بەهۆی کۆرۆناوە فرۆشی كارگەكانی چیمەنتۆ لە کوردستان 50% دابەزیوە

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كاركردن لە زۆربەی پرۆژە بیناسازییەكان راگیراوە، بەم هۆیەشەوە خواست لەسەر بەكارهێنانی چیمەنتۆی كەمبووەتەوە، خاوەن کارگەکانی چیمەنتۆ لە هەرێمی کوردستان دەڵێن فرۆشی كارگەكانی چیمەنتۆ بە رێژەی 50% کەمیکردووە.


لە هەرێمی كوردستان شەش كارگەی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ لە كاردان، كە بریتین لە كارگەكانی تاسڵوجە، بازیان، ماس، دەلتا، گاسن و كار. ئەم كارگانە ئەگەر بە وزەی تەواو كار بكەن، بەرهەمی ساڵانەیان دەگاتە زیاتر لە 16 ملیۆن و 500 هەزار تۆن چیمەنتۆ. بەڵام ئێستا بە رێژەی نزیكەی 45%ی توانای بەرهەمهێنانیان كاردەكەن و رۆژانە نزیكەی 20 هەزار تۆن چیمەنتۆ بەرهەمدێنن.


کارگەکانی چیمەنتۆ بەپێی خواستی بازاڕ ئێستا رۆژانە 12 تاوەكو 15 هەزار تۆن چیمەنتۆ هەناردەی شارەكانی عێراق دەكەن، بەشێکیشی لە هەرێمی كوردستان دەفرۆشن، ئەمە لەكاتێكدایە لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا واتە بەر لەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەشەنە بکات و قەدەخەی هاتووچۆ رابگەیەنرێت، كارگەكان بە وزەی زیاتر لە 90% كاریان دەكرد و رۆژانە 41 هەزار تۆن چیمەنتۆیان بەرهەمدەهێنا، 25 تاوەكو 30 هەزار تۆنیان هەناردەی شارەكانی عێراق دەكرد، ئەوەی دیكەشیان لە هەرێمی كوردستان دەفرۆشت.


61 ملیۆن تۆن بەرهەم لە حەوت ساڵدا


بەپێی داتاكانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە 7 ساڵی رابردوودا ئەم كارگانە 61 ملیۆن و 400 هەزار تۆن چیمەنتۆیان بەرهەمهێناوە، نزیكەی 65٪ تاوەكو 70%ی ئەو بەرهەمەشیان بە عێراق فرۆشتووە.


بەپێی داتاكان لە ساڵی 2013 سێ كارگەی چیمەنتۆ لەهەرێمی كوردستان هەبوون، کە لە ساڵێکدا 10.8 ملیۆن تۆن بەرهەمیان هەبووە. لەو ساڵەدا كارگەكان بە وزەی 68.5%ی توانای بەرهەم كاریان كردووە. 7 ملیۆن و 400 هەزار تۆن فرۆشیان هەبووە.


لە ساڵی 2014 بەهۆی دابەزینی نرخ و شەڕی داعشەوە، فرۆشی بەرهەمی کارگەکانی چیمەنتۆ بۆ 5.7 ملیۆن تۆن دابەزیووە. لە ساڵی 2015 سەرەڕای دامەزراندنی كارگەیەكی دیكە لە كوردستان، بەڵام لەو ساڵەدا فرۆشی کارگەکان تەنیا 4 ملیۆن و 800 هەزار تۆن چیمەنتۆ بووە، واتە بە رێژەی 38%ی توانایان كاریان كردووە.


لە ساڵی 2016 دوو كارگەی دیكە لە هەرێمی كوردستان دامەزراون. ئەم كارگانەش وەكو تێست كاریان كردووە. لەو ساڵەدا وزەی بەرهەمهێنانی كارگەكان بۆ 16 ملیۆن و 500 هەزار تۆن زیادبووە، بەڵام كارگەكان تەنیا 5 ملیۆن و 200 هەزار تۆن چیمەنتۆیان فرۆشتووە، كە دەكاتە 31.5%ی تێكڕای بەرهەمیان.


بەڵام لە سێ ساڵی رابردوودا بەهۆی نەمانی شەڕی داعش و دەستپێكردنەوەی زۆربەی پرۆژەكانی وەبەرهێنان و بیناسازی لە عێراق و هەرێمی كوردستان، فرۆشی كارگەكان بەرێژەیەكی بەرچاو زیادیكرد، بە جۆرێك لە ساڵی 2017 نزیكەی 10.7 ملیۆن تۆن فرۆشیان هەبووە. لە ساڵی 2018 زیاتر لە 13.5 ملیۆن تۆن فرۆشیان هەبووە. لە ساڵی 2019 دوای ئەوەی لە یەكی ئایار بڕیاری قەدەخەی هاوردەی چیمەنتۆی ئێرانی و توركی درا، فرۆشیان بۆ 14.1 ملیۆن تۆن زیادبوو.


ئەندازیار مستەفا زوبێر، بەڕێوەبەری هونەری و سەرپەرشتیاری كارگەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەڵێت: "دوای دامەزراندنی سێ كارگەی چیمەتۆ لە ساڵانی 2015 و 2016 و جێبەجێكردنی بڕیاری قەدەخەی هاوردنی چیمەنتۆی توركی و ئێرانی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، بەرهەم و فرۆشی كارگەكانی هەرێمی كوردستان بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیكرد، بە جۆرێك لە ساڵی 2018 كارگەكان بە وزەی 82% و ساڵی 2019 بە وزەی 85.4%ی توانای بەرهەمهێنان كاریان كرد و زیاتر لە 27.6 ملیۆن تۆن بەرهەمیان هەبووە، کە نزیكەی 65٪ تاوەكو 70%ی ئەو بەرهەمەشیان هەناردەی شارەکانی عێراق کردووە".


بە گوتەی ئەندازیار مستەفا زوبێر لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵیشدا بەرهەم و فرۆشی كارگەكانی چیمەنتۆ ژمارەیەكی پێوانەیی تۆماركرد، زۆربەی كارگەكان بە وزەی زیاتر لە 90%ی توانای بەرهەمهێنان كاریان دەكرد، رۆژانە نزیكەی 41 هەزار تۆن بەرهەمیان هەبووە، بەپێی خواستی بازاڕ رۆژانە 25 تاوەكو 30 هەزار تۆنیان هەناردەی شارەكانی عێراق دەكرد و ئەوەی دیكەشیان لە كوردستان دەفرۆشت.


بەڵام لە سێ مانگی رابردوودا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و وەستانی كار لە زۆربەی پڕۆژەكاندا، خواست لەسەر بەكارهێنانی چیمەنتۆ لە زۆربەی شارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان كەمبووەتەوە. مستەفا زوبێر دەڵێت: "فرۆش و بەرهەمی كارگەكانی چیمەنتۆ بە رێژەی نزیكەی 50% دابەزیووە".


كوردستان بایی 1.2 ملیار دۆلار چیمەنتۆی بە عێراق فرۆشتووە


كارگەكانی چیمەنتۆ بوونەتە سەرچاوەی داهاتێكی باش بۆ ئابووریی هەرێمی كوردستان، بۆ نموونە ئەگەر نرخی تۆنێك ئەو چیمەنتۆیەی لە ماوەی دووساڵ و سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا هەناردەی شارەكانی عێراقیان كردووە تەنیا بە 55 دۆلار بخەمڵێنین، لەم ماوەیەدا زیاتر لە 1.2 ملیار دۆلار لە عێراقەوە هاتووەتە هەرێمی كوردستان.


ئەندازیار مستەفا زوبێر دەڵێت: "بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قەدەخەی هاتووچۆوە، ماوەی سێ مانگە فرۆشی چیمەنتۆی كارگەكانی كوردستان لە شارەكانی عێراق بۆ نیوە دابەزیووە، بەم هۆیەشەوە نزیكەی 75 تاوەكو 80 ملیۆن دۆلار زیان بە ئابووریی هەرێمی كوردستان گەیشتووە".


فرۆشی کارگەکان 50% کەمی کردووە


كارگەی ماس، گەورەترین كارگەی بەرهەمهێنانی چیمەتۆیە لە هەرێمی كوردستان، ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی 6 ملیۆن تۆن چیمەنتۆی هەیە. بەپێی داتاكانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ئەم كارگەیە لە ماوەی 7 ساڵی رابردوودا 23 ملیۆن و 700 هەزار تۆن چیمەنتۆی بەرهەمهێناوە، کە 5 ملیۆن و 200 هەزار تۆنی لە ساڵی رابردوو بووە.


ئاراس عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری كارگێریی كارگەی چیمەنتۆی ماس دەڵێت: "لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا فرۆشمان زۆر باش بوو بە رێژەی نزیكەی 90%ی توانای بەرهەمهێنان كارمان دەكرد. رۆژانە نزیکەی 15 هەزار تۆن چیمەنتۆمان دەفرۆشت، بەڵام لە سێ مانگی رابردوودا بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قەدەخەی هاتووچۆ خواست لەسەر چیمەنتۆ لە عێراق و هەرێمی كوردستان زۆر كەمبووەتەوە، فرۆشمان بە رێژەی 50 تاوەكو 55% دابەزیووە".


دەلتا كارگەیەكی دیكەی چیمەنتۆیە لە هەرێمی كوردستان، ئەم كارگەیە لە ساڵی 2015 دامەزراوە و یەك هێڵی بەرهەمهێنانی هەیە، ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی 1.8 ملیۆن تۆن چیمەنتۆی هەیە، ساڵی رابردوو بە وزەی نزیكەی 89% كاری كردووە، بەڵام ئێستا فرۆشی زۆر دابەزیووە.


هەردی عەلی، بەڕێوەبەری فرۆشتن لە كارگەی دەلتا دەڵێت : "ڤایرۆسی كۆرۆنا و قەدەخەی هاتوچۆی نێوان شارەكان و وەستانی كار لە زۆربەی پرۆژەكان كاریگەری زۆری لەسەر فرۆشی بەرهەمی كارگەكەمان هەبووە، فرۆشمان بە رێژەی نزیكەی 60% دابەزیووە".


 کارگەی دەلتا بەر لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا رۆژانە 3 تاوەكو 3.5 هەزار تۆن چیمەنتۆی فرۆشتووە، ئێستا فرۆشی رۆژانەی بۆ 800 تاوەكو 900 تۆن دابەزیوە. هەردی عەلی دەڵێت: "ئەگەر كۆرۆنا تاوەكو مانگی تشرینی یەكەم بەردەوام بێت لەوانەیە نەتوانین بەقەدە نیوەی ساڵی رابردووش چیمەنتۆ بفرۆشین".


لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەک كۆمپانیا و گروپی تایبەت بە فرۆشتنی چیمەنتۆ هەن، كارگەكان بە نرخی كۆ چیمەنتۆ بە گروپ و كۆمپانیاكان دەفرۆشن، ئەوانیش بە نووسینگەکانی دەفرۆشنەوە.


گروپی گەلیاوە كە لەپێنج كۆمپانیا پێكهاتووە، بریكاری فرۆشتنی چوار كارگەی چیمەنتۆیە لە هەرێمی كورستان، چیمەنتۆ بۆ 630 نووسینگە لە شارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان دابین دەكات.


رابەر محەممەد، بەڕێوەبەری فرۆشتنی گروپی گەلیاوە، دەڵێت: "ساڵی رابردوو كارگەكان رۆژانە 38 تاوەكو 40 هەزار تۆن چیمەنتۆیان دەفرۆشت، نزیكەی 25 تاوەكو 30 هەزار تۆن لەو چیمەنتۆیە هەناردەی شارەكانی عێراق دەکرا، بەڵام بەهۆی كاریگەری كۆرۆناوە، فرۆشی چیمەنتۆ لە شارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەرێژەی زیاتر لە 50% کەمی کردووە".


سەبارەت بە نرخی چیمەنتۆ، رابەر محەممەد، گوتی: "ئێستا لە هەولێر یەک تۆن چیمەنتۆ بە 58 دۆلار بە نووسینگەكان دەفرۆشین، ئەوانیش دوو دۆلار بۆ باركردن و گواستنەوە و دۆلارێكیش قازانج دەخەنە سەری و بە 61 دۆلار بە خەڵكی دەفرۆشنەوە. لە بەغداش نووسینگەكان بەگوێرەی جۆر و کواڵێتی، تۆنێك چیمەنتۆ بە 65 تاوەكو 67 دۆلار دەفرۆشنەوە".


زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©