەیەکە ئەنجامدانی نزیک دەبێتەوە لە مەحاڵ. بۆچی؟ دەڵێن باڵندەی سیمرغ هەرچییەک بێتە بەردەستی دەیخوات، بێشک خوێنەر لە چەشنی ئەو باڵندەیە نیە هەرچییەک بێتە بەردەستی بیخوێنێتەوە. هەرکەسێكیش ئەم کارە بکات، کۆتاییەکەی بەوە دەگات هیچی نەخوێندۆتەوە.
کابرای سیاسەتمەداریش هەر لە بنەڕەتەوە ئەو کتێبانەی بۆ خوێندنەوە لەوێدا کۆنەکردۆتەوە، ئەو سیفەتی کتێب بوونی لەوانە وەرگرتۆتەوە. چ جیاوازییەک دروست دەبوو، ئەگەر ئەو سیاسەتمەدارە لەبری ئەو کتێبانەی پشتی خۆی، کەسێکی بناردایە بۆ کتێبخانەیەک و وێنەی کتێبەکانی بۆ بگرتایەو پاشان وێنەکەی گەورە بکردایەو بە دیوارەکەی پشتی خۆیدا هەڵی بواسییایە؟ ئایا وینەی کتێبەکان هەمان ڕۆڵی بۆ سیاسەتمەدارەکە نەدەبینی؟

شاخەوان سدیق/ بەبڕوای تۆ خوێنەر ئەكتیڤ چؤن پەیدا دەبێت، چۆن هوشیارانە بڕوانێتە كتێب و تێكست و چۆن مامەڵەیان لەگەڵ بكات واتە لە دۆغی (نائاگایی خوێنەرو ئاگایی کتێب) دا پرۆسەكە چی لیدێت؟    
ئاوات ئەحمەد سوڵتان: خوێندنەوە پرۆسەیەکی درێژخایەنە، خوێنەر ئەزمونی خوێندنەوەی لە کتێبێکەوە دەگوێزێتەوە بۆ کتێبێکی دی، هەموو جارێک کە لەگەڵ کتێبێکی نوێدا مامەڵە دەکات، هەموو ئەزمونی ڕابردووی لەگەڵ خۆی دەبات، تا سەرەنجام فێر دەبێت (کتێبی خۆی) بخوێنێتەوە، ئەمەش جیاوازە لەگەڵ ئەو کتێبەدا کە نوسەر خستوویەتیە بەردەستی. سیحری خوێندنەوەش ئەمەیە! هەر ئەمەشە هۆی ئەوەی کتێبێک دوای ئەوەی خوێندرایەوە، ئیتر بەهای خۆی لەدەست نادات، چونکە هەمیشە خوێندنەوەیەکی دیکە لەوێ هەیە کە دەتوانیت لە ئایندەدا ئەنجامی بدەیت.
سەیری ئەو کەسە بکە کە پێی دەڵێین (حافز)! عەرەبەکان وشەیەکی زۆرجوان بۆ ئەم کەسە بەکاردەهێنن، کە بەزمانی خۆمان مانای (خوێنەرەوە) دەگەیەنێت. واتە ئەو کەسە کتێبێک دەخوێنێتەوە کە خوێنراوەتەوە. کە ئەم وشەیە بەرگوێی من دەکەوێت، حاڵەتێکی دۆش دامان و سەراسیمەبوونم لا دروست دەکات، وەک دەڵێم تووشی (واق وڕمان) دەبم! سەرنجی ئەوەش بدە کە حافزەکان بەزۆریی نابینان، ئەوانە یەکێک لە گرنگترین پێداویستییەکانی خوێندنەوەیان نیە، بگرە هەندێکیان ئەو زمانەش بە باشی تێناگەن (جاریکیان گوێم لێ بوو باسی کەسێکیان دەکرد کە تەنها دەنگەکانی لەبەر کردبوو، شتێکی ئەوتۆی لە زمانەکە نەدەزانی). ئەمە سوکایەتیکردن نیە بەو پیشەیە؛ ئەوەش لە بەستێن (کۆنتێکست)ی خۆیدا کاری خۆی دەکات، بەڵام کارێکە پەیوەندیی بە خوێندنەوەوە نیەو ئاماژە پێدانی لێرەدا بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستێکی تایبەتییە.

شاخەوان سدیق/ ئایا دەشێت کتێبێک لە ئەنجامی خوێندنەوەی جارلەدوای جارو هێرشی خوێنەرەکان بۆ سەری و بە تێپەڕینی کاتێكی زۆر، ئیتر بەکەڵکی خوێندنەوە نەمێنێت و هەموو نهێنییەکانی خۆی بدات بەدەستەوە؟ شتی وا دەکرێت؟
ئاوات ئەحمەد سوڵتان: کە دەمەوێت وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، دەگەمە ئەوەی کە ئەمە ساتەوەختی کوشتنی کتێبەکانە، بەتاڵکردنەوەیانە لەمانای (کتبێب بوون). ئەو کتێبانەی دەکوژرێن چییان لێ دێت؟ دەبن بە کتێبی پیرۆز! کتێبی پیرۆز ئەو کتێبەیە کە ناخوێندرێتەوە لەگەڵ ئەوەشدا کە بە بەردەوامی دەخوێنرێتەوە! هەرچییەکیش لەبارەی ئەو کتێبانەوە دەوترێت پەیوەندیی بە خودی کتێبەکانەوە نیە، یاخود پەیوەندییەکی ئاڵۆزو تەماوی و ساکێنەری هەیە.
هەربۆیە بەشێوەیەکی بەردەوام کتێبە پیرۆزەکان کەس یان گروپێکی تایبەتیان هەیە بۆ ئەوەی لێکدانەوەو ڕاڤەکاریی بۆ کتێبەکە بکەن؛ کتێبەکە ناخرێتە بەردەستی جەماوەری گشتی. ئەمە لە سەردەمەکانی ڕابردوودا بە زەقی پیادە دەکرا، بەڵام پیشەسازی چاپەمەنی و وەرگێڕدرانی کتێبە پیرۆزەکان لە زمانە سەیرو قورسەکانیانەوە بۆ زمانە باوەکان، ئەمەی تا ڕادەیەک کاڵ کردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا کتێبە پیرۆزەکان خۆیان قابیلی خوێندنەوە نین، چونکە ئەوانە دەرگاکانیان زۆر بە مەحکەمی داخراوەو هەوڵدان بۆ کردنەوەیان و ئەنجامدانی خوێندنەوەی تایبەت یاخود جیاواز، مەترسی گەورە دروست دەکات. دواهەمینی ئەو مەترسییانەمان لەگەڵ دکتۆر محەمەد شەحروردا بینی.  ئەم پیاوە لە دەرگایەکی دیکەوە، یاخود لە هێڵێکی دیکەوە پەیوەندیی لەگەڵ کتێبی پیرۆزدا گرت. تەحەدای کردو وتی نەخێر، کتێبەکەمان هێشتا نەخوێندراوەتەوەو من دەست دەکەم بە خوێندنەوەی.

شاخەوان سدیق/ پێم خۆشە لەبارەی كتێبە پیرۆزەكانەوە بۆم بدوێيت، ئایا ئەوانەی پێیان دەوترێت كتێبی پیرۆز، دەتوانین وەك هەموو كتێبەكانی دیكە لێیان بڕوانین؟
ئاوات ئەحمەد سوڵتان: قسەکردن لەبارەی کتێبی پیرۆزەوە هەم زۆر دەخایەنێت و هەم ترسناکەو هەم تا ڕادەیەکی زۆریش لە پرسی خوێندنەوە دوورمان دەخاتەوە. بەڵام ویستم بەشێوەیەک لە شێوەکان دوو چەمکی پێ ڕوون بکەمەوە: ناکتێب و ناخوێندنەوە. مەبەستم لەوەیە کتێبە پیرۆزەکان بەشێوەیەک لە شێوەکان کتێب نین، بەڵکو شتێکی دیکەن، کە ناتوانین لەناو پێناسەیەکدا کۆیان بکەینەوە. سەرنجت داوە لە ماڵە کۆنینەکانی شاردا، لەو جێگایانەی پیرەمێردەکان و پیرەژنەکان دەژین، بەرگێکی سەوز بۆ کتێبی پیرۆز دروستکراوەوەو بە تەنها لەسەر تاقێک دانراوە. ڕەنگە ساڵانێکی درێژ بێت هەروا بەو شێوەیە لەوێدا مابێتەوە. ئەو کتێبە وەزیفەیەکی دیکەی هەیە جگە لە خوێندنەوە: دەتوانین بڵێن موفەڕک (پیرۆزکردن)، ئارامی دەرونیی (پاراستن لە هێزو بوونەوەرە پەنهان و نەبینراوەکان، لەنمونەی جنۆکە)، بەخشینی هێز، هەرەوەها خستنەڕووی شوناسی ئاینداریی و لەخواترسانەی ئەوانەی کتێبەکەیان لەوێ داناوە. ئەمانە کردەوەن، ڕەنگە بۆ خودی کەسەکان و گەلێک کەسی دیکەش کردەی چاک بن، بەڵام خۆ خوێندنەوە نین!
بە یەک سەرنجی دیکە کۆتایی بە باسی کتێبی پیرۆز دەهێنم: لە ئێستادا خەڵک بەدەگمەن بەرگ دەگرنە کتێبە پیرۆزەکان، بەڵام هەمیشە لە جێگایەکی بەرزدا دایان دەنێن، یان ئەگەر لەناو کتێبخانەدا بێت، وەک کتێبێکی ئاسایی لەتەنیشتی ئەوانیترەوە دایان نانێن، بەڵکو بە پاڵکەوتوویی لەسەرووی هەموو کتێبەکانەوە دایان دەنێن، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی ئەم کتێبە لەسەرووی خوێندنەوەیە. ڕاستە ناوبەناو دایدەگرن و دەیخوێننەوە، بەڵام ئەوانە تەنها وشەکان یەک بەدوای یەکداو بەپێی سیستمێکی تایبەتی دەنگ و هەناسە خەریکی دەبن، هیچ کارێکی دیکەیان نیە.

شاخەوان سدیق/ ئێستا پرسیارەکەی سەرەتا بە شێوەیەکی دیکە دەکەم: ئایا کۆکردنەوەی کتێبی زۆر مانای بوونی خویَنەرى جدیە؟
ئاوات ئەحمەد سوڵتان: بێگومان خوێنەر بە کۆکردنەوەی کتێبەکان دروست نابێت، ئەگەر وابووایە، ئەوە ئەمینی مەخزەنەکان، کارمەندەکانی چاپخانە، کتێبفرۆشەکان... هتد هەموویان خوێنەر، بگرە خوێنەری زۆر زرنگ دەبوون. ڕەنگە لێرەو لەوێ لەناو ئەوانەدا خوێنەرێک لە یەکێک لە ئاستەکاندا ببینین، بەڵام هەر بەوەندەی مامەڵەت لەگەڵ کتێب کرد نابیت بە خوێنەر.
کاریكی زۆر زیاترو قورسترت لە پێشە تا ئەنجامی بدەیت بۆ ئەوەی بتوانین وەک خوینەر ناوت ببەین.
دەتوانین بە سەرۆکی پارت بڵێین چی؟ خۆی قۆز کردووەو ئەو هەموو کتێبەش لە پشتییەوە دیارن! ئەو هیچ نیە جگە لە پاسەوانێک، لە وەردیانێک کە هەوڵ دەدات ئەو (شت)انە لەشوێنی خۆیان بمێننەوە، دەرگاکانیان بە کڵۆمدراویی جێبهێڵدرێن و پرۆسەی خوێندنەوە ڕوونەدات، واتە کتێبەکان پەیدا نەبن.
تۆ پاسەوانی بانکت بینیوە؟ لەدەرەوە وەستاوەو بیر لەوە دەکاتەوە چۆن قەرزەکانی بداتەوە، کەچی ناو بانکەکەش پڕە لە پارە. ئەو هەروا بە بەردەمی باڵاخانەی بانکدا دێت و دەچێت، پاسەوانیی لە پارەیەک دەکات کە هی خۆی نیە؛ هیچ زانیارییەکیشی لەبارەیەوە نیە، هی کێیە یان چی لێ دەکرێت!

شاخەوان سدیق/ چۆن دەتوانین ئامانجی خوێنەرەكان جیابكەینەوە، ئایا هەموو ئەوانەی كە دەخوێنەوە ئامانجی گشتگیریان لەناو كتێبەكاندا هەیە، یان جۆرەكانی خوێنەر ئامانجەكان جیادەكەنەوە؟
ئاوات ئەحمەد سوڵتان: من لە یەکێک لە سیمینارەکانمدا باسم لە جۆرەکانی خوێنەر کرد. لەوێدا ئاماژەم کرد بۆ هەندێک کەس کە بەحوکمی پیشەکانیان ناچارن کتێب بخوێننەوە، وتم ئەوانە پیشەوەرن، خوێنەر نین. نمونەی ئەوانە قوتابی و مامۆستا، هەڵەبڕ، ڕۆژنامەوان، ئەو کەسەی پێداچوونەوە بۆ کتێبەکان دەکات، پزیشک، پارێزەر... هتد. ئەمانە هیچیان خوێنەر نین. ئەی چی دەکەن؟ ئەمانە لەناو پرۆسەیەکدان کە وەک میکانیزم و ئەگەر لە دوورەوە سەیری بکەیت لە خوێندنەوە دەچێت، بەڵام خوێندنەوە شتێکی دیکەیە، ئەمانە لەپێناوی ئامانجێکی دیاریکراودا ئەو کارە دەکەن کە دەکەوێتە دەرەوەی کایەی پەیوەندیگرتن بە کتێبەکانەوە.
بەهەمانشێوە ئەوانەی لەناو گروپداو بەپێی فەرمانێک یان داخوازییەکی دیاریکراو کتێبەکان دەخویننەوە (کە ئەمیان ئەوەندە لە پرۆسەی خوێندنەوە نزیکە، ئەگەر وریا نەبین بۆمان جیاناکرێتەوە)، ئەمانیش دیسان خوێنەر نین. مەبەستم لەوانەیە کە گروپە ئاینیی سیاسی، پیشەییەکەیان ژمارەیەک کتێبی دیاریکراویان بۆ دەستنیشان دەکەن تا خۆیانی پێوە خەریک بکەن. ئەمانە خەریکی لەکتێبخستنی کتێبەکانن، بچووکردنەوەی خوێنەرن بۆ ئامڕازی کردەیی لە کایەیەکی دیاریکراودا. خوێندنەوە پرۆسەیەکی سەپێنراو نیە، بەڵکو بژاردەیەکی ئەقڵانییە. واتە خوێنەر کەسێکە خاوەنی کاتی ئازادو بڕیاری خۆبەخۆیە بۆ ئەوەی بخوێنێتەوە.
لەم ماوەیەی ڕابردوودا، بەهۆی کەیسێكی  یاساییەوە ڕێم کەوتە لای خاتوونێکی دادوەر. لەکاتێکدا کە من لەبەردەمیدا بەپێوە وەستابووم، ئەو سەیری کتێبەکەی بەردەمی خۆی دەکردو ناوبەناو گوێم لە دەنگێک دەبوو، دەمزانی پرسیار لەمن دەکات. ئایا ئەو خاتوونە خەریکی کتێب خوێندنەوەیە؟ ئەو کتێبەی بەردەستی پڕە لە بەندی یاسایی کە پەیوەندییان بە زەوتکردنی ئازادی کەسەکان، یاخود سزادانیان بەوەی دەسبەرداری بەشێک لە سامانەکانیان ببن، یاخود ڕێگایان پێ بدەن بڕۆن... ئەمانە کتێبی خوێندنەوەن؟ خاتوونی دادوەر خوێنەرە؟

شاخەوان سدیق/ لە جێگایەكدا دەستەواژەی (دژەکتێب)ت بەكارهێنا دەتوانی كەمێك زیاتر مەبەستت لە بەكار هێنانی وشیە ڕوونبكەیتەوە؟
ئاوات ئەحەمەد سوڵتان: زۆر ڕاستە من لەسەرەوە دەستەواژەی (دژەکتێب)م بەکارهێنا. لەوێدا مەبەستم لەهەموو ئەو (شت)انەیە کە لە شێوەو سیمای دەرەوەیاندا لە کتێب دەچن، بەڵام ئەرکی دیکەیان هەیە جگە لەوەی پەیوەندیی لە نێوان نوسەرو خوێنەردا دروست بکەن. یەکێک لە خاسییەتە سەرەکییەکانی دژە کتێب ئەوەیە نوسەرەکەی ناسراو نیە، یاخود ژمارەیەکی زۆری (نوسەر)ەکان کاریان تێدا کردووەو بەردەوامیش خەریکی کارکردنن لەسەری. بێگومان دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەم کە من لە بەکارهێنانی وشەی دژ وەک پێشگرێک بۆ کتێب، مەبەستێکی نەرێنی یان شەڕەنگێزانەم نیە، بەڵکو ڕوونکردنەوەی واقیعێکی دیکەیە کە بە ئاسانی خۆی بەیان ناکات. بابەتێکی زۆر گرنگ هەیە: کتێب و خوێنەرو نوسەرەکان، کاتێک بە پرۆسەیەکی دیاریکراودا تێدەپەڕن، دەگۆڕێن بۆ دژەکانیان. ئەمە چۆن؟ ئەمە پرسیارێكی گرنگەو لە دەرفەتێكی تردا لێی دەدوێین و وەڵامی دەدەینەوە.

زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©