وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە


سەڵاح حەسەن پاڵەوان

 
ئەم گۆشەیە لەگەڵ ئەو پەرچڤکەرانە دەوەستێت سەروکاروسەرقاڵی وەرگێڕان و بارودۆخی وەرگێڕانە لە زمانی عەرەبییەوە بۆ زمانە هەمەچەشنەکانی ئەمڕۆی جیهان. ''وەرگێڕی عێراقی کوردی لە وتووێژێک بۆ '' ئەلعەرەبی جەدید'' دەڵێ '' من بە دوای نووسەرە داهێنەرە پەراوێزکراوەکان دەگەڕێم ، زۆربەی دەزگاکانی بڵاوکردنەوە بەدوای بەناوبانگەکاندا دەگەڕێن''.


+ بەسەرهاتی تۆ لەگەڵ وەرگێڕاندا کەی دەستی پێکرد؟ یەکەمین کتێب کامە کتێب بوو وەرتگێڕاو، چۆن پێشوازی لێ کرا؟

عەبدوڵا تاهیر بەرزنجی/ چیرۆکی من لەگەڵ وەرگێڕان لەمیانەی سەرسوڕمانیم بە دەقە جوانەکانەوە دەستی پێکرد، ئەو دەقانەی لە کاتی خوێندنەوەدا تووشی شۆکیان کردم، بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی رۆشنبیری جیهانیم دەخوێندەوە، بە خۆمم وت، دەبێ خزمەتێک پێشکەش بە ئیستاتیکیا شاراوەکانی ئەم دەقانە بکەم ، دەبێ خەڵکی بیانبینن، بیرم کردەوە، ئەو شێوازەی لەبەردەستدایە وەرگێڕانە کە پاش سەرسوڕمانی و بەدڵداچووندا دێت. یەکەمین دەق، نەک یەکەمین کتێب، بریتی بوو لە وەرگێڕانی شیعرێکی شاعیری بەناوبانگی کورد لەتیف هەڵمەت بۆ سەر زمانی عەرەبی، ئەمەی دەیڵێم لە ساڵی ١٩٧٢ بوو ئەوکاتە تەمەنم پانزە بەهار بوو، هەروەها یەکەمین کتێب کە وەرمگێڕا هی هەمان شاعیر بوو ساڵی ١٩٨٧ بە ناونیشانی ''ماسییە ئاڵتوونییەکە'' لە بەغدا. رەخنەگرە عێراقییەکان لە لایەنە هەمەچەشنەکانەوە تیشکی رەخنەی خۆیان خستە سەر ئەو دیوانە.

+ دواین وەرگێڕانت کە بڵاوتکردنەوە چی بوو، ئێستە خەریکی وەرگێڕانی چیت؟
عەبدوڵا تاهیر بەرزنجی/ 
دواین کتێب کە وەرمگێڕا بریتی بوو لە کتێبی ''کورد لە رۆشنبیری و رۆمانی عێراقیدا'' کتێبی وەرگێڕ و رەخنەگری عێراقی حەسەن نازم بوو، لەو کتێبەدا رەخنەگر تەرکیز دەکاتە سەر ئەو رۆمانانەی کە لە عێراق لە بنەچەوە بە زمانی عەرەبی نووسراون و باس لە زمان و ژیانی کولتووری و کۆمەڵایەتی کورد دەکەن. نووسەر بەنێو هەموو ئەو رۆمانانەدا قوڵ دەبێتەوە کە لە رووی ئەرێنی و نەرێنی باسیان لەم بابەتە کردووە. باسێکی بابەتی دیارە لەوێدا هەست بە بوێری و راستگۆیی هاویشتنەکانی دەکەیت. سەرەڕای ئەمەش نووسینی پەرتەمەنیم لە گۆڤار و لاپەڕە ئەلیکترۆنییەکان وەرگێڕاوە. لە ئێستەدا دوو کتێب لە عەرەبییەوە وەردەگێڕم، کە بریتین لە : ''عەبدوڵا ئەلعەرەوی.. لە مێژووەوە بۆ خۆشەویستی'' ( کتێبی وتووێژەکان). هەروەها رۆمانی ''هێلکەشەیتانۆکەی چاوقایم''ی رەشید بوجەدرە.

+  ئەو کۆسپ و تەگەرانە چین دێنە رێگەت، وەک وەرگێڕ لە زمانی عەرەبی یان وەرگێڕان بۆ زمانی عەرەبی؟
عەبدوڵا تاهیر بەرزنجی/ جاروبار نزیکی نێوان دوو زمان رۆڵی خۆی هەیە لە ئاسانکاری وەرگێڕان، لێرەدا مەبەستم ئەو زمانانە لە یەک کۆتەکەوە سەرچاوەیان گرتووە ( رەگوریشەیان بۆ یەک سەرچاوە دەگەڕێتەوە)، وەک زمانی فارسی و کوردی، هەرچەندە ئەم دوو زمانە لە ئێستەدا جیاوازن. لە باری وەرگێڕان لەم دوو زمانەدا رێدەکەوێت رووبەڕووی دوو سیستەمی زمانەوانی نزیک بەیەکتری ببینەوە، کە ئەمە کاری وەرگێڕان ئاسان دەکەن، لە پێکهاتەی رستەکاندا تەبایی هەیە، بەڵام زمانی عەرەبی سەر بە خێزانێکی زمانەوانی جیاوازە لە هەندێ روەوە وەرگێڕان لەو زمانەوە یان بۆ ئەو زمانە گرانە. لە زمانی عەرەبی بۆ یەک وشە دەیان مانا هەیە. من ئەوە وەک کۆسپ نابینم، بەڵام وەرگێڕەیلێ هەن لەم بوارەوە باس لە دەردەسەری خۆیان دەکەن کە بەسەریاندا هاتووە. من بۆ خۆم هیچم لێ گیرنابێ، چون هەموو قۆناغەکانی خوێندنم بە زمانی عەرەبی بووە ودەرچووی کۆلێژی ئاداب بەشی زمانی عەرەبیم و بۆ ماوەی ٢٦ ساڵ لە داواناوەندی و پەیمانگای مامۆستایان زمانی عەرەبیم وەک وانە وتووەتەوە، وەک هەر نووسەرێکی عەرەب پێی دەنووسم.

+ تێبینی دەکەین گرنگیت تەنیا تایبەتە بە وەرگێڕانی ئەدەبی عەرەبی بەپێی روانگەی تایبەت و گرنیپێدانی تایبەت، ئەمە بواری فیکر و بەرهەمەکانی تری مەعریفی عەرەبی ناگرێتەوە، چۆن دەڕوانیتە ئەمە، چ رێگایەک هەیە بۆ دەرچوون لەم بارە؟
عەبدوڵا تاهیر بەرزنجی/ 
من لای خۆمەوە، بە زۆری گرنگیم داوە بە وەرگێڕانی بابەتی ئەدەبی، چون من خۆم ئەدیبم و رەخنە و شیعر و چیرۆک دەنووسم، بەڵام ئەمە منی دوورنەخستووەتەوە لەوەی دەیان لێکۆڵینەوەی مێژوویی و فیکری وەرگێڕم. بەڵام لەسەر ئاستی گشتی، دەزگاکانی بڵاوکردنەوەی کوردی سنگی کراوەیە بۆ وەرگێڕانی فیکریی و مێژوو و سیاسەت و فەلسەفە و ژیاننامە، بگرە لەسەرووی ئەدەبەوە دایدەنێن، هەروەک لە حەفتاکان و هەشتاکان بینیمان خوێنەران چیتر تەنیا سەرقاڵ نین بە خوێندندەوەی ئەدەب و هونەرەوە. بە بڕوای من ئەوەی پێویستە بەهای مادە وەرگێڕاوەکەیە، نەک تەنیا چەندایەتی و فرە چەشنی.

+ پەیوەندیت لەگەڵ دەزگاکانی وەشاندندا چۆنە، بە تایبەت لە مەسەلەی هەڵبژاردنی ناونیشانەکانی وەرگێڕان؟
عەبدوڵا تاهیر بەرزنجی/ پەیوەندیی کەسایەتیم لەگەڵ دەزگاکانی وەشاندندا باشە، بە تایبەت لەگەڵ دەزگا کوردی و دەزگاکانی بڵاوکردنەوە لە بەغدا. راوێژم پێدەکەن، کتێبیان بۆ هەڵدەسەنگێنم، پێداچوونەوە بۆهەندێ لە کتێبە وەرگێڕاوەکان دەکەم، هەندێ جار داواکانیان مەیسەر ناکەم، کاتێ داوام لێ دەکەن ژیاننامە و کتێبەیلێ وەرگێڕم کە خۆم پێی رازی نیم و رەتی دەکەمەوە. من بە دوای نووسەرە داهێنەرە پەراوێزکراوەکان دەگەڕێم. ئەوانیش بەدوای ناوبانگەکاندا رادەکەن. ئەمەم زۆر بە دڵ نییە.

+ ئایا لایەنی سیاسی رەچاو دەگریت لە هەڵبژاردنت بۆ ئەو کارانەی کە وەریاندەگێڕی ، تا چ پلەیەک رادەوەستی لە بەردەم هاویشتنە سیاسییەکانی بەرهە وەرگێڕاوەکە یان هەڵوێستی سیاسی نووسەرەکە؟

عەبدوڵا تاهیر بەرزنجی/ هەر نووسەرێ راو و بۆچوونی کەسایەتی خۆی هەیە و شانازی پێوە دەکات، بەڵام واباشترە رەنگدانەوەی نەبێت لە نێو کتێبێ یان بەرهەمێ وەریدەگێڕێت. ئەوەی رابەرمە لە هەڵبژاردنی بابەتەکان ئەو جوانییە شاراوەیە لە نێو دەقەدا هەیە، هەروەها وردبینی نووسەر و روانگە قوڵەکانێتی. ناکرێ سیاسەت بەتەواوی دوورخرێتەوە، بەو مەرجەی دوورنەکەوێتەوە لە ڕوانگە مرۆڤایەتییە ماقوڵەکان، دەبێ دوورکەوینەوە لە تووندڕەوی و گوێڕایەڵی کوێرانە و دەمارگیری فیکری یان بەتەوەیی. ساڵی رابردوو لە لایەن دەزگایەکی کوردیی داوام لێکرا ژیاننامەی کەسایەتییەکی ناسراوی کوردی بۆ عەرەبی وەرگێڕم، پاش ئەوەی کتێبەکەم خوێندەوە بینیم شایانی ئەوەیە وەربگێڕدرێت، چون خوێندنەوەیەکی سەرتاپای چارەکە سەردەیەک بوو لە جوڵانەوەی سیاسی چەپگەرایی لە عێراق، لە کاتێکدا من شیوعی نیم و لە ژیانمدا نەچوومەتە پاڵ هیچ بەرەیەکی رێکخراوی چەپگەرانە.

+ پەیوەندیت چۆنە لەگەڵ ئەو نووسەرەی بەرهەمەکەی وەردەگێڕیت؟
عەبدوڵا تاهیر بەرزنجی/ مەرج نییە وەرگێڕ ئەو نووسەرە بناسێت کە بەرهەمەکەی بۆ وەردەگێڕێت، لە هەمان کاتدا باشترە پەیوەندی پتەو لەگەڵ نووسەردا دامەزێنرێ. تۆ کاری نووسەرێ وەردەگێڕیت لە رێگای ئەو وەرگێڕانەوە دەبیتە هاوڕێی، رەنگە لەو رێگایەوە هەندێ نهێنی نیشتووی نێو ناخی دەدۆزیتەوە کەسە نزیکەکانیشی نایزانن. پەیوەندی رۆژانەم لەگەڵ هەندێکیاندا هەیە، هەندێکیشیان لە میهرەجانەکاندا چاوم پێ کەوتوون، لەوانە: شاعیران عەباس بەیزون، محەمەد ئادەم ، رەخنەگر حەسەن نازم دوو شاعیری ئێرانی شەمش لەنگروودی و موسا بەیدەج و کەسانی تر.

+ زۆرجار وادەبێ وەرگێڕ نووسەر بێت، لە وەرگێڕانیدا خاوەنی بەرهەم و شێوازێکە ، لە ناخی تۆدا پەیوەندی نێوان نووسەر و وەرگێڕدا چۆنە؟

عەبدوڵا تاهیر بەرزنجی/ کاتێ وەرگێڕان دەکەم وا هەست دەکەم دەق گرتووخانەیەکی جوانە و خۆم بۆ خۆمی هەڵدەبژێرم، خاوەنی دەق ئەوەی هەیەتی بەسەرمدا دەیسەپێنێ دەبێ قبووڵی بکەم، کاتێ لە وەرگێڕانی دەبمەوە هەست دەکەم کلیلێکم دەداتێ تا خۆم خۆم رزگار بکەم. پێشتر دەزانم شێوازی نووسەر و کەشوهەوای دەقەکەی لەگەڵ روانین و شێوازی منەوە نیزیکە، لەسەر ئەم بناغەیە هەڵیدەبژێرم، بە مانایەکی تر ئاسۆی چاوەڕوانیم لەگەڵ ئاسۆی چاوەڕوانی دەقەکە یان نووسەرەکە یەکدەگرێتەوە. وەرگێڕان هەڵبژاردنە، من ئەوە هەڵدەبژێرم کە تووشی تەکانم داکات، بەلای خۆیدا دەمبات، ئەفسووسم دەکات. بە دڵنیاییەوە دەقی وەرگێڕاو ناچار ناکەم بە تەواوی پڕ بە پێستی کەشوهەوای زمانی دووەم بێت، ئەوەی من دەیکەم بۆ نموونە ئەوەیە کە زمانی کوردی سەرشاربکەم بە بۆن و بەرامی گوڵانی زمانەکانی تر و کەشوهەوایەک کە رەنگە پێی نامۆبێت.

+ ئەو پرنسیپ و رێسایانە چین وەرگێڕ پێ بەپێیان دەڕوات، ئایا لە وەرگێڕاندا هەندێ ئاکاداری دیاریکراوت هەیە؟
عەبدوڵا تاهیر بەرزنجی/ نامەوێ قسە لە سەر پرنسیپ و رێسا گشتییەکان بکەم کە وەرگێڕەکان پەیڕەوی دەکەن، ئەمانە کۆمەڵێ زانیاری گشتین لای وەرگێڕەکان خوێندراوە و زانراوە ، بەڵام بۆ لایەنی دووەمی پرسیارەکەت دەڵێم: کاتێ وەردەگێڕان دەکەم دەمەوێ چێژ لە کەشوهەوای باتەکە وەرگرم و بە وردییەکی تەواو رستەکان بخوێنمەوە. واتە. ئەرکوکردارم لەوەدا خۆی دەبینێتەوە دەقەکە بگوێزمەوە و سوودی لێ ببینم و لە جوانییەکەی چێژ وەرگرم، هەندێجار ئەم رامانە ئیلهامی ئەوەم پێدەبەخشێ و پێم دەدات تا هەستم بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی رەخنەیی. رستەکان دووبارە دەخوێنمەوە زیاتر لە جارێک لەگەڵ دەقە بنەڕەتییەکە بەراوردی دەکەم. هێڵ بەژێر هەندێکیاندا دەهێنم.

+ کتێبێ یان دەقێ پەشیمانی لە وەرگێڕانی و بۆچی؟
عەبدوڵا تاهیر بەرزنجی/ لە ژیانمدا پەشیمان نەبووم.

+ ئەو خۆزگەیەی دەیخوازیت چییە لە وەرگێڕان لە زمانی عەرەبییەوە یان بۆ زمانی عەرەبی، وەک وەرگێڕێ خەونت چییە؟
عەبدوڵا تاهیر بەرزنجی/
 هیوادارم وەرگێڕ قوڵبێتەوە و وردبێت و بە دوای پارەدا هەڵپە نەکات و رەدووی پەیمانی وەشانخانەکاندا نەکەوێ و سەربدات بۆ هەموو ئەو پڕۆژانەی کە دەزگاکان دەیخەنە ڕوو. لە عێراقدا دوو زمانی فەرمی هەیە، عەرەبی و کوردی، هیوادارم ماڵێکی تایبە دامەزرێت بۆ بڵاوکردنەوەی هەردوو رۆشنبیری کوردی و عەرەبی تەنیا لەرێگای وەرگێڕانی نموونە نایابەکانەوە. لەم حاڵەدا دەتوانیین دووبارە رێکوپێکی بۆ بزووتنەوەی وەرگێڕان بگەڕێنینەوە و لاواز لە بەهێز جیابکەینەوە.

+ تایبەتمەندێتییە بنەڕەتییەکانی ئەدەبی عەرەبی کامەیە و بۆچی گرنگە بگاتە جیهان؟
عەبدوڵا تاهیر بەرزنجی/ زیاتر لە بیانوویەک و رێگایەک هەیە بۆ ئەوەی ئەدەبی عەرەبی و ئادابی رۆژهەڵاتی بگاتە دنیا. لێرەدا دەبێ ئەوە بزانین جیهانێتی جودایە لە بەجیهابیبوون، جیهانێتی ئەدەب لەژێر رکێفی دەسەڵاتی سەنتەری رۆژئاوایی نییە و داهێنان تەنیا لە رووبەرەکانی جوگرافی رۆژئاوادا قەتیس نەکراوە، ئەدەب توانایەکی لەڕادەبەدەری هەیە لە شکاندنی سنوورەکان و گەیشتن بە جیهانێتی. لە رۆژهەڵاتدا ئەدەبی عەرەبی ئەدەبێکی دێرین و قووڵە لە سەنتەری شارستانیدا دامەزراوە و هەڵگری خەمە لۆکاڵی و رۆژهەڵاتی وجیهانییەکەیە، تایبەتمەندیییە ناوچەییەکانی هەیە و هەڵگری ئاسۆگەلی فیکری و مرۆڤایەتی گشتگیرە، سیفەتەکانی بریتین لە راستگۆیی هونەریی وسرکی خەیاڵی داهێنەرەکانی، چەندین لەتکە و دەنگی داهێنەرانەی تێدایە و لە رووی نرخ و بەهاوە هیچیان کەمتر نییە لەوانەی لە جیهاندا هەن.


ناسنامەی نووسەر:

رەخنەگر و وەرگێڕی عێراقی لەدایکبووی شاری سلێمانی ساڵی ١٩٥٧، لە نێوان زمانەکانی کوردی،
عەرەبی؛ فارسی کاری وەرگێڕان دەکات. تا ئێستە زیاتر لە ٤٠ کتێبی لە نێوان نووسین و وەرگێڕاندا بڵاوکردووەتەوە، لە عێراقدا وەک سەرنووسەر و راوێژکاری هەندێ گوڤاری عەرەبی وکوردی کاری کردووە، لە ئێستەدا شارەزایە لە ''سەنتەری لێکۆڵینەوەی کوردی'' سەر بە زانکۆی سلێمانی.
لە زمانی کوردییەوە بۆ عەرەبی '' ئەنتۆلۆژیای شیعری  کوردیی مۆدێرن'' ٢٠٠٨، '' لە ژیان درێژتر، هەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی رەفیق سابیر'' ٢٠٠٣، '' با هاوڕێی کەس نییە، هەڵبژاردەیەک لە شیعری لەتیف هەڵمەت''. لە زمانی عەرەبییەوە بۆ کوردی، وەرگێڕانی هەڵبژاردەیەک لە شیعری محەمەد ماغوت. سەنییە ساڵەح، عەباس بەیزون، شەوقی ئەبی شەعرا، رەفعەت سەلام، ئەمجەد ناسر، محەمەد ئادەم، جان دەمۆ و کەسانی تر.
لە فارسییەوە بۆ عەرەبی: لە کونی دەرگاوە: هەڵبژاردەیەک بۆ شیعرەکانی شاعیر شەمس لەنگرودی'' (٢٠٠٩)، ''سەگێک هەناوم جێدێڵێت: هەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی شاعیری رەسوڵ یۆنان'' ( ٢٠١٢)، کوڕ'' سیناریۆی نووسەر و هونەرمەند قوتبەدین سادقی.

زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©