چیدیکە فەیسبووک و تویتەر لە رووسیا کارناکەن. ئەوە بەشێکە لە شەڕی داخستنی میدیاکان لە نێوان رۆژئاوا و رووسیادا. بە گوێرەی یاسایەکی نوێ کە رۆژی هەینی لە پەرلەمانی فیدراڵیی رووسیا پەسندکرا، هەر کەس یان دامەزراوەیەک ئەو هەواڵانە بڵاوبکاتەوە کە مۆسکۆ بە "نادروست" ناویاندەبات، ئەوا رووبەڕووی سزای داخستن یان تاوەکو 15 ساڵ بەندکردن دەبێتەوە.

ئەو هەنگاوەی مۆسکۆ دوای ئەوە هات کە فەیسبووک و تویتەر لە سەر داوای حکومەتی ئەمریکا، لەسەر سەکۆکانیان کۆتوبەندیان خستە سەر میدیاکانی نزیک لە حکومەتی رووسیا. 

ناتانیێل گلاچیێر، سەرۆکی سیاسەتیی ئەمنیی کۆمپانیای مێتا دەڵێت، "ماوەیەکی کەم لەمەوبەر، حکومەتی رووسیا داوای لێمان کرد ژمارەیەک لە نیشانەکانی چێککردنی راستییەکان لەسەر ئەو بابەتانە لاببەین کە لەلایەن میدیای سەر بە حکومەتی رووسیاوە بڵاودەکرێنەوە. رازی نەبووین ئەو کارە بکەین. ئەوانیش دەستیان بە خنکاندنی خزمەتگوزارییەکانمان کرد."

میدیاکانی رووسیا، دیارترینیان ئاڕ تی و سپوتنیک، هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بە "ئۆپەراسیۆنی تایبەت" ناودەبەن و رەتیدەکەنەوە وەکو رۆژئاواییەکان بە "داگیرکاری" و "جەنگ" ناویبهێنن. 

بەو هۆیەشەوە، پەخشی ئەو میدیا رووسییانە لە سەرانسەری یەکێتیی ئەوروپا و بەریتانیا قەدەخەکراوە. لە وەڵامی ئەوەشدا، مۆسکۆ پەخشی ژمارەیەک کەناڵی حکومیی ئەمریکی، بەریتانی و ئەڵمانی راگرت. 

مایک مکفۆل، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە رووسیا گوتی، "وەکو روونە، پووتین کاری ئەم خەڵکە قەدەخە دەکات، چونکە ئەو دەترسێت. ئەگەر هەموو شتێک بە باشی بەڕێوەچووبا، ئەوەی نەدەکرد. ئەوە دەرخەری دۆخی دەروونییەتی."

پێچەوانەی بەشێک لە رۆژئاواییەکان، ئیلۆن ماسک، خاوەنی کۆمپانیای ستارلینک پێیوایە قەدەخەکردنی میدیا رووسیەکان پێچەوانەی ئازادیی راگەیاندنە و لە تویتێکدا داواکاریی ژمارەیەک وڵات بۆ قەدەخەکردنی ئەو میدیایانە لە تۆڕەکانی ئینتەرنێتی ستارلینک رەتدەکاتەوە.
زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©