سه‌ردانه‌ كتوپڕه‌كه‌ی نیچیرڤان بارزانی بۆ توركیا و دیداری له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان، پرسی غازی سروشتی كوردستانی هێنایه‌وه‌ به‌رباس، میدیای نزیك له‌ پارتی دادوگه‌شه‌پێدان، بڵاویكرده‌وه‌، توركیا 900 ملیار مەتر سێجا یەدەگی غازی سروشتی لە تەنیشت خۆیدا هەیە.

توركه‌كان ده‌مێكه‌ ده‌ستیان له‌ پرۆسه‌ی نه‌وتی كوردستاندا هه‌یه‌، سه‌رنجی ئه‌مجاره‌یان له‌سه‌ر غازه‌، كه‌ له‌ناو ململانێ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا سه‌نگ و قورسایی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ و ئێستا به‌شێك له‌ ناكۆكی وڵاته‌ زلهێزه‌كان.

هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ ٢٠٠ ترلیۆن پێ سێ جا غازی سروشتی (سه‌لمێنراوو نه‌سه‌لمێنراو)ی هه‌یه‌‌ به‌پێی خه‌مڵاندنی وه‌زاره‌تی ساما‌نه‌ سروشتیه‌كان (١)، ئه‌مه‌ نزیكه‌ی ٣% ی هه‌موو یه‌ده‌كی غازی جیهانه‌ و كوردستانی خستۆته‌ پله‌ی هه‌شته‌می گه‌وره‌ترین یه‌ده‌كه‌ غازیه‌كانی جیهان. زیاتریشه‌ له‌و بڕه‌ غازه‌ی كه ‌له‌ كێڵگه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عێراقدا هه‌یه‌و به‌ ١١٢ ترلیۆن پێ سێ جا ده‌خه‌ملێنرێت (٢). 

به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری غازی كوردستان له‌ كێڵگه‌كانی كۆرۆمۆر، چه‌مچه‌ماڵ، ومیرانه‌ له‌ پارێزگای سلێمانی، هه‌روه‌ها له‌ كێڵگه‌كانی تری وه‌ك تاوكێ (له‌ دهۆك)، خورمه‌ڵه‌ و ته‌قته‌ق (له‌ هه‌ولێر)، كورده‌میرو سه‌رقه‌ڵا (له‌ گه‌رمیان) به‌ بڕی جیاجیا هه‌یه‌.

نەوت و غازی کوردستان یەکێکە لەسەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتی کوردستان و کاریگەری تەواوی هەیە لەسەر پێگەی سیاسی و ئەمنی و جوگرافی هەرێم، بەشێکە لە سەرچاوەی وزەی جیهان بۆ گەشەپێکردنی ئابوری و بازرگانی و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان لە ناو جیهاندا.

"تورکیا ٩٠٠ ملیار مەتر سێجا یەدەگی‌ غازی‌ هەیە"!، ئەمە ناونیشانی‌ هەواڵێکی‌ (هەبەریەدی‌)ی‌ تورکیە کە میدیایەکی‌ نزیک لە ئاک پارتیە، کە ڕۆژی‌ ٧ی‌ ٢ی‌ ٢٠٢٢ بڵاویکردەوە، هەر لەو ڕاپۆرتە هەواڵیەدا ئەوان بە خۆشحاڵیەوە دەڕواننە یەدەگی‌ غازی‌ کوردستان‌و وەک لە هەواڵەکەدا هاتووە پێیان وایە "چارەسەری‌ کێشەی‌ وزە لە تەنیشت خۆیانەو دەتوانن لە قەیرانی‌ وزە ڕزگاریان ببێت.

له‌ درێژه‌ی هه‌واڵه‌كه‌دا هاتووه‌: چارەسەری وزە لە تەنیشتی خۆماندایە، عێراق (900 ملیار) مەتر سێجا یەدەگی غازی هەیە، پسپۆڕان دەڵێن" دەتوانین بە كەمترین زیان لە قەیرانی وزە رزگارمان ببێ كە كاریگەری لەسەر جیهان بەگشتی دروستكردووە، بەواتایەكی تر چارەسەری وزە دەكەوێتە تەنیشتی خۆمانەوە".

لە فڕۆكەكەیدا لەكاتی گەڕانەوەی لە ئۆكرانیا، ئەردۆغان قسه‌ی بۆ میدیاكان كردو وتی" دەكرێت غازی سروشتی لە عێراقەوە بۆ توركیا دابین بكرێت"، بەمەش وردەكاری پرۆژەكە ئاشكرا بوو.

میدیای نزیك له‌ ئاكپارتی ده‌ڵێت: پەیوەندییەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی باكوری عێراق كە لەدوای ریفراندۆمەكەی 2017وە پچڕا، لەبواری ئابوری‌و وزە‌و سیاسەتدا كاریگەر بوون.

(عارف ئەكتورك) سەرۆكی پێشووی بەشی فرۆشتنی غازی سروشتی لە كۆمپانیای (بۆتاش) وتی" لە ساڵی 1974وە بازرگانی هایدرۆكاربۆنیمان لەگەڵ عێراق هەیە‌و ساڵی 2013 نوێكراوەتەوە، ئێمە دەتوانین بە كەمترین زیان لە قەیرانی وزە دەرباز ببین كە كاریگەری لەسەر هەموو جیهان داناوە، لەوێ كێڵگەی غاز هەیە، بەواتایەكی تر چارەسەری وزە بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە تەنیشتنی خۆماندایە".

ئاژانسی راپۆرتی نەوتی عێراقی ده‌ڵێت: هەرێمی کوردستان بۆریه‌کانی گازی سروشتی تا سنوری تورکیا راکێشاوە، تاوەکو لە داهاتوودا هەر کاتێک ویستی گازی سروشتی بگوازێتەوە تورکیا، بە ئاسانی بیکات.

بۆ ئەم مەبەستەش تۆرێکی بۆری ٥٢ ئینجی لە شاری دهۆک  تا نزیک سنورەکانی تورکیا راکێشاوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت، کە  لە مانگی ١٢ ساڵی رابردوو، وەزیری سامانە سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای کار واژووکرد تا هێڵەکانی بۆری گازی بۆ رابکێشن.
زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©