محەمەد سەرابی

ڕەنگە ئەو فەزایانە کەم نەبن، تیایاندا مرۆڤ وەک ماددەیەکی خاو وەربگیردرێت‌و دووبارە بە شوناس‌و پێکهاتەی زەینی نوێوە بەرهەمبهێندرێتەوە. لە سەدەی بیستەمدا ”فرانز کافکا“ لە نۆڤلێتە نایابەکەی خۆیدا ”مەسخ“، نمونەیەکی ترسناکی مەسخی مرۆڤی مۆدێرنی ناو سیستەمی سەرمایەداریمان بۆ دەخاتەڕوو. دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی‌و دەرکەوتن‌و جێگیربوونی سیستەمی سەرمایەداری، فەزایەک دێتەئاراوە کە مرۆڤی تێدا مەسخ دەبێت بۆ بوونەوەرێک کە تەنها وەک دەستیکارو پیشەوەر قبوڵکاراوبێت‌و مرۆڤ تا ئەوەندە بەهاو نرخی هەبێت، کە کارەکەی پێیدەبەخشێت. بایەخی دەستیکار بۆ پەرەپێدان‌و بەردەوامی ماشێنی سیستەم بەئەندازەیەک گرنگی پەیدادەکات، دەزگای تایبەتی بەرهەمێنانی بۆ وەگەڕبخرێت. خوێندنگاو زانکۆکان لە سەردەمی مۆدێرنەدا هیچ نیین جگە لە بەرهەمێنان‌‌و ئامادەسازی دەستیکار بۆ بازاڕ. ئەگەرچی لە فۆڕمی دەرکەوتەییدا وادەردەکەوێت کە خوێندنگاو زانکۆکان لە سەردەمی مۆدێرنەدا دەزگاگەلێکن کە پەیوەندییان بە بەرهەمهێنانی مەعریفەو زانستەوە هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا زانکۆکان بە پلەی یەک دەبنە دەزگایەک بۆ بەرهەمێنانی لێشاوی گەورەی دەستیکار بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی هەموو سێکتەرە جیاوەزەکانی ئەو سیستەمە زەبەلاحەی کە تەنهاو تەنها بەرهەمی زیاترو زیاتری دەوێت.
پێش فیگەری نۆڤلێتەکەی، فرانز کافکا خۆی نمونەی قوربانی ئەو فەزا شۆکهێنەرەیە، کە هەر لەژیانی منداڵی‌و لەناو خێزانەکەی خۆییەوە لەگەڵ باوکیدا وەک نوێنەری ئەو سیستەمە ڕووبەڕوودەبێتەوە. دەرگیربوونی کافکا لەگەڵ باوکیدا، هەر تەنها دەرگیربوونی نەبوو لەگەڵ باوکێکی تووندوتیژی وەهادا کە کاریگەری گەورەو قوورسی کردبووە سەر دەروونی. بەڵکو باوکی بۆ کافکا، نوێنەری ئەو سیستەمە بوو کە دەیویست مرۆڤێکی لاوازو بێدەستیکاری وەکو کافکا هەڵلوشێت‌و وەک مرۆڤێکی تاوانبار دادگاییبکات. ئەوەش دەروونی کافکای تا ئاستی داڕوخانێکی گەورە بردبووەپێش. ئەمە جگە لەوەی ئەم نوسەرە لەناو قوڵایی ئازارو مەینەتی ئەو کرێکارانەدا دەژیا، کە لە کارگەو کۆمپانیاکان دەردەکران‌و لە مافەکانیان بێبەریدەکران.

ئەو لەناو ستەمی ئەو کرێکارانەدا دەژیا، کە چۆن خاوەن کارگەکان دەیانیانچەوساندەوەو وەک بوونەورێکی ناچیزو بێویست مامەڵەیان دەکردن. ژیانی پڕ ئازاری خۆی‌و ئەو حەقیقەتە بەسوێیەی ژیان کە کافکاو کرێکارانی ئەو سەردەمە تیایدا دەژیان، دەبێتە تێمای نووسینی یەکێک لە دراوشاوەترین ئەدەبیاتەکانی سەدەی بیستەم. مەسخی ‏‎”گریگۆر سامسا“ لە مرۆڤەوە بۆ مێرووییەکی بێزراو، هێمای مرۆڤی مۆدێرنەیە کاتێک لە سیستەمێکی وەکو سەرمایەداریدا، بەهاو نرخی یەکسان دەکرێتەوە بە سوودی ئەو مرۆڤە بۆ سیستەم. مرۆڤ تیایدا ئەوەندە نرخی هەیە، کە ئامێرێکی ئیشکەرو سوودمەند بێت بۆ بەرهەمهێنانی سەرمایەکی زیاتر. سیستەمێک تیایدا تاوەکو بەهای سەرمایە زیاتر بێت، بەهاو نرخی مرۆڤی تێدا دادەبەزێت. بەڕادەیەک کە ئەگەر ئەو مرۆڤە سودو قازانجێکی بۆ سیستەم نەمێنێت، بەهاو نرخی تا ئاستی مێرووییەکی بێنرخ‌و نەخوازراو دابەزێت‌و لە ڕوبەری ژیاندا وەدەرنرێت.
ئەگەر زییدان لەهەندێک وڵاتدا بکرێت ناوی دەزگایەک بێت بۆ چاکسازی‌و سەرلەنوێ بونیادنانەوەی مرۆڤگەلێک، کە خاوەنی پێشینەی تاوان‌و شکاندنی سنوورو بەها مرۆییە گشتییەکانی کۆمەڵگان. ئەگەر زیندان بریتیبێت لە شوێنێک بۆ سزادانی ئەو کەسانەی یاساو سنوورە گشتییەکانی کۆمەڵگاکانیان دەبەزێنن، ئەو یاسا گشتیانەی کە کۆی کۆمەڵگا لە پەیمانێکی کۆمەڵایەتیدا لەپێناو ڕێکخستنی کۆمەڵگاو چاکەی گشتیدا لەسەری ڕێکەوتوون‌‌و لەلایەن دەزگا شەرعییەکانەوە دەردەکرێن‌و جێبەجێدەکرێن. ئەوا ئەم دەزگایە لە وڵاتێکی وەکو سوریاو لەژێر دەسەڵاتە ستەمکارو دیکتاتۆرییەکەی ”بەشار ئەسەد“دا، ئەو وەزیفەیەی بەتەواوی دەگۆڕدرێت‌و دەبێتە دەزگایەک بۆ مەسخکردنی سەدان مرۆڤی بێ‌تاوان بۆ بوونەوەرگەلێکی تەواو بێنەرخ‌و بێبەها. ”مستەفا خەلیفە“ لە یاداشتنامەکەی خۆیدا، دیوی ناوەوەی یەکێک لەو دەزگایانەمان لەو وڵاتەدا بۆ ئاشکرادەکات، کە مرۆڤی تێدا دەگۆڕدرێت بۆ کۆمەڵێک حەشەرات‌‌. لە کتێبەکەیدا، مستەفا خەلیفە ژیانی خۆیی‌و چەندان زیندانی دیکەی سیاسی‌و بێتاوان لە یەکێک لە زیندانە هەرە ترسناکەکانی ئەو وڵاتەدا بە درێژایی سیانزە ساڵ دەگێڕێتەوە. لەلایەکەوە کۆمەڵێک زیندانی نیشاندەدات، کە تیایدا نەک هەر تاوانبار نیین‌، تا ئامادەبکرێنەوە بۆ ناو ڕوبەری گشتی کۆمەڵگا، بەڵکو وەک هەرە بێنەرخترین بوونەوەری سەر ئەم ئەستێرەیە مامەڵە دەکرێن‌‌و دادەماڵدرێن لە هەر کەرامەرات‌و بەهایەک کە لە مرۆڤدا بوونی هەبێت‌و شایەنی ڕێزلێگرتن‌و پاراستنی بێت. زیندانێک نەک تەنها دەزگایەک نییە بۆ دووبارە بونیادنانەوەی مرۆڤ، بەڵکو بە ئەگەری هەرەکەم ئەگەر پاش چەند ساڵێکیش لێی بێیتەدەر، دەتگۆڕێت بۆ بوونەوەرێکی نامۆو تێکشاو. نەک هەر تەنها ئامادەت ناکاتەوە بۆ چوونەوە ناو ژیانێکی گشتی ئاسایی لە کۆمەڵگادا، بەڵکو نامۆو بێگانەت دەکاتەوە بە هەر ئاست‌و فۆڕمێک لە ژیان کە لە کۆمەڵگاکاندا ئامادەیی هەیە. لەلایەکی دیکەوە هەمان زیندان، وەکو دەزگایەک ڕۆڵدەبینێت لە مەسخکردنی مرۆڤ بۆ جۆرە بوونەرێکی دیکە لە ئەوپەڕی‌ جەلادی‌و دڕەندەیی‌ خۆیدا، لە فۆڕمی کۆمەڵێک سەربازو ئەفسەردا کە تەنها وەزیفەیان بریتیبێت لە کوشتن‌و ئەشکەنجەدانی مرۆڤگەلێکی دیکەی بێتاوان، لە پەڕگیرترین کردەی خوێنساردی‌و وەحشیگەرانەدا.


ئەگەر فەزای مەسخی مرۆڤ لای ”کافکا“ سیستەم بێت‌و لای ”مستەفا خەلیفە“ دەزگاکانی زیندان بێت لەژێر دەسەڵاتە ستەمکارەکەی بەشار ئەسەددا، ئەوا لای ”عومەر سەید“ ئەو ئایدیالۆژیا فاشیستییەی بەعس‌و ئەو فەزا پەڕگیرەیە کە لەژێر دەسەڵاتی یەکێک لە هەرە ناشرینترین دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵای ناویندا دێتەئاراوە، کە ”سەدام حوسێن‌“ی سەرۆککۆماری ڕابردوی عێراق‌و سەرۆکی حیزیبی بەعسە. گومان لەوەدا نییە، لە مێژووی ئەو دەسەڵاتەدا جگە لە جەنگ، دەیان فەزاو دەزگای دیکە لە ئارادابووە، کە پێکڕا جهەنەمێکی گەورەیان بۆ مرۆڤەکانی ناوی پێکدەهێنا، لەژێر ناونیشانی دەوڵەتێکدا بەناوی عێراقەوە. جەنگ‌و جینۆسایدکردن‌و ئەنفال‌و پڕکردنی زیندانەکان‌و دەیان کارەساتی دیکە، دەرئەنجامی وێرانکردن‌و بوونەقوربانی سەدان هەزاران مرۆڤی ناو سنووری ئەو وڵاتەی لێدەکەوێتەوە. بەڕادەیەک هەزاران مرۆڤ بەرەو مەرگ پەلکێشدەکرێن‌‌و ژیانی هەزاران مرۆڤی دیکەش ڕوبەڕوی کارەسات‌و وێرانکردنی گەورە دەکرێتەوە. بەڵام لە ڕۆمانە نوێیەکەی عومەر سەیددا ”ئاشوبی سین و کۆڕی شین“، جەنگ پانتاییەکی فراوانی ڕۆمانەکە داگیردەکات. پانتاییەک کە چیرۆکی ئەو مرۆڤانە لەخۆدەگرێت، کە چۆن تیایاندا مەسخدەکرێن‌و چۆن لە مرۆڤێکی خاوەن ئیرادەو خاوەن کەرامەتی ئینسانییەوە، ئینسانێک کە بکرێت خاوەنی چەندین بەهای مرۆیی‌و ژیاندۆستی بێت، دەگۆڕدرێن بۆ کەرەسەتەو بوونەوەرێکی پڕکراو لە وەهم‌و باوەڕی مەرگدۆستانە، تاوەکو ڕاپێچی بەرەکانی جەنگ بکرێن‌و ئاگری مەیدانەکانی جەنگیان پێخۆبشکرێت. جەنگ ئەو فەزا مەرگهێنەی مرۆڤی تێدا دەگۆڕدرێت بۆ جەنگاوەرێک که ژیانیان هیچ بەهایەکی نییە تا شایەنی بەرگریلێکردن بێت. هەرزانتر لەوەی زۆر بەئاسانی خوێنی هەزاران مرۆڤ بکرێتە قوربانی وەهمەکانی سەرۆک‌و حیزب‌و نەتەوە. چیرۆکی فیگەری دووڕەگ، یان یاسری ڕۆمانەکەی عومەر سەید، نمونەی چیرۆکی هەزاران مرۆڤی مەسخبووی لەو چەشنەن، لە مێژووی عێراقدا. چیرۆکی ئەو مرۆڤانەیە کە جەنگ، نەک هەر تەنها لەڕووی جەستەییەوە ڕووبەڕووی مەرگییان دەکاتەوە، یاخود کەمئەندامی‌و ئیفلیجی جەستەییان بۆ دەکاتەدیاری، بەڵکو ئەو فەزا وێرانکەرەیە کە تەواوی زەین‌و دەروونی جەنگاوەرەکانی تێکدەشکێنێت. ئەگەر وەک ”نوح هەراری“ ئاماژەیپێدەکات، لە هونەرو ئەدەبیاتی کلاسیک‌و داستانە کۆنەکانی ڕابردوودا، چیرۆکی سەرکەوتن‌و قارەمانێتی ڕستێک له جەنڕاڵ‌و فەرماندەی سەربازی بگێڕدرێتەوەو سەبازەکانی جەنگ وەک گشتێک بخرێتەڕوو، ئەوا لە ئەدەبیاتی نوێی هیومانیزمیدا، سەرەنجی نووسەر لە زاتییەتی سەربازەکاندا چڕدەبێتەوە. چیتر جەنڕاڵ‌و فەرماندە سەربازییەکان وەک سەرکردەیەکی ڕوحی بەسەر حەشاماتێک لە سەربازی بێویست‌و بێڕوحدا ناڕوانن. بەڵکو لە هونەرو ئەدەبیاتی نوێدا، جەنڕاڵەکان شوێن بۆ فیگەری سەربازو مرۆڤە ئاساییەکانی چینی خوارەوەی کۆمەڵگا چۆڵدەکەن‌و ئیتر ئەو مرۆڤانە دەبنە فیگەری سەرەکی کە جەنگ بێڕەحمانە دەیانکاتە قوربانی‌و سووتەمەنی بەردەوامی خۆی. یاخود وەک دەگوترێت، ئەوە مێژوونووسان نیین ڕووداوەکان، جەنگ‌و کاولکارییەکانی ڕابردوو وەکو خۆی دەنووسنەوە. بەڵکو ئەوە ئەدەبیاتە چیرۆکی ڕاستەقینەی ئەو مرۆڤانە دەگێڕێتەوە کە دەکرێنە قوربانی وەهم‌و ئایدۆلۆژیا پەڕگیرەکانی سەرکردەکان. بەم مانایە، دووڕەگ وەک فیگەری ڕۆمانەکەی عومەر سەید، دەنگی هەزاران سەربازو مرۆڤی کۆمەڵگای کوردی‌و عێراقییە، کە لە جەنگە یەک لەدوای یەکەکاندا دەبنە قوربانی. دەنگی مرۆڤگەلێک، کە خاوەنی هەست‌و ئیرادەو ویستن، دەنگی مرۆڤگەلێک کە ئازاریان هەیەو هەروا کەرەستەو ئامێرێکی بێڕوح نیین، کە شایەنی کردنەقوربانیان هەبێت. جەنگ لەو ڕۆمانەدا وەک دەزگایەک بۆ مەسخکردن، ئەو ڕوبەرو پانتاییەیە نەک هەر تەنها مرۆڤەکانی ناوی مەسخ دەکات بۆ کۆمەڵێک جەنگاوەرو کۆمەڵێک پاشماوە لە مرۆڤی ئیفلیج‌و تێکشکاو، بەڵکو ئەو ڕوبەرەیە کە خوداشی تیادا مەسخ دەبێت‌. چیتر لە مەیدانەکانی جەنگدا خودا لەوە دەکەوێت خودابێت. چیتر خودا لە مەیداکانی جەنگدا لەوە دەکەوێت وەک مەوجودێکی ئەخلاقی ئامادەیی هەبێت. بەڵکو ئەو خودایەی لای مرۆڤە سادەو پاکەکانی دوور لەو دەزگا مەسخکەرەکانی حیزب‌و دەوڵەوت ئامادەیی هەیە، لە مەیدانەکانی جەنگدا لە خودایەکی ئەخلاقییەوە مەسخدەبێت بۆ خودایەکی جەنگاوەری عەسکەری کە دەبێتە مەیل‌و پاڵنەرێکی گەورەی خوێنڕشتن لە زەین‌و دەروونی سەربازەکانی بەرەی جەنگەکاندا.
بێگومان دەکرێت هەر یەکە لەم تێکستانەی لێرەدا ئاماژەم پێداوە، زیاد لە ڕەهەندێکی دیکەوە قسەی لەبارەوە بکرێت‌و فراوانتر لێیان بکۆڵدرێتەوە. بەڵام ئەوەی لێرەدا خاڵی هاوبەش‌و جێی سەرەنج بوو، ئەو ئاماژانەبوو بە کورتی لەبارەی هەر یەکێکیانەوە خرانەڕوو. مەبەسەتەکەش مەبەستێکی بەراودکارانە نییە.

زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©