ئامادەکردنی: شێرزاد هەینی
١

 غیلان کوڕی بەدر شاکر ئەلسیاب دەڵێت: باوکم کە تا ژیاندا بوو لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەلایەتی لەلایەن ناوەندی رۆشنبیری و ناسیار و خزمەکانی زولمی زۆری لێ دەکرێت، دەفتەرێکی شیعری لێ وەردەگرن و ون دەبێت و بڵاوناکرێتەوە، پاش مردنیشی دەزگاکانی بڵاوکردنەوە بەئارەزووی خۆیان شیعرەکانی بڵاودەکەنەوە. کتێبی "من شیوعی بووم" بەبێ رەزامەندی ئێمە بڵاوکراوەتەوە، زۆریش لە کۆنتراکتەکانی چاپکردن؛ فێڵ و درۆ و ساختەمان لەگەڵ دەکەن.


٢
هەروەها غیلان دەڵێت: من کەم لەگەڵ باوکم ژیاوم، ئەو زوو مرد، بەڵام هەندێ بیرەوەرییم لەگەڵ ئەودا هەیە. ئەو پیاوێکی شیرین و خۆش بوو بەردەوام بزەی لەسەر لێوان بوو، رادەستی ژانی نەخۆشییەکەی نەدەبوو، لەوەش سۆزی نووسینی وەردەگرت، لەودەمانەش شیعری نووسیوە. لە نەخۆشخانەش ئەمیری کوێت سەردانی کردوە، ئەو لەوێش دەمرێت، دەڵێت من و خوشکم بەپێیان سەردانمان دەکرد. ئەوەشی لەبیرە لەگەڵ دایکی لە سەردانی بەیروت هاوشانی دەبن.
سەبارەت بە نووسین لەسەر کەسایەتی و شیعرەکانی ئەو دەڵێت: باشترین لێکۆڵینەوە لەسەر باوکم نووسرابێت لەلایەن "عەبدولجەبار داود بەسری" بووە. ئەو زۆری لەسەر نووسراوە، چونکە پێشەنگی نوێکاری شیعری عەرەبی بووە،  تا ئێستا سێ هەزار توێژینەوەی لەسەر کراوە و دەرچووە.

٣
پەیکەرتاش "نەدا کازم" لەساڵی ١٩٧١ یەیکەرێک لە بەسرا بۆ ئەلسیاب دەکات، بەڵام کوڕەکە دەڵێت: ئەوە حەقیقەتی کەسایەتی باوکم نییە، بۆ مەبەستی هونەری زێدەڕۆیی تێدا کراوە، کە سەردانی بەسراش دەکەم، لەوێ دوور دەکەومەوە، تا ئیمڕۆ فۆتۆم لەبەردەمی نەگرتووە، گوایە دایکم پەیکەر و چواردەورەکەی لە پیسی پاککردیتەوە، ئەوە دوورە لە راستی، پەیکەرەکە لە شەڕەکانی عێراق ئێران ساچمەی بەرکەوتووە، ئێستاش بەئەنقەست دەشێوێندرێت.
هەندێ لە شیعرە سەرەتاییەکانی باوکم لەکن خزمێکمان بوو، بەداخەوە نەیدەداینەوە، کابرا مرد و شیعرەکانیش بزر بوون. کاتی خۆی باوکم شیعری "بین الروح والجسد" هەزار دێر بوو دەستنووسەکەی بۆ شاعیری میسری "عەلی موحمەد تەها" ناردبوو پێشەکی بۆ بنووسێت، ئەویش وەڵامی نەداوەتەوە، کە دەمرێت و دەستنووسەکەش کە دۆزرایەوە تەنیا سەد دێری مابوو.
ژنەکانی لەناو شیعرەکان "لەیلا، هویل، وەفیقە، لەمیعە، کیژەکەی چەلەبی" ناویان هاتووە، هەموویان لە ژیانی باوکم هەبوون. ئەوەی دەڵێت من وەفیقەم وا نییە، ئەو ژنە خزمی خۆمان بوو دەناسرا.
٤
غیلان دەڵێت: باوکم لە پارچە شیعرێک ناوی منی ‌هێناوە و مانای ناوەکەشم ناوی رووەکێکی سەحراوییە. ئەوەی یادگارییەکانی باوکم لە عێراق مابێتەوە دوو خوشک و دایکمە. ماڵەکەش بەڕاستی دوو خانوو بووە، حکومییەکە لەبەر تەواوبوونی مۆڵەتی نەخۆشییەکەی باوکم و درێژنەکردنەوە لە خانووەکە دەرماندەکەن. خانووی باپیریشم زوو حکومەت بۆ نۆژەنکردنەوە و کردنی بە موزەیەکی یادگاری دەیکڕێت، بەڵام تەواو ناکرێت و ماوەتەوە.


٥
ئایا باوکت بەقەد بەرهەمەکانی شاناز کراوە، کوڕەکە دەڵێت:
"ئێمە ئایا بەزیندوویی رێز لە داهێنەرەکانمان دەگرین، یان دووبارە زوڵمیان لێ دەکەینەوە! باوکم لەوانە بووە، ئەوەش هۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەژادپەرستی و حەسوودیی بووە. باوکم رێزی گیراوە، بەڵام ئایا دڵسۆزانە بووە یان دەستکرد بووە و ویستویانە لەسەرشانی ئەو دەربکەون و ببیندرێن؟ بەڵام پێشوازی گرینگ دڵی خوێنەرانە، نەک فیستیڤاڵ و ئاهەنگ و یادکردنەوەکان.
سەبارەت بە نامەکانیان لەگەڵ ژنە شاعیر لەمیعە عەباس عیمارە "پێشەنگێکی شیعری عەرەبی بووە و زوو لە عێراق دەڕوات و لە لوبنان دەمرێت، ژنەکە لەسەر ئاینی سوبی مەندائی بووە، موسلمان نەبووە" و باوکی دەڵێت:
راستە باوکم ناوی هێناوە، بەڵام نازانم نامەیان لەنێواندا هەبووە یا نا، هەموو دەزانن لە زانکۆ بەیەکەوە بوون، سۆز و خۆشەیستی کۆیاندەکاتەوە و کۆڵانەکانی سیاسەت و ئاین جیایاندەکاتەوە، هەر کەسە و رێی خۆت دەگرێت، بەڵام شیعرەکان وەک راستییەک دەمینێن.
هەروەها کوڕەکە دەڵێت: نازانم چارەنووسم دەگات بە کام هەوار و تەمەنم لەکوێ تەواو دەکەم، من نزیکەی ٢٣ ساڵ لە ئەمریکا ژیاوم، دەرچووم و گەڕاومەتەوە، ماوەیەک لە دوبی دەبم، ئەوە دە ساڵیشە لە سەعودیەم وەک ئەندازیار کاردەکەم و ئاسوودەم!
کوڕە گەورەکەم بەناوی باوکم کردووە بەدر، کچەکەم ١٩ ساڵ و هەردووکیان بۆ من دارخورمان.

الشرق الاوسط ٢٤/ دیسمبەر ٢٠١٨
رۆژنامەی العربی لەندەنی ٢١/٨/٢٠٢٠




 

زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©