لەكاتێكدا چەندین كێشە بەرۆكی هاوڵاتیانیان گرتووە، پەرلەمانی كوردستان لە دوورەوە سەیری رووداوەكان دەكات، تا بە تەواوەتی تین بۆ هاوڵاتیان نەیەت بڕیاری كۆبونەوە نادرێت، دوای 50 رۆژ لە كۆنەبوونەوە بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو كۆببێتەوە.
ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بانگهێشتی پەرلەمانتارانی كرد بۆ دانیشتنی ژماره‌ (٤)ی ئاسایی خولی پایزەی ساڵی سێیەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌ كاتژمێر (١١)ی پێشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی سێشەممە ڕێكه‌وتی ٢٠٢١/١٠/٢٦، دوایین جار پەرلەمانی كوردستان رۆژی حەوتی مانگی ٩ كۆبوەتەوە.


نزیكەی مانگێكە وانەبێژان بایكۆتی دەوامیان كردووە خۆپیشاندان دەكەن و داوای دامەزراندن دەكەن، بڕیارە لە دانیشتنی پەرلەماندا بەدواداچوون و كارەكانی پەیوەست بە بابەتی سێ یەكەمەكان و وانەبێژان تاوتوێبكرێت.


بابەتی گەرمیش پرسی گرانی نرخی بەنزینە، كە كاریگەری راستەوخۆی بەسەر ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە، دوای بەرزبونەوەی نرخەكەی پەرلەمان بڕیارە لە دانیشتنەكەیدا ئەو بابەتەش تاوتوێ بكات.


حاڵی پەرلەمان باش نیە

بە دوو ساڵ و دە مانگ و بیست و چوار رۆژی تەمەنی خولی پێنجەمی، تەنها (74) دانیشتن بووە، ئەمە لەكاتێكدا بەپێی پەیڕەو بەلای كەمەوە دەبوایە (200) كۆبوونەوەی بكردایه‌، لەو ماوەیه‌شدا تەنها (20) یاسا پەسەندكراون. ئەوەش بەپێی راپۆرتێكی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان.
 
لە خولی بەهارەدا (18) دانیشتن ئەنجامدراوە. لەكاتێكدا بەپێی پەیڕەو پێویست بوو بەلای كەمەوە (40) دانیشتن ئەنجامبدات. بەڵام نە لە خولی بەهارەو نە لە هیچ كام لە خولەكانی تریدا دانیشتنەكان نەگەیشتونەتە ئەو ئاستە، كۆی دانیشتنەكانی پەرلەمان لە (6/11/2018 تا 31/8/2021) واتە بە (دوو ساڵ و دە مانگ و بیست و چوار رۆژ)ی تەمەنی خولی پێنجەمی، تەنها (74) دانیشتن بووە، ئەمە لەكاتێكدا بەپێی پەیڕەو بەلای كەمەوە دەبوایە (200) كۆبوونەوەی ئەنجامبدابووایە.
دۆخی یاسادانان

لە خولی بەهارەدا، (9) یاسا پەسەندكراون، كە (2) یاسای هەمواری یاسا كۆنەكانە، (2) یاسای بەركاری یاساكانی عیراقە، واتە تەنها (5) یاسای لەلایەن پەرلەمانەوە دانراون. بەگشتیش لەماوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەماندا تەنها (20) یاسا پەسەندكراون.
 
دۆخی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان


لەم خولەدا، خوێندنەوەی یەكەم بۆ (24) پێشنیاز و پرۆژەیاسا كراون، لەوانە: (11) پێشنیازە یاسا لەلایەن ئەندامانەوە پێشكەشكراون، (13) پرۆژە یاساش لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە ناردراون، بەپێی پەیرەو دەبوو لیژنەكان دوای خوێندنەوەی هەر پرۆژەیاسایەك لە ماوەی (21) رۆژدا راپۆرتیان لەسەر بنوسیایە، كە دەكاتە (49) راپۆرت، بەڵام تەنها (31) راپۆرت نوسراوە.
دۆخی لیژنە هەمیشەییەكان لە سەرەتای خولی پێنجەوە خراپە، لەماوەی (دوو ساڵ و دە مانگ و بیست و چوار رۆژ)، خوێندنەوەی یەكەم بۆ (59) پێشنیاز و پرۆژەیاسا و بڕیار كراوە، دەبوو لەو ماوەیەدا لەلایەن لیژنە هەمیشەییەكانەوە (124) راپۆرت بنوسرایە، بەڵام تەنها (53) راپۆرت نوسراوە، واتە (71) راپۆرت كە پێویست بوو بنوسرێت نەنوسراوە.
 
ئەركێكی تری لیژنە، بەپێی ماددەی (41)ی پەیڕەو، بەداوداچوونە لەسەر ئاستی جێبەجێكردنی یاساكان، بەڵام بە وەرگرتنی چەند نموونەیەك بۆمان دەردەكەوێت لیژنەكان ئەو ئەركەیان جێ‌ بەجێ‌ نەكردووە، لەباشترین حاڵەتدا بە یاننامەیەكیان دەركردووە، كە كاریگەریی لەسەر دۆخەكە نەبووە، بۆ نموونە:
- لێبڕینی موچەی فەرمانبەران.
- بەدوادانەچوون و چاودێرینەكردنی دەسەلاتی جێبەجێكردن وەك پێویست.
- چاودێرینەكردنی ئەو پێشێلكارییە یاساییانەی رۆژانە دەكرێن.
- مانەوەی چەندین چالاكوانی دەستگیركراوی بادینان لە زیندانەكان بەبێ‌ هیچ مافێكی یاسایی.
- بەردەوامی بۆردومانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێم و كوژران و برینداربوونی دەیان كەس و چۆڵبوونی دەیان گوند.
- پابەند نەبوونی حكومەت بەرامبەر ئەركە داراییەكانی هاولاتیان.
- دانانی باج و زیادكردنی لەدەرەوەی یاسا.
- پێشێلكردنی مافی رۆژنامەنووسان و كارنەكردن بە یاسای رۆژنامەگەری.
- پێشێلكردنی مافی چالاكوانانی مەدەنی و رێكخراوەكان و كارنەكردن بە یاسای رێكخراوە ناحكومییەكان.
- بەنایاسایی دابەشكردنی زەوی و دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن بەرپرسانەوە.
- تەواو نەكردنی پرۆژە تەواو نەكراوەكان و دیارنەمانی ئەو بودجانەی بۆیان تەرخانكرابوو.
- رێگری كردن لەو هەموو زێدەرۆییانەی دەكرێنە سەر مولكی گشتی.
- بێ هیوابوونی گەنجان و كۆچی بە لێشاویان بۆ دەرەوەی ولات.
- گران بوونی نرخی بەنزین و سوتەمەنی.
- ئەمانەو چەندانی تر.
دۆخی چاودێری دامەزراوەكان
لە پێناو ئەنجامدانی ئەركی چاودێری لەسەر دامەزراوەكانی جێبەجێكردن، پەرلەمانتاران دەتوانن پشتبەست بە ماددەكانی (58 تا 76)، چەند هەنگاوێك بگرنەبەر:
1- پرسیار:
ئەندامان چەندین پرسیاریان ئاراستەی حكومەت كردووە، بەڵام حكومەت خۆی لە وەڵامی پرسیارەكان دەدزێتەوە و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیش بێدەنگی هەڵدەبژێرێت. بەردەوام پەرلەمانتاران لە دانیشتنەكاندا لە رێگەی خاڵی پەیڕەوییەوە ناڕەزایی دەردەبڕن لە وەڵام نەدانەوەی پرسیارەكانیان.
2- خستنەڕووی بابەتێكی گشتی بۆ گفتوگۆ:
 بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی (66) ی پەیرەوی ناوخۆ، (12) ئەندامی پەرلەمان لە فراكسیۆنەكانی (كۆمەڵ، نەوەی نوێ، یەكگرتوو) داوای دانیشتنێكیان كرد سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەو گرفتی مامۆستایانی وانەبێژ، بەڵام داواكەیان لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتی جێبەجێ‌ نەكرا.
3- زیادكردنی بڕگە بۆ بەرنامەی كار:
 بەپێی بڕگەی چوارەمی ماددەی (48) ی پەیرەوی ناوخۆ، (5) یاداشتی جیا لە پێنج كاتی جیاوازدا، ژمارەی یاسایی ئەندامان پێشكەشیان كردووە تا لەبڕگەی كار زیادبكرێت:
- (17) ئەندام لە 6/4/2021 بۆ دانیشتنی ژمارە (6) داوای زیادكردنی بابەتێكیان كردبوو لەبەرنامەی كار سەبارەت بە: (لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان).
- (19) ئەندام لە 26/4/2021 بۆ دانیشتنی ژمارە (10) داوای زیادكردنی بابەتێكیان كردبوو لەبەرنامەی كار سەبارەت بە: (سیستەمی پەروەردەو خوێندن و چارەنوسی قوتابیان و خوێندكاران و كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان).
- سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە 26/4/2021 بۆ دانیشتنی ژمارە (10) داوای زیادكردنی بابەتێكی كردبوو لەبەرنامەی كار سەبارەت بە: (لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان).
- (15) ئەندام لە 7/7/2021 بۆ دانیشتنی ژمارە (18) داوای زیادكردنی بابەتێكیان كردبوو لەبەرنامەی كار سەبارەت بە: (چارەنوسی مامۆستایانی وانەبێژ و دەرچووە سێ یەكەمەكانی زانكۆ و فەرمانبەرانی گرێبەست).
- (27) ئەندام لە 7/7/2021 بۆ دانیشتنی ژمارە (18) داوای زیادكردنی بابەتێكیان كردبوو لەبەرنامەی كار سەبارەت بە: (بەنایاسایی ناساندنی لێبڕینی موچەو كۆتایی هێنان بە لێبڕینی 21%ی موچەی فەرمانبەران و پابەندكردنی حكومەت بە گێڕانەوەی تەواوی داهاتەكان بۆ خەزێنەی گشتی و دابەشكردنی موچە بەپێی یاساكان).
بەڵام سەرۆكایەتی پەرلەمان گوێی بە هیچ كام لەم داواكاریانە نەداو نەیخستە بەرنامەی كارەوە.
بەڵام سەبارەت بە پرساندن و لێسەندنەوەی متمانە لە ئەندامانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن، لەم خولەدا لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە هیچ هەنگاوێك نەنراوەو هیچ یاداشتێك پێشكەش نەكراوە.

پرسی بودجە و ژمێرەی كۆتایی
 
1- پرۆژە یاسای بودجە:
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەبێت لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی هەموو ساڵێك ئەنجومەنی وەزیران، بودجەی خەمڵێنراو رەوانەی پەرلەمان بكات، بەڵام ماوەی (8) ساڵە (2014-2021) حكومەت پرۆژەی بودجەی نەناردۆتە پەرلەمان.
2- ژمێرەی كۆتایی:
بەپێی ماددەی (98) برگەی دووەم لە پەیرەوی ناوخۆ ، لەسەر ئەنجومەنی وەزیران پێویستە، كۆتایی مانگی نیسانی هەموو ساڵێك، ژمێرەی كۆتایی ساڵی پێشوو، بۆ پەرلەمان بنێرێت، بەڵام ژمێرەی كۆتایی و بەیانی مالیش ماوەی (10) ساڵە (2011-2020) نەچۆتە پەرلەمان.
 3- بودجەی پەرلەمان:
ماددەكانی (106، 107، 108) پەیڕەو باس لە بودجەی پەرلەمان دەكات و ئەركی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانە لەگەڵا دیوانی پەرلەمان و لیژنە پەیوەندیدارەكان بودجەی ساڵانە و ژمێرەی كۆتایی پەرلەمان رێكبخەن و بیخەن بەردەم پەرلەمان بۆ پەسەندكردن. بەڵام پەرلەمان ئەوەیشی نەكردووە.
 سزای پەرلەمانتار و پێشێلكردنی پەیڕەو
 لە دانیشتنی ژمارە (5) ی رۆژی 31/3/2021، لەكاتی وەرگرتنی خاڵی پەیڕەویدا گرژی لەنێوان سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ (د.كازم فاروق) و سەرۆكی پەرلەماندا دروستبوو، سەرۆكی پەرلەمان رێگریی كرد لە پەرلەمانتاری ناوبراو قسەكانی تەواو بكات، وەك كاردانەوەیەك پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ پێلاوەكانی داكەند و فرێی دایە بەردەم ستێجەكەی، ئەمەش دەستەی سەرۆكایەتی توڕەكرد. لەئەنجامدا پەرلەمانتارەكە لەدانیشتنەكە كرایە دەرەوە، لە هەمان دانیشتندا بە بڕیاری ژمارە (2) كە بەدەنگی (73) ئەندام پەسەند كرا، پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ بێبەشكرا لە دانیشتنەكانی پەرلەمان تا ئەوكاتەی بەفەرمی داوای لێبوردن دەكات.
پەرلەمانی كوردستان پەیرەوێكی ناوخۆی هەیە كە كاروبارەكانی خۆیی پێ بەرێوەدەبات، ئەم پەیرەوە لە ماددەی (57) دا ئەو حالەتەی دیاریكردوە كاتێك ئەندامێك قسەیەك یان كردارێكی بی نەشیاو ئەنجام بدات چۆن مامەلەی لەگەڵ دەكرێت. بەڵام ئەوەی جێگای سەرەنجە ئەوەیە بریارەكە خرایە دەنگدان و  بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان پەسەندكرا، ئەمەش حاڵەتَكی نامۆیە، چونكە لە پەیرەوی ناوەخۆدا هیچ دەقێك نیە لەسەر ئەوەی كە بریاری سزادانی ئەندامانی پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوەو بڕیاری پێ دەربكرێت، لەوەش خراپتر ئەندامی پەرلەمان بێبەشبكرێ لە كۆی دانیشتنەكانی پەرلەمان. ئەمە لەكاتێكدایە بەهۆی نەبوونی دەستورو دادگایەكی دەستوریەوە لە هەرێمی كوردستان،  ئەو ئەندامەی پەرلەمان ناتوانێ تانەش لە بریارەكەی پەرلەمان بدات.
لە دانیشتنەكانی رۆژانی (7/4/2021)، (14/4/2021)، (20/4/2021)، (27/4/2021)، (5/5/2021)، (18/5/2021)، (28/6/2021)، د.كازم فاروق چووەتە سەردانی پەرلەمان، بەڵام هەر لە دەرگای دەرەوە لەلایەن پاسەوانانی پەرلەمانەوە رێگری لێكرا بچێتە ناو تەلاری پەرلەمانەوە.
 
ئەمانەی دەگوزەرێت هەمووی پێچەوانەی پەیڕەو و یاسایە، تەنانەت خودی سەرۆكی پەرلەمان لەدانیشتنی كاتی پەسەند كردنی بڕیارەكەدا رایگەیاند: "ئێمە لە دەستەی سەرۆكایەتی ئەم بڕیارەمان سەبارەت بە دكتۆر كازم ئامادەكردووەو داواتان لێدەكەم دەنگ بدەن، چونكە لەپەیڕەوی ناوخۆ هیچ چارەسەرێك بۆ ئەم جۆرە بابەتە نیە". ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە خودی سەرۆكی پەرلەمان و دەستەی سەرۆكایەتیش دەیزانن كە بڕیارەكەیان ناپەیرەو و نایاساییە.
 
پرسیاری ئەوە دێتە كایەوە: ئاخۆ ئەگەر ئەو ئەندامەی پەرلەمان داوای لێبوردنی نەكرد، وەك لە بڕیارەكەدا هاتووە،‌ ئایا دەكرێ ئەندامیەتی هەر بەو شێوەیە هەڵپەسێردرێت؟ لەكاتیكدا ناوبراو نوێنەرایەتی خەڵك دەكات. ئایا دەكرێ تا كۆتایی خولەكە بە بڕیاریكی پەرلەمانی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان لە (111) ئەندامەوە كەمبكرێتەوە بۆ (110) ئەندام؟

 هەڵسەنگاندنی پەرلەمانی كوردستان بە پێوەرە نێودەوڵەتیەكان
 
 
یەكێتی پەرلەمانەكانی جیهان (IPU) پێوەرێكی پێنج پلەیی بۆ پێوانەكردنی ئاستی چالاكی پەرلەمانەكان و هەڵسەنگاندنی خودی پەرلەمانتاران داناوە، ئێمە لە راپۆرتەكەماندا بەدرێژی باسمان لێوەكردووەو بەسەر رەوشی پەرلەمانی كوردستاندا جێبەجێمان كردووە. بەكورتی لە چوارچێوەی ئەو پێوەرانەدا گەیشتینە ئەو ئەنجامەی كە: ئاستی پەرلەمان لە دانیشتنەكاندا لاوازە، رێژەی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران و شێوازی بەڕێوەچوونی دانیشتنەكانی كۆنترۆڵ نەكراوە، ئاستی بالانس لە بەشداری ئەندامان لاوازە، ئاستی چالاكی یاسادانان سنوردارە كە تەنها (9) یاسا پەسەندكراوە. ئاستی دەستپێشخەری پرۆژە یاساكان لەلایەن ئەندامانەوە لەم خولەدا سنوردارە. بەشداری ئەندامان لەكاری چاودێری لە ئاستێكی لاوازدایە. ئاستی دەسپاكیی پەرلەمان لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتیەوە گومان خراوەتە سەر ئەندامانی پەرلەمان. لە بواری چاودێریدا پەرلەمان بە ئەركی خۆی هەڵنەستاوە، هیچ پرساندنێكی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران نەكراوە، هیچ لیژنەیەكی لێكۆلینەوە پێك نەهێنراوە، هیچ وەزیرێك متمانەی لێنەسەنراوەتەوەو هیچ دەنگدانێكیش بەمەبەستی وەرگرتنەوەی متمانە لە وەزیر نەكراوە، تەنانەت ژمارەی ئەو پرسیارانەش نازانرێت و راناگەیەنرێت كە ئاراستەی دەسەلاتی جێبەجێكردن كراون كە ئاخۆ چەندیان وەلامدراونەتەوەو چەندیشیان بێ وەلامن. لەدانیشتنەكانی پەرلەماندا وەك پێویست شەفافیەت نیە، زوو زوو پەخشی راستەوخۆ دەوەستێت، هەموو بابەتەكانی تایبەت بەپەرلەمان لە ماڵپەرەكەیدا دانانرێت، رێگە بە هاولاتیان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی نادرێت بەشداری بینینی دانیشتنەكان بن لە هۆڵی پەرلەماندا. سزای ئەندامان دەدرێت لەدەرەوەی پەیرەو و بە میزاج وتەكانیان لە پرۆتۆكۆل دەسڕدرێنەوە و گەلێ جار لە دانیشتنەكان دەكرێنە دەرەوەو بێبەش دەكرێن.
ئەمانە هەمووی ئەوە دەگەیەنن كە پەرلەمانی كوردستان كارەكانی لەگەل پێوەرە نێودەوڵەتییەكاندا وێك نایەتەوە.
 ئەنجام
 
یەكەم: ئەركی پەرلەمان لە یاساداناندا:
1- پەرلەمان نەیتوانیوە وەك پێویست بە ئەركی یاسادانان هەڵسێت، لەكاتێكدا بۆشاییەكی زۆری یاسایی لەهەرێمدا هەیەو زۆرینەی یاساكانیش بەهۆی گۆڕانكاریی سەردەمەوە پێویستیان بە هەموار كردنەوە هەیە، كەچی لەم خولی گرێدانەدا تەنها (9) یاسای پەسەند كردووە. 
2- ئەو یاسایانەی پەرلەمان دەریكردوون هەم لە رووی (شكلی) و (مەوزوعی)ەوە گرفتیان هەبووەو كوالیتیان وەك پێویست نیە، هەر بۆیە زۆرترینیان یا نەچوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە یا دوای دەرچونیان پێویستیان بە هەموار هەبووە.
3- لەماوەی خولی بەهارەی پەرلەمان ژمارەیەكی كەم پرۆژە یاساو بڕیار خوێندنەوەیان بۆ كراوە. ژمارەیەك پرۆژە یاساش هەیە ئەندامان پێشكەشیان كردووە بەڵام سەرۆكایەتی پەرلەمان نەیخستۆتە بەرنامەی كارەوەو خوێندنەوەی بۆ نەكردووە.
دووەم: ئەركی پەرلەمان لە چاودێریكردنی دەسەلاتی جێبەجێكردندا:
1- وێرای ئەو هەموو ناڕەزایی و كەموكوڕی و داوایەی هەبوو، متمانە لە هیچ وەزیرێك نەسەنراوەتەوە.
2- لەلایەن ژمارەی یاسایی ئەندامانەوە هیچ یادداشتێك بەمەبەستی داوای پرساندنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران پێشكەش نەكراوە.
3- لەماوەی ئەم خولی گرێدانەدا نازانرێت ئەندامانی پەرلەمان چەند پرسیاریان ئاراستەی حكومەت كردووە، چونكە سەرۆكایەتی پەرلەمان شەفاف نیەو ئەو داتایانە ناخاتە روو، بەڵام بەپێی راگەیاندنێكی سەرۆكایەتی تا تەواو بوونی ئەم خولە (126) پرسیار بێ وەلامن.
4- سەرۆكی پەرلەمان لەنوسراوێكدا پێچەوانەی پەیرەوو یاساكان رێگری لە پەرلەمانتاران دەكات كە پرۆژەكان بەسەربكەنەوە بەمەبەستی چاودێری، بەمەش گومانی خستەسەر كۆی پەرلەمانتاران و كاری پەرلەمانی.
5- هەردوو پەرلەمانتار (عەلی حەمەسالح) و (دابان محمد حسین) بەهۆی كاری چاودێری و بەدواداچوونیان لەدادگا لە 3/3/2021 سكالایان لەسەر تۆمار كراو لەدادگا نوسراوی بانگهێشتیان ئاراستە كرا.
 سێیەم: ئەركی پەرلەمان لە پەسەندكردنی بودجەی هەرێمدا:
1- بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەبێت لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی هەموو ساڵێك، ئەنجومەنی وەزیران بودجەی خەمڵێنراو رەوانەی پەرلەمان بكات، بەڵام ماوەی (8) ساڵە (2014-2021) بودجە نەچۆتە پەرلەمان.
2- بەپێی پەیرەوی ناوخۆ، لەسەر ئەنجومەنی وەزیران پێویستە، لە كۆتایی مانگی نیسانی هەموو ساڵێكدا، ژمێرەی كۆتایی ساڵی پێشوو، بۆ پەرلەمان بنێرێت. بۆ زانینی چۆنیەتی سەرفكردنی بودجەو بوارەكانی سەرفكردن، بەڵام ژمێرەی كۆتایی و بەیانی مالیش ماوەی (10) ساڵە (2011-2020) نەچۆتە پەرلەمان.
3- بەپێی پەیڕەو، ئەركی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانە لەگەڵا دیوانی پەرلەمان و لیژنە پەیوەندیدارەكان بودجەی ساڵانە و ژمێرەی كۆتایی پەرلەمان، رێكبخەن و بیخەن بەردەم پەرلەمان بۆ پەسەندكردن. بەڵام پەرلەمان تا ئێستا بەم ئەركەی هەڵنەستاوە.
 چوارەم: پەرلەمانی كوردستان وەك مەرجەعی بالای نیشتمانی:
1- دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان، لە ئاستی چاوەڕوانییەكانی خەڵكی كوردستان نیە، پەرلەمان نەیتوانیوە رۆڵی مەرجەعی باڵای سیاسی و یاسایی هەرێم بگێرێت، ئەمەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەرێتەوە، لەوانە (بڕوانەبوونی هێزە سیاسیە باڵا دەستەكانی هەرێم بە كاری پەرلەمان، زاڵبوونی هەژموونی حزبی بەسەر سەرۆكایەتی پەرلەمان).
2- دەستوری هەرێمی كوردستان كە كە پێویستییەكی گرنگ بوو دەبووایە كاری لەسەر بكرێت، سەرباری ئەو بەلێنانەی درابوون بەڵام هیچ هەنگاوێكی كرداری بۆ نەنراوە.
3- لە دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدادا دەبوایە پەرلەمانی كوردستان مەرجەع و كۆكەرەوەی هەموو دەنگ و بۆچوونەكان بێت و لەهۆڵی پەرلەماندا بڕیارەكان یەكلا بكرێنەوە و حكومەت لەژێر چاودێری پەرلەماندا هەنگاوەكانی بنابووایە، بەڵام وا نەكەوتەوە.
4- وێرای چەندین جار داوای ئەندامان بۆ گفتوگۆ لەسەر قەرزەكانی سەر حكومەت لەم خولەدا هیچ كارێكی لەسەر نەكرا.
5- سەرۆكایەتی پەرلەمان لەماوەی (6) مانگدا (24) بەیانی راگەیاندووە، كە پێكهاتووە لە: (10) پەیامی هاوخەمی بەبۆنەی پرسەوە، (6) پەیامی پیرۆزبایی، (5) پەیامی یادكردنەوە، (1) پەیامی سەركۆنە، (1) پەیامی نیگەرانی، (1) پەیامی ئیدانە. لەكاتێكدا زۆر پرسی گرنگ هەبوون و پێویست بوو پەرلەمان هەڵوێستی لەبەرامبەریاندا هەبێت.
6- ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەماوەی (6) مانگدا (55) پەیامیان راگەیاندووە، كە تێكڕایان بریتین لە: (13) پەیامی هاوخەمی بەبۆنەی پرسەوە، (40) پەیامی پیرۆزبایی، (2) سوپاسنامە.
 پێنجەم: پێشێلی پەیرەو لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان:
1- لەماوەی خولی گرێدانی پاییزەدا پەرلەمانی كوردستان تەنها (18) دانیشتنی ئەنجامداوە، لەكاتێكدا بەپێی پەیرەو پێویست بوو لەو ماوەیەدا بەلای كەمەوە (40) كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجام بدات، ئەمە جگە لە كۆبوونەوەی نائاسایی كە لەكاتی پشووەكاندا دەكرێت.
2- لەماوەی ئەم خولی گرێدانەدا پەرلەمانی كوردستان تەنها (81:52) هەشتاو یەك كاتژمێرو پەنجاو دوو خولەك كۆبۆتەوە، ئەگەر وەك نەریتێك وەریبگرین هەر كۆبوونەوەیەك تەنها (3) كاتژمێری بۆ دابنرێت، پێویست بوو بەلای كەمەوە لەماوەی ئەم خولەدا پەرلەمان (120) كاتژمێر كۆ ببێتەوە، ئەمە جگە لە كۆبوونەوە نائاساییەكان ئەگەر بكرابووایە.
3- پەرلەمان بەبڕیارێك مانگێك تەمەنی خولی گرێدانی بەهارەی درێژكردەوە، كەچی لەم مانگەدا تەنها دوو كۆبوونەوەی ئەنجامدا كە (6) كاتژمێر بوو.
4- بەهۆی گوێنەگرتن لە داوای ئەندامان، بەشی زۆری دانیشتنەكان گرژی تێدەكەوێت، سەرۆكایەتیش بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە پەخش رادەگرێت و چەند جارێكیش لەم خولەدا دانیشتنەكەی هەڵگرتووە.
5- بەپێی ماددەی (48) بڕگەی چوارەم، (5) یاداشتی ژمارەی یاسایی ئەندامان هەبووە كە (24) كاتژمێر بەر لەدانیشتن بەمەبەستی  زیادكردنی بڕگەیەك بۆ بەرنامەی كار پێشكەشیان كردووە، بەڵام دەستەی سەرۆكایەتی نەیخستۆتە بەرنامەی كارەوە.
6- بەرنامەی كاری دانیشتنەكان لەگەڵ خواستە هەنوكەییەكانی خەڵكی كوردستاندا وێك نایەتەوە، بۆیەش بەردەوام نارەزایی لەلایەن ئەندامانەوە دەربڕدراوەو پەشێوی دروستبووە.
7- لەماوەی ئەم خولی گرێدانەدا و تەنها لە (2) كۆبوونەوەدا تۆماری ئامادەنەبوونی ئەندامی پەرلەمان تۆمار كراوەو خوێندراوەتەوە. 
8- زۆرینەی دانیشتنەكان لەكاتی دیاریكراوی خۆیاندا وەك لەبەرنامەی كاردا هاتووە دەستیان پێنەكردووەو دواكەوتوون.
 
 راسپاردەكان
 
1- پێویستە پەرلەمان كار لەسەر پرۆژە یاساكانی (بودجەی 2021، یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان) بكات، كە لەگەڵا فرە بازنەیی بگونجێنرێت و چارەسەری ناكۆكییەكانی نێوان یاسای هەڵبژاردن و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بكات.
2- ئەركی پەرلەمانە سەرۆكایەتی دەستەی (دەستپاكی) و كۆمسیارانی (كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان) بگۆڕێت یا نوێیان بكاتەوە كە ماوەی یاساییان بەسەر چووە.
3- لیژنە هەمیشەییەكان لە زووترین كاتدا راپۆرت لەسەر ئەو پرۆژەیاسایانە بنوسن بۆ ئەوەی پەسەند بكرێن.
4- بۆشایی یاسایی لە پەیرەوی ناوخۆی پەرلەماندا هەیە، پێویستە هەموار بكرێتەوە.
5- دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان وردتربێت و ئەو پێشێلكاریانەی پەیرەو كە كراون رایان بگرێت.
6- پەرلەمان چاودێریی دەسەلاتی جێبەجێكردن بكات لەو پێشێلكارییە یاساییانەی دەیكەن رایان بگرێت.
7- پەرلەمان بڕیاری ژمارە (2)ی ساڵی 2021 سەبارەت بە بێبەشكردنی پەرلەمانتار (د.كازم فاروق) هەڵبوەشێنێتەوە.
8- هەڵوەشانەوەی ئەو نوسراوەی سەرۆكی پەرلەمان دەریكردووە كە پەرلەمانتاران قەدەغەدەكات لە چاودێریكردنی پرۆژەكان.
9- ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمانی كەم و كوڕی زۆرە، چاك بكرێت.
10- لە دانیشتنەكانی پەرلەمان كار بەسیستمی ئەلكترۆنی دەنگدان بكرێت.
زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©