KNA

موراد قه‌ره‌یلان، ئه‌ندامى کۆماجڤاکێن کوردستان(که‌جه‌که‌) رایگه‌یاند:" له‌ کوردستان شه‌رێکى مێژوویى رووده‌دات(شه‌رى حه‌فتانین) چاره‌نوسى کورد و گه‌لان یه‌کلایده‌کاته‌وه‌" و ده‌شڵێت:" هه‌ندێک له‌سه‌ربازانى دوژمن په‌نجه‌ى خۆیان، هه‌ندێکیان باڵى خۆیان ده‌شکێنن بۆ ئه‌وه‌ى له‌ به‌ره‌ى شه‌ڕ بکشێنه‌وه‌".


 موراد قه‌ره‌یلان فه‌رمانده‌ى ناوه‌ندى پاڕاستنى گه‌ل- نه‌په‌گه‌ و ئه‌ندامى کۆماجڤاکێن کوردستان(که‌جه‌که‌) به‌شدارى به‌رنامه‌ى تایبه‌تى ستێرک تى ڤى بوو و ڕایگه‌یاند له‌ 36هه‌مین ساڵیادى هه‌ڵمه‌تى 15ى ته‌باخ (ئاب)ـدا قۆناغێکى گرنگیان ده‌ستپێکردووه‌ و له‌ کوردستان شه‌ڕێکى مێژوویى ڕووده‌دات، ئه‌و شه‌ڕه‌ داهاتوو و چاره‌نووسى گه‌لى کورد و گه‌لانى ناوچه‌که‌ یه‌کلایى ده‌کاته‌وه‌.


قه‌ره‌یلان له‌ سه‌ره‌تاى وته‌کانیداوتی: “١٥ى ته‌باخ سه‌ره‌تایه‌کى نوێیه‌، هه‌ڵمه‌تێکى مێژوویى هه‌بوونى گه‌لى کورد و تێکۆشانى ئازادییه‌، ئه‌وانه‌ى ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌یان به‌و شێوه‌یه‌ مانادار کردووه‌ و خاوه‌ن گه‌وره‌ترین ڕه‌نجن تیایدا، رێبه‌ر ئاپۆ و شه‌هیدانمانن، ئێمه‌ دڵسۆزیى خۆمان جارێکیتر دووباره‌ ده‌که‌ینه‌وه‌".


موڕاد قه‌ره‌یلان ڕاشیگه‌یاند، گه‌ریلاکانى ئازادیى کوردستان له‌سه‌ر هێڵێک تێده‌کۆشن، که‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن نوێنه‌ڕایه‌تیى رۆح و وره‌ى 15ى ته‌باخ بکه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش "ئه‌و شه‌ڕه‌، که‌ ئه‌مڕۆ له‌ هه‌فتانین ڕووده‌دات سه‌رنجى هه‌موان ڕاده‌کێشێت و ئه‌نجامى گرنگى خولقاندووه‌".


 
 هه‌روه‌ها موراد قه‌ره‌یلان جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ که‌ "ده‌وڵه‌تى داگیرکه‌رى تورک هه‌موو قورسایى خۆى خستووه‌ته‌ سه‌ر هه‌فتانین، به‌ڵام سه‌رکه‌وتنى گه‌ریلا له‌ ناو خه‌ڵک و میدیاکاندا بڵاوده‌بێته‌وه‌ و دوژمنیش ئه‌وه‌ ده‌بینێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش قورسایى ته‌کنیک و ته‌کنه‌لۆژیاى خۆی، هه‌واڵگرى و هێزه‌ تایبه‌ته‌کانى خستووه‌ته‌ سه‌ر هه‌فتانین، ده‌یه‌وێت له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ئه‌نجام به‌ده‌ست بهێنێت و گه‌ریلا له‌وى بکاته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام ناتوانێت".


ئه‌و ئه‌ندامه‌ى کۆماجڤاکێن کوردستان، راشیگه‌یاند:" چاوه‌ڕێین شه‌ڕ له‌ هه‌فتانین گه‌رمتر ببێت، بێگومان دوژمنیش ده‌یه‌وێت هه‌ندێک شتى پێچه‌وانه‌ بکات ئه‌مڕۆ هێڵى پیربولا به‌ چڕى بۆردومان کڕا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌وێ زیانى زۆریان پێگه‌یشتووه‌، خولوسى ئاکار له‌گه‌ڵ چه‌ند جه‌نه‌ڕاڵێک و فه‌رمانده‌ پله‌ باڵاکاندا چووه‌ بۆ ئه‌وێ، خواستیان وره‌ به‌ هێزه‌کانیان له‌وێ بده‌ن، ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ پلانه‌که‌شیان بگۆڕن، چاوه‌ڕێ کڕاوه‌ که‌ هێرشه‌کانیان به‌ ته‌کنه‌لۆژیاى جه‌نگى زیاتر بکه‌ن، ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ (هێزه‌ تایبه‌ت و ده‌سته‌بژێره‌کانیان) زۆر زیاتر بده‌نه‌ پێش، به‌ کورتى ئێمه‌ چاوه‌ڕێین، که‌ شه‌ڕ له‌ هه‌فتانین زۆر گه‌رمتر ببێت.


موڕاد قه‌ره‌یلان ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌" گه‌ریلاکانى هه‌فتانین گه‌ریلاکانى سه‌رده‌من، بێگومان ئه‌و تێکۆشانه‌ ئه‌نجامى ده‌بێت، به‌ڵام له‌ ئێستادا بۆ ئه‌م ساته‌ ناتوانین بڵێین، هه‌ڤاڵانى هه‌فتانین به‌ ته‌واوى بێ که‌موکوڕین، نا، هه‌ڤاڵان تا ئاستێک هێڵى گه‌ریلایى سه‌رده‌میان به‌جێهێناوه‌، به‌ڵام که‌موکوڕیش هه‌یه‌ و ئێستا له‌سه‌ر ئه‌و که‌موکوڕییانه‌ ڕاده‌وه‌ستن، ئێمه‌ له‌و بڕوایه‌داین، ئه‌گه‌ر هه‌ڤاڵان که‌موکوڕێ له‌ گۆڕێ نه‌هێڵێن، ئه‌وا که‌س ناتوانێت له‌ به‌ڕامبه‌ر گه‌ریلادا ڕاوه‌ستێت".


قه‌ره‌یلان ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌ هه‌ندێک له‌سه‌ربازانى دوژمن په‌نجه‌ى خۆیان، هه‌ندێکیان باڵى خۆیان ده‌شکێنن بۆ ئه‌وه‌ى له‌ به‌ره‌ى شه‌ڕ بکشێنه‌وه‌، چونکه‌ "ترساون و نیگه‌ڕانن" فه‌رمانده‌کانیان به‌ به‌رده‌وامى پێیان ده‌ڵێن، (ئێمه‌ ئه‌م کاره‌ ئه‌مڕۆ یان سبه‌ى ته‌واو ده‌که‌ین)، به‌ڵام ئه‌وه‌ بووبه‌ دوو مانگ و هه‌موو رۆژێک شه‌ڕ ڕووده‌دات و هه‌موو ڕۆژێک ده‌کوژرێن.


 هاوکات، قه‌ره‌یلان ورده‌کارى زیاترى خسته‌روو وتى:" ئه‌وان له‌سه‌ر شاخه‌کانن، به‌ڵام له‌و شوێنانه‌دا سه‌رچاوه‌ى ئاو نییه‌، ئاو له‌ خواره‌وه‌یه‌، ئه‌وانیش ناتوانن بچنه‌ خواره‌وه‌ و له‌ ژێره‌وه‌ ئاو ببه‌ن بۆ سه‌ره‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئاو به‌ کۆپته‌ر له‌ باکووره‌وه‌ ده‌هێنن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ى گه‌ریلا جار جار گورز له‌ کۆپته‌ره‌کان ده‌دات، کۆپته‌ره‌کانیش ناتوانن به‌ به‌رده‌وامى به‌ ئاسمانه‌وه‌ بن و هاتوچۆ بکه‌ن، بۆ نمونه‌، ترس له‌ به‌رچاو ده‌گرێت و هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ى بڕوات بۆ چالاکییه‌ک هاتوچۆ ده‌کات".


" بۆ نمونه‌ له‌و شه‌ڕه‌دا که‌ ئێستا باسم کرد، گورز له‌ دوو کۆپته‌رى کۆبڕا دڕا، بێگومان تاوه‌کو ئێستا گورز له‌ ژماره‌یه‌کى زۆر کۆپته‌ر دراوه‌، ئه‌و کۆپته‌ڕانه‌ى گورزیان به‌رده‌که‌وێت خێڕا ده‌یان نیشێننه‌وه‌ و به‌و شێویه‌ رێگه‌ له‌ که‌وتنه‌ خواره‌وه‌یان ده‌گرن، ڕه‌نگه‌ به‌هۆى ئه‌و ڕێوشوێنانه‌وه‌ ڕێگه‌ له‌ که‌وتنه‌خواره‌وه‌یان بگرن، به‌ڵام گورزیان به‌رده‌که‌وێت و هه‌ندێک له‌وانه‌ى له‌ ناو کۆپته‌ره‌کاندان ده‌کوژرێن، به‌ کورتی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌موو کات ناتوانن به‌ کۆپته‌ر ئاو بگوێزنه‌وه‌، رۆژانه‌ یه‌ک لیتر و نیو (1.5) به‌ یه‌ک که‌سیان ده‌درێت، بێگومان له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌وا گه‌رمه‌ ئه‌و ئاوه‌ به‌ش ناکات، هه‌روه‌ها خواردن به‌شیان ناکات، ئێستا له‌ زۆرێک له‌ ناوچه‌کاندا کێشه‌ى خواردنیشیان هه‌یه‌، یانى هه‌موو رۆژێک بۆ ئۆپه‌ڕاسیۆن فه‌رمانیان پێده‌که‌ن، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى گه‌ریلا گورزیان لێده‌ده‌ن، ناتوانن له‌ ناوچه‌که‌دا سه‌ربه‌ستانه‌ بجوڵێنه‌وه‌ و ئاویان ده‌ست بکه‌وێت"، موراد قه‌ره‌یلان وا ده‌ڵێت.


ئه‌و ئه‌ندامه‌ى کۆماجڤاکێن کوردستان پێشیوابوو “نابێت که‌س به‌هۆى ئه‌و زانیارییانه‌وه‌ خه‌مسارد و که‌مته‌رخه‌م بێت و دوژمن به‌ بچووک سه‌یر بکات، چونکه‌ له‌شه‌ڕداین".


موڕاد قه‌ره‌یلان ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌" دوژمنمان شپرزه‌ بووه‌، به‌ بنبه‌ست گه‌یشتووه‌، ئه‌وه‌تا خولوسى ئاکار هات، دیاره‌ ده‌یه‌وێت هێزه‌که‌ى بگۆڕێت، خواستویه‌تى خۆى دۆخه‌که‌ ببینێت، هات و بینینیی، ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌ندێک گۆڕانکارى بکه‌ن، به‌ڵام گه‌ریلاش به‌پێى ئه‌وه‌ ئاماده‌کاریى خۆى ده‌کات، پێویسته‌ گه‌ریلا ئاماده‌ بێت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌موو شێوازێکى هێرشى دوژمن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ له‌ چوارچێوه‌ى جددییه‌تێکى گه‌وره‌دا نزیک ده‌بینه‌وه‌ و ده‌جوڵێینه‌وه‌". 

تاگ    KNA

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©